رووداو - هەولێر
کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەت، بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند: "بڕیاربوو ئەمڕۆ سێشەممە (29-1-2019) لە هەولێر لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکومەت لەسەر ئاستی باڵا لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە لەسەر داوای یەکێتی بۆ کاتێکی نادیار دواخرا".
پەیامنێری رووداو دەڵێت، تاوەکو ئێستا دیارنییە کەی کۆبوونەوەکەی داهاتووی نێوانیان ئەنجام دەدرێت.
بڕیاربوو لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەی سێقۆڵی بۆ چۆنییەتی دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان پارتی، یەکێتی و گۆڕان بەڕێوەبچێت. بەڵام ئەندامێكی مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت، یەکێتی تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەی سێقۆڵی پارتی، گۆڕان و یەکێتی بۆ نووسینەوەی کارنامەی حکومەت پەسند نەکردووە.
دکتۆر رۆژ نووری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەی سێقۆڵی پێشنیازی پارتی بووە، گۆڕان رازی بووە بەو پێشنیازە، بەڵام هێشتا یەکێتی رازیی نەبووە بە کۆبوونەوەی سێقۆڵی".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دەشڵێت: "رێککەوتنی نوێی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ پێکهێنانی حکومەت و کارنامەی چوار ساڵی حکومەت و ئەولەویەتەکانی حکومەتی نوێیە".
پارتی چەند گەڕێکی دانوستاندنی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان ئەنجامداوە، لەگەڵ گۆڕان نزیکتر دەردەکەوێ، بەڵام لەگەڵ یەکێتی هێشتا لە یەکدی دوورن. پارتی داوای لە یەکێتی کردووە پەلە بکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن


