رووداو - هەولێر شەوی رابردوو ئاگر لەنێو گەنم و جۆی جووتیارانی کوردی سنووری داقووق کەوتەوە، بەو هۆیەوە چەندین دۆنم گەنم و جۆ سووتان، لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەشدا دوو برا برینداربوون. بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی داقووق بۆ رووداو، ئاگرەکە لە گوندەکانی عەلی سەرای و تۆپزاوای کاکەیی کەوتووەتەوە و دوای چەند کاژێرێک بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە بە هاوکاری هاونیشتمانییان ئاگرەکەیان کۆنترۆڵکردووە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا دوو برا بە ناوەکانی "رەنج و فارس تەیموور عەبدوڵڵا" برینداربوون. هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، ئەو دوو برا بەهۆی بۆمبی چێندراوی داعشەوە برینداربوون.