وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

کوردستان

ترەمپ هیوای سەربەخۆیی بە كورد دەبەخشێ

لەلایەن رووداو 19/4/2017
كورد بێئەزموونیی ترەمپ لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندیی خۆیان دەبینن
كورد بێئەزموونیی ترەمپ لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە بەرژەوەندیی خۆیان دەبینن
رووداو ـ Foreign Affairs 
نووسینی: مۆرگن ئێڵ. كەپلن*

رۆژی دووی نیسان، دوو پارتە سەرەكییەكەی كوردستانی عێراق: پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانیی كوردستان راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا پابەندیی خۆیان بە رێكخستنی گشتپرسیی لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان یان مانەوە لەگەڵ عێراق، راگەیاند. ئەو دوو پارتە زۆربەی جاران لەگەڵ یەكدی ناكۆكن، بەڵام وادیارە لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی تاڵی شەڕی مووسڵ و پاش سێ ساڵ شەڕی بەردەوام لەدژی (داعش)، كوردی عێراق بەو بڕوایە گەیشتوون كە كاتی ئەوە هاتووە كێشە سیاسییەكانی نێوانیان بنێژن.

سەركردەكانی كوردستان دەزانن سەربەخۆیی بە ئاسانی بەدەست نایەت. بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی توركیا و ئێران سوورن لەسەر ئەوەی رێ لە هەوڵێكی وەها بگرن، ئەو دوو وڵاتە نیگەرانن لەوەی هەوڵی سەربەخۆیی ئیلهام بە دانیشتووە كوردەكانی ئەوانیش بدات. هاوكات ئەمریكاش لەڕووی مێژووییەوە بیرۆكەی دابەشبوونی عێراقی رەتكردووەتەوە، چونكە ترسی ئەوەی هەبووە پارچەبوونی ئەو وڵاتە ببێتە مۆدێلێك بۆ دابەشبوونی وڵاتانی دیكەی ناوچەكە. تەنانەت لە نێوان هێزە كوردییەكانیش سەبارەت بە كات و پڕۆسەی جیابوونەوەكە ناكۆكی هەیە، ئەوەش خولیای سەربەخۆیی كوردی سنووردار كردووە. لای بەرپرسانی كورد بەڕێوەچوونی گشتپرسی وەكوو راگەیاندنی نیازە (واتە نیازی سەربەخۆیی)، بەو مانایەی سەربەخۆیی راستەقینە هێشتا كاتی لەبەردەم ماوە.

ئەوە یەكەمجاریش نییە كورد ئەوە رابگەیەنێ. بەڵام ئەمجارەیان جیاوازییەكی هەیە، ئەوەش جۆرێك لە گەشبینی بە كوردی عێراق داوە كە ئەمجارەیان ئەو رێگەیەی بەرەو سەربەخۆیی گرتوویانەتە بەر، سەركەوتن بەدەست بهێنێ. ئەوەی جیاوازییەكەشی دروستكردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكایە.

لە گەشتەكەی ئەمجارەم بۆ كوردستانی عێراق، لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر سیاسەتكار، بەرپرس و بزنسمان (لە كوردستان) قسەم كرد كە بڕوایان وابوو سەرۆكایەتیی ترەمپ دەرفەتێكی نوێی بۆ سەربەخۆیی كورد رەخساندووە. جیا لەمە خەڵكی كوردستانیش، بەشێوەیەكی گشتی، گەشبینن بە سەركەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكادا. بەڵام ئەو لایەنەی سەرۆكایەتی ترەمپ كە كوردی عێراق پێی دڵخۆشن، هەمان ئەو لایەنەیە كە شارەزایانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لێی نیگەرانن.

داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا

یەكەم شت، ترەمپ خەریكە دامەزراوەی نەریتیی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەلاوە دەنێ. لە مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، كۆشكی سپی بەشێوەیەكی چالاكانە هەوڵ دەدات كاریگەریی كەسایەتییە بە ئەزموونەكان لەسەر سیاسەتی دەرەوە كەم بكاتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا بەرپرسە لە مێژینەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكای كەمكردوونەتەوە و كۆمارییە شارەزا و بەناوبانگەكانیشی خستووەتە پەراوێزەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەر ئێستاش لاواز بووە و چەند مانگێك دەبێ بەبێ بەرپرسە باڵاكانی كارەكانی بەڕێوەدەبات.

بچووكبوونەوەی قەبارەی وەزارەتی دەرەوە بۆ شارەزایانی هەردوو بەرە سیاسییەكە (واتە كۆماری و دیموكراتەكان) مایەی ترس و نیگەرانییە، چونكە وەزارەتی دەرەوە و ستافەكەی هەموو كات وەكوو بناغەیەك بوون و ئەمریكا لەسەر ئەو بناغەیە توانیویەتی بەردەوامی بە بەشداریی خۆی لە كاروباری جیهاندا بدات. بە كورتییەكەی، بەردەوامبوونی ئەو دامەزراوەیە گەرەنتی ئەوەی بە حكومەت داوە كە لە كاتی دەستبەكاربوونی ئیدارەیەكی نوێ، زانیارییە دامەزراوەییەكان لە بارەی وڵاتان و پەیوەندییەكانیان لە كیس ئەمریكا نەچێ، لە كاتێكدا كۆكردنەوە، پەرەپێدان و رێكخستنی ئەو زانیارییانە چەندین دەیە كاتی بردووە.

بەڵام ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە لێی بڕوانین، دەبینین دامەزراوەی دیپلۆماتیكی ئەمریكا (وەزارەتی دەرەوە) بە تایبەتی لەگەڵ كورد مامەڵەیەكی میهرەبانانەی نەكردووە، ئەوەش بەلایەنی كەم هەتا راپەڕینی كوردی عێراق لە ساڵی 1991 و دواتریش هێرشەكەی ئەمریكا بۆ سەر عێراق لە 2003 راستە. هەرچەندە ئەمریكییەكان ئێستا راهاتوون لەوەی دیمەنی تەوقەكردن و كۆبوونەوەی ئاشكرای بەرپرسانی كورد و ئەمریكا ببینن، بەڵام دیپلۆماتە لەمێژینەكانی كورد جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەوە دیاردەیەكی نوێیە و لە ئەنجامی نزیكەی 60 ساڵ بەرخۆدان و مەینەتییەوە هاتووەتە ئاراوە. بە درێژایی سەدەی بیستەم، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا وەكوو دامەزراوەیەك زۆربەی جاران بنبەستی دیپلۆماسیی كورد بووە، هۆی ئەمەش بۆ ئەو سیاسەتە رەگداكوتاوەی وەزارەتی دەرەوە دەگەڕێتەوە كە پشتگیری لە یەكپارچەیی خاكی دەوڵەتان دەكەن و دان بە ئەكتەرە نادەوڵەتییەكاندا نانێن.

ئاكامی ئەم سیاسەتەش بریتی بووە لەوەی گرنگ نییە كوردی عێراق لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی پێشووەوە چەندە بەسوود بوون بۆ سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، گرنگ نییە پەیوەندییە نزیكەكانی نێوان كورد و ئەمریكا لە كاتی جەنگی كەنداوەوە چەندە گەشەی كردووە، بەڵكو خاڵی گرنگ ئەوە بووە كە پشتگیریكردن لە سەربەخۆیی كوردستان (بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا) وەكوو رێچكەشكێنییەكی دامەزراوەیی بووە.

بەڵام ترەمپ بە ئاشكرا باسی لەوە كردووە كە خۆی نابەستێتەوە بە سیاسەت و پەیوەندییە جێگیرەكانی ئەمریكاوە، وەكوو چۆن لە مانگی كانوونی یەكەمی 2016دا بینیمان ترەمپ گوتی ئەمریكا پابەند نییە بە سیاسەتی یەكپارچەیی چین (كاتێك لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆكی تایوان دوا)، بەڵام چەند مانگێك دواتر (واتە بە ماوەیەك بەر لە دیداری سەرۆككۆماری چین) سیاسەتەكەی گۆڕی. ئەگەرچی ئەم ئەگەرە (واتە پابەندنەبوون بە نۆرمە جێگیرەكانی سیاسەتی ئەمریكا) بۆ ئەوانەی سوود لە نۆرمە جێگیرەكان دەبینن مایەی نیگەرانییە، بەڵام كورد هیوایان هەیە بەوەی ترەمپ رێگە بۆ دانپێدانان بە دەوڵەتە نوێیەكان بكاتەوە.

جیا لەمە، ترەمپ كەسێكی لە دەرەوەی دامەزراوەی حكومەتی ئەمریكا بۆ سەركردایەتیكردنی وەزارەتی دەرەوە دەستنیشان كرد، مەبەست رێكس تیلەرسن، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای ئێكسۆن مۆبیلە. دەستنیشانكردنی تیلەرسن بۆ ئەو پۆستە قازانجی دانسقەی (بۆ كورد) هەیە. رەنگە تیلەرسن دیپلۆماتێكی بە ئەزموون نەبێ، بەڵام لای كوردەكان بە روخسارێكی خۆمانە لە قەڵەم دەدرێ، لەبەرئەوەی لە 2011ـەوە چاودێریی فراوانبوونی چالاكییەكانی ئیكسۆن مۆبیلی لە كوردستان كردووە. ئەزموونی تیلەرسن وەكوو پیاوی نەوت وای كردووە لە واشنتن تێكەڵەیەك لە نیگەرانی و ستایش بەرامبەر ئەزموونەكەی هەبێ، بەڵام لە هەرێمی كوردستانی دەوڵەمەند بە نەوت ئەو ئەزموونەی تیلەرسن لە بواری نەوتدا وەكوو قازانجێك بۆ خۆیان دەبینرێ. 

دووەم شت، لەوانەیە شارەزایانی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا دڵگران بن لەوەی ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی ژەنەراڵە خانەنشینەكان و ستافی سەربازیی مەیدانی لە دەوری خۆی كۆكردووەتەوە و ئەوەش كۆتایی بەو دابەشبوونە دەهێنێ كە (لە دامەزراوەكانی حكومەتی ئەمریكادا) لە نێوان بەشی مەدەنی و سەربازیدا هەیە، بەڵام كوردی عێراق ئەمە وەكوو دەرگایەكی نوێ دەبینن بۆ ئەوەی لێیەوە پەرە بە بەرژەوەندییەكانی خۆیان بدەن. ژەنەراڵ جەمیس مەتیس وەزیری بەرگریی ئەمریكایە، ئەدمیراڵ مایكڵ رۆجەرز، بەڕێوەبەری ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانییە، ژەنەراڵ جۆن كێڵی وەزیری ئاسایشی نیشتمانییە، ژەنەراڵ هێربەرت رایمۆند مەكمەستەر، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی سەرۆكی ئەمریكایە و مایك پۆمپیۆ (دەرچووی ئەكادیمیای سەربازیی ئەمریكا ناسراو بە وێست پۆینت) بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی  (CIA)یە و بەمەش بەرپرسان و شارەزایانی مەدەنی لە شێوەپێدانی سیاسەتی ئاسایشی ئەمریكادا دەكەونە دوای شارەزا و بەرپرسە سەربازییەكانەوە، ئەمەش بۆ كورد شتێكی باشە.

لەچاو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، پێنتاگۆن مامەڵەیەكی گەرموگوڕتری لەگەڵ كورد كردووە، هۆكاری ئەمەش ئەو هاوكارییە سەربازییە توندوتۆڵەیە كە تەمەنی بۆ چەند دەیەیەك پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و ئێستا بە تایبەتی بەهێز بووە. لە پاش رووخانی حكومەتی بەعسەوە لە 2003، وەزارەتی بەرگری و ئاژانسەكانی هەواڵگریی ئەمریكا هاوكاریی نزیكیان لەگەڵ كورد هەبووە، لەوانەش دەكرێ ئاماژە بە شەڕی دژی داعش لە هاوینی 2014 بكەین كە هەتا ئێستاش بەردەوامە. 

بەهۆی ئەم رابردوو و ئەزموونە سەربازییەوە، ستافی سەربازیی ئەمریكا و هێزی پێشمەرگە پەیمانی بەهێزی هاوسەنگەری و متمانەیان دروستكردووە. لە بازنەی نێوخۆیی ئیدارەی ترەمپدا ژمارەی ئەو ستافە سەربازییەی تێڕوانینێكی ئەرێنییان بەرامبەر بە كوردی عێراق هەیە زیاترە (لەوانەی تێڕوانینێكی جیاوازیان بەرامبەر بە كورد هەیە)، ئەمەش رەنگە وابكات ئەگەری بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی كورد لە واشنتن زیاتر بێ. بۆ نموونە هەم مەتیس و هەم مەكمەستەر ئەزموونی كاریگەریان لە رووداوەكانی عێراقدا هەبووە. بە گوێرەی راپۆرتێكی (تۆڕی میدیایی) رووداو، كاتێك مەتیس لە مانگی ئادار لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، مەتیس جەختی لە بەردەوامیی پشتگیری ئەمریكا (بۆ هەرێمی كوردستان) كردبووەوە، ئاماژەی بەوەش دابوو كە "ئاشنام بە دۆزی كورد، كوردستان و ئەمریكاش شانبەشانی یەكدی قوربانیی زۆریان داوە". كورد ئاواتەخوازە ئەم رێزە لە دەرەوەی بواری سەربازی خۆی لە هاوكاری سیاسی و ئابووریشدا ببینێتەوە.

دوایین خاڵیش كە دەبێ لەبەرچاو بگیرێ، ئەوەیە كورد بێئەزموونیی ترەمپ لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سیاسەتی دەرەوە بەگشتی لە بەرژەوەندیی خۆیان دەبینن. كەموكوڕیی زانیارییەكانی ترەمپ لەبارەی تەحەدا سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان لە عێراق و ناوچەكە بەگشتی بەو مانایەیە كە سەرۆكی ئەمریكا دەبێ بە خێرایی شارەزای كاروباری ناوچەكە ببێ، لەكاتێكدا دامەزراوەی سیاسەتی دەرەوە (واتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا) لاواز بووە و سەرۆكیش هەتا ئێستا سوورە لەسەر ئەوەی شارەزای كاروباری ناوچەكە ببێ، كوردی عێراق بەبێ بەربەست دەتوانن لە كۆشكی سپی لێكدانەوەی خۆیان و ئارگۆمێنت و هۆكاری خۆیان بۆ داواكردنی سەربەخۆیی بخەنەڕوو.

بەدەر لەمانە، ترەمپ گوێ بە پرۆتۆكۆڵە دیپلۆماتیكەكان نادات و ئەمەش دەشێ هەڵەیەكی بەسوودی (بۆ كورد) لێبكەوێتەوە. بۆ نموونە كاتێك ترەمپ كە هێشتا سەرۆكی هەڵبژێردراو بوو، وەڵامی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی دایەوە كە سەرۆكی تایوان بۆ پیرۆزبایی سەركەوتنی ترەمپ كردبووی، بەمەش سیاسەتێكی پێشێل كرد كە چەندین دەیە تەمەنی بوو (واتە سیاسەتی بڕوابوون بە یەكپارچەیی خاكی چین). بۆیە ئەستەم نییە وێنای ئەوەش بكەین كە ترەمپ بە ئاشكرا و سەربەخۆ پشتگیرییەكی ناڕوون، بەڵام زێدەڕۆیانە لە سەربەخۆیی كوردستان بكات، هەرچەندە ئەمە لادان لە سیاسەتی جێگیر و دامەزراوی ئەمریكاش بێ. ئەو جۆرە لێدوانە، هەرچەندە سەنگێكی یاسایی كەمیشیان هەبێ، دەكرێ چەكێكی باش بن بە دەست كوردەوە بۆئەوەی لە بەرامبەر بەغدا و لە نێوخۆی هەرێمی كوردستانی عێراقیش بەكاری بهێنن.

كاتێك هەموو ئەم فاكتەرانە پێكەوە لەبەرچاو دەگرین، دەبینین ئەمانە دەشێ كۆمەڵێك هۆكار لە قازانجی خولیای سەربەخۆیی كوردستانی عێراق بن. بەم حاڵەشەوە، هەتا ئێستا دەبێ ئەوەمان لەبەرچاو بێ كە هەموو ئەو فاكتەرانە ـ لانیكەم بۆ ئەم ساتەوەختەی ئێستا ـ تەنیا هیوان. سیاسەتێكی دەرەوەی نوێ و نەرمی ئەمریكا دەكرێ دەستكەوتی گەورەی بۆ كورد بەدواوەبێ، بەڵام هەولێر هەستی بەوە كردووە كە ئەم هیوایە دەكرێ پێچەوانە ببێتەوە ئەگەر گوتارە دژبەرەكان بتوانن گوێچكەی سەرۆكی ئەمریكا بئاخنن. نەرم و ناجێگیربوونی سیاسەتی ترەمپ بەو مانایەیە كە هەر ئەو هێزانەی دەرفەتی نوێ دەهێننە ئاراوە، دەتوانن لە هەلومەرجی دیاریكراودا ترەمپ بە ئاراستەیەكی پێچەوانە بجووڵێنن. كاتێك لەخۆیدا بیر لە پرسەكە دەكەینەوە، دەبینین رێگای كورد بەرەو دەوڵەت بێگومان رێگایەكی دوور و درێژ، فرەلایەن و مەترسیدار دەبێ. بەڵام ئێستا پەنجەرەیەكی هیوا بۆ كورد بە كراوەیی ماوەتەوە.

* مۆرگن ئێڵ. كەپلن، توێژەری پۆست دكتۆرایە لە پرۆگرامی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ناوەندی بێلفەر. بابەتی گشتیی لێكۆڵینەوەكانی كەپلن گرووپە چەكدارەكانە، بە تایبەتیش چۆنێتی سوودوەرگرتنی ئەم گرووپانە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی. شارەزایی تایبەتی ئەو توێژەرەش لە سیاسەتی كورد و فەلەستینە. ئەو توێژەرە چەند كارێكی مەیدانی لە هەرێمی كوردستان، ئیسرائیل، فەلەستین، ئوردن و بەریتانیا كردوون. بڕوانامەی ماستەری لە كاروباری نێودەوڵەتی لە زانكۆی جۆرج واشنتن وەرگرتووە و دواتر بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرای زانستە سیاسییەكانی لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستهێناوە.

کۆمێنتەکان

 
ره شید | 20/4/2017
لیکدانه وه یه کی پوخت و هه مه لایه نه بین " جامع و مانع " بوو ده ستتان خوش و راوه ستاو بن .
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Farhad Karim Abas | 25/05/2017 08:31:42 ص
یەکەمی بێ رکابەرە
رووداو دەچێتە شوێنی دەرکەوتنی رۆناڵدۆ نازاریۆ دالیما
| 24/5/2017 | (1)
Rudawi | 25/05/2017 06:34:20 ص
Tkaya am hawala la bash englisi Rudawa blaw bkanawa. Sipas
وردەکاری کوژرانی 23 کەسی خێزانێکی کورد بە دەستی داعش
| دوێنێ کاژێر 03:32 | (1)
که ریم | 24/05/2017 09:49:29 م
1. پیش هه مو شتیک هاوراتم که ئه مریکا یان هه ر ولاتیکی دیکه راسته وخو رولیان هه بوبی.به لام شتیکی دیکه ش هه یه ؛ ئه مریکا دوای روخانی به عس ، رولیکی...
Azad Azad | 24/05/2017 10:37:28 م
واقعی ئه‌مرۆ و مێژووی ١٩١٦زۆر زۆر جیاوازه‌ له‌ دارشتن و پیلان و سیاسه‌ت و ململانه‌ی زل هێزه‌كانی جهان.....!!! كاك مه‌جید هیچ پیلانێگیش نه‌بۆ بۆ...
قەیرانی سووریا و چارەنووسی هەرێمی كوردستان
| 24/5/2017 | (4)
کرێکار | 24/05/2017 08:26:49 م
زۆر کەمن ئەو کەسانەی بەڕاستی دەستی نوسینیان هەیە،ئەم بەڕێزە یەکێکە لەو کەسانەی کەبەڕاستی ئەم وتارەی خوان نوسیوە نەک لەبەر ئەوەی وتارەکەی لەسەر...
چی لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا نامرێ؟
| 22/5/2017 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

ئاسایشی خورماتوو بەهەڵە تەقە لە 16 کەس دەکات 1 کاژێر لەمەوبەر |

ئاسایشی خورماتوو بەهەڵە تەقە لە 16 کەس دەکات

ئافرەتێک بریندار دەبێت زۆرتر
بارزانی هیوادەخوازاێت رەمەزان ببێتە کۆتاییهاتنی تیرۆر و تووندڕۆیی 1 کاژێر لەمەوبەر |

بارزانی هیوادەخوازاێت رەمەزان ببێتە کۆتاییهاتنی تیرۆر و تووندڕۆیی

پیرۆزبایی له‌ موسڵمانانی كوردستان و جیهان ده‌كات زۆرتر
لە کوردستان خێزانێکی 5 کەسی چەند پارەی بۆ رەمەزان پێویستە؟ 2 کاژێر لەمەو بەر |

لە کوردستان خێزانێکی 5 کەسی چەند پارەی بۆ رەمەزان پێویستە؟

لەسەر نرخ هۆشداری تووند دەدرێتە دوکانداران زۆرتر
0.422 seconds