دڵشاد شەهاب: ئەوانەی لە هەڵبژاردن دەترسن پشێوی دەنێنەوە

19-12-2017
گۆڤەند مستەفا
دڵشاد شەهاب لە (رووداوی ئەمڕۆ) کە هیوا جەمال پێشکەشی دەکات
دڵشاد شەهاب لە (رووداوی ئەمڕۆ) کە هیوا جەمال پێشکەشی دەکات
نیشانەکردن خۆپیشاندان
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دەڵێت، پێویستە خەڵک وریا بێت و کوڕی خۆی بۆ "مەرامی سیاسی" هەندێک خەڵکی "نابەرپرسیار" لەو وڵاتەدا بە کوشتن نەدەن. دەشڵێت حکومەتی کوردستان هەموو توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا.

لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی خۆپیشاندان و پشێوییەکانی کوردستان، دڵشاد شەهاب، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "ئەوانەی ئەمڕۆ یاری بە سۆزی خەڵک دەکەن، هیچ هاودەنگییەکیان لەگەڵ داواکاری خەڵک نییە، بە بڕوای من ئەمە ئەوپەڕی بێویژدانییە خەڵکێک هەوڵبدات لەسەر حیسابی ئەو کەسانەی خوێنیان بە ناحەق رژاوە، دەستکەوتی سیاسی بەدەستبهێنن".

دڵشاد شەهاب ئاماژە بەوە دەکات، هەر پێنج پارتە سەرەکییەکە کە لە دەسەڵاتن و بەشداری پێکهاتەی ئەم حکومەتەن، هەموویان بەرپرسیارن. بەڵام بەگوتەی ئەو "جیاوازی ئێمە (پارتی) لەگەڵ حیزبەکانی دیکە ئەوەیە، کە ئێمە پێمانوایە بەرپرسین لە ژیانی خەڵک و دابینکردنی ئەمن و ئاسایش و پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ژیانی فەرمانبەران و هاووڵاتییان، بەڵام خەڵکانێک کە بە فیعلی بەرپرسیارن و بەشدارن لە دەسەڵات، لەبەر هەر هۆکارێک لە هۆکارەکان خۆیان بە بەرپرسیار نازانن".

دڵشاد شەهاب، کە هاوکات راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی کوردستانە، دەڵێت حکومەتی کوردستان هەموو توانایەکی خۆی دەخاتەگەڕ و لە تواناکانی خۆشی نەوەستاوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا بەسەر هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "سەرەڕای هەموو ئەو پیلانە دووژمنکاریانە و ئەو دەستە ناحەزانەی کە دەیانەوێت ئەو ئارامییە لە خەڵکی کوردستان تێکبدەن".

بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا هەرێمی کوردستان، بە بڕوای دڵشاد شەهاب، ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستە و دەڵێت: "پاش ئەوەی حکومەت ئامادەیی خۆی بۆ هەڵبژاردن پیشاندا و داوای لە پەرلەمانی کوردستان کرد، دامودەزگا پەیوەندیدارەکان هاتنە سەرخەت، ئەوانەی لە هەڵبژاردن دەترسێن ئەم پشێویەیان دروستکرد. هەموو ئەوانەی کە راگەیێندراوی ناحەق و نادروست هانی خەڵکی بۆ تووندوتیژی دەدەن، ئەوانەش رەنگە هەندێکیان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشداربن لە حکومەت و هەندێکیشیان ئەوانەن کە هیچ پێناسەیەکی یاساییان لەم وڵاتەدا نییە".

سەبارەت بە داواکارییەکانی خەڵک و هەنگاوەکانی حکومەت بۆ داخوازیییەکانی خەڵک، راوێژکارە باڵاکەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتی: "ئەگەر بابەتەکە بابەتی مووچەیە، ئەوا حکومەت داهاتەکانی خۆی لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان راگەیاندووە، خەریکی رێکخستنەوەی خشتەیەکە، ئێستا خەریکی دابەشکردنی مووچەیەکن، لەدوای سەری ساڵەوە بە گونجاندنی ئەو داهاتانەی کە لەبەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە مووچەکان بە رێکی بەپێی توانا لەسەر ئەو سیستەمەی کە هەیە، بەداخەوە مەجبووربووین هەر لەسەری بڕۆین، بەردەوام دەبین".

دڵشاد شەهاب گوتیشی "حکومەت نە لە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا وەستاوە، نە لە هەوڵەکانی لەگەڵ دونیا وەستاوە. ئێمە لە قەیرانێکی قورس دەرچووین، خەریکە دەرگای دونیا بەڕووی ئێمەدا دەکرێتەوە، ئێستاش لە دونیادا پشتگیری گەلی کوردستان دەکرێت، با ئەو ئومێدانە لەلای خەڵکی نەکوژین، ئەوانەی دەیانەوێت لە پەنا ئەو نەهامەتییانەی خەڵکەوە سوودی سیاسی بەدەستبهێنن ویژدانیان بجووڵێت چیدیکە یاری بە هەست و سۆزی خەڵکی نەکەن و خوێنیان نەڕێژن، بۆ ئەوەی خەڵک سەرباری نەبوونییەکەی لە ماڵەکەی خۆی بە ئارامی بخەوێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە