وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

نێچیرڤان بارزانی: تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ دواخستنی گشتپرسی نییە

لەلایەن دیار کوردە 18/9/2017
نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رووسیا
نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی رووسیا

رووداو- هەولێر

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت: "تائێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دواخستنی پڕۆسەی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان". دەشڵێت: "بەڕاشكاوی بە مەكگۆركمان گوتووە كاتەكە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسییەكە گونجاوە".

نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆیەكی تایبەت لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رووسیا سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی رایگەیاند: "تائێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دواخستنی پرۆسەی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان، لیژنەی باڵای گشتپرسیی دروستكراوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئەم پرۆسەیە، ئەوان دەبێ ئەو بڕیارە بدەن و بڕیارەكەش ئەوەیە گشتپرسییەكە لە 25ی ئەیلول ئەنجامدەدرێت".

نێچیرڤانی بارزانی سەبارەت هەڵوێستی ئەمریكا و وەڵامی سەركردایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا گوتی: "لە راستیدا هەڵوێستی ئەمریكا پێشتر راگەیێندرابوو، هاوكات سەردانەكەی بەڕێز مەكگۆركیش بۆ راگەیاندنی هەڵوێستەكەبوو كە كاتی گشتپرسییەكە كاتێكی باش و هەروەها گونجاو نییە، جەختكردنەوەبوو لەسەر ئەو هەڵوێستەی كە پێشتر رایانگەیاندبوو، ئێمەش بەڕاشكاوی گوتمان كە كاتەكە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسییەكە گونجاوە. بۆیەش هەردوولا گفتوگۆ و روانینی جیاوازیان لەوبارەوە هەبووە".

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەریمی كوردستانی عێراق، بەخێربێیت بۆ بەرنامەكەمان، زۆر خۆشحاڵین كە لەگەڵمانیت، سەرۆكوەزیران، گوێم لە هەندێك راپۆرتی تەلەڤزیۆنی كوردی بوو كە دەڵێن گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی دوادەخرێت بەهۆی گوشارەكانی ئێران و ئەمریكا، ئەوە راستە؟

نێچیرڤان بارزانی: تائێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دواخستنی پرۆسەی گشتپرسی لە هەرێمی كوردستان، لیژنەی باڵای گشتپرسی دروستكراوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی ئەم پرۆسەیە، ئەوان دەبێ ئەو بڕیارە بدەن و بڕیارەكەش ئەوەیە گشتپرسییەكە لە 25ی ئەیلول ئەنجامدەدرێت.

كەواتە سەرۆكوەزیران، سەردانەكەی برێت مەكگۆرك هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەر كاتی ئەنجامدانی گشتپرسییەكەدا نەهێناوە؟

نێچیرڤان بارزانی: لە راستیدا هەڵوێستی ئەمریكا پێشتر راگەیێندرابوو، هاوكات سەردانەكەی بەڕێز مەكگۆرگیش بۆ راگەیاندنی هەڵوێستەكەبوو كە كاتی گشتپرسییەكە كاتێكی باش و هەروەها گونجاو نییە، جەختكردنەوەبوو لەسەر ئەو هەڵوێستەی كە پێشتر رایانگەیاندبوو، ئێمەش بەڕاشكاوی گوتمان كە كاتەكە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی گونجاوە. بۆیەش هەردوولا گفتوگۆ و روانینی جیاوازیان لەوبارەوە هەبووە.

كەواتە ئەگەر كورد گوتیان بەڵێ، ئێوە سەربەخۆیی راناگەیێنن دوای ئەوە؟ بۆچی؟

نێچیرڤان بارزانی: دەبێ پرسیار لەوەبكرێت كە بۆچی ئێمە گەیشتووینەتە ئەو بڕیارەی گشتپرسی ئەنجامبدەین. لە راستیدا هۆكارەكەی ئەو چاوەڕوانییە زۆرەبوو كە ئێمە لە عێراقی نوێمان هەبوو لەگەڵ چەندین ساڵ خەبات و هەموو ئەو وێرانكاری و تووندوتیژییەی كە بووە هۆی ئازار و ناڕەحەتی بۆ خەڵكی كوردستان. بەتایبەتیش لەساڵی 2003 ، ئێمە لەوباوەڕەدابووین ئەوە دەستپێكێكی تازەیە بۆ عێراق، بۆ عێراقێكی نوێ . عێراقێكی دیموكراتی و فیدراڵی كە ئێمە هەموومان لەسەر بنچینەی هاوبەش تێیدا دەژین، بەڵام بەداخەوە دوای 12 - 13 ساڵ، دوای ئەوەی كە دەستوور لەلایەن زۆربەی عێراقییەكان دەنگی بۆدرا، دەستورەكە جێبەجێنەدەكراو هاوكات بۆ چەندین جار پێشێلكاری بەرامبەر كرا. بۆیە ئەو چاوەڕوانییەی كە ئێمە هەمانبوو بۆ عێراقی نوێ، بەدینەهات و هەروەها بێهیواییەكی زۆری لای خەڵكی كوردستان دروستكرد. لەم هەلومەرج و كەشە سیاسییەی ئێستا لە عێراق هەیە، ناڕەحەتییەكان بەردەوامن، بۆیەش ئەمە هۆكاری ئەوەبوو كە ئێمە بڕیارماندا بگەڕێینەوە بۆ لای خەڵكەكەمان بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لەسەر داهاتوویان لە عێراق بدەن.

شەڕی دژ بە داعش وادێتە بەرچاو كە بەرەو كۆتایی دەچێت، حكومەتی عێراق دەرفەتی ئەوەی دەبێ دەست بە ریفۆرمی ئابووری و سیاسی بكات، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بەڕێوەببات، كوردیش ئەو دەرفەتەیان دەبێ قسەی خۆیان سەبارەت عێراقی یەكگرتوو بكەن، ئەوە بژاردەیەكی ئاشتیانەتر نییە لەوەی ئێستا گشتپرسی ئەنجامبدەن؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا كاتێك ئێمە قسە لەسەر گشتپرسی لە 25ی ئەیلول دەكەین، مانای ئەوە نییە رۆژی دواتر ئێمە سەربەخۆیی خۆمان رادەگەیێنین. بەشێوەیەكی بنچینەیی كۆی بیرۆكەی ئەنجامدانی ئەم گشتپرسییە بۆ دەربڕینی خواستی خەڵك و نەتەوەكەیە بەگشتی، كە دواتر دەبێتە راسپاردەیەك بۆ سەركردایەتی سیاسی بۆئەوەی دواتر لەگەڵ بەغدا دانوستاندن و دایەلۆگی زیاتری لەسەر بكەن. شەڕی ئێمە لە دژی داعش، ئێمە سەركەوتووبووین لەو شەڕە و هەروەها بەردەوامیش دەبین لەو هاوئاهەنگییەكانمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی دیكەی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لە دژی داعش لە هەركوێیەك بێت. ئێمە لەئاستی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سوپای فەرمی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو سەركەوتووبووین. بۆ قسەكردن لەسەر هەڵبژاردنی داهاتوو و هەروەها گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكان، بەداخەوا ئەمە واناكات ئێمە هیچ گۆڕانێك ببینین. ئێمە رووبەروو لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوامانلێكرا گشتپرسییەكە دوابخەین. بەڵام بەدیلێكی بەهێز نەبوو كە قەناعەتمان پێبكات بەردەوامبین لە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا. هەموو ئەو شتەی بە ئێمە گوترا ئەوەبوو گشتپرسییەكە دوابخەین بەبێ بوونی بەدیلێك كە جێگەی ئەو دۆخە بگرێتەوە كە ئێمە هەمانە.

سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە كە هاوبەشی لەگەڵ بەغدا شكستیهێناوە، بۆیە ئەوە یەكێكە لە هۆكارەكان كە بەرەو سەربەخۆیی دەچن، كەواتە چۆن ئێوە دەتوانن ئەو پەیوەندییە شكستخواردووە راستبكەنەوە كاتێك گشتپرسی سەركەوتوو بوو؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا، كاتی گشتپرسی و دوای گشتپرسیش پرۆسەیەك دەبێ كە وادەكات ئێمە بتوانین گفتوگۆی جیدی لەگەڵ بەغدا ئەنجامبدەین و، هەوڵبدەین بەشێك لەو هەڵانەی كە لە رابردوو كراون راستبكەینەوە و ئێمەش دەباتە پێگەیەكی باشتر. ئەگەر باسیش لە هاوبەشی یانیش دروستبوونی عێراقێكی نوێ لەسەر ئەم هاوبەشییە بكەین، بەداخەوە ئەو هاوبەشییە نەماوە، یاخود لە راستیدا هەر نەبووە.

 لە 2005ەوە كاتێك دەستوور پەسندكرا بەداخەوە رووبەڕووی چەندین سەختی بووینەوە. چەندین نموونەش هەن، دەتوانین بیانخەینەڕوو كە لە كوێ پێشلكاری لەو هاوبەشییەدا یانیش دەستووردا كراوە. یەكێك لەو نموونانەی كە دەمەوێ بیخەمەڕوو، لەم دواییانەدا كاتێك هێزەكانی حەشدی شەعبی، هێزە میلیشیاكانی شیعە لەلایەن پەرلەمانی عێراق بە یاساییكران، هەموو پێداویستییەكیان بۆ دابینكرا، لەگەڵ هەموو رێزم بۆ حەشدی شەعبی و ئەو قوربانییەی كە لە شەڕی داعش داویانە و هەموو ئەو شتانەی كە بۆیان دابینكراوە، بەڵام لە هەمانكاتدا كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە لە هەمان دۆخدابوون و هەمان قوربانیاندا، بەغدا هیچ كات ئامادەنەبوو هیچ جۆرە پشتیوانییەك یانیش هاندانێك بۆ ئەم پرسە پێشكەشی هێزەكانی پێشمەرگە بكات. ئەمە یەكێكە لە نموونە هەرە بەرچاوەكان كە وەك هاوبەشێكی هاوسەنگ نەبینراوە.

دووەم، كاتێك IMF و بانكی جیهانی هاوكاری داراییان پێشكەشی بودجەی عێراق و پڕۆژەكانی پەرەپێدانی عێراق كرد، بەداخەوە هیچ یەكێك لەو هاوكارییانە بەشی هەرێمی كوردستانیان لێنەدرا ، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لەو نموونە زیندووانەی كە هاوبەشی تێدا نابینرێت. چەندین نموونەی دیكە هەن. ئێمە لەوبڕوایەداین دوای گشتپرسی ئێمە دەتوانین چەندین گفتوگۆی جیدی لەگەڵ بەغدا ئەنجامبدەین لەسەر ئەوەی كە چۆن بنچینەیەكی پتەو سەبارەت چۆن بەیەكەوە كاربكەین و هاوئاهەنگبین.

كەواتە كاردانەوەی ئێوە چ دەبێت كاتێك بەغدا رەتیكردەوە ئەنجامی گشتپرسیەكە قبووڵ بكات، چونكە پێشتر ئەوەی راگەیاندووە كە ئەو گشتپرسییە نادەستوورییە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوان دەستیانپێكردووە، بەغدا لە ئێستاوە ئەنجامەكەی رەتكردووەتەوە، ئەنجامەكەی هەرچۆنێك بێت، پەرلەمانی بەغدا دەنگی لەسەرداوە، بەڵام من دەتوانم بە روونی بیڵێم ئەمە هیچ كاریگەرییەكی لەسەر پرۆسەكە نابێت.

نا، من دڵنیام كە گشتپرسییەكە ئەنجامدەدرێت، پرسیارەكە ئەوەبوو كە كاردانەوەی ئێوە چ دەبێت و پلانتان چییە كاتێك كە ئەوان ئەنجامی گشتپرسییەكەیان رەتكردەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕوانییەكانی ئێمە ئەوەیە كە ئەنجامی گشتپرسییەكە نەكرێتە بنەمایەك بۆ زیاتر شێواندنی دۆخەكە. خواست و ئامانج ئەوەیە كە زیاتر لەیەكتێگەیشتنمان لەگەڵ بە‌غدا هەبێت، بۆ بوونی دانوستاندنی جیدی كە بۆ ئەوان چاوەڕوانكراوبێ و بۆ ئێمەش چاوەڕوانكراوبێت، بۆ ئەوەی دیبەیتی زیاتری جیدیمان هەبێ لەبارەی چاوەڕوانییەكانی داهاتوو.

سەرۆك بارزانی دەڵێ، كوردی عێراق خۆیان سنوورەكانی خۆیان دیاریدەكەن، بەڵام كاتێك كە بەغدا رەتیدەكاتەوە دان بە ئەنجامی ئەو گشتپرسییە دابنێت، ئایا ئێوە تاوەكو پێكدادانی سەربازیش ئامادەن لەگەڵ بەغدا برۆن بۆ ئەوەی ئەو سنوورانە بپارێزن؟ بە دڵنیاییەوە پرسیارەكە لێرەدا زیاتر لەسەر كەركووكە؟

نێچیرڤان بارزانی: گشتپرسییەكە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان دیاریناكات، ئەمە تەنیا دەتوانرێت لە رێگەی دانوستاندنی جیدی لەگەڵ بەغدا بەدەستبهێنرێت. لەڕاستیدا ئێمە لە هەرێمی كوردستان، خەڵكی كوردستان و بەتایبەتیش كورد نامانەوێ خواستی خۆمان بەسەر خەڵك و هەروەها پێكهاتەكانی دیكەدا لەم ناوچەیەدا بسەپێنێن، وەك عەرەب و توركمان و مەسیحییەكان و هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی دیكە كە لە ناوچەكە لە چوارچێوەی ئەم سنوورانەدا دەژین. ئەوان دەتوانن بەپێی خواست و هاوسۆزی خۆیان دەنگبدەن، ئایا دەیانەوێ بەشێكبن لە ئیدارەی هەرێمی كوردستان یان نا. شتەكە تەواو پرۆسەیەكی دیموكراسییە بۆ ئەوەی ئەوان بڕیاربدەن. دیاركردنی سنوورەكانیش دەمێنێتەوە بۆ ئەو دانوستاندن و دایەلۆگانەی دواتر لەگەڵ بە‌غدا دەكرێن.

تۆ وەڵامی بەشێكی پرسیارەكەی منت دایەوە، بەڵام بە پێداگرییەوە دەمانەوێ ئەوە بزانین لەبارەی كەركووك، ئەگەر خەڵكی كەركووك دەنگیان بۆ مانەوە لەنێو عێراقدا، بەڵام زۆربەی بەشەكانی كوردستان دەنگیان بۆ جیابوونەوەدا، چ روودەدات؟ چونكە ئەوە لێكچوونی لەگەڵ بریكزیت هەیە كە لە سكۆتلەندا روویدا؟

نێچیرڤان بارزانی: سەربارەت بە كەركووك دەیڵێمەوە ئەوە پرسێكە بەتەواوی بۆ خەڵكی ناوچەكە جێهێڵدراوە، ئێمە هیچ چارەسەرێك بەسەر كەركوودا ناسەپێنین. تایبەتمەندی كەركووك و پێكهاتەكانی كۆمەڵگەكەی وەك عەرەب ، توركمان ، مەسیحی و هەروەها بەدڵنیاییەوە كوردیش، شتێكە كە دەبێ بە گرنگییەوە بە هەند وەربگیرێت. لە چوارچێوەی ئیدارەی كوردستان بێت، كەركووك دەتوانێ وەك هەرێمێكی ئۆتۆنۆمبێت و تایبەتمەندییەكی تایبەتی هەبێت و هەروەها پێكهاتەكانیشی پارێزرابن و دڵنیابن. ئێمە پلانمان نییە بۆ ئەوەی چارەسەرێكی تاكلایەنانە بەسەر كەركووكدا بسەپێنین. بەڵكو بەتەواوی ئەم پرسە دەدەینە دەست خەڵكی كەركووك خۆی و دەبێ لە داهاتووشدا تایبەتمەندی تایبەت بدرێتە ئیدارەی داهاتووی كەركووك.

من لەوە تێدەگەم كە ئێوە ناتانەوێت ویستی خۆتان بەسەر كەس دابسەپێنن، بەڵام پێشمەرگە رۆڵێكی گرنگی گێڕا لە شەڕی داعش بۆ دەركردنی لە موسڵ، ئایا ئێوە سوود لەو دەرفەتە وەردەگرن كە بەهۆی شەڕەوە بەدەستتانهێناوە و ناوچەی زیاترتان لەژێر دەستدایە كە پێشتر لەژێر دەستی جیهادییەكاندا بوون، ئایا ئێوە ئەو ناوچانەش دەخەنە نێو دەوڵەتی كوردستانەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا، ئێمە نە خواستمانەو نە دەشمانەوێت لەو هەلومەرجەی ئێستا ئەم جۆرە دیفاكتۆیانە بسەپێنین. بەڵام كۆمەڵێك راستیش هەن كە دەبێ بە هەند وەربگیرێن، بەر لە كەوتنی موسڵ ئێمە داوامان لە سەرۆكوەزیرانی ئەوكاتەی عێراق كرد پێشمەرگە بەشداربێ لە پارێزگاریكردن لە موسڵ، بەڵام بەداخەوا وەڵامی بەغدا نەرێنی بوو بۆ ئەم پێشنیازەی ئێمە، بۆیەش ئەوەی روویدا كەوتنی موسڵی بوو. بەخێرایی دوای ئەمە، لەسەر داوای سەرۆكوەزیرانی عێراق هێزەكانی پێشمەرگە ئاسایشی كەركووكیان پاراست و بەرپەرچدانەوەیەكی خێرابوو بۆ پارێزگاریكردن لە ناوچەكە لەوەی نەكەوێتە بەر هێرشی دڕندانەی داعش. ئەگەر ئێمە هێزەكانی پێشمەرگەمان بۆ ئەو ناوچانە نەناردبا، رەنگە چارەنووسی كەركووكیش خراپترببا لەوەی موسڵ. بوونی هێزەكانی پێشمەرگە لەو ناوچانە بۆ پارێزگاریكردن بوو لە ناوچەكەو هەروەها پێكهاتەكانی كەركووك. بۆ دیاركردنەوەی سنوورەكان ، ئێمە پێویستیمان بە گفتوگۆیە لەگەڵ بەغدا، سنووری ئیدارەی هەرێمی كوردستان ناسەپێندرێت، ئێمە واهەستدەكەین، ئەم پرسە دەكرێت لەسەر لێكتێگەیشتنی هاوبەش و كاری جیدی لەگەڵ بەغدا كۆتایی پێبهێندرێت.

ئێستا، كە نرخی نەوت بە نزمی ماوەتەوە، ئایا مەترسی ئەوەت هەیە كوردستانی سەربەخۆ كە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت پارەی پێویستی دەستنەكەوێت بۆ ئەوەی خۆی بەرێوەببات؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا، دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا دۆخێكی نموونەیی نەبووە. قەیرانە داراییەكە هەمووی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوەتەوە نەبووە. بەڵێ، راستە نرخی نەوت كاریگەی لەسەر هەبوو، بەڵام لە هەمانكاتدا دەبێ ئەوەشمان لەبیربێت، لە سەرەتای 2014، پێش شەڕی داعش، بەغدا تاكلایەنە بودجەی كوردستانی بڕی. بۆ سێ ساڵ، ئێمە رووبەڕووی زەحمەتی بووینەوە، بەهۆی بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە. دووەمیش، ئێمە بە درێژایی 1100 كیلۆمەتر رووبەڕووی شەڕی مەترسیدارترین رێكخراوی تیرۆرستی بووینەوە "داعش". ئەمەش گوشارێكی دیكەی گەورەی خستە سەر ئێمە. شەڕی دژ بە داعش و كۆنترۆڵكردنی چەندین ناوچە لەلایەن داعش بووەهۆی ئەوەی 1.8 ملیۆن ئاوارە روو لە كوردستان بكەن، ئەمەش زەحمەتییەكی دیكەی ئابووری دروستكرد، ئەمساڵ چەند ئاماژەیەكی روونی پێشكەوتنی ئابوورییەكەمان هەن و، چاوەڕوانیشدەكەین پێشكەوتنی زیاتریش هەبێت، هاوكات هەوڵێكی جیدی دەدەین بۆ ئەوەی چاكسازیبكرێت و بۆئەوەی بەتەنیا پشت بە داهاتی نەوت نەبەستین، بەڵكو ئابوورییەكەمان هەمەجۆر بكەین.

پێتوایە كە سەربەخۆیی كوردستان وەبەرهێنەرە بیانییەكان دەترسێنێت؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا وەك پێشتریش ئاماژەم پێدا، دوای ئەوەی گشتپرسی ئەنجامدرا، مانای ئەوە نییە بەخێرایی سەربەخۆیی رادەگەیێندرێت، بەڵكو ئەوەی ئێمە دەمانەوێ بیكەین ئەوەیە بچینە نێو گفتوگۆیەكی جیدی لەگەڵ بەغدا و هەوڵبدەین هەموو كێشە هەڵپەسێردراوەكان كە دەتوانرێن لە رێگەی دانوستاندن و كاری جیدی لەگەڵ بەغدا چارەسەردەكرێن، چارەسەریان بكەین. لەگەڵ ئەمەدا، لە دوو دەیەی رابردوودا ئێمە سەلماندوومانە كە فاكتەری سەقامگیرین لە ناوچەكەدا، بە دڵنیاییشەوە لەسەر ئەم ئاراستەیە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی فاكتەری سەقامگیری بین لە ناوچەكە.

كاتێك كە كورد ئۆتۆنۆمییەكیان كردە دیفاكتۆ لە سەرەتایی نەوەتەكان، لەدوای شەڕی كەنداو، هەرزوو لەنێوخۆتاندا وەستانەوە و شەڕی نێوخۆیتان دەستپێكرد، كە ئەوە چەند ساڵێكی خایاند، ئێستا سەرۆك بارزانی دەڵێت، دەست لە پۆستەكەی دەكێشێتەوە كاتێك كورد كورد سەربەخۆیی بەدەستهێنا، هەروەها هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیش لە مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت، ئایا مەترسی لەسەر دروستبوونی ناسەقامگیری لە دەوڵەتی كوردستاندا هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا، ئەوەی وەك ململانێی نێوخۆیی روویدا، لاپەڕەیەكی خەمگینە لە مێژووی ئێمەدا، بەڵام لە هەمانكاتیشدا لاپەڕەیەكە كە داخراوەو، پێموانییە بارودۆخەكە رێگە بەوەبدات جارێكی دیكە ئەم ململانێیە سەرهەڵداتەوە. سەبارەت بە پۆستی سەرۆك بارزانیش، لە چەندین بۆنەدا ئەو بە ئاشكرا رایگەیاندووە كە خۆی هەڵنابژێرێتەوە، یانیش خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید ناكاتەوە. ئەو رێز لەوە دەگرێت، هەروەها رێز لە یاساكانی هەرێمی كوردستان دەگرێت، ئەمە ئەو هەڵوێستەیە كە ئەو بە ئاشكرا و بەڕوونی رایگەیاندووە.

ئێستا سەرۆكوەزیران.. یەكێك لە هۆكارەكانی هاتنی داعش بەرەو عێراق، بوونی ناكۆكی سیاسی و تایفی بوو لەو وڵاتەدا، ئایا ئێوە بیرتان لەوە كردووەتەوە؟ چۆن دەتوانن دڵنیابن كە سەربەخۆیی كوردستان نابێتە هۆی قووڵبوونەوەی ئەو دابەشبوونە و بارودۆخی ناوچەكە بەرەو خراپتر نابات؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر تۆ بەڕاستی لە نزیكەوە ئاگاداری هاوكارییەكانی سەركردایەتی كوردبیت، لە 2003ەوە تائێستا ، هەردوو بەڕێز بارزانی و تاڵەبانی هاوكارێكی گەورەبوونە بۆ بنیادنانەوەی عێراق لەسەر بنچینەی بەڵێنێك (كە عێراق)، عێراقێكی نوێ دەبێ بۆ هەموومان، بەڵام بەداخەوە ئەمە بە ئاراستەیەكی دروستدا نەڕۆیشت، لەماوەی 12 ساڵی رابردووشدا، یانیش دوای ئەوەی ئێمە عێراقمان بنیادنایەوە، عێراقی نوێ، لاپەڕەیەكی نوێمان هەڵدایەوە، پرسیارێك دەكەین- ئێمە لە كوێین؟ بۆ هەموو ئەو زەحمەتیانەش كە ئێمە رۆژانە رووبەڕووی دەبینەوە لەگەڵ بەغدا، ئەوە هەموو ئەو شتەیە كە ئێمە دەتوانین بیكەین، ئەوەی تائێستا كردوومانە، ناتوانین چیدیكە بیكەین. 

ناتوانین زیاتر پەرەیپێبدەین. ئەوەی لەبارەی سەقامگیری و یەكگرتوویی عێراقیش دەگوترێت و كە هەمیشە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش جەختی لێدەكاتەوە لەبارەی عێراق، یاخود یەكگرتوویی عێراق، ئەمە تەنیا دروشمێكە، یانیش تێگەیشتنێكی سیاسیانە بێت. بەڵام لەڕاستیدا عێراق یەك نییە و عێراق یەكگرتوو نییە، ئێمەش وەك كورد نابێ سەرزەنشتبكرێین بۆ ئەوەی لە تەواوی ناوچەكانی دیكەی عێراق روودەدات و ئەو ئاراستە هەڵەیەی عێراق پێیدا دەڕوات. ئەوەی ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین، كاتێك لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان قسە دەكەین، بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخەكە نییە، بۆ قووڵكردنەوەی ئەو كێشانە نین كە ئێستا لە وڵاتەكەدا هەن. بەڵكو بەپێچەوانەوە، ئێمە هەستدەكەین سەربەخۆیی دەبێتە فاكتەری سەقامگیری. ئەو كارە هەڵانە و هەروەها ناسەقامگیریەش كە لەناوچەكەدا هەیە، بەهۆی گەلی كوردەوە نییە، ئەوە هەڵەی ئێمە نییە كە عێراق بەم ئاراستەیەدا رۆیشتووە.

سەرۆك بارزانی دەڵێت، سەردەمی كۆلۆنیالی و دروستكردنی سنوورەكان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی پەیماننامەی سایكس پیكۆ، كۆتاییهاتووە و ناوچەكە پێویستی بە فۆرمێكی نوێیە كە كوردستانی سەربەخۆ لەخۆی بگرێت، چ فۆرمێكی دیكە ئێوە هیوای بۆ دەخوازن، ئایا پێتوایە كە عێراق و سووریا وەك خۆیان دەمێننەوە لەو بارودۆخەی ئێستایاندا؟

نێچیرڤان بارزانی: كاتێك كە پرسی سەربەخۆیی خرایەڕوو و گفتوگۆی لەسەركرا، ئێمە بەبێ پێچوپەنا تەنیا باسمان لەوەكرد كە ئێمە چیمان لە هەرێمی كوردستانی عێراق هەیەو هەروەها چیمان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا هەیە. ئەو بابەتانەی كە دەكەونە دەرەوەی سنووری هەرێمی كوردستان، ئەوانە بابەتێكن كە ئێمە نامانەوێ دەستتێوەردانیان تێدا بكەین. هەرچەندە ئێمە حەزدەكەین پرسی گەلی كورد لە سووریا بەشێوەیەكی دیموكراسی و ئاشتییانە چارەسەر بكرێت. بەڵام بەرپرسیارێتی ئێمە بەشێوەیەكی سەرەكی و تەنیا تایبەتە بە هەرێمی كوردستانی عێراق.

لە كاتی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان ریكس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بارزانیدا كە مانگی رابردوو ئەنجامدرا، سەرۆكی ئێوە داوای گرەنتی و بەدیلی لە ئەمریكا كردووە لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسیدا، ئەوەی من تێیبگەم گەرەنتی زۆر نەدراوە بە ئێوە، دەكرێ پێمان بڵێی دەبێ ئەو گرەنتییە چ بێت؟ ئایا بەبێ ئەو گرەنتییە ئێوە گشتپرسی هەر ئەنجامدەدەن؟

نێچیرڤان بارزانی: بۆ ئێمە، پرسیاری گرنگ كە بەردەوام لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریكاشمان كردووە، ئەگەر گشتپرسیی ئەنجامنەدرێت یان دوابخرێت بەهۆی ئەوەی كە كاتەكەی گونجاو نییە، پرسیاری ئێمە بۆ ئەوان ئەوەیە: ئەگەر گشتپرسی هێندە شتێكی خراپە، باشە جێگرەوەكەی چییە؟ ئەگەر كاتەكەی گونجاو نییە، باشە ئێوە دەتوانن پێمان بڵێن ئەو كاتە شیاوە كەیە؟ تائێستاش وەڵامی ئەو پرسیارانەمان وەرنەگرتووە.

حكومەتی ئێستای توركیا لەشەڕدایە لەگەڵ كورد لەنێوخۆیدا و لەگەڵ كوردی سووریاش، بەڵام ئێوە پەیوەندییەكی باشتان لەگەڵ حكومەتی توركیادا هەیە، بەدڵنیاییەوە سەربەخۆیی كوردستان كاریگەری لەسەر ئەو پەیوەندییانە دەبێت، پێتوایە زیان بەر ئەو پەیوەندییە دەكەوێت لە ئەنجامی گشتپرسییەكەدا؟

نێچیرڤان بارزانی: لەڕاستیدا، پرسی گشتپرسییەكە، پێمانوایە، لەجیهاندا زیاتر لە قەبارەی خۆی گەورەتركرا، پێویستە وەك خۆی تەماشا بكرێت، كە چییە و بۆ چ ئامانجێكە. دووبارە دەڵێم: دەمەوێ جەخت لەوەبكەمەوە كە یەك رۆژ لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسییەكە بەو واتایە نایێت كە سەربەخۆیی رابگەیێندرێت. ئێمە پەیوەندی باشمان لەگەڵ توركیادا هەیە، لەڕووی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریشیەوە بێگومان ئێمە نامانەوێ ئەوە تێكبدەین، ئێمە ئەو پەیوەندییانەمان لەگەڵ توركیا بەرز دەنرخێنین و نامانەوێ ئەو پرۆسەیەی كە ئێمە دەستمانپێكردووە ببێتە هۆی تێكدانی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا و هیواداریشین لەیەكتێگەیشتنی زیاتر و پەیوەندی زیاتر لەگەڵ توركیا دابمەزرێنین، ئامادەشین لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆی زیاتر ئەنجامبدەین، هەروەها دەبێ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوە بزانێ كە رۆژی دوای گشتپرسییەكە بەواتای راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان نییە و نابێ زیادەڕۆیی لەو بابەتەدا بكرێت.

سەرۆكوەزیران دەمەوێت تێروانینی تۆ سەبارەت بەو گشتپرسییە بزانم ئەگەر پرسیاری ئەوەت لێبكەم كە ئایا سەربەخۆیی كوردستان لە داهاتوودا ناوچەكانی وەك عەفرین و رۆژئاوای كوردستانیش لەخۆ دەگرێت و دەبێتە دەوڵەتی كوردستانی گەورە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەجێندا و تێڕوانینێكی لەوجۆرەمان نییە، كە بمانەوێت سنووری خۆمان ببەینە دەرەوەی ئەو سنوورەی كە ئێمە ئێستا تێیداین. سنوورەكانی ئێمە دیاریكراون و لەگەڵ عێراقیش دیارییان دەكەین، تەواو.

دەمەوێت هەڤپەیڤینەكە بە پرسیارێك سەبارەت بە پەیوەندی نێوان كوردستان و رووسیا كۆتایی پێبێنم، لەسەرەتای ئەمساڵدا، ئێوە لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە سانتپیترسبۆرگ ریككەوتنێكتان بە گوژمەی یەك ملیار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای رۆسنەفت واژۆكرد، بەمەبەستی وەبەرهێنانی ئەو كۆمپانیا رووسییە لە كێڵگە نەوتییەكانی كوردستاندا بۆ ماوەی 20 ساڵ، ئایا ئێوە پشتیوانی رووسیا لە سەربەخۆیی كوردستان دەبینن لەو رێگەیەوە یان ئەوە تەنیا وەبەرهێنانە؟

نێچیرڤان بارزانی: هاوشێوەی هەموو كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی كە وەبەرهێنانی لە كەرتی نەوتی كوردستاندا كردووە، رۆسنەفتیش بەهەمان شێوە پێشوازی لێكراوەو ئێستا چالاكە و بەردەوامدەبێت لە چالاكییەكانی وەك وەبەرهێنەرێك، ناشبێت ئەو وەبەرهێنانە بەهەڵوێستی فەرمی حكومەتی رووسیا تەماشا بكرێت وەك پشتگیری راستەوخۆی رووسیا بۆ سەربەخۆیی. ئەمە رەهەندێكی بازرگانی و ئابوورییە.

کۆمێنتەکان

 
شاخەوان | 18/9/2017
ناوی دەرچوانی پۆلی ۹
سامان | 18/9/2017
هيؤادارم به يؤه نديهكان له كه ل رؤسياش به هيزتر بن.

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Rebwar | 16/12/2017 11:09:20 م
Dastxosh
بكرحاجى محمد | 17/12/2017 08:10:31 ص
وةك هاو ولاتيةكى دةربةنديخان زورزور دةستخوشيمان بوكاك رةنج سةنكاوى وسةتةلايتى رووداو هةية,دةستانخوش ونمونةتان زوربيت.
قۆناخی یەکەمی هاوکارییەکانی کەمپەینی رووداوی دەربەندیخان
| دوێنێ کاژێر 10:15 | (2)
اوات | 17/12/2017 07:11:15 ص
ئه گه ر.........روژى ئالام دابگرى چى. ......... له روژى دوايى ده كه ى ئه گه ر.........سه وزى ئالام بسوتينى چى. ........... له سه وزى ره زوباخم ده...
ئەمڕۆ رۆژی ئاڵای کوردستانە
| دوێنێ کاژێر 09:18 | (1)
سكفان خالد | 16/12/2017 07:22:39 ص
موجه ي خانه نشينكان كي دابش دكرئ
صلاح | 16/12/2017 01:41:02 م
مانگی 3ی خانه‌نشین چووه‌ هین .
 خشتەی مووچەی مانگی نۆی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیێندرا
| 15/12/2017 | (2)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە رەتیدەکاتەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە 10 کاژێر لەمەو بەر |

سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و ژینگە رەتیدەکاتەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە

پەیوەندی بە گرفتێكی تەندروستی خۆیەوە هەیە زۆرتر
دوو هونەرمەندی ئەمریکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی منداڵان دەکەن 12 کاژێر لەمەو بەر |

دوو هونەرمەندی ئەمریکی سەردانی نەخۆشخانەیەکی منداڵان دەکەن

لە نەخۆشخانە گۆرانی سەری ساڵ بۆ منداڵە نەخۆشەکان زۆرتر
0.39 seconds