رووداو - هەولێر
رۆژی شەممە لە سلێمانی و رۆژی یەکشەممە لە هەولێر پرسە بۆ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دادەنرێت.
کاژێر 8:00ـی سەر لەبەیانی رۆژی هەینی 19-5-2017، نەوشیروان مستەفا لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. رۆژی شەممەش لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی لە گردی زەرگەتە دەنێژرێت.
شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان بە میدیاکانی حیزبەکەی راگەیاندووە، رۆژی شەممە پرسەکەی لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی دەبێت و، رۆژی یەکشەممەش دوەم رۆژی پرسەکەی لە مزگەوتی سەوافی شاری هەولێر دەبێت.
لە شاری سلێمانی پرسەی پیاوان لە مزگەوتی حاجی عەلی دەبێت و، پرسەی ژنانیش لە هۆڵی ئەجێ خان لەبەرامبەر گردی زەرگەتە دەبێت.
ژیاننامەی نەوشیروان مستەفا
- دامەزرێنەر و رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بوو.
- ساڵی 1944 لە گەڕەکی سەرشەقام (بەرخانەقا)ی شاری سلێمانی لە دایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە سلێمانی تەواو کردووە.
- ساڵی 1967 کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی بەغدا تەواو کردووە.
- لە سەرەتای حەفتاکان چووەتە نەمسا و ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی لە نەمسا خوێندووە.
- سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردوو دەستی بە کار و چالاکی سیاسی کردووە و یەکەم وێستگەی ژیانی سیاسی لە یەکێتیی قوتابیانی کوردستان بووە، ساڵانی 1963 و 1964 بووەتە ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیان.
- ساڵی 1967 بووەتە ئەندامی لقی سلێمانی- پارتی دیموکراتی کوردستان باڵی مەکتەبی سیاسی.
- ساڵی 1969 خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری رزگاری بووە.
- یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
- دامەزرێنەر و سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەران بووە.
- دروستکەری باڵی ریفۆرم بوو لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
- تا ساڵی 2006 جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
- ساڵی 2006 لەنێو یەکێتی وازی لە کاری حیزبی ھێنا.
- دواتر کۆمپانیای وشەی دامەزراند.
- لە ساڵی 2009 بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لیستی گۆڕانی پێکهێنا.
- چەندین کتێبی لە بواری سیاسیی و مێژوویی و ئەدەبی هەیە.
- لە ساڵی 1981 ژیانی هاوژینی پێکهێناوە.
- باوکی دوو کوڕ و کچێکە بە ناوەکانی نما، چیا، چرا.
- ماوەی 8 مانگ بوو لە بەریتانیا چارەسەری وەردەگرت، بەڵام رۆژی 13-5-2017 گەڕایەوە کوردستان.