رووداو - AFP
بوومەلەرزەکەی باشووری کوردستان زۆرترین زیانی بە قەزای دەربەندیخانی سەر بە سلێمانی گەیاند، کە بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسی دیکەش بریندار بوون.
جگە لە گیانلەدەستدانی پێنج کەس، زیانی ماددی بە ماڵ و خانووی هاونیشتمانیان و شوێنە گشتییەکانی دەربەندیخان گەیشتووە و ژمارەیەک خانوو وێرانبوون. هاوکات بەنداوی دەربەندیخانیش زیانی بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا زیانەکان دیارینەکراون.
شەوی یەکشەممە 12-11-2017 بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەر چوار پارچەی كوردستان و چەند وڵاتێكی دیكەی هەژاند. بەپێی سەنتەرەکانی جیۆلۆجی ئەمریکا و ئێران و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، نێوەندی بوومەلەرزەكە نێوان باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان (هەڵەبجە و كرماشان) بووە، گوڕەكەشی گەیشتووەتە 7.6 پلەی رێختەر لە هەندێک ناوچە.
د. رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەکە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و 321 کەسیش بەهۆی ترس و برینداربوونەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
داڕشتنەوە: حەکیم داود