رووداو - هەولێر
لە 38مین ساڵیادی 28 ی گەلاوێژدا، لە هۆڵی پێشەوای شاری هەولێر وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم فێستیڤاڵی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەشداری سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵات بە ناونیشانی (28ی گەلاوێژ، رۆژی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان) سازکرد.

سیداد لەشکری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: لە فێستیڤاڵەکدا 5 حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان و سەرجەم حیزبەکانی باشووری کوردستان بەشدار بوون، سکرتێری حیزبەکانی رۆژهەڵات گوتاریان پێشکەشکرد و لە گوتارەکانیاندا دووپاتیان کردەوە، ئەو گشتپرسییەی لە باشووری کوردستان دەکرێت هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن یەکدەستبن بۆ دەستهێنانی مافەکانیان.

لەبارەی هۆکارەکانی دوورەپەرێزی رەوەندی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە روودوای راگەیاند: "ئەگەر بەو جۆرە لێکی بدەینەوە، کە بەڕاستی دوورەپەرێزی و نایەکڕیزی هەیە لەو ئاستەدا کە دەبوایە ببێت، بەڵێ راستە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ ساڵانی پێشتر بەراوردی بکەین ئەو نایەکڕیزی و ناتەباییە زۆر زیاتر بوو، ئێستا بەخۆشحاڵییەوە رەوتێکی دیکەی گرتووەتەبەر و بەرەو ئەوە دەڕوات رەوەندی کوردی یەک گوتاری هەبێت".

حەسەن شەرەفی پێیوایە یەکڕیزی و تەبایی نێو رەوەندی کوردی گرێدراوی ئەو یەکڕیزی و تەباییەی نێوان پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێت: "یەکڕیزی و تەبایی رەوەندی کوردی گرێدراوی سیاسەت و هەڵوێستی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، چەندە ئەوان تەبابن کە لەو چەند ساڵەدا بەرەو تەبایی دەچن، چەندە یەکڕیز و یەکدەنگبن ئەوەندەش رەوەندی کوردی بە پەیڕەوکردنی یەکڕیزی و یەکدەنگی و تەبایی دەتوانن زیاتر لە ئێستا یەکدەنگبن".
.jpg)
لە 28ی گەلاوێژی 1979دا دوای شۆڕشی گەلانی ئێران، ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران فەرمانی جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و شار و گوندەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتنە بەر هێرشی فڕۆکە و تۆپبخانەکان.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ