وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

کوردستان

ئەنجامی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی: لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ رێککەوتن

لەلایەن گۆڤەند مستەفا 14/1/2019
مەحموود محەممەد و سەعدی پیرە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا
مەحموود محەممەد و سەعدی پیرە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا

رووداو-هەولێر

پارتی و یەکێتی لیژنەیەکیان پێکهێناوە کە تایبەتە بە دروستکردنی لێکتێگەیشتنێکی زیاتر لەنێوان هەردوولا لە چوارچێوەی رێککەوتنێک. بڕیاریشدراوە کۆبوونەوەکان بەردەوام بێت و کۆبوونەوەی لیژنەکانیش دەستپێبکات

ئەمڕۆ پارتی و یەکێتی لە هەولێر لە ئاستێکی باڵا بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و کۆسرەت رەسول کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکەش مەحموود محەممەد و سەعدی پیرە، گوتەبێژانی هەردوو حیزبەکە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا.

مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "کۆمەڵێک بابەتمان لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنیان، جیا لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت، کە ئەولەویاتی کارەکانمانە، دوای هەڵبژاردن و متمانەپێدانی خەڵکی کوردستان دەبێت مشووری ئەو بابەتە بخوورێت، هەردوولامان جەختمان لەوەکردەوە کە ئەمە کارێکی سەرەکییە دەبێت ئەنجام بدرێت".

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لەم کۆبوونەوەیەدا زۆر راشکاوانە باسمان لەوەکرد کە ئەو بارودۆخە پێویستی بەوەیە جیدیتر و خێراتر بڕیارەکانمان وەربگرین و بیخەینە بواری کردەنی، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە لیژنەی دانوستاندن کە زووتر پێکهێندراوە چالاکتر بێت و دەست بە کارەکانی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەی داهاتوو زووتر یەکلایی بکرێتەوە و سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەو بابەتە هەبێت، بە هاوتەریبی ئەوە لیژنەیەکی دیکەشمان پێکهێنا لە هەردوولا، ئەو لیژنەیە تایبەتە بە دروستکردنی لێکتێگەیشتنێکی زیاتر لەنێوان یەکێتی و پارتی لە چوارچێوەی رێککەوتنێک، بۆ ئەوەی لەمەودوا بە یەکەوە حکومڕانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بکەین و بە پێکەوەبوونمان خزمەتی زیاتری خەڵکی کوردستان بکەین".

مەحموود محەممەد زیاتر گوتی: "وەکو پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە پێکەوەبین چاکتر دەتوانین خزمەت بە خەڵکی کوردستان بگەیێنین و چارەسەری کێشەکان بکەین، ئێمە کۆمەڵێک کێشەی گرنگمان لەبەردەمدایە، ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەمانە لەسەر ئەو بابەتە هەڵواسراونەی کە دەمێکە چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، هەروەها کێشەی کەرکووکیشمان هەیە، ئەمانە هەمووی دەبێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین و پێکەوە ببینە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ حکومەتی ئاییندە کە بتوانین چارەسەری ئەو کێشانە زووتر ئەنجام بدەین".

بەگوتەی گوتەبێژی پارتی: "بڕیاردرا لەماوەی نزیکدا کۆبوونەوەی لیژنەکانیش دەستپێبکات، کۆبوونەوەی دیکەشمان لە چوارچێوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی لەپێشدایە بۆ ئەوەی ئەنجامی بدەین".

 دەقی گوتەکانی سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتی:


لەڕاستیدا ئەو کۆبوونەوەیە چاوەڕوانکراوبوو.. خەڵکێکی زۆر بە نیگەرانییەوە دەڕوانن، هەرچەندە پشووی سەر ساڵ بوو، زۆر لە چاودێرە سیاسییەکان پێیانوابوو کاتێکی زۆری بەسەرداچووە و کۆبوونەوەکان نابێت، میدیاش خەڵکی نیگەرانتر کردبوو کە گوایە ناتەبایی هەیە لەنێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام سەیری رابردوو بکەن ئەو دوو حیزبە زۆر جار لە ناخۆشترین کاتی نێوانمان گەیشتووینەتە یەکدی و لە ماوەی چەند کاژێرێکدا کێشەکانمان چارەسەر کردوون. هەرچەند ئەو جارە ناکۆکییەکان زۆر زەق نەبوونەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە کێشەمان هەیە، ئەو کێشانە پەیوەندی بە دەوروبەرمانەوە هەیە، پەیوەندی بە بەغداوە هەیە، پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە، ئەم بابەتانەش بەبێ هەبوونی حکومەت و بەرچاوڕوونی ئیدارە لە هەرێمی کوردستان چارەسەرناکرێن.

لە دانیشتنی ئەمڕۆمان باسی ئەو (لەگەڵ) و لە )دژ)ـانەمان کرد کە لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا هەیە، هەروەها باسی ئەو لەگەڵ و دژانەمان کرد لە دەعوەتکردنی لایەنەکانی دیکە ئەوانەی بیانەوێت بەشداری بکەن لە کابینەی داهاتوو، پێویستە پێشوازیان لێبکرێت، بەڵام کاری ئەساسیمان ئەوەیە پێویستە ئێمە وەکو پارتی و یەکێتی لە پاش کاڵبوونەوەی رێککەوتننامەی ستراتیژی بەرنامەیەکی سیاسی و کاری هاوبەشمان هەبێت، بۆ ئیدارەدانی کێشە و پێشهاتەکان کە لە داهاتوودا دێنە پێشەوە.

بەدڵنیاییەوە هەنگاوی یەکەم تەریبە لەگەڵ هەنگاوەکانی دیکە، مەسەلەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتێکی بەهێز، هەروەها هاوهەڵوێستی یەکێتی و پارتی لەسەر مەسەلەی کەرکووک. بارودۆخی کەرکووکی ئێستا بارودۆخێکی نەخوازراوە، بارودۆخێکە کە رەنگە زیاتر بکێشێت زیاتر زەرەرمان لێبدات، بۆیە ئەمە نابێت دوابخرێت، پێویستە ئەویش لە ئەولەویاتی ئیش و کارەکانی ئێمەدا بێت هاوتەریب بۆ کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی حکومەت.

بەدڵنیاییەوە مەسەلەی کەرکووک بەبێ بەغدا چارەسەر نابێت، چونکە هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەر تەنها دانانی کارمەند و فەرمانبەر نییە، بەڵکو بریتییە لە دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، هاوکات رێککەوتن لەگەڵ عێراق و خاڵیکردنی کەرکووک لەو بوونە سەربازییەی هەیە، وەکو هێزەکانی حەشدی شەعبی کە لە کەرکووک هەن، ئەمڕۆ ناسرووشتترین پارێزگا لە عێراق پارێزگای کەرکووکە، هیچ یەکێک لە پارێزگاکانی عێراق ئەوەندە سەرباز و چەکداری حەشدی شەعبی تێدانییە، لە کاتێکدا کەرکووک یەکێک لەو شارانە نییە کە زۆرترین چالاکییە تیرۆریستییەکانی تیدابێت. شاری دیکە هەیە زۆر زیاتر لە کەرکووک چالاکی تیرۆریستی تێدایە و لێی نزیکە، لە هەموو لایەک لێی نزیکە، بەڵام لێرە ئەقڵیەتێک زاڵە لەسەر ئەم لەشکرکێشەییەی ناو کەرکووک، ئەقڵیەتێکە دژی کوردستانیبوونی کەرکووک.

بۆیە پێویستە ئێمە بە بەرەیەکی هاوبەش و یەکگرتوو بەرەنگاری ئەو هەڕەشەیە ببینەوە، بۆ چارەسەرکرنی ئەو کێشەیەش پێویستە لەگەڵ حکومەتی عێراقیش تەفاهومێک بکەین لەسەر ئەو مەسەلەیە. لە هەمان کاتیشدا هەوڵبدەین لەگەڵ پێکهاتەکانی کەرکووکیش جۆرێک لە لێکتێگەیشتنێکی تەندروستمان هەبێت، چونکەوە پێکەوە ژیان ئەسڵی بابەتەکەیە.

سەبارەت بە پرسی عێراق. پێمانوایە هەنگاوی یەکەم بۆ ئێمە مەسەلەی دروستبوونی وڵاتی هاووڵاتییە، دوور لە بۆچوونی شۆڤێنی و نەژادپەرستی و سیاسەتی تائیفی، کاتی خۆشی کە شاندی ئێمە لە عێراق بوو داوایان لە ئێمە کرد کێمان پێباشە ببێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئێمە گوتمان ئێمە ناو ناهێنین، بەڵکو مقەوماتی سەرۆکوەزیری باش دەڵێین، ئەویش ئەوەیە دژی نەژادپەرستی و تائیفەگەری و تیرۆر بێت، لە هەمان کاتیشدا هەوڵی ئەوە بدات باڵانسێک لە عێراق دروس بکات، سەروەتی عێراق لە عەسکەرتاریەت خەرجنەکات، بەڵکو لە پێشخستنی ئابووری و بەرەوپێشبردنی وڵاتەکە خەرجی بکات، ئێمە پێمانوایە ئەو سەرۆکوەزیرانە یەکێک بێت لەوانە، کوردستان بەهێز بێت دەبێتە پشتیوانێکی باش، دەتوانێت ببێتە یارمەتیدەریش بۆ عێراق.

لێکنزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی، رێککەوتنی پارتی و یەکێتی نەک تەنها خێرێکی باش بە هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشبردنی، بەڵکو بۆ ئاییندەی عێراقیش هەنگاوێکی باش دەبێت، بەتایبەتی کە بواری پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی.

دەقی گوتەکانی مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی

کۆمەڵێک بابەتمان لەبەردەستدایە بۆ چارەسەرکردنیان، جیا لە مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت، کە ئەولەویاتی کارەکانمانە، دوای هەڵبژاردن و متمانەپێدانی خەڵکی کوردستان دەبێت مشووری ئەو بابەتە بخوورێت، هەردوولامان جەختمان لەوەکردەوە کە ئەمە کارێکی سەرەکییە دەبێت ئەنجامبدرێت.

لەم کۆبوونەوەیەدا زۆر راشکاوانە باسمان لەوەکرد کە ئەو بارودۆخە پێویستی بەوەیە جیدیتر و خێراتر بڕیارەکانمان وەربگرین و بیخەینە بواری کردەنی. تەئکیدمان لەسەر ئەوە کردەوە لیژنەی دانوستاندن کە زووتر پێکهێندراوە چالاکتر بێت و دەست بە کارەکانی خۆی بکاتەوە بۆ ئەوەی مەسەلەی پێکهێنانی حکومەت و کابینەی داهاتوو زووتر یەکلابکرێتەوە و سەقفێکی زەمەنی بۆ ئەو بابەتە هەبێت، بە هاوتەریبی ئەوە لیژنەیەکی دیکەشمان پێکهێنا لە هەردوولا، ئەو لیژنەیە تایبەتە بە دروستکردنی تەفاهومێکی زیاتر لەنێوان یەکێتی و پارتی تاوەکو چوارچێوەی رێککەوتنێک، بۆ ئەوەی لەمەودوا بە یەکەوە حکومڕانی ئەو وڵاتە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە چاکتر بە پێکەوەبوونمان خزمەتی زیاتر خەڵکی کوردستان بکەین.

وەکو پارتی و یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئەوەمان بۆ دەرکەوتووە کە پێکەوەبین چاکتر دەتوانین خزمەت بە خەڵکی کوردستان بگەیێنین و چارەسەری کێشەکان بکەین. ئێمە کۆمەڵێک کێشەی گرنگمان لەبەردەمدایە، ئەو کێشانەی کە لەگەڵ بەغدا هەمانە لەسەر ئەو بابەتە هەڵواسراونەی کە دەمێکە چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە، هەروەها کێشەی کەرکووکیشمان هەیە، ئەمانە هەمووی دەبێت گفتوگۆیان لەبارەوە بکەین و پێکەوە ببینە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ حکومەتی ئاییندە کە بتوانین چارەسەری ئەو کێشانە زووتر ئەنجامبدەین.

بڕیاردرا کۆبوونەوەکانمان لە ماوەی نزیکدا کۆبوونەوەی لیژنەکانیش دەستپێبکات، کۆبوونەوەی دیکەشمان لە چوارچێوەی هەردوو مەکتبەی سیاسی لەپێشدایە بۆ ئەوەی ئەنجامیان بدەین.

 


کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Zhino assad | 16/02/2019 10:06:03 م
شيكاريةكى زور واقعيانة ،،،،،،، نوسةريكى بةتوانا
حزبەكانی باشوور لەبەردەم وەرچەرخانی نەوەكاندا
| 15/2/2019 | (1)
Srur barzani | 11/02/2019 03:00:29 م
زۆر سوپاسی ئەم مامۆستایە و برایە دەکەم بە راسی ئەوە کارێکە کە بۆ کەسێک و دوو کەس نیە بۆ میلەتێکە ئەو کارە ئینشاللە بە هیوای سەرکەوتن و کاری باشتر و...
کەریم | 14/02/2019 09:43:37 ص
زۆر سپاس بۆ کاک بۆکانی بەڕێز بۆ ئەم کارە گەورەیە دەست خۆش و سەرکەوتوبیت.
گەنجێک هەوڵدەدات شێوەزاری سۆرانی بۆ گوگڵ زیادبکات
| 11/2/2019 | (2)
hershhaji | 11/02/2019 02:53:55 م
باشە لێرەدا پرسیار ئەوە یە ئەی چۆن بڕوانامەی پۆلی ۱۱ و۱۲یان داوەتێ ؟؟؟؟
omer salem | 13/02/2019 08:33:21 م
slaw
قوتابییەك لە زانكۆوە دەگەڕێندرێتەوە ئامادەیی
| 11/2/2019 | (2)
Rebwar | 11/02/2019 01:53:12 م
Dastxosh
پارتی دەبێ خۆی لەو داوە رزگار بكات
| 11/2/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

جێنیفێر لۆپێز وازهێنانی لە شەکر رادەگەیێنێت 11 کاژێر لەمەو بەر |

جێنیفێر لۆپێز وازهێنانی لە شەکر رادەگەیێنێت

جەستەی ئالوودەبووە بە شەکر زۆرتر
نەتەوە یەکگرتووەکان: هەورامی و زمانی کلدانی لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن 14 کاژێر لەمەو بەر |

نەتەوە یەکگرتووەکان: هەورامی و زمانی کلدانی لەژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن

هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی نییە بۆ پاراستنی ئەو زۆرتر
لامەركەزی بە دروومانێكی خۆماڵی 19 کاژێر لەمەو بەر |

لامەركەزی بە دروومانێكی خۆماڵی

داڕشتنەوەی پەیكەری حكومەتی خۆجێیی و كاراكردنی زۆرتر
0.672 seconds