رووداو - هەولێر
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاندووە "بەردەوام بوونم لەم پۆستە رەتدەکەمەوە و نابێت یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەمواربکرێتەوە یان تەمەنی سەرۆکایەتی ھەرێم درێژبکرێتەوە".
بارزانی دەشڵێت "پێویستە بەزووترین کات کۆببنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسای لەئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دروست نەبێت و ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت".
دەقی نامەکە:
بەڕێز سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
سڵاوێکی گەرم
بەپێی فەرمانی ھەرێمی (128) لە 12-7-2017 داوامان کردووە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێم لە رۆژی (1-11-2017) ئەنجام بدرێت، بەڵام لەبەر ھۆکاری سیاسی و ئەمنی و تەکنیکی و نەبوونی کاندید، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی ئامادەکارییەکان بۆ ھەردوو ھەڵبژاردن ھەڵپەسێردرا
لە (24-10-2017) پەرلەمانی کوردستان تەمەنی حکومەتی ھەرێم و پەرلەمانی بۆ ماوەی دوو خولی یاسادانان درێژکراوەتەوە.
سەبارەت بەپۆستی سەرۆکایەتی ھەرێم لەدوای 1-11-2017 بەردەوام بوونم لەم پۆستە رەتدەکەمەوە و نابێت یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ھەمواربکرێتەوە یان تەمەنی سەرۆکایەتی ھەرێم درێژبکرێتەوە، بۆیە پێویستە بەزووترین کات کۆببنەوە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسای لەئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی ھەرێم دروست نەبێت و ئەم بابەتە چارەسەر بکرێت.
منیش وەکو مەسعود بارزانی پێشمەرگە، لەناو جەماوەری گەلەکەمان و پێشمەرگە ئازیزەکان لەخەبات و تێکۆشان بۆ بەدیھێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان و پارێزگاریکردن لەدەستکەوتەکانی میللەتەکەمان بەردەوام دەبم.
مەسعود بارزانی
28-10-2017
داڕشتنەوە: حەکیم داود


