رووداو- ھەولێر
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ھێزێکی ئەمریکی بۆ پاراستنی کەرکووک گەیشتنە سنوورەکە.
محەمەد عوسمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمشەو سێشەممە28ی نۆڤەمبەر ھێزێکی زۆری ئەمەریکییەکان لە کەرکووک جێگیربوون، زیاتر لە 40 ھەمەری ئەمریکی گەیشتوونەتە شارەکە و رەوانەکردنی ھێزی ھاوپەیمانان لە زەمین و ئاسمانەوە بۆ سنووری پارێزگاکە بەردەوامە."
محەمەد عوسمان گوتی"زیاتر لە 9 ھەزار ئەمریکی لە عێراق ھەن و بەگوێرەی پێویست ھێزیان لە شوێنی جیاواز کۆکردووەتەوە و رەوانەی کەرکووکیان کردووە."
لەبارەی ئامانجی جێگیرکردنی ھێزی ئەمریکی لە کەرکووک، پەرلەمانتارە کەرکووکییەکە گوتی"بۆ پاراستنی ئەمنیەتی کەرکووک لە ھەموو روویەکەوە هێزی ئەمریکی لە کەرکووک جێگیرکراوە".
لە 16-10-2017 حەشدی شەعبی و سوپا عێراق بەرەو کەرکووک پێشڕەوییان کرد و دوای ئەوەی بەشێکی زۆری پێشمەرگە لەو سنوورە پاشەکشەیان کرد، کەرکووک و خورماتوو و خانەقین کەوتنە دەست حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، لە رۆژانی دواتر پێشمەرگە لە شنگال و چەند ناوچەیەکی دیکەش کشانەوە.
لەدوای دەستبەسەرداگرتنی کەرکووک لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، هاونیشتمانییەکی زۆری کورد لەو شارە هاتنە دەرەوە و تاوەکو ئێستایش بە هەزاران خێزانی کەرکووکی و هاونیشتمانیانی خورماتوو لە هەولێر و سلێمانی نیشتەجێن و دەڵێن ، بەهۆی پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان.



