وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

بارزانی: وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێیگوتین دژی گشتپرسی نین

لەلایەن رووداو 30/8/2017
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان

رووداو - هەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ، وەزیری بەرگریی ئەمریکا پێیگوتوون لە داخوازی و گەلی کوردستان و ئامانجەکانی تێدەگەن، دژی گشتپرسیش نین، بەڵام ئەو پرسە فۆکس لەسەر شەڕی داعش کەمدەکاتەوە، بۆیە داوادەکەن بەو بڕیارەدا بچنەوە.  لەوەڵامدا بارزانی بە ماتیسی گوتووە هەموو هەوڵێک لەگەڵ بەغدا شکستیهێناوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەڕقولئەوسەت، سەبارەت بە چەند بابەتێکی هەستیار لەبارەی ئاییندی کورد و عێراق و ناوچەکە وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری داوەتەوە.  

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ ئەوانەی فەرمانڕەوایی بەغدا دەکەن گرێیەکی دەروونییان تێدایە، ئەویش داننەنانە بە لایەنی بەرامبەر، بەڵام بارزانی خۆی بەدوور گرتووە لە رەخنەگرتن لە حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق و باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو کردووە لە چارەسەرەکان.

لە قسەکانی بارزانیدا دەردەکەوێت، سەردەمی دەسەڵاتی نووری مالیکی، ئارەزووی دانیشووانی هەرێمی کوردستانی زیاتر کردووە بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی. بارزانی، مالیکی بە ئەنجامدانی تاوانێك تۆمەتبار کرد، کە زیاترە لەوەی سەدام حسێن لە ئەنفالدا ئەنجامیداوە و، بووتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 180 هەزار کورد.

بارزانی پێیوایە، عێراقییە عەرەبە سوننەکان هەڵەیان کردووە لە بەڕێوەبردنی کاروباریان، هەروەها لە یەکنەبوونی هەڵوێست و دەنگیان، بەهۆیەوە لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە، عەرەبە سوننەکان بە زۆرترین زیان هاتنەدەرەوە، شارەکانیان ئێستا وێرانە و بەشێکی زۆریان ئاوارەن. بارزانی دەڵێت "لەدوای هەرەسهێنانی رژێمی سەدام حسێن پێشنیازی بۆ عەرەبە سوننەکان کردووە بە دامەزراندنی هەرێمێکی سوننە، ئەو کاتە شیعەکانیش رازیبوون لەسەر پێشنیازەکە، بەڵام هەندێ موزایەدەی سیاسی و خواست بۆ گەڕانەوە بۆ رابردوو و نەبوونی یەکهەڵوێستی، عەرەبە سوننەکانی لە بەرگریکردن لە مافەکانیان دوورخستەوە.

بارزانی هەروەها دەڵێ کورد لەدوای هەرەسهێنانی سەدام، هاوبەشیکردنیان لە دەوڵەتێکی مەدەنی هەڵبژارد، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت عێراق بەرەو دەوڵەتێکی تایفی ئایینی دەڕوات.

دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ بارزانی:

پرسیار: ئایا ئێمە ئێستا چووینەتە نێو قۆناخی رۆژ و هەفتە مێژووییەکانەوە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان؟

بارزانی: بێگومان، لە دەروازەیەکی فراوانیشەوە.

پرسیار: هیچ ئەگەرێک هەیە، تەنانەت ئەگەر کەمێکیش بێت، سەبارەت بە دواخستنی گشتپرسییەکە لە رۆژی 25 مانگی ئەیلوولدا؟

بارزانی: گشتپرسییەکە بڕیارێکی یەکلاییکەرەوەیە و بڕیاری گەلە، بڕیاری زۆربەی هێزە سیاسییەکانە لە کوردستان، کە دەبێت لە 25ـی مانگی ئەیلوولدا ئەنجام بدرێت. مەگەر جێگرەوەیەکی باشتر هەبێت.

پرسیار: مەبەستتان چییە لە جێگرەوەیەکی باشتر؟

بارزانی: ئەمە تەنها بیروبۆچوونە، ئەوە من نیم کە بڕیاردەدەم، بەڵکو ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم هەیە، ئەویش سەرکردایەتی سیاسییە لە کوردستان، بەکۆی دەنگ بڕیارەکان دەردەکات، نەک بە بڕیاری یەک کەس، بەڵام ئەگەر، هەر وەک لە بەشێکی زۆری لایەنەکان دەیبیستین، کە گوایە کاتەکەی شیاو نییە و بۆ ماوەی شەش مانگ یان ساڵێک دوابخرێت، ئایا ئامادەیی هەیە بۆ واژۆکردنی پەیماننامەیەک، کە تێیدا بگوترێت بۆ نموونە لە 25ـی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2018دا ئەنجام بدرێت؟ دان بە ئەنجامی گشتپرسییەکەدا دادەنرێت و، ئەنجامەکانی پەسەند دەکرێن؟ کە ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی سەربەخۆیی هاتن؟ لەوانەیە بکرێت تاوتوێی ئەو جێگرەوەیە بکرێت ئەگەر هاتو خرایەڕوو.

پرسیار: ئەو جێگرەوەیەی لەکێ دەوێت؟ لە ئەمریکا؟

بارزانی: یەکەم لە حکومەتی عێراق و لە پەرلەمانی عێراق، دواتر بە گەرەنتی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان.

پرسیار: بارودۆخ ئاماژە بەوە نادات، ئێستا ئەو جێگرەوەیە هەبێت؟

بارزانی: ئەوەش بە واتای ئەوە دێت، کە گشتپرسییەکە لەکاتی خۆیدا ئەنجامدەدرێت.

پرسیار: پرسیارێکی گریمانەیتان لێدەکەم، چی دەکەن ئەگەر کورد بەرەو گشتپرسییەکە رۆیشت و، گوتی: سەربەخۆیمان ناوێت؟

بارزانی: ملکەچی رای گەل دەبم و هیچ بەرپرسیارییەتیێک لەسەر شانی من نامێنێت، من ئەرکی خۆم لەئاست گەلەکەم ئەنجامدا و ئەگەر گەل بڕیاریدا سەربەخۆیی رەتبکاتەوە. من، رێز لە ئیرادەی گەلەکەم دەگرم و خۆم بۆ ژیانی تایبەتی خۆم تەرخان دەکەم.

پرسیار: دەستلەکاردەکێشیتەوە ؟

بارزانی: بێگومان، ئەگەر گەل گوتی نا، ئەو کاتە نابینم هیچ کارێک مابێتەوە کە ئەنجامی بدەم.

پرسیار: ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە ئەنجامەکان بەلاوازی بێن؟ چۆن مەزاجی جەماوەری دەخوێنیتەوە؟

بارزانی: مەزاجی جەماوەری کە ئەمڕۆ دەیبینین، خۆش و حەماسییە و ئامادەی دەنگدانە. ئێوە ئەو گردبوونەوە گەورەیەتان لە شاری کوڵنی ئەڵمانیا بینی، کە هەزاران لە رۆڵەكانی گەلی کوردستان و لەوێ بەیەک دەنگ گوتیان بەڵێ بۆ گشتپرسی، ئەمەش گوزارشتە لە ناوچەکانی دیکە و گوزاریشتیشە لە ئیرادەی گەلی کوردستان. لەوانەیە خەڵکانێکیش هەبن کە لە ئەنجامی گشتپرسییەکە بترسن، نیگەران بن لێی یان باوەڕیان پێنەبێت، بێگومان دیموکراسییەت ئەمەیە، لە بنچینەدا پرسیاری گشتپرسییەکە ئەوەیە: ئایا تۆ لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانی یان نا؟ وەڵامەکەش بە بەڵێ یان بە نا دەبێت، بۆیە دەبینی پرسیارەکە دیموکراسیانەیە، بۆیە با چاوەڕێ بین و ئەنجامەکە ببینین، پێشبینی دەکەم رێژەی دەنگدان بە بەڵێ زۆر بەرز بێت، بەڵام دەرگا بەڕووی هەموو ئەگەرەکانیش کراوەیە.

پرسیار: ئەگەر باوکتان، مەلا مستەفا بارزانی لە شوێنی ئێوە بووایە و لەهەمان بارودۆخ، ئایا پێتان وایە بڕیاری لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستای دەدا؟

بارزانی: من قوتابییەکم لەو قوتابخانەیەی ئەو دایمەزراندووە، هزر و رەفتاری ئەو، ئیلهامبەخشە بۆ من.

پرسیار: ئایا هیچ هەستێکی تۆڵەسەندنەوەت هەیە، چونکە لە کۆماری مەهاباددا لەدایکبوویت، کە لەسەر خاکی ئێران راگەیەندرا و دواتر لەناوچوو، ئایا دەتەوێت لەدایکبوونی کۆمارێکی کوردی نوێ لە کوردستان ببینیت؟

بارزانی: ئەوە کۆماری مەهاباد نەبوو، بەڵکو کۆماری کوردستان بوو لە مەهاباد. نووسەری کتێبەکە وڵیەم ئیگڵتن، کونسلی ئەمریکا بوو لە تاران، یان تەبریز، هاوکات باڵیۆز بوو لە چەند وڵاتێكی عەرەب و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە ئۆنوروا، کاتێك ئەو کتێبەی نووسییەوە، بەشی چاودێری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا زۆر بابەتی نێو کتێبەکەی لابرد و ناوی کتێبەکەشی گۆڕی لە کۆماری کوردستان لە مەهابادەوە بۆ کۆماری مەهاباد.

پرسیار: کۆماری کوردستان لە مەهاباد چەندی خایاند ؟ نزیکەی 11 مانگ ؟

بارزانی: بەڵێ، کەمتر لە یەک ساڵ و تێیدا باوکم فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو، بابەتەکە تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵکو بەردەوامبوونە بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکە.

پرسیار: تەقدیریش وای ویست کە تۆ لە مەهاباد لەدایک ببیت ؟

بارزانی: من لە 16ـی مانگی ئاب لە ساڵی 1946 لە مەهاباد لەدایکبووم، لە دوای هەرەسهێنانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن سوپای ئێرانەوە، ئاگربەستێک لەنێوان لەلایەک بارزانییەکان و کۆمەڵێک کورد کە بەمەبەستی هاوکاریکردنی کۆماری کوردستان هاتبوونە ناوچەکە، لەلایەکی دیکەوە سوپای ئێران ئەنجامدرا، کە تاوەکو بەهار بەردەوام بوو، تاوەکو هەڵبژێرن لەنێوان گەڕانەوە بۆ عێراق، یان چوونەدەرەوە لەئێران بۆ هەر شوێنێکی دیکە، یان خۆڕادەستکردن و مانەوە لە ناوچە دوورەکان. لە بەهاردا شەڕ دەستیپێکردەوە، شەڕ لەنێوان بارزانییەکان و سوپای ئێران روویدا، سوپای ئێران زیانێکی زۆری بەرکەوت، بڕیاردرا بە گەڕانەوەی خێزان و بەساڵاچووەکان بۆ عێراق، بەڵام باوکی من بە هاوڕێیەتی 500 چەکداری لاو بۆ ماوەی 53 رۆژ دوورایێکی مێژووییان بڕی، کە لە سنووری عێراق و ئێران دەستیپێکرد بەرەو شاری نیکجوان لە کۆماری ئەرمینیا لەنێو سنووری سۆڤیەت، لەمیانی ئەو رێگەیەدا هەندێجار دەچوونە نێو سنووری ئێران و هەندێ جاریش دەچوونە نێو سنووری تورکیا و پێکدادان لەنێوانیان و سوپای ئێران و سوپای تورکیا روویدا، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە رێگەکەیان.

پرسیار: دوای 11 ساڵ باوکی خۆتت بینی ؟

بارزانی: باوکی من لە 14ـی مانگی نیسان ساڵی 1947 لەئێمە جیابووەوە، کە ماڵئاوایی لە خێزانەکەی کرد و رۆیشت، لە رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 1958 گەڕایەوە، دوای شۆڕشی تەمووز.

پرسیار: نزیکەی یەک مانگ لەمەوبەر پێشوازیت لە شاندێکی ئێرانی کرد، داواکاری شاندەکە چی بوو؟

بارزانی: چاوپێکەوتنەکە زۆر دۆستانە بوو، حەسەن دانایی فەر، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە عێراق سەرۆکایەتی شاندەکەی دەکرد و پەیامێکی لە تارانەوە پێبوو، داوای هاوکاری و هەماهەنگی دەکرد. شاندەکە تێبینی لەسەر گشتپرسییەکە هەبوو، پێیان گوتین کاتەکەی گونجاو نییە و باشتروایە کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و، بگەڕێنەوە بۆ دەستوور و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی رابردوو کێشەکان چارەسەر بکەن و، هەڵە لە هەموو لایەنەکانەوە ئەنجامدران. ئێمە پێمان گوتن ئێمە ئەو قۆناخەمان تێپەڕاند و تێڕوانینی خۆمانمان بۆ خستنەڕوو.

پرسیار: هیچ جۆرە هۆشدارییەکیان بەئێوە پیشاندا؟

بارزانی: هەرگیز، لە چاوپێکەوتنەکەشدا بە زمانێکی دۆستانە و بەڕێزەوە قسەیان لەگەڵدا کردم.

پرسیار: ئەی دواتر، هیچ هۆشدارییەکتان لە ئێران بۆ هات؟

بارزانی: هەندێکجار لە میدیا، ئەو بەرپرس یان ئەو بەرپرسە هەڕەشە دەکات.

پرسیار: پێشوازیشتان لە چاوشئۆغڵو کرد، چی بە ئێوە گوت و چیتان پێ گوت؟

بارزانی: ئەو چاوپێکەوتنەش دۆستانە و راشکاوانە بوو. ئەو، بیر و بۆچوونی تورکیای گواستەوە و گوتی کاتەکەی گونجاو نییە، ترسیان هەیە لە سەرهەڵدانی کێشەی ناوخۆیی، هەروەها ترسی وڵاتەکەی خستەڕوو لە ئەگەری بەرپابوونی شەڕی ناوخۆیی لەنێوان ئێمە و پێکهاتەکانی دیکە لە عێراق. گوتیشی: شەڕی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە و لەوانەیە گشتپرسییەکە کاریگەری خراپ بخاتەسەر دۆخی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە، هەروەها گوتی تورکیا دەزانێت ستەم لە هەرێمی کوردستان کراوە و، دەستوور بەباشی جێبەجێنەکراوە و مافی هەرێمی کوردستانە، کە داوای ئەو مافانە بکات، بەڵام هیوادارین لە چوارچێوەی عێراقدا بێت. ئێمەش بیروبۆچوونمان بۆ ئەوان خستەڕوو و بێهیوایی و بێئومێدیمان لەدوای شکستی هەموو هەوڵەکانمان کە خستمانەگەڕ بۆ دامەزراندنی شەراکەتی راستەقینە، دواتر رێککەوتین لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندیمان.

پرسیار: ئایا هیچ هەستت بە نیگەرانی کرد کاتێک سەرۆکی تورکیا پێشوازی لە سەرۆک ئەرکانی ئێران کرد؟

بارزانی: هەرگیز، هەستم بە هیچ نیگەرانییەک نەکردووە.

پرسیار: ئایا ئەگەری هەیە جوگرافیا جارێکی دیکە سزای کورد بدات؟

بارزانی: پێم وانییە، چونکە بارودۆخەکە گۆڕا و جیهانیش گۆڕا. ئێستا سەردەمی هاوپەیمانی سەنتۆ نییە (یان هاوپەیمانی بەغدا) دەیەی شەستەکانیش نییە، هەروەها سەردەمی هاوپەیمانی سەعد ئاباد نییە (رێککەوتنی نێوان تورکیا و ئێران و عێراق و ئەفغانستان)، جیهانی ئەمڕۆ وەک ئەو جیهانەی رابردوو نییە.

پرسیار: ئایا ئەگەری ئەوە نییە، هەرێمی کوردستان ببینین لەلایەن ئێران و تورکیاوە گەمارۆ درابێت ؟

بارزانی: دڵنیابە، لەوانەیە زیانمان پێبگات، بەڵام ئەوان زیانیان پێدەگات لەوانەشە زیاتریش ئەگەر هەنگاوێکی لەوچەشنە بنێن.

پرسیار: وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ئێوە، چی پێ گوتن؟

بارزانی: ئەمە دووەمجارە چاوم بە ماتیس دەکەوێت. یەکەمجار لە کۆنفرانسی ئاسایش لە مونشن لە مانگی شوباتی رابردوو بوو، ئەمجارەش لە هەولێر چاوم پێکەوت. ئەفسەرێکی لاو بوو لە هێزەکانی ئەمریکا، کە لە ساڵی 1991ـدا هاتنە ناوچەکەوە، بەمەبەستی دامەزراندنی ناوچەی ئارام. واتە ئەو کەسێكە ئاگای لە ناوچەکەیە. دواتر لە ساڵی 2003-2004 ئەو لە روومادی و فەلووجە بووە و پێگەی سەرکردایەتی لەو ناوچانەدا وەرگرتووە. ماتیس رۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاند و هاوخەمی خۆی بۆ خێزانە شەهیدەکانی پێشمەرگە خستەڕوو و جەختیشی کردەوە لەوەی، ئەگەر هەماهەنگی لەنێوان سوپای ئەمریکا و هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەبوایە، سەرکەوتنەکانی موسڵ دەستەبەر نەدەکران و جەختیشی لە بەردەوامی پشتگیری و هاوکارییەکان کردەوە. سەبارەت بە گشتپرسییەکە، گوتی: ئێمە لە ماف و ئارەزووی گەلی کوردستان تێدەگەین و دانیش بەو مافانەدا دەنێین، ئێمە دژ بە پرەنسیپی گشتپرسی نین، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە لەم کاتەدا سەرنج لەسەر شەڕی دژ بەداعش سست دەکات، بۆیە ئێمە پێمان باشە چاوێک بەو بابەتەدا بخشێننەوە.

منیش تێڕوانینی خۆمانم بۆ باس کرد، بەوەی هەموو هەوڵەکانمان لەگەڵ بەغدا شکستیان هێنا و هەموو ئەو قسانەی ساڵی رابردوو لە بەغدا بە عەبادی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی گوتبوو بەویشم گوت. پێم گوتن وەرن با بوێرانە دان بە شکستی خۆماندا بنێین لە دامەزراندنی شەراکەتی راستەقینە، وەرن با نەخشەڕێگەیەکی نوێ دابنێین، ئەو نەخشەڕێگەیەش ئەوەیە کە ببینە باشترین دراوسێ و تەواوکاری یەکدی بین. باشترین پەیوەندیمان هەبێت و هاوکاری یەکدیبین، بە ئارامی لەیەکدی جیاببینەوە نەک بە تووندوتیژی، بەپێچەوانەوە لەسەر هەموو بابەتەکان رێکبکەوین. ئەوە باشترە بەردەوام بین لە پراکتیزەکردنی ئەزموونێکی شکستخواردوو، کە تێیدا نە ئێوە ئارامیتان دەستەبەرکردووە، نە ئێمەش. بۆچی بەردەوام بین لە دۆخێک، کە ئێمە هەموومان تێیدا ناڕەحەت بووین؟ ئەوە هیچ لۆجیکی تێدا نییە. بەڕاستی بڵێم ئەوان کراوە بوون، بەڵام لەوانەیە ئەوان وا بیریان کردبێتەوە، ئەوە تەنها کارتی گوشارە، یان بابەتەکە جددی نییە. زۆرکەس وایان دەزانی بابەتەکە جددی نییە. لەو سەردانەمدا هەموو سەرکردە عێراقییەکانم بینی، لەنێوانیانیشیاندا رێکخراوە شیعەکانی نێو هاوپەیمانی نیودەوڵەتی، بەڵام نووری مالیکیمان نەبینی. بابەتەکە جددی بوو، من لە ساڵی 2008ـەوە بەو باوەڕە گەیشتم، کە عەقڵییەتی فەرمانڕەوایی تاکلایەنانە و قۆرخکردنی دەسەڵات و رەتکردنەوەی لایەنی بەرامبەر، هێشتا ئەو عەقڵەتییەیە کە لە بەغدا سەروەرە، بەدەر لەوەی دەسەڵات بەدەست کێیە. لە ساڵی 2012ـدا لەسەر ئەو بابەتە هۆشداریم دا و، گوتم عێراق بەرەو تاریکی دەڕوات و دۆخەکە زۆر مەترسیدارە، دەبێت کاری بۆ بکەین، بەڵام کەس گرنگی پێنەدا. هەندێک گوتیان کێشەکە کەسییە، من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ هیچ کەس نییە، بەڵام من دیمەنە گەورەکە دەبینم.

پرسیار: لە ساڵی 2016دا ئەو قسەیەت بە عەبادی و لایەنە عێراقییەکان گوت؟

بارزانی: بەڵێ لە 2016 گوتم، چونکە من لە ساڵی 2017 سەردانی بەغدام نەکردووە.

پرسیار: ئایا هیچ هەستێکت بە ناهیوایی لە بەغدای دوای سەدام حسێن و لە بیرۆکەی دەوڵەتی مەدەنی هەیە؟

بارزانی: من زۆر هەست بە بێهیوایی دەکەم لەدوای ساڵی 2003ـەوە. هەمووان دەزانن ئێمە کارێکی زۆر گەورەمان کرد بۆ ئامادەکاری هەرەسپێهێنانی رژێم لە ساڵی 2002 و بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئێمە پەشیمانیش نین لەو کارە، بەڵام ئێمە وامان دەزانی کە دەرفەتی شیاو یان دەرفەتی تەمەنمان لە عێراقێکی نوێدا دەستەبەر دەکەین. عێراقێک لەسەر بنچینەی خۆشەویستی و برایەتی، عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی، هەوڵێکی زۆرمان دا لەپێناو دەستەبەرکردنی ئەو ئامانجە. هەر لە ئەنجوومەنی فەرمانڕەوایی تاوەکو بابەتی دەستوور و داڕشتنی، پاشان دەنگدان لەسەر دەستوور و ئەگەر گەلی کوردستان نەبوایە دەستوور سەری نەدەگرت. زەمینەسازیمان کرد و رۆڵێکی گەورەشمان گێڕا، کاتێك دەستوور لە گشتپرسییەکە سەریگرت ئێمە گوتمان: سوپاس بۆ خودا، ئێستا هەموو لایەنێک ئەرک و مافی خۆی دەزانێت. بەڵام دوای ماوەیەک دیسانەوە گەڕاینەوە مەزاجی کەسی و قۆرخکردنی دەسەڵات. خاڵی سەرەکی یان بڕبڕەی رێککەوتنی نێوان ئێمە و لایەنەکانی دیکە بریتی بوو لە: هاوبەشی راستەقینە. بێگومان ئەوان بەتەواوەتی کۆتاییان بەو هاوبەشییە هێنا. خاڵێکی دیکەی گرنگ هەیە: ئێمە رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتێکی مەدەنی دیموکراسی و روون و ئاشکرا، بەڵام لە بەغدا رۆژ لەدوای رۆژ دەوڵەت بەرەو دەوڵەتی ئایینی و تاییفی دەڕۆیشت. ئەوە راستییەکەیە بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت ببینێت، ئەوەش کە نایەوێت ببینێت ئەوا سەربەستە.

سوپایان دژ بە ئێمە جووڵاند و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیان بڕی. چۆن دەبێت شتی وا بکرێت، تەنانەت ئەگەر کێشەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش هەبێت؟. با ئێمە وای دابنێین هەرێمی کوردستان خەتاباربووە، چۆن دەبێت سەرۆکوەزیرانێک بە یەک نووکە قەڵەم رزقی گەلێك بەتەواوەتی ببڕێت ؟ شیری منداڵان ببڕێت ؟ ئەمە ئەنفالە بە شێوازێكی دیکە.

پرسیار: واتە مالکی بەشێوەیەکی دیکە ئەنفالی جێبەجێکرد ؟

بارزانی: بەڵێ مالکی ئەنفالی بەشێوەیەکی دیکە بەڵکو خراپتر جێبەجێ کرد و هیچ دەنگێکمان نە لە سەرکردەیەکی ئایینی و نە لە پارتە سیاسییە شیعەکانی عێراق نەبیست، دژ بەو تاوانە بووەستێت کە مالیکی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجامیدا. جێبەجێکردنی ماددەی 140. دەبوایە لە ساڵی 2007 بکرایە، بەڵام جێبەجێنەکرا و بەتەواوەتی پشتگوێیان خست و گوتیان ئەوان هەوڵێکی گڵاوی کوردیان شکستپێهێناوە و ماددەی 140 مردووە. پشکی پێشمەرگە لە چەک و لە بودجە، کە پێشمەرگە بەشێکە لە سستەمی بەرگریی عێراق، یەک فیشەک و یەک دینارمان بەدەست نەگەیشت.

تەنانەت پشکی پێشمەرگەش لە چەک و تەقەمەنی و بەگوێرەی رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا و سوپای عێراق، ئەوەشمان بەدەست نەگەیشت، چونکە مالیکی لە عەمبارەکانی نزیک ناوچەی تاجی لەنێوان سامەڕا و بەغدا دەستیبەسەردا گرتن، دواتر ئەو چەکانە کەوتنە ژێر دەستی داعش و شەڕێکی تووندیان دژ بە ئێمە ئەنجامدا، تەنانەت لە شەڕی دژ بە داعشیشدا هاوکارییان نەکردین، ئێمە هاوکاری سوپای عێراقمان کرد و رێگەمان پێدا بێتە موسڵ و هەموو رێگەکانمان کردەوە. هێڵێ بەرگری یەکەمی داعشمان تێکشکاند و بە سوپای عێراقمان گوت: فەرموون و بەو رێککەوتنەی کە رێککەوتین لەسەری، پابەندبووین، ئەویش پلانەکە چۆن دەبێت و رۆڵی هەر لایەنێک لە پلانەکە چی دەبێت، تەنانەت لەو ئۆپەراسیۆنەشدا پێشێلکاری روویدا، نەک لەلایەن سوپاوە، بەڵکو لەلایەن هەندێ لایەنی نێو حەشدی شەعبی. من سەرم سوڕما لەو هەماهەنگییە باشەی لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە دروست بوو لە هەفتەی یەکەم، یان دووەمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، چونکە هەردوولا ماوەی زیاتر لە 50 بۆ 60 ساڵ شەڕیان لەنێوانیاندا بووە، راستە ئەو لاوانە لە نەوەی نوێن، بەڵام ئەوان لە دوو قوتابخانەی جیاوازن.

تاوەکو ئیستا هەماهەنگی باش هەیە و لەسەر بنەمای ئەو هەماهەنگییە لە ئایندەدا کاردەکەین و رووداوەکان هەرچۆنێک بن نامانەوێت پێکدادان لەگەڵ ئەو سوپایە بکەین، کە هەماهەنگی لەگەڵدا دەکەین، بەڵام ئەوە ئەو راستییە ناشارێتەوە کە پێشمەرگە هیچ هاوکارییەکی لە حکومەتی ناوەندی وەرنەگرتووە و بەشە بودجەکەشی بڕدرا و هیچکام لەکێشەکانی نێوانمانیشمان چارەسەر نەکراوە. پێگە و پۆستە حکومییەکانیان لە کورد پاکتاو کرد، 55 بڕگەی دەستووری هەیە کە ئێمە وەکو پێشێلکاری دەستووری تۆمارمان کردوون و، کۆپییەک لەو پێشێلکارییانەیان رادەست دەکەین.

پرسیار: ئایا هاتنی عەبادی ئەو ئاراستەیەی نەگۆڕی؟

بارزانی : من دڵنیام کە عەبادی دەیەوێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات. عەبادی جیاوازە لە کەسانی دیکە، بەڵام هەمپەر و بەربەستی زۆری لەبەردەمیدا هەن. پەیوەندیم لەگەڵیدا باشە و پەیوەندی بەردەوام لەنێوانماندا هەیە، من، بەو باوەڕە گەیشتووم کە عەبادی ناتوانێت بەڵێنەکانی بۆ ئێمە جێبەجێ بکات، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە لەدەرەوەی ئیرادەی ئەون.

پرسیار: ئایا وڵات هەیە بیەوێت لەنێو عێراقدا بمێننەوە بەمەبەستی دروستکردنی کەمێک هاوسەنگی لەگەڵ ئەو ئاراستەیەی دەوڵەتی ئایینی لە عێراق دروست دەکات؟

بارزانی: نەخێر، ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا، لەبەردەمماندا ئەزموونی گەلانی دیکەمان هەیە لە یەکگرتووییدا، ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆ بووین لە ساڵی 2003. ئەوە ئێمە بووین کە چووین بۆ بەغدا. ئێستا دەیڵێم ئێمە لەو بوارەدا هەڵەمان کرد. ئێمە رۆیشتین تاوەکو عێراقێکی فیدراڵی و دیموکراسی دابمەزرێنین، کە یەکگرتوویی تێیدا بە خواستی خۆمان بێت، بەڵام خۆی ئەوەی رەتکردەوە و ئێمە بەو باوەڕە گەیشتین ئەوان ئێمەیان ناوێت، یان ئەوەتا دەبێت وەکو هاووڵاتییەک بەبێ ماف یان بەبێ هەڵوێست بڕۆین. بۆیە ئێمە بیرمان لە سێ بژاردە کردەوە: دەبێت خۆمان رادەست بکەین و واز لەو دەستکەوتانە بهێنین، یان ئەوەتا بەردەوام بین لە ئەزموونێک، کە ماوەی 100 ساڵە شکست دێنێت. یان لەوانەیە بچینە نێو شەڕەوە کە ئەوەش ئێمە رەتی دەکەینەوە، یان ئەوەتا بەدوای نەخشەڕێگەیەکی دیکەدا بگەڕێین. چییە ئەو رێگە نوێیە ؟  ئێمە لامەرکەزیمان تاقیکردەوە، حوکمی زاتیشمان ئەزموون کرد و فیدراڵیشمان تاقیکردەوە، بەڵام کێشەکە لە عەقڵییەت و کولتوورە، عەقڵییەتی فەرمانڕەوایی بەداخەوە لەلای زۆربەی زۆری بەغدا ئەوەیە دەبێت بەغدا کۆنترۆڵی هەموو گەورە و بچووکێک بکات. لایەنی بەرامبەر پەسەند ناکەن و هاوبەشیشیان پێ قبووڵ نییە. ئەوان ئیدیعا دەکەن باوەڕیان بەوەیە، بەڵام بەکردار پەسەندی ناکەن. گەلی کوردستان بەو باوەڕە گەیشتووە، کە دەبێت شێوازێکی نوێ هەبێت، شێوازە نوێکەش ئەوەیە کە ببینە دراوسێ.

پرسیار: ئایا پێکەوەژیانی عەرەب و کورد لەنێو عێراقدا شکستی هێنا؟

بارزانی: بەڵێ و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە دەڵێم ئەزموونەکە شکستی هێنا.

پرسیار: ئایا لەبەردەم ئەو هاوسەرگیرییە عەرەبی کوردییە، هیچ شتێک جگە لە تەڵاق نەبوو؟

بارزانی: هیچ چارەسەرێکی دیکە نەماوە. ئێمە موستەحیلمان تاقیکردەوە تاوەکو دۆخەکە نەگاتە ئەو خاڵە، بەڵام بەداخەوە گەیشت.

پرسیار: چی دەکەن ئەگەر ئەنجامی گشتپرسییەکە سبەینێ راگەیەندرا و بەغدا هەموو پەیوەندییەکانی بەتەواوەتی لەگەڵ کوردستان بڕی؟

بارزانی: ئەوان لە ماڵی خۆیان و ئێمەش لەماڵی خۆمان.

پرسیار: ئایا توانای ئابووریتان هەیە، کە رووبەڕووی داخستنی سنوورەکان ببنەوە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە؟

بارزانی: حسابمان بۆ هەموو ئەو بابەتانە کردووە، تەنانەت هەڕەشەکردن لەئێمە بە داخستنی سنوور و بڕینی پەیوەندییەکان، هەموو لایەنێک ئازادە لە بڕیارەکانی، بەڵام من جارێکی دیکە دەڵێم: ئەگەر هات و ئەو لایەنانە رێککەوتن لەسەر ئەوەی زیانمان پێبگەیەنن، ئەوا بێگومان ئەوانیش باجی زۆر دەدەن.

پرسیار: چی دەکەن ئەگەر حەشدی شەعبی بڕیاریدا کەرکووک بگەڕێنێتەوە؟

بارزانی: یەکەم تەنانەت لەدوای گشتپرسییەکەش ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئەنجامبدەین سەبارەت بە سنوورەکان لەنێوانیشیاندا کەرکووکیش، بەڵام کەرکووک شارێکی کوردستانییە. ناسنامەکەی کوردستانییە و ئامادەین بیکەینە سیمبۆلێک لە پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی. بەڵام هەر هێزێک بیر لەوە بکاتەوە کە کەرکووک بەهێز وەرگرێت، ئەوا هەموو گەلی کوردستان رووبەڕووی دەبێتەوە، کە ئامادەیە تاوەکو دوا کەس بمرێت لەپێناو بەرگریکرن لە کەرکووک.

پرسیار: دەڵێی، لە پێناو كەركووك دەمرین ئەگەر كەسێك هەوڵبدات بەهێز لەدەستمان دەربێنێت؟

بارزانی: بێگومان، بەڵام ئێمە كراوەین، كەركووک تەنها شارێكی كوردی نییە، كەركووك شاری كورد و عەرەب و توركمان و مەسیحییەكانە و پێویستە لەنێوان خۆیاندا رێككەون و پێكبێن، تەنانەت كوردستانیش، نامانەوێ دەوڵەتێكی ناوەندی هەبێت، بەڵكو رژێمێك بێت هاوشێوەی نیمچەفیدراڵی بێت لە كوردستان، بەشێوەیەك هەموو پارێزگایەك ئەنجوومەنی خۆجێیی و پەرلەمانی خۆجێیی هەبێت و هەولێریش پایتەخت بێت، هەروەها پرسە سیادییەكانی وەكو سوپا، سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی دارایی ناوەندی بێت، بەڵام لە پرسەكانی دیكەدا ئەو پارێزگایانە خۆیان، خۆیان بەڕێوەببەن و ناكرێت بیر لە دەسەڵاتێكی ناوەندی خۆسەپێن بكەینەوە، بەپێچەوانەوە دەبێ تەواو كراوەبین.

پرسیار: لە ساڵی 1991 سەدام بە تۆی گوت، ئەو دان بەوەدا دەنێت، كەركووك كوردیە؟

بارزانی: بەڵێ‌، گوتی من ناڵێم كەركوك كوردی نییە، بەڵكو شارێكی كوردیە، بەڵام بنكەیەكی ئابووری ئامادەیە بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێك، لەبەرئەوە رازی نابین كەركووك بخرێتە نێو ناوچەی ئۆتۆنۆمی.

پرسیار: ئایا ئەو گفتوگۆیە لەوكاتە بوو، كە سەدام پیاڵە چاكەی بەردەم ئێوەی بە پیاڵەی خۆی گۆڕی؟

بارزانی: بەڵێ‌ لەهەمان دیدار بوو

پرسیار: هیچ تاڵاویەكت لە مالیكی هەیە، بەو پێیەی پێتوابووە بە نەمانی سەدام كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام دواتر دەركەوت، كێشەكە تەنها سەدام نییە؟

بارزانی: بەو شێوەیە وێنامان دەكرد، بەڵام دواتر بۆمان ئاشكرابوو وانییە. بە نەمانی سەدام كێشەكان كۆتاییان پێنایەت، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی كێشەی تاڵتر بووینەوە، لە دواوەش لێماندرا لەلایەن كەسانێك، كە بە هاوپەیمانی خۆمانمان دەزانین. ئێمە، شەڕی سەداممان كرد و هەوڵماندا بیڕوخێنین، لەوانەیە بیستنی وشەیەكی باش لە سەدام بەلای ئێمەوە زۆر سەیر بووبێت.

پرسیار: ئایا ئیسرائیل تاکە دەوڵەتە راشكاوانە پشتگیری خۆی بۆ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان راگەیاندووە؟

بارزانی: بەڵێ‌ ئەوە راستە، من سوپاسی هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبیش دەكەم، دەمەوێ‌ بڵێم هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی زۆر لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریكا باشترە، كاردانەوەی ئیستیفزازیان نییە، هەموویا دان بە مافەكانی گەلی كورد دەنێن، تەنانەت نامەی زۆر مەعقولیشم لەلایەن ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی پێگەییشتوە، هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی هەڵوێستێكی هاوسەنگە.

پرسیار: ئایا ئەوە دەبێتە یەكەم هەموار بۆ نەخشەكانی ناوچەكە لە رۆژی دامەزراندنی ئیسرائیل تاوەكو ئێستا؟

بارزانی: راستە، ئەمە لە باشووری سودانیش روویدا.

پرسیار: كەسانێك هەن پێیانوایە ئەگەر كورد بوون بە دەوڵەت، رووبەڕووی هەمان ئەو دۆخە دەبنەوە، كە رووبەڕووی باشووری سودان بووەتەوە و باسی تاڵاوییەكانی كورد و شەڕ و پێكدادان دەكەن؟

بارزانی: ئەمە راست نییە، كورد لەساڵی 1991ـەوە تواناو لێهاتویی خۆیان سەلماندووە كاتێك هەلی بەڕێوەبردنی ناوچەكانیان بۆ رەخسا، سەرەڕای كێشە ناوخۆییەكانیش، ناكرێت رەوشی كوردستان بە باشووری سودان بچووێنرێت.

پرسیار: گوتتان ئێوە لە ساڵی 2003 هەڵەتان كرد كاتێك هاوبەشیتان لەگەڵ بەغدا نوێكردەوە، سەرەڕای ئەوەی كوردستان نیمچەسەربەخۆ بوو بەهۆی قەدەخەكردنی فڕینی فڕۆكە و ناوچەی ئارام، كە لەساڵی 1991 راگەیێندرا، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 1992 هەرێم راگەیەندرا، دستووری عێراقیش لە ساڵی 2005 دەنگی لەسەردرا؟

بارزانی: بەڵام كار بەو دستوورە نەكرا، ئەگەر ئەو دەستوورە جێبەجێكرابایە رووبەڕووی ئەو كێشە و پێشهاتانە نەدەبووینەوە.

پرسیار: رەوشی ئابووری ئێستای كوردستان چۆنە؟

بارزانی: باش نییە، بەڵام ئومێدێك هەیە بۆ تێپەڕاندنی و چاكسازی.

پرسیار: لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی گشتپرسی لە شەوی 25ـی ئەیلوولدا، یان بەیانیی 26 ئەیلوول، مەسعود بارزانی چی دەكات؟

بارزانی: بۆ یەكەمجارە گەلی كوردستان بە ئازادی رای خۆی دەردەبڕێت و بڕیار لەچارەنووسی خۆی دەدات، ئەمە پەیامێكە بۆ جیهان، بەغدا و ناوچەكە، ئەوە بڕیاری ئێمەیە. وەرن با لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەوە لەبارەی پەیوەندی ئاییندە گفتوگۆبكەین، ئەگەر بینیمان ئامادەییان هەیە پێشوازییان لێدەكەین، بەڵام ئەگەر ئامادەییان تێدانەبوو، ئەوكاتە دەوڵەتی خۆمان رادەگەیێنین، ئەگەر گفتوگۆ هەبوو گفتوگۆدەكەین بۆ گەییشتن بە لێكتێگەییشتنێك، ئەوەش حەزی ئێمەیە، ئێمە نامانەوێ‌ ململانێ هەبێت، نە لەلایەن ئێمە نە لەلای ئەوانەوە، بەڵام پاشگەزنابینەوە.

پرسیار: توانای پاشگەزبوونەوەت نییە، یان حەز ناكەی پاشگەزبیتەوە؟

بارزانی: حەزناكەم پاشگەزببمەوە، ناشكرێت، رێگەش نادەم هەموو خەباتی مێژووییم بە فیڕۆبدەم، چۆن پاشگەزدەبمەوە.

پرسیار: پێتوایە خۆت دەخەیتە بازنەیەكی ترسناك كاتێك كوردستان بەرەو ئەو رێگەیە دەبەیت؟

بارزانی: من ئامادەم هەموو ساتێك لە پێناو ئەم ئامانجە ژیانی خۆم بكەمە قوربانی، بیریش لە چارەنووس و ژیانی خۆم ناكەمەوە.

پرسیار: داعش هەوڵیداوە تیرۆرت بكات؟

بارزانی: داعش هەوڵی تیرۆركردنی من و هەموو گەلی كوردستانی داوە، لەراستیدا نەیاندەتوانی دەستیان بەمن بگات، هەوڵی زۆریاندا، بەڵام دەیانزانی دەستیان بە من ناگات، بەڵام لەبەرەكانی جەنگ لە رێگەی تۆپبباران و بۆمب زۆر هەوڵیانداوە.

پرسیار: ماوەی چەند لەبەرەكانی جەنگ مانەوە؟

بارزانی: زیاتر لە ساڵ و نیوێك، تاوەكو هەموو ناوچەكانمان ئازادكردنەوە و مەترسی داعشمان لەسەر شارەكان و پێگە سەرەكییەكان دوورخستەوە، ناوچە گرنگەكانی وەكو: شنگال، زوممار، مەخموور، جەلەولا، ناوچەكانی دیكەمان كۆنترۆڵكردنەوە، ئینجا منیش گەڕامەوە بارەگای سەرەكیی خۆم.

پرسیار: ژمارەی شەهیدانی پێشمەرگە چەندە؟

بارزانی: 1779 شەهید، ژمارەی بریندارانیش گەییشتە 10 هەزار و 158 بریندار.

پرسیار : ئایا شەڕ لەگەڵ داعش شەرعیەتی زیاتری بە پێشمەرگە دا بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی؟

بارزانی : بێگومان.

پرسیار: رۆڵی سوپای عێراق چۆن بوو بۆ رێگرتنی داعش لەداگیركردنی هەرێمی كوردستان؟

بارزانی: ئێستا دەكرێت قسە لەسەر سوپای عێراق بكەن، بەڵام پێش ئێستا سوپای مالیكی بوو، ئەو سوپایەی داڕووخا، ئەو سوپایەی ناتۆ ماوەی 10 ساڵ پێیەوە ماندوبوو لەماوەی یەک كاژێردا رووخا، بەڵكو ئەو هەموو ناوچەكانی رادەستكرد و چەك و سەربازگەكانیان چۆڵكردن و هەموو ئەو توانا سەربازیانەیان رادەستی داعش كرد. پێشمەرگە بوو شەڕی داعشیان كرد و بە پشتگیری هێزی هاوپەیمانان و ئەمریكا بە پلەی یەكەم، هێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانیان پاراست و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند.

پرسیار: لە دیداری پێشتر گوتتان ئەو ناوچانەی بەخوێن كۆنترۆڵكراونەتەوە، رادەستی هیچ كەسێكی ناكەینەوە؟

بارزانی : بێگومان، ئێستاش دەیڵێمەوە، ئەوانە ناوچەی خۆمانن و كوردستانین، كاتێك لەسەر مادەی 140 رێككەوتین لەبەر ئەوە نەبوو كە گومانمان لە ناسنامەی كوردستانیەتی ئەو ناوچانە هەیە، بەڵام گوتمان بەڵێ‌ بۆ ئەوەی ئەو كێشە دەستووریە چارەسەر بكرێت، ئەوان دەستووریان پەراوێزخست و كەسانێكیش لە بەغدا دەیانگوت مادەی 140 مردووە، كەواتە زیندوكردنەوەی مردووان پرسێكی سەختە.

پرسیار: دیلی داعش لە هەرێمی كوردستان هەیە؟

بارزانی: بەڵێ‌ هەیە.

پرسیار: ئایا گشتپرسی كەركووك و ناوچە کێشەلەسەرەکان دەگرێتەوە؟

بارزانی: ئەوە لەسەر ئەنجوومەنی ناوخۆكان رادەوەستێ، ئەگەر داوایان كرد، بێگومان دەیانگرێتەوە، بەڵام ئەگەر داوا نەكەن نایانگرێتەوە.

پرسیار: هەر بە ناوچە كێشە لەسەرەكانیش دەمێنێتەوە؟

بارزانی: دەكەونە باری گفتوگۆكردن.

پرسیار: لەبارەی كەركووك چی داوایان كردووە؟

بارزانی: ئەنجوومەنی پارێزگا كۆ دەبێتەوە، ئەگەر داوایانكرد ئێمەش داواكەیان جێبەجێ دەكەین.

پرسیار: دۆخی پێكهاتەی عەرەبی سوننە چۆنە، ئایا بە دەرچوونی كوردستان لە نەخشەی عێراق زیاتر پەراوێز دەخرێن؟

بارزانی: پێكهاتەی سوننە لەسەرەتاوە هەڵەیان كرد، ئێستاش دۆخیان زۆر سەختە، ئێمە ئامادەین یارمەتیان بدەین، بەڵام دەبێ سەرەتا ئەوان یارمەتی خۆیان بدەن، حاڵی عەرەبی سوننە لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی حاڵی كوردە، پەیمانیش دەدەین هیچ جیاوازیێك لە نێوان عەرەب و كورد نابێت، ئێمە ئامادەین یارمەتی عەرەبی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش بدەین، بەڵام دەبێ پێمان بڵێن چۆن یارمەتیان بدەین.

پرسیار: دوای ساڵی 2003 عەرەبی سوننە سەردانیان كردوویت و ئامۆژگاریت كردوون بۆ دامەزراندنی هەرێمێك؟

بارزانی: نەك تەنها جارێك، بەڵكو سێ جار، دوای رووخانی رژێم تێبینیمان كرد ئاڵۆزیێك لە ئاست سوننە هەیە، بۆ بونیاتنانەوەی عێراقی نوێش لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە لەنێوان سەرجەم پێكهاتەكان دەستپێشخەریم كرد و بانگهێشتنامەم ئاراستەی سەرۆكهۆزەكان و كەسایەتییە ئەكادیمریەكان و ریشسپیانی ناوچەكانی سوننە كرد بۆ كۆبوونەوە لە هەولێر، سێ جاریش ئەو كۆبوونەوەمان كرد. پێمگوتن عێراق گۆڕاوەم ناوچەكەش گۆڕاوە، جیهانیش گۆڕاوە، دەبێ ئێوەش عەقڵیەتتان بگۆڕن، یەكەم ناكرێت هیچ لایەنێك یان هیچ پارتێك یان تایفەیەك كار لەسەر دەسەڵاتی تاكڕەوی لە عێراق بكات، ئەوە بوو پێشبینیمان دەكرد، پێمگوتن ئەگەر ئێوە پێشبینی دەكەن كورد و شیعە دژی ئێوە هاوپەیمانی بكەن، ئەوە من بەڵێنی شەرەفتان دەدەمێ،‌ كە ئێمە رێگە بەوەنادەین، بەڵام ئەگەر پێتانوایە هەر لەسەرۆككۆمارەوە تاوەكو پۆلیسێك بڕیاری بەدەست ئێوە دەبێت، ئەگەر كورد و شیعەش قبولیان كرد، ئەوە من قبوڵی ناكەم، هەروەها پێمگوتن ئێوە رەتتان كردەوە هاوبەش بین، بەڵام وەرن بانگهێشتتان دەكەم بۆ بونیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی,، بەشێكیان هەسیتان بە بەرپرسیاریەتی كرد و رەوشە نوێیەكەیان قبوڵبوو، بەڵام لە موزایەدە دەترسان، یان لەوانەیە لە تیرۆركردن، بەشێكی دیكەیان لە بنەڕەتەوە قبوڵیان نەكرد بیر لە بابەتەكەش بكەنەوە، چونكە هێشتا هەر لەژێر كاریگەری رۆشنبیری پارتی تاك و پارتی دەسەڵاتداردا بوون، بەشێكیشیان لە جیهانێكی دیكە بوون. لەهەرسێ كۆبوونەوەكان دانەیانتوانی خۆیان رێكخەن و سەركردایەتیەكیان بۆ پێكنەهات پێشڕەویان بكات، تاوەكو ماوەی گفتوگۆكانی دەستوور، ئەوكات هەڵوێستی لەیەك نزیكیان هەبوو، لەراستیدا ئەوان لە هەموو لایەنەكانی دیكە زیاتر خۆیان ئازار دا، بەڵام ئەوانی دیكە هەلەكەیان قۆستەوە، شیعە لەسەرەتاوە دوای روخانی رژێم مەمنوون بوون ئەگەر سوننە فیدراڵیان قبوڵبوایە، تاوەكو كاتی دەنگدان لەسەر دەستوور لەساڵی 2005 رەوشەكە بەو شێوەیە بوو، پاشان بینیان سوننە دەسەڵات لەدەست دەدەن و ناوچەكانیان بوونەتە لانەی تیرۆریستان و لەلایەن هێزی هاوپەیمانان رووبەڕووی بۆردوومان بووەوە، لەراستیدا سونە زیانێكی زۆر گەورەیان بەركەوت و هەلەكەیان لەدەستدا.

پرسیار: ئامۆژگاریت كردن بۆ دامەزراندنی هەرێمێك؟

بارزانی : بەڵێ‌ بەڵام گوتیان: ئێمە لەگەڵ یەكێتیی عێراقداین، لەراستیشدا سوننە خۆیان باجەكەیان دا، سەیری ئەو هەموو كاولكاریە هەمووی لە ناوچەی سوننەكانە، داعش خانوو و شارەكانی وێرانكردن، ئەمەش ئەنجامی سیاسەتی هەڵەیە، دوای ئەوەی لە هەرێم دەرگامان بۆ كردنەوە، كاتێك رووبەڕووی ستەم و دوژمنكاری بوونەوە، ئێستاش زیاتر لە یەك ملیۆن و نیو ئاوارە زۆربەیان سوننەن لە هەرێمن، هەروەها شیعەش لە هەرێم هەن، لەگەڵ كۆمەڵگەی كوردستانیش تێكەڵ بوونەو زۆریش گونجاون، ئێمە ئامادەین یارمەتیان بدەین ئەگەر سوننە بڕیاریاندا هەرێمێك لە عێراق پێكبێنن، ئێمە پشتگیرییان دەكەین.

پرسیار: ئایا ئێستاش ئەوە دەكرێت؟

بارزانی : بۆنا؟ ئێستا سوننە هەرێمێكیان دەوێ، بەڵام شیعە قبوڵ ناكەن، لەگەڵ زۆر لە عەرەبی سوننە كۆبوومەتەوە، ئەوانەی ناوچەكانیان دەكەونە نێو هەرێمی كوردستان، هەموویان پشتگیری مانەوە دەكەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

پرسیار: ئایا ئەودەوڵەتەی لەبەغدایە، دەوڵەتێکی شیعیە؟

بارزانی: ئەوە واقیعە.

پرسیار: ئایا ئەو دەوڵەتە شیعیە ئێران سەركردایەتی دەكات؟

بارزانی: هەژموونی ئێران زۆر گەورەیە، ناتوانم بڵێم بە تەواوی ئێران بەڕێوەی دەبات، یان بووەتە بەشێك لە ئێران، بەڵام هەژموونی ئێران زۆرە.

پرسیار: لەبارەی هەژموونی ئەمریكیەوە چی؟

بارزانی: بە بۆچوونی من، هەژموونی ئەمریكی لە بەغدا لە هەژموونی ئێران زۆر كەمترە.

پرسیار: هەژموونی ئێران لە هەرێم چۆن دەخەمڵێنی؟

بارزانی: ناتوانم بڵێم هەژموونی ئێران نییە، بەڵام لە راستیدا من راشكاوانە بە ئێرانییەكانیشم راگەیاندووە، ئێمە دەمانەوێ‌ پەیوەندییەكانمان باش بێت، پەیوەندی دراوسێیەتی و دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەش، بەڵام لەوانەیە پەیوەندیتان لەگەڵ ببڕین یان لەوانەیە لەگەڵتان رێكبكەوین، بڕیارەكە بەدەست خۆمانە و رێگە بەكەس نادەین لەبری ئێمە بڕیار بدات. رێگەش بەهیچ دەوڵەتێك نادەین لەبری كورد بڕیار بدات، بڕیاری كوردستانی عێراق لە كوردستانی عێراقە، گەلیش لەپێناو ئازادی خەباتی كردووە و شەهیدی داوە، چۆن دەبێت بڕیارەكانی رادەستی دەوڵەتێكی دیكە بكات.

پرسیار: رەوشی سووریا چۆن دەبینی؟

بارزانی: پشێوی دەبینم، بەڵام ئێستا هەندێك شێوازی نوێ دەركەوتوون، ئەسەد دەمێنێتەوە و رژێمیش ناڕووخێ، دیارە رێككەوتنێك لە نێوان رووسیا ـ ئەمریكا هەیە، بەشێكی روونە و بەشەكەی دیكەشی نهێنییە كەس نایزانێ. دەسەڵاتی ئێرانیش لە سووریا هەیە، هەروەها توركیاش لەسەر سنوور، بۆ نموونە لە عێراق سەرەڕای ناكۆكییەكانی نێوان ئێمە و بەغدا، بەرەكە روونە بەو شێوەیە ئێمە هەموومان لەبەرەیەكین دژی تیرۆر، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش هاوكاری دەكات، بەڵام لە سووریا ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ یەكدی جیاوازن، راستە رژیمێك هەیە، بەڵام هێزی دیكە گۆڕەپانەكە دەجوڵێنێ، ئەوانیش رووسیا و ئێرانن، هەروەها لە هەندێك ناوچە ناكۆكی لەنێوان ئەمریكا و رووسیا هەیە، لەهەندێك ناوچەش رێككەوتنیان هەیە، رێككەوتنێكی ئێرانی ـ توركی ـ رووسیش هەیە، هاوكات رێككەوتنێكی ئەمریكی ـ رووسیش هەیە، لەراستیشدا پشێوی هەیە".

پرسیار: سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و سووریا. لە رووەكەی دیكە لەژێر كۆنترۆڵی كێ دایە؟

بارزانی: هێزی كوردی و هێزە سوورییەكان لەو ناوچانە هەن، هەماهەنگیشمان لەنێواندا هەیە.

پرسیار: ئایا كێشەتان دەبێت ئەگەر رژێمی ئەسەد دەسەڵاتی هەموو سووریای كەوتەوە دەست؟

بارزانی: ئەو بڕیارە بەدەست سووریەكانە، ئێمە پەیوەندیمان بەو پرسەوە نییە، ئەگەر گەلی سووری بڕیاریدا ئەسەد حوكمیان بكات، ئێمەش پێشوازی دەكەین.

پرسیار: پەیوەندیتان لەگەڵ رووسیا چۆنە؟

بارزانی: پەیوەندیمان باشە، هەڵوێستی رووسیاش لە گشتپرسی زۆر هاوسەنگە.

پرسیار: هیچ پوەندییەكتان لەگەڵ رژێمی ئەسەد هەیە؟

بارزانی: ناتوانم بڵێم پەیوەندیمان هەیە، پەیوەندی فەرمی و راستەوخۆمان نییە. دوو، سێ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ كەسایەتییەكی سووری باڵا كۆبوومەتەوە.

هێزێك هەیە پێیدەڵێن هێزەكانی سووریای دیموكرات لەلایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێت و لە رەققە دەجەنگێ، ئەوان سوود لەو رەوشە وەردەگرن و پێشتریش سودیان لە پشتگیری رژێم وەرگرتووە، هەروەها لە رێككەوتنی نهێنیان لەگەڵ رژێم، كوردیشیان چەوساندووەتەوە، ئەوانەی لەرووی سیاسیەوە هاوڕانین لەگەڵیان، ئێستاش سوود لە پشتگیری ئەمریكا دەبینن بۆ درێژەدان بە چەوساندنەوە.

گەلی كورد لە سووریا بەش كراوە. بەشێكیان لەگەڵ ئەمریكا دەجەنگێ‌ و پێشتریش لەگەڵ رژێم بووە، بەشەكی دیكەشیان رووبەڕووی ستەم دەبێتەوە، ئەوانەی دیكەش چاوپۆشی لە كردەوە دیكتاتۆرییە ستەمكارییەكەی دەكەن، چونكە لەشەڕی دژی داعشدا لەرەققە بەكاریاندێنن.

پرسیار: دەترسی توركیا لەنێو خاكی سووریا دەستوەردان بكات و گورزێكی گەورە لەكورد بووەشێنێت؟

بارزانی: پێشبینی ناكەم گورزێكی گەورە بووەشێنێت و دەستوەردان بكات، بەڵام دەكرێت تەق و تۆق و سنووربەزاندن هەبێت.

پرسیار: هیچ پەیوەندیێك لە نێوان ئێوە و ساڵح موسلیمدا هەیە؟

بارزانی: دەمێكە پەیوەندیمان نییە، دوای ئەوەی لەسەر سیاسەتی هەڵەی خۆیان بەردەوام بوون لە چەوساندنەوەی رێكخستنەكانی دیكەی كورد، چاكەیان لەبەرچاو نەبوو، پەیوەندیمان لەگەڵیدا نەما.

پرسیار: ئایا راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هەستی كوردەكان لە وڵاتانی دراوسێ رادەچڵەكێنێ‌؟

بارزانی: كاریگەری دەبێت، بەڵام لەرووی عەمەلیەوە پێچەوانەكەی دەبینم، لەئایندەدا كاریگەری ئەرێنی دەبێت، هانیشیان دەدەین لە گرتنەبەری رێگەی ئاشتی و گفتوگۆ و شێوازی دیموكراسیانە بۆ گەییشتن بەچارەسەر لەگەڵ وڵاتەكانیان، هەر پارچەو تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ‌ كورد لە هەموو ئەو وڵاتانە بە شێوەیەكی ئاشتیانە مافەكانیان بەدەست بێنن، لە پێناویشیدا كار دەكەین.

پرسیار: حەزەكانت چین؟

بارزانی: لەو رۆژەی چەكم كردووەتە شان لە 20ـی ئایاری 1962 پێشبینیم نەكردووە تاوەكو ئەمڕۆ بژیم، بەڵام كاتێك چەكم كردە شان ئامانجم ئەوەبووە كوردستانێكی سەربەخۆ ببینم. ئێستا من زۆر دڵخۆش و گەشبینم، چونكە شەوتێكی گەورەمان بڕیوە، لەو ساتەی سەربەخۆیی كوردستانی تێدا رادەگەیەندرێت، ئینجا وایدادەنێم كە پەیامەكەی خۆمم جێبەجێكرد.

پرسیار: ئێمەش لە بانگهێشتكراوەكان دەبین؟

بارزانی : ئێوە هەمیشە لە كوردستان بانگهیشتكراون.

پرسیار : پێتوایە كوردستان لە ساڵی 2017 یان 2018 سەربەخۆ دەبێت؟

بارزانی : با گشتپرسی و ئەنجامەكەی ببینین.

پرسیار: ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەی كاركردنە بە نەخشەكان لە ناوچەكە؟

بارزانی :یەكەم ئەو نەخشانە دروستكراون، سرەوشتی نین. سەیری ئەزموونی گەلانی دیكە بكە لە چیكۆسلۆڤاكیا، بەلکان و یەكێتی سۆڤیەت، بۆ تەنها لە كوردستان وای دابنێین كە تاوانێكمان كردووە، لەبەرئەوەی دەمانەوێ‌ گوزارشت لە رای خۆمان بكەین؟ گەلەكەمان دەیەوێ‌ بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

پرسیار: پێتوایە تۆ لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجەت نزیك بوویتەوە، كە یاسر عەرەفات نەیتوانی بیهێنێتەدی؟

بارزانی: پێموایە ئەوەی لێرە بەدەستهاتووە جیاوازە لەگەڵ ئەوەی لەوێ‌ بەدەستهاتووە، یەكەم لەڕووی جوگرافیا، راست نییە رەوشی هەرێمی كوردستان بە فەلەستین بەراورد بكەین، رەوشەكە جیاوازە، منیش قەرزاری عەرەفاتم، چونكە هاوكاریكردووم كاتێك پێیویستیم بە هاوكاری بووە، كاتێك رووبەڕووی هەوڵی تیرۆركردن بوومەوە لە ساڵی 1979 لە نەمسا، ئەو رزگاری كردم.

پرسیار: نەشڵەژاوی؟

بارزانی: من هیچ شڵەژاونیم، ئەگەر لە چاوەڕوانی قەدەریش بمێنینەوە، موجازەفەیەكە، 100 جار ترسناكترە لە هەنگاوی گشتپرسی.

کۆمێنتەکان

 
delshad | 3/10/2017
jenabe sarok vay betxom, piyawi kuri piwayi

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

ناسر | 20/11/2017 08:56:03 ص
جیا بوونەوە پێویست بە یاسا ناکات.
کوردسرائیل | 20/11/2017 10:30:58 ص
شەکری خوارد ،نوێنەری کوردی تیا نیە و بڕیارەکەش سیاسیە
دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی گشتپرسی دەرکرد
| دوێنێ کاژێر 10:47 | (2)
Azad Azad | 20/11/2017 10:12:50 ص
كه‌ركوك له‌ لایه‌نی هه‌ڤاڵانی ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ریه‌وه‌ فرۆشراوه‌ وه‌ ئێستاش كه‌ركوك داكیر كراوه‌ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت شه‌رعیه‌ت ساز كه‌ن بۆ داكیر...
ئەحمەد عەسکەری: یەکێتی لە دەرەوەی کەرکووک بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ناکات
| 16 کاژێر لەمەو بەر | (1)
ره شید | 17/11/2017 01:38:58 م
ده ستتان خوش ، من پرسیاریک له جه نابت و خوینه رانی به ریز ده که م له کامه ولاتی موسولمان له جیهاندا توزقالیک ریز له دیموکراسی و رای گشتی خه لک وه...
كةتةلونيا | 19/11/2017 09:39:10 م
ماموستا سلام ؟ پرسيار ئةوةية .... أوروپا بة حساب ديموكراتيةت ليي دةچورى ؟ بو هةزمي ( ريفراندومةكةى ) كةتةلونيا ناكات ؟؟؟؟؟ كةواتة مةسةلةكة توزيك ورد...
رۆژهەڵاتی ناوین هەزمی ریفراندۆم ناكات
| 17/11/2017 | (2)
مةملةكةتى پياوةتى | 16/11/2017 08:10:56 ص
مةحالة سةركةوتن بة بي تاقيكردنةوة و پاكسازى !!!! ، نةبووة و نابيت !!!، ئةم گولةش كة حساب نةكرا ، هةر ئةو حةكةمة نا دادپةروةرانة ، هةر بة نادادپةروةرى...
هادي | 19/11/2017 07:00:22 م
کاك كاوە دەست خۆش ..لەدايك بووني دەوڵەتي كوردي بە عەرەبي پێی ئەڵێن (محاض) یاخود ژان یان ژانێکي قورسي ئەوێت كاك كاوە لە سايکس بیکۆوە حەکەمەكان عادل...
گۆڵەکەی بارزانی!
| 16/11/2017 | (3)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

دیندار زێباری: لە دوو هەفتەی رابردوودا 1000 خێزانی دیكە ئاوارە بوون 3 کاژێر لەمەو بەر |

دیندار زێباری: لە دوو هەفتەی رابردوودا 1000 خێزانی دیكە ئاوارە بوون

داوامان لە ئەمریكا كردووە تیمی بەدواداچوونی زۆرتر
زریان لەسەر شكانی بۆڕییەك كوژرا 3 کاژێر لەمەو بەر |

زریان لەسەر شكانی بۆڕییەك كوژرا

هاوژینەکەی بەدەم گریانەوە چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە زۆرتر
ئەنفلۆنزای باڵندە لە کۆریای باشوور دەرکەوتەوە 9 کاژێر لەمەو بەر |

ئەنفلۆنزای باڵندە لە کۆریای باشوور دەرکەوتەوە

ئەوە یەکەم حالەتی دەرکەوتنەوەی ئەو ڤایرۆسەیە زۆرتر
0.391 seconds