رووداو- هەولێر
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی بە لایەنی بەرامبەری راگەیاندووە، بابەتی گشتپرسی و کاراکردنەوەی پەرلەمان دووشتی جیاوازن و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بە ئێمەیان گووت ، پرسی ریفراندۆم و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەیەکەوە نابەستنەوە و ئەمە دووشتی جیاوازن و پەیوەندییان بە یەکەوە نییە".
گوتەبێژی پارتی هەروەها گوتی: "بەمزووانە کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت بۆ دروستکردنی کۆمیتەی ریفراندۆم، ئامادەیی و توانای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وا دەکات بڕیار لەبارەی رۆژی گشتپرسییەوە بدرێت".
رۆژی یەکشەممە 23-4-2017 هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەش بابەتی گشتپرسی بوو.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "لە درێژەی ئەو کۆبوونەوە دوو قۆڵیانەی کە پارتی و یەکێتی لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە پێشتر دیاریمانکردبوو بۆ مەسەلەی ریفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەمجارەش جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە کارەکان چڕتر بکرێتەوە بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە".
مەحموود محەممەد، گوتی: "بابەتی دیاریکردنی نوێنەریی لایەنە سیاسییەکان لە لیژنەی تایبەت بە ریفراندۆم، لە کۆبوونەوەی ئەمجارە تاووتوێکران ، لە ئەنجامدا بڕیاری ئەوە درا بە زووترین کات ئەو لیژنەیە پێکبهێندرێت و وادەی ریفراندۆمەکە دیاری بکات".
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: "بڕیار لەوەشدرا هەوڵبدرێت بە هەموو لایەکمان بە تایبەت پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان بە شێوازێک کە لە خزمەتی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستاندا بێت، بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانیش ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتاوە گوتوومانە کە دەبێت پەرلەمان کارا بکەینەوە، بەڵام لەوانەیە لایەنێک هەبێت بە مەرجێکەوە نووسابێت و نەیەوێت ئەو کارە ئەنجام بدرێت و پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئێمە لەگەڵ کاراکردنەوەین یەکێتیش لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانە، بەڵام میکانیزم و چۆنیەتی کاراکردنەوەکەی و ئەو ئۆپشنانەی هەیە لە لیژنەیەکی تایبەت لە نێوان یەکێتی و پارتی دیراسەت دەکرێت".
سەبارەت بە بۆچوونی یەکێتی لەسەر بە یەکەوە گرێدانی بابەتی کاراکردنەوەی پەرلەمان و ئەنجامدانی ریفراندۆم، مەحموود محەممەد، دەڵێت: "یەکێتی ئەمڕۆ بە ئێمەیان گوت ئەو دوو بابەتە هیچ گرێدراوێ یەک نین" و دەشڵێت: "هەردوو بابەتەکە دوو شتی پێویستن، بەڵام دوو شتی لەیەک جیاوازن و دەبێت کاریان بۆ بکرێت".
رۆژی شەممە 22-4-2017 سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لەدوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: " ههردوولا كۆكن لهسهرئهوهی، ریفراندۆم و سەربەخۆیی بابهتێكی نیشتمانیه و لهبهر رۆشنایی بهرژهوهندییه باڵاكانی گهلی كوردستان لهپهرلهمانی كوردستان یهكلایی دهكرێتهوه".
شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی بارزانی پێکهاتبوون لە فازڵ میرانی ، رۆژ نووری شاوەیس ، هۆشیار زێباری ، مەحموود محەممەد ، مەسروور بارزانی و ئازاد بەرواری.
شاندەکەی یەکێتی بە سەرۆکایەتی کۆسرەت رەسوڵ پێکهاتبوون لە مەلا بەختیار ، حاکم قادر ، عومەر فەتاح ، ئاسۆ مامەند و رزگار عەلی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ