رووداو - سلێمانی
خاوەنپێداویستییە تایبەتەکانی سنووری سلێمانی بەهۆی بێمووچەیی و خراپی بژێوییانەوە گردبوونەوە و لە گردبوونەوەکەدا کورسییەکانی خۆیان سووتاند و داوای هەڵوێستیان لە حکومەت کرد.
گوزەرانی خراپیان و نەبوونی مووچەیەکی شایستە و دابیننەکردنی پێداویستییەکانیان کەمئەندامانی ناچارکرد پەیامێکی تووند بەگوێی لایەنی پەیوەندیداردا بگەیەنن، ئەویش بەسووتاندنی کورسی و دارشەقەکانیان لەبەردەم نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان.
ئەوەی کەمئەندامان بۆ دۆخی ئێستایان داوای دەکەن چاککردنی مووچەکانیان و چاودێری بەردەوامی تەندروستیان و دابینکردنی ئەو کەلوپەلانەیە کە پێویستن.
ئەوان دەڵێن، ئەگەرچی هەموو ئەوانە مافی خۆیانە، بەڵام ئەگەر حکومەت ئەو مافەشیان پێ رەوا نابینێت بەچاوی بەزەییەوە لەدۆخی خراپیان بڕوانێت و بەشی ئەوەیان پێبدا کە بژین.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن