رووداو - سلێمانی
بە بڕیاری قایمقامیەتی سلێمانی جۆرە ماتۆڕسكیلێك قەدەخەدەكرێت، دەستبەسەر هەموو ئەو ماتۆڕسكیلانەشدا دەگیرێت كە مۆڵەتیان نییە.
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لەسەر رێنمایی وەزارەتی ناوخۆ هەر ماتۆڕسكیلێك قەبارەی مەكینەكەی لە 125 سیسی كەمتر بێت، هاتووچۆكردنی قەدەخەدەكرێت. گوتیشی "لەو كاتەوەی ئەو بڕیارە هەیە، ژمارەیەكی زۆر لەو جۆرە ماتۆڕسكیلانە دەستیانبەسەرداگیراوە".
قایمقامی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، جگە لەوانە هەموو ئەو ماتۆڕسكیلانەش كە مۆڵەتیان نییە و بێ سەرەتان دەستیانبەسەردادەگیرێت. گوتیشی "لە ماوەی رابردوودا دەستگیراوە بەسەر ژمارەیەكی زۆر ماتۆڕسكیلی بێ مۆڵەت و بێ سەرەتادا، هەڵمەتەكانیش لەو بارەیەوە بەردەوامدەبن".
بەگوتەی بەرپرسانی هاتووچۆ، هۆكاری بەشێكی رووداوەكانی هاتووچۆ ماتۆڕسكیلەکانن، چونكە وەک هاتووچۆ دەڵێت، زۆرینەیان پابەندی رێنماییەكانی هاتووچۆ نابن.