رووداو-هەولێر
لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی منداڵبوون لە ئەفغانستان رۆژانە زیاتر لە 60 منداڵ لەدایک دەبن و رێكخراوێكی فەرەنسی کە سەرپەرشتی کارە پزیشكییەکانی نەخۆشخانەکە دەکات دەڵێت، سەرباری شەڕ و ناکۆکییەکانی نێو وڵاتەکە بەڵام لە بەشێك لە نەخۆشخانەکان چاودێرییەکی باشی دایک و منداڵەکان دەکرێت.
ئەسما ئەکبەری، کە هاتووەتە ئەو نەخۆشخانەیە بۆ ئەوەی منداڵەکەی لەوێ لەدایک بێت، دەڵێت: "یەکەم منداڵم لە ماڵەوە لەدایکبوو بەڵام مرد، بۆیە ئەمجارە هاتوومەتە ئێرە، چونکە وابیر دەکەمەوە ئێرە باشترین شوێنە، نەخۆشخانەکانمان بەگشتی ئامێری باش و پێشکەوتوویان نییە هەروەها پشکنینی باش بۆ نەخۆشەکان ناکەن، بەشێوەیەکی گشتی گرنگی بە نەخۆشەکان نادەن".
نەخۆشخانەکە لە ساڵی 2012ەوە کراوەتەوە، زۆربەی ستافی ئەم نەخۆشخانەیەش ئافرەتن و ساڵانە 24 هەزار منداڵ لەم نەخۆشخانەیەوە چاویان بە دونیا هەڵدێنن.
ئەفغانستان یەکێکە لەو وڵاتەی کە تاوەکو ئێستاش زۆربەی خانمان لە ماڵەوە لەژێر دەستی کەسانی ناشارەزا منداڵیان دەبێت، نەبوونی شارەزایی و پێداویستییە پزیشکییەکانیش لەو کاتە دەبێتە هۆی مردنی منداڵەکە و چەندین گرفتیش بۆ دایکەکە دروستدەبن.
بوونی ئەو نەخۆشخانەیە وایکردووە رێژەی مردنی منداڵ لەو وڵاتە کەمببێتەوە، لە نەخۆشخانەکە خزمەتێکی باشی خانمان و کۆرپەکانیان دەکرێت و هەموو چارەسەرییەکانیش بەخۆڕاییە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان