رووداو - هەولێر
كەریم نووری، كاندیدی قەوارەیی فەتح و سەركردە لە رێكخراوی بەدر رەتیكردەوە ئەو دۆخە ئەمنییەی لە كەركووك هەیە رێگر بێ لە قەوارە كوردییەكان بانگەشەی هەڵبژاردن بكەن و لەو باوەڕەدا لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار كورد دەنگی خۆی لە كەركووك بەدەستبهێنێتەوە كە ئێستا هەشت كورسی هەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
ناكۆكیی نێوان شیعەكان لە هەڵبژاردندا ئاساییە

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی دەگوترێ كە هادی عامری، سەرۆكی رێكخراوی بەدر یەكێك دەبێ لە كاندیدەكانی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو و گوتی و لە نێو رێكخراوەكەیان ئەو بابەتە باس نەكراوە و گوتیشی " هەر گفتوگۆیەك و قسەكردنێك دەربارەی پۆستی سەرۆكوەزیران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بكرێت راست نییە".
رووداو: باس لەوە دەكرێ هادی عامری لەدوای هەڵبژاردن یەكێك دەبێت لە كاندیدانی سەرۆكوەزیران. عامری پشتیوانی ئێرانیشی هەیە ئایا عامری نیازی خۆ كاندیدكەدنی هەیە؟
كەریم نووری: هەر گفتوگۆیەك و قسەكردنێك دەربارەی پۆستی سەرۆكوەزیران پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان بكرێت راست نییە، بۆیە پێویست ناكات پێش رووداوەكان بكەوین، با چاوەڕوان بین دوای هەڵبژاردنەكان و هاوپەیمانێتییەكان، دروستبوونی ئەو هاوپەیمانێتیانە، كەسێك بۆ سەرۆكوەزیرانی داهاتوو دیاریدەكات.
رووداو: لە گفتوگۆی نێوان خۆتان باسی ئەو پرسە نەكراوە؟
كەریم نووری: نەخێر، كارەكە دەكەوێتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنی داهاتوو.

لیستە كوردییەكان لە كەركووك دەتوانن بە ئازادی بانگەشە بكەن

رووداو: ئەمجارە ململانێی نێو لایەنە شیعیەكان بەهێزترە لە جارانی پێشوو، ئەمە كاریگەری چی دەبێت لەسەر پێكهێنانی حكومەت داهاتوو؟
كەریم نووری: ركابەری نێو لایەنە شیعیەكان لەو هەڵبژاردنە كارێكی ئاساییە، هەروەك چۆن ئەو ركابەرییە لەنێو لایەنی كوردی و سووننە هەیە، ئەوە كارێكی دیموكراسییە. گرنگ ئەوەیە ركابەرییەكە لایەنی ئەخلاقی و دەستووری تێدا پێشێل نەكرێ، بەڵێ دەبێ لەچوارچێوەی ركابەریكردنێكی دیموكراسیانە بێت.
رووداو: پێشبینیت بۆ دەنگی كورد چییە لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بە تایبەتی لە كەركووك؟
كەریم نووری: بێگومان هەر قۆناخێكی هەڵبژاردن ئەنجامێكی دەبێت، هەڵبژاردن متمانەی دەنگدەرە، گوشاری سیاسی كاریگەری لەسەر دەنگەكەی نابێت، هەر كەسە و خاوەنی تێڕوانینی خۆیەتی، وایدەبینین لە كەركووك هەمان ئەو رێژەیەی هەبووە بۆ كورد بەدەستبهێندرێتەوە.
رووداو: بەڵام لایەنە كوردییەكان دەڵێن زەمینەی بانگەشەی ئازاد لە كەركووك و ناوچە كێشە لەسەرەكان كەمە، ئەنجامی هەلبَژاردن كاریگەری لەسەر ئەو ناوچانە دەبێت؟
رەوشی ئەمنیی کەرکووک نابێتە رێگر لە دەنگدەران

كەریم نووری: یەكەم، ئێستا دەتوانن جووڵە بكەن ئەو قسەیە راست نییە، ئەگەر كەركووك بە رەوشێكی ئەمنی تایبەتدا تێپەڕبووبێت ئەوە رێگر نابێت لە ئازادی و متمانەی دەنگدەر. هیوادارین بەشداربوونێكی كاریگەر ببینین لەو هەڵبژاردن.
رووداو: ئەی لەبارەی زۆرینەی سیاسی كە نووری مالیكی داوای دەكات، چی دەڵێن؟
كەریم نووری: پێویستە ئەو پرسیارە ئاراستەی خودی بەڕێز مالیكی بكرێ، یان یەكێك لە سەركردەكانی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا.
رووداو: هادی عامری لەگەڵ حكومەتی زۆرینەی سیاسییە؟
كەریم نووری: من خۆم سەر بە رێكخراوێكم كە بەڕێز هادی عامری سەركردایەتی دەكات، بێگومان ئەو تێڕوانینی خۆی هەیە، رەنگە هاوڕا بێت یان بیركردنەوەیەكی جیاوازی هەبێت، بۆیە ناكرێ موناقەشەی كارێك بكەین كە كەسێكی دیكە پێشنیازی بۆ كردووە.
رووداو: ئەمریكا دەڵێت ئێران دەستوەردان لە قازانجی نزیكی خۆی دەكات، ئێوە لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟
كەریم نووری: تۆمەتباركردنی یەكدی لە نێوان واشنتن و تاراندا هەیە، هیوادارین كاریگەری لەسەر عێراق نەبێت، دەستوەردان هەیە لە عێراق، دەستوەردانی توركیا ، دەستوەردانی ئێران، دەستوەردانی وڵاتانی كەنداو، مافی هەر وڵاتێكە هەژموونێكی ئەرێنیان هەبێت، بەڵام مافیان نییە، دەستوەردان لە كاروباری نێوخۆی عێراقدا بكەن، هیوادارین هاوكارییە هەرێمی و نێودەوڵەتیەیكان بۆ پاڵپشتیكردنی عێراق بێت، ئەمڕۆ ناكۆكییە هەرێمییەكان و دابەشبوونە نێودەوڵەتییەكان دەربارەی عێراق راست نییە، بۆیە هەمووان دەبێ هاوڕا بن بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی عێراق.