رووداو - هەولێر
لە وەڵامی گوتەکانی مالیکی لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت، دکتۆر بەرهەم لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێ "نووری مالیکی باسی وتووێژێکی ساڵی 2006 دەکات، کە لە دیدارێکدا گوتوومە بەرپرسانی سەر بە پارتی و یەکێتیش نەوتیان بە قاچاخ بردووە".
جێگری سەرۆككۆماری عێراق رایگەیاند "بەرهەم ساڵح، سیاسەتوانی دیاری كورد و ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان پێیڕاگەیاندم، پارتەكەی خۆی (یەکێتی) لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەرژەوەندی خۆیان نەوت دەدزن، نەك بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان".
مالیكی هەروەها دەڵێ "لەڕێگەی مانگی دەستكردەوە وێنەی نەفتخانەمان وەرگرت، دەركەوت چەندین تانكەری نەوت لەدوای یەكدی وەستاون و لە بیرەكاندا نەوت دەدزن. نەوتەکە بەرەو ئێران و ئەفغانستان دەگوازرایەوە، بەدوای بەڕێز بەرهەم ساڵحم نارد، كە جێگری سەرۆكوەزیران بوو، پێمگوت: ئەوە چییە بەرهەم؟ ئەو دزینی نەوتە چییە؟ پارتی دیموكراتی كوردستان نەوت دەدزێت، گوتی لە راستیدا تەنها پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، تەنانەت یەكێتی نیشتیمانیش دەیدزێت".
نووسینگەی رۆژنامەوانی بەرهەم ساڵح، سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دەڵێ "نووری مالیکی، جێگری سەرۆککۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنیی کەناڵی دیجلە، باس لە وتوێژێکی ساڵی 2006 دەکات لەگەڵ دکتۆر بەرهەم. کە سەبارەت بەقاچاخبردنی نەوت لە کێڵگەی نەفتخانە لە خوارووی خانەقین بووە".
وەکو لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "ئەو دیدارەی بەرهەم ساڵح و نووری مالیکی بۆ زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەداخەوە هەندێک میدیای جێی گومانیش دەیانەوێت وا نیشانی بدەن، کە مێژووی ئەو گفتوگۆیە هاوکاتی مێژووی دوای گشتپرسی و لەدەستدانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە. وەک ئەوەی بیانەوێت پەردەپۆشی شکستە گەورە و نوێکانیان بە لێڵکردنی راستیەکانی ئەو دیدارە کۆنەوە، بکەن".
لەو دیدارەدا کە لە ساڵی 2006 بووە وەکو نووسینگەی رۆژنامەڤانیی بەرهەم ساڵح ئاشکرای دەکات "دکتۆر بەرهەم گوتوویەتی: ئەو بەقاچاخبردنە تەنها کاری یەک لایەن نییە، وەکو مالیکی جەختی دەکردەوە، کە ئەو کارە تەنها پارتی بێت، ئەم کاری بەقاچاخبردنی نەوتە، لایەنی سەر بە پارتی و سەر بە یەکیتیشی تێدا بەشدارە، هەربۆیەش دوای ئەو گفتوگۆیە نووری مالیکی و دکتۆر بەرهەم، راستەوخۆ سەردانی جەنابی مام جەلال دەکەن بۆ رێگریکردن لەو بەقاچاخبردنە، کە بەپێی زانیاری و وێنەی مانگە دەستکردەکان، کاروانی تانکەرەکان دەگەیشتنە ئەفغانستان و ناوەڕاستی ئاسیا".
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی بەرهەم ساڵح دووپاتی دەکاتەوە "بەهیچ جۆرێک باسی جوڵانی هێز نەکراوە و، هەوڵدراوە لە رێگەی جەنابی مام جەلالەوە رێگری لەو کارە بکرێ. بۆیە بە گرنگی دەزانین دووپاتی بکەینەوە؛ ئەوکاتە و ئیستاش لای دکتۆر بەرهەم تاڵانی نەوت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، کاری تاک لایەن نەبووە و نییە، بەڵکو کاری هاوبەشی تۆڕێکی مشەخۆرە، کە یاری بە موقەدەراتی گەل دەکەن، بەرژەوەندییەکانیان لەسەر کۆمپانیای هاوبەش و برابەشی و تاڵانی وڵات بنیاتنراوە، کە سنوورەکانی حیزب، ناوچە، مەزهەب و نەتەوەشی تێپەڕاندووە و، ئەم نیشتمانەیان بەم رۆژگارە ناخۆشە گەیاندووە".



