رووداو - سلێمانی
نووسینگەی رۆژنامەڤانی جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتی روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانەکانی د. بەختیار ئەمین بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەبێ هۆ دەستی داوەتە هەڵمەتی "تەشهیر و بوختانکردن".
شەو شەممەی رابردوو پزیشکێک لە سلێمانی بە ناوی "د. بەختیار ئەمین" قسەی بۆ میدیاکان کرد و رایگەیاند، لە شەقامی سالم چەند کەسێک هێرشیان کردووەتەسەری و گوتیشی "گوتوویانە سەر بە کۆسرەت رەسولن".
نووسینگەی رۆژنامەڤانی جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتی رووداوەکە بە "دەمەقاڵێیەكی بەڕێز دكتۆر بەختیار ئەمین و چەند هەڤاڵێكی پێشمەرگەی یەكێتی لەسەر جادە" ناودەبات. دەشڵێت "ئەم بابەتە هەتا ئێرە بابەتێكی ئاسایی و سادەیە، دەكرێت یاسا رۆڵی خۆی لە چارەسەركردنیدا بگێڕێت و سەرپێچكار سزای خۆی وەربگرێت".
نووسینگەی رۆژنامەڤانی جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتی دەڵێت "ئەوەی جێگەی سەرنجە بەڕێز دكتۆر بەختیار بەبێ هۆ دەستی داوەتە هەڵمەتێكی تەشهیر و بوختانكردن لەسەر بەڕێز كۆسرەت رەسول و كوڕەكانی، لەكاتێكدا بەڕێزیان دوور و نزیك هیچ پەیوەندیان نە بە بابەتەكە و نە بەلایەنی شەڕەكەوە نییە".
نووسینگەی رۆژنامەڤانی کۆسرەت رەسول دەشڵێت "تەنها ئەوە نەبێت كە بەڕێزیان وەك جێگری سكرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی یەکێتییە، كە ناكرێت لە هەر جێیەكی ئەم كوردستانە بەرینە پێشمەرگەیەك لە دەرەوەی ئەركی فەرمی خۆی تووشی دەمەقاڵی و كێشەی لابەلا ببێت، بەڕێز جێگری سكرتێری گشتی لێی بەرپرسیار بێت".
لە بەرامبەر ناوهێنانی کۆسرەت رەسول لە لێدوانەکانیدا، نووسینگەکەی رایگەیاندووە "هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرینەبەر بۆ خستنەڕووی راستییەكان بۆ رای گشتی و، كۆتاییهێنان بەو هەڵمەتە چەواشەكارییانە. هەروەها داوای یاسایی لەسەر لایەنی بەرامبەر تۆماردەكەین، بۆ لێپێچینەوە و گرتنەبەری ئیجرائاتی یاسایی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر".
لەبارەی ئەو روونکردنەوەیەی نووسینگەی رۆژنامەڤانی جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی، د. بەختیار ئەمین بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەو کەسانەی کە رێگەیان لێگرتم گوتیان ئێمە سەر بە کۆسرەت رەسولین".
د. بەختیار ئەمین گوتیشی "سکاڵام لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکردووە کە رێگەیان لێگرتووم. چاوەڕوانم دۆسییەکەم لە دادگا یەکلابێتەوە".
د. بەختیار ئەمین بارام کە پسپۆڕی نەشتەرگەری ئێسک و شکانە، دوای رووداوەکەی شەوی رابردوو بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو.
سەرەتای مانگی 12ی ساڵی رابردوو لە شەقامی ئۆرزدی سلێمانی پزیشکێکی نەشتەرگەری گشتی لە نۆرینگەکەی خۆی بە دەمانچە تەقەی لێکرا و بەسەختی بریندارکرا. دواتر تۆمەتبارەکە دەستگیرکرا و دەرکەوت نەخۆشی پزیشکەکە بووە و پێشتر نەشتەرگەری بۆ کردووە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود