رووداو - هەولێر
ئەو پۆلیسەی هەفتەی رابردوو بە كوشتنی سەگێك لە كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەلاحەددین، هەرایەكی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا نایەوە، دەڵێت بێجگە لەو سەگە، سێ سەگی دیكەی لەو كۆلێژە كوشتووە و هێشتا سەگی دیكەش ماوە بیانكوژێ.
رۆژی 16/2/2017 وێنەی كوژراوی سەگێك لە گەراجی ئۆتۆمبێلەكانی كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەلاحەددین، تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی و راگرایەتیی ئەو كۆلێژە بە كوشتنی ئەو سەگە تۆمەتباركرا. بەڵام راگرایەتی ئەو كۆلیژە و سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەددین تۆمەتەکە رەتدەكەنەوە. د.ئەحمەد دزەیی، سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین، بە (رووداو)ی راگەیاند "كۆمەڵێك سەگی بێ خاوەن، بەڕەڵڵا و هار لەنێو ئەو كۆلێژەدا هەبوون، مەترسیی لەسەر قوتابیان و مامۆستایانی ئەو كۆلێژە دروستكردبوو، لەڕێگەی كۆلێژەوە پەیوەندی بە شارەوانیی پێنجی هەولێرەوە كرا، بۆ دوورخستنەوەی ئەو سەگانە. ئەوان خۆیان ئەو كارەیان كردووە و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوە نەبووین ئەو سەگە بەو جۆرە بكوژرێ".
هەروەها د.ئیبراهیم حەمەڕەش، راگری كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدینش دەڵێت "بەهیچ شێوەیەك ئێمە ئەو سەگەمان نەكوشتووە، بەڵام زیاتر لە 30 سەگی بەڕەڵڵا لەنێو ئەو زانكۆیە هەبووە و دەهاتنە نێو بەشەكان، بۆیە ترسی لە دڵی قوتابی و مامۆستایان دروستكردبوو، تەنانەت یەكێك لە قوتابییەكانم بەهۆی ئەو سەگانەوە ترسابوو و لەهۆش خۆی چوبوو. ئێمەش لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگاداركردووەتەوە، ئەوانیش سەگەكەیان كوشتووە".
فەخرەدین عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كارگێڕی خۆیەتی لە كۆلێژی ئەندازیاری، كە خۆی پەیوەندیی بەو كەسەوە كردووە كە سەگەكەی كوشتووە، بە (رووداو)ی گوت "كوشتنی ئەو سەگانە بە بڕیاری پارێزگار و وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی شارەوانی بووە". فەخرەدین گوتیشی "ئەو كەسەی سەگەكەی كوشت، لە زانكۆ و كۆلیژەكانی دیكەش سەگی كوشتووە. خۆی بۆی باسكردم تەنیا لە دەوروبەری كۆلێژەكانی زانكۆی سەلاحەددین 48 سەگی كوشتووە".
هەروەها بەشدار رەزا، بەڕێوەبەری شارەوانیی پێنجی هەولێر، لەبارەی كوشتنی ئەو سەگە بە (رووداو) ی گوت "دوور و نزیك پەیوەندیمان بەو كارەوە نییە، ئەوان پەیوەندییان بە ئێمەوە كرد بۆئەوەی بچین سەگەكە فڕێبدەین".
بەشدار رەزا زانیاریی لەبارەی سەگكوژەكەوە هەیە و دەڵێت "ئەو كەسە پۆلیسی قایمقامی ناوەندی هەولێرە، پێشتریش چەندینجار سەگی دیكەی كوشتووە".
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە وەكالەت رەتیكردەوە كوشتنی سەگەكە پەیوەندیی بە شارەوانی و قائیمقامەوە هەبێت و گوتی "ئەوەی ئەو سەگەی كۆلێژی ئەندازیاریی كوشتووە، كارمەندی ئێمە نییە، ئەو بەوشێوەیە سەگ لەناو نابات، بەڵكو سەگەكان دووردەخاتەوە".
قائیمقامی ناوەندیی هەولێر بەوەكالەت دەشڵێت "ئێمە تیمێكمان هەیە دەچێت سەگەكان دەگرێت، ئەگەر زۆریش ئازاری خەڵك بدات دەیانكوژن، هەرچەندە ماوەیەك بوو لەڕێگەی دەرمانەوە، كە دەرخواردی سەگەكان دەدرا و پاشان خۆیان دەمردن، بەڵام ئێستا سەگەكان بە تاپڕ دەكوژرێن".
ئەو كەسەی سەگەكەی كوشتووە ناوی (محەممەد)ە و كارمەندی پۆلیسی شارەوانییە، زیاتر لە 12 ساڵە پیشەی سەگكوشتنە. ئەو بە نووسراوی فەرمی ئەو سەگانە دەكوژێ. قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە وەكالەت دەڵێت "ئەگەر محەممەد ئەو كارەی كردبێ و بەبێ پرسی ئێمە چووبێ، سزای دەدەین".
سەكگوژەكە چی دەڵێت؟
محەممەد عەلی حەمەد، كە بكوژی سەگەكەی كۆلێژی ئەندازیارییە، خۆی بە پۆلیسی قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر بە (رووداو) ناساند و گوتی "من لەسەر فەرمانی پارێزگار ئەو كارانە دەكەم. هەویەم هەیە و بە ئەمری كاك نەبەز بۆم دروستكراوە. بە هیچ شێوەیەك بەبێ پرسی ئەوان دەرناچم. هەركاتێك پێم بڵێن سەگێك لەو شوێنەیە، خۆم دەچم بۆ ئەو شوێنە و كاری خۆم دەكەم".
سەبارەت بە كوشتنی سەگەكەی كۆلێژی ئەندازیاری، محەممەد گوتی "كاك فەخرەدین لە كۆلێژی ئەندازیاری، پەیوەندی پێوەكردم و پێیگوتم سەگێك هەیە قوتابیانی كۆلێژەكەمانی هەراسانكردووە.
رۆژی پێنجشەممە بوو، بەیتەرییەی هەولێر منی راسپارد. چونكە ئەوان بە من دەڵێن كە چ جۆرە سەگێك دەكوژم و چ جۆرە سەگێك ناكوژم. دواتر چوومە نێو كۆلێژ و سەگەكەم بە یەك گوللەی تاپڕ كوشت". محەممەد ئاشكراشیكرد کە جگە لەو سەگەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەكەی بڵاوكراوەتەوە، سێ سەگی دیكەشی لەو كۆلێژە كوشتووە. گوتیشی "سێ سەگی دیكەش ماون بیانكوژم، بەڵام جارێ مەجالم نییە".
بە گوللەیەك سێ سەگ دەکوژێ
محەممەد عەلی حەمەد، كە لەلایەن پۆلیسی شارەوانی و قائیمقامیەتی ناوەندیی هەولێر سەرپشككراوە بۆ كوشتنی سەگی بەرەڵڵا، دەڵێت بۆ كوشتنی سەگەكان چەكی تاپڕ بەكاردەهێنێ. محەممەد بە (رووداو)ی گوت "گوللەی تاپڕەكەی من 9 ساچمەی تێدایە، جاری وا هەیە بە یەك گوللەی تاپڕ سێ سەگ دەكوژم". گوتیشی "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا تەنیا لە سنووری شاری هەولێر 200 سەگم كوشتووە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ