وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سعودیە و ئێران، لوبنان بەرەو كام چارەنووس دەبەن؟

لەلایەن رووداو 16/11/2017
 كاتی وازهێنانی سەعد حەریری، سەرۆكوەزیرانی لوبنان سەرنجڕاكێش بوو
كاتی وازهێنانی سەعد حەریری، سەرۆكوەزیرانی لوبنان سەرنجڕاكێش بوو

رووداو- هەولێر

سەرەتای هەفتەی رابردوو سەعد حەریری سەرۆكوەزیرانی لوبنان، دەستكێشانەوەی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند. ئەوەی لەو رووداوەدا سەرنجی چاودێرانی راكێشاوە و پێیانوایە دەكرێت ئاماژەی مەترسیداری بۆ دۆخی داهاتووی لوبنان تێدا بێت، شوێنی راگەیاندنی بڕیارەكەی حەریری، هۆكارەكانی دەستكێشانەوە و كاتی راگەیاندنەكەی بوو.

رۆژی چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵ، سەعد حەریری لە راگەیەندراوێكی تەلەفزیۆنیدا بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستكێشانەوەی خۆی راگەیاند. حەریری لە گوتارەكەیدا گوتی كە پیلانێك بۆ كوشتنی هەبووە و ئێران و گرووپەكانی سەر بەو وڵاتە بە هۆكاری ناسەقامگیریی لوبنان و ناوچەكە تۆمەتبار كرد. یەكێك لەو پرسیارانەی تاوەكو ئێستاش لێدوانی جیاواز لەبارەیەوە دەدرێت، پەیوەندی بە شوێنی راگەیاندنی بڕیارەكەوە هەیە، واتە سعودیە. 

دوو بەرپرسی حكومەتی لوبنان بە ئاژانسی (رۆیتەرز) یان راگەیاندووە كە حكومەتی لوبنان بڕوای وایە حەریری لە سعودیە دەستبەسەر كراوە. سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكوەزیرانی لوبنانیش رایگەیاند كە سعودیە فەرمانی بە حەریری كردووە دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە و دواتریش دەستبەسەری كردووە.
 
بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی ئەلیكترۆنی (ئیندیپێندنت)ی بەریتانی، سەعد حەریری رۆژی سێی تشرینی دووەم كە گەیشتووەتە فڕۆكەخانەی ریاز، لەوێ یەكەم شت كە بینیویەتی ژمارەیەك پاسەوان و پۆلیسی سعودی بوونە كە دەوری فڕۆكەكەیان داوە و دواتر دەستیان بەسەر مۆبایلی حەریری و پاسەوانەكانیدا گرتووە.

تاوەكو ئێستا نە حكومەتی سعودیە و نە سەعد حەریری هیچ لێدوانێكیان بۆ پشتڕاستكردنەوە یان رەتكردنەوەی ئەو زانیارییانە نەداوە، بەڵام بەرپرسێكی باڵای حكومەتی لوبنان بە (رۆیتەرز)ی راگەیاند كە دەستبەسەركردنی حەریری "هێرشێكە بۆ سەر سەروەری و كەرامەتی لوبنان، بۆیە لەگەڵ وڵاتانی دیكە لە پەیوەندیداین بۆ ئەوەی بتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ لوبنان". حكومەتی لوبنان تاوەكو ئێستا دەستكێشانەوەی حەریری قبووڵ نەكردووە و بە سەرۆكوەزیرانی "یاسایی" لوبنانی دەزانن.

ناڕەزایەتی تەنیا لەناو كوتلە جیاجیاكانی حكومەت و پەرلەمانی لوبناندا نەماوەتەوە، بەڵكو بزووتنەوەكەی حەریری، (رەوتی موستەقبەل)یشی گرتووەتەوە. رۆژی پێنجشەممەی رابردوو سەركردایەتی ئەو بزووتنەوەیە كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكە فوئاد سەنیورە، سەرۆكوەزیرانی پێشووی لوبنان، راگەیەندراوێكی خوێندەوە كە تێیدا جەختی كردە سەر ئەوەی "پێویستە رێز لە هاوسەنگیی نێوخۆیی و دەرەكیی لوبنان بگیرێت". 

ساڵی رابردوو لەدوای رێككەوتنێكی نێوان رەوتی موستەقبەل، حیزبوڵڵا و مەسیحییەكانی لوبنان، سەعد حەریری وەكو سەرۆكوەزیرانی لوبنان دەستبەكار بوو. سەرەتا سعودیە ستایشی حكومەتە تازە دامەزراوەكەی كرد، بەڵام لە پاش دەستكێشانەوەی حەریری هەڵوێستی سعودیەش توندتر بوو.

بەرپرسێكی باڵای حكومەتی لوبنان دەڵێت كە ریاز دەیویست حەریری سنوورێك بۆ حیزبوڵڵا دابنێت "بەڵام حەریری وەكوو هەمیشە كاری خۆی دەكرد، بۆیە سعودییەكان هەستیان كرد دەبێت گوشارەكانیان زیاتر بكەن و ناچار بە دەستلەكاركێشانەوەی بكەن". حەریری بەدەر لە ململانێی سیاسی، كێشەی قووڵی بنەماڵەییان لەگەڵ  حیزبوڵڵای لوبنانیدا هەیە، ئەوان حیزبوڵڵا بە بكوژی رەفیق حەریری، باوكی سەعد حەریری دەزانن.

بنەماڵەی حەریری پەیوەندییەكی لەمێژینەی بازرگانییان لەگەڵ سعودیەكاندا هەیە. سەعد حەریری خۆی لەو وڵاتە لەدایكبووە، لە هەردوو قۆناغی سەرۆكایەتی حكومەتی خۆیدا لەژێر گوشاری ململانێی سعودیە و حیزبوڵڵای هاوپەیمانی ئێراندا بووە. سەعد حەریری یەكەمجار لە 2009 تاوەكو سەرەتای 2011 سەرۆكوەزیرانی لوبنان بوو، ئەوكاتیش لای بەرپرسانی ئەمریكی گازندەی ئەوەی كردبوو كە سعودییەكان گوشارێكی زۆریان بۆ هێناوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەتی سووریا رێككەوتنی ئاشتی واژۆ بكات. لە كانوونی دووەمی 2011 چەند كاژێرێك دوای وێنەگرتن لەگەڵ باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، سەعد حەریری ناچار بوو كۆتایی بە قۆناغی یەكەمی سەرۆكایەتی حكومەت بهێنێ، دوای ئەوەی حیزبوڵڵا و هاوپەیمانەكانی لە حكومەت كشانەوە و حكومەت بە كردەوە لە كاركەوت. 

كاتی دەستكێشانەوەكەی حەریریش سەرنجڕاكێشە. رۆژێك پێش راگەیاندنی بڕیارەكەی، حەریری لە بەیروت لەگەڵ عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری كاروباری دەرەوەی رابەری ئێران كۆبووەتەوە. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە كە تێیدا جەخت لەسەر "بەرژەوەندییەكانی لوبنان" كرابووەوە. حەنین غەدار، توێژەر لە پەیمانگای واشنتن، پێیوایە سعودیە دەشێت دوای كۆبوونەوەكەی ویلایەتی و حەریری بڕیاری دابێت گوشارەكان لەسەر سەرۆكوەزیرانی لوبنان زیاتر بكات.

هەمان رۆژ كە سەرۆكوەزیرانی لوبنان بڕیارەكەی خۆی راگەیاند، حەسەن نەسروڵڵا، رابەری بزووتنەوەی حیزبوڵڵاش پەیامێكی تەلەفزیۆنی بڵاوكردەوە كە تێیدا سعودیەی بەوە تۆمەتبار كرد "حەریرییان ناچار كردووە دەست لەكار بكێشێتەوە". بەڵام پەیامەكەی نەسروڵڵا بە پێچەوانەی زۆربەی جاران، نەرمتر و داوای لە خەڵكی لوبنان كرد "بە سەبر و خۆڕاگرییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن". غەدار پێیوایە گوتارەكەی نەسروڵڵا ئاماژەیەك بوو بۆ ئەوەی بڕیارەكەی حەریری حیزبوڵڵای تووشی شۆك كردووە. 

بیلال سەعب، توێژەر لە پەیمانگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دەڵێت حەریری، سەرەڕای كێشە بنەماڵەییەكانی لەگەڵ حیزبوڵڵا، هەموو كات هەوڵی داوە وەكوو سیاسییەكی پراگماتیست مامەڵە لەگەڵ حیزبوڵڵا بكات، بۆیەش لە ماوەی یەك ساڵی رابردوودا چەندین جار سازشی لەگەڵ كردوون.
 
جیا لەمە، حیزبوڵڵا دەزانێت ئەمریكا و وڵاتانی سوننەی ناوچەكە بەنیازی دروستكردنی گوشاری سیاسی و دارایین لەسەر بزووتنەوەكە، بۆیە هەڵوەشانەوەی حكومەت لەو قۆناغەدا نیگەرانی كردوون. ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە لە دەرەوەی حكومەت بێت، ئەوە ئەمریكا و سعودیە دەستیان كراوەتر دەبێت لەوەی گوشاری بخەنە سەر. لەو حاڵەتەشدا پێگەی جەماوەری و متمانەی خەڵك بە رێكخراوەكە كەم دەكات، ئەمەش لە كاتێكدا نزیكەی شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی لوبنان ماوە. حیزبوڵڵا پێویستی بە حكومەتی ئێستای لوبنانە بۆ ئەوەی سزاكانی سەریان سنووردار بن.
 
بیلا سەعب بە دووری دەزانێت دۆخی ئێستا بتوانێت لوبنان بخاتە نێو شەڕی نێوخۆیی سوننە و شیعەوە، لەبەر ئەوەی سوننەی لوبنان و تەنانەت سوپای لوبنانیش دەزانن لەو شەڕەدا حیزبوڵڵا براوە دەبێت. بەڵام دەكرێت سەرەتای "ململانێیەكی سیاسیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی بێت" كە تێیدا ئێران و سعودیە كارتەكانی خۆیان دەخەنەكار.

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

ره شید | 22/01/2018 10:52:36 ص
ته جروبه و رووداوه کانی باشووری کوردستان ئه م راستیه مان بو مسوگه رده کا که باشترین ریگه بو کورده کانی سوریا ئه وه یه ده س به دانوستانی جیدی و به هه...
عەفرین لەبەردەم ‌هەڕەشەی جەنگ و کاولکاریدا
| دوێنێ کاژێر 09:12 | (1)
ر ه شید | 22/01/2018 10:42:38 ص
ده س خوش ، سالیانیکی دور و دریژ ئیران به حکوومه ته که ی حه مه ره زاشاشه وه پشتیوان و شه ریکی ستراتیجیکی کوردی عیراق بوو و به لام له سالانی دواییدا...
تاران نیوەی رێگایە
| دوێنێ کاژێر 09:02 | (1)
Haval | 21/01/2018 01:49:30 م
دەست خۆش بەڕاستی واقعیانە بوو من زۆر دڵنیام سەدامی دیکتاتۆر و قەزافی و عەلی عبدالله سالح و هاوشێوەکانی لەگەڵ دارودەستەکانیان هەمان گفتوگۆیان هەبووە...
Nabaz Qdir
Nabaz Qdir | 22/01/2018 07:24:30 ص
dast xosh zor jawan mamalat lagal daqakat krdwa
خاوەنشكۆ
| 21/1/2018 | (2)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

نزیكەی 30 هاونیشتمانی دهۆك لەنێوان توركیا و یۆنان بێسەروشوێنن 4 کاژێر لەمەو بەر |

نزیكەی 30 هاونیشتمانی دهۆك لەنێوان توركیا و یۆنان بێسەروشوێنن

فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران: شوێن نەماوە زۆرتر
تۆپخانەکانی تورکیا رۆژئاوای عەفرین تۆپباران دەکەن 5 کاژێر لەمەو بەر |

تۆپخانەکانی تورکیا رۆژئاوای عەفرین تۆپباران دەکەن

شەڕ و پێکدادان و بۆردوومانی فڕۆکەکانیش بەردەوامە زۆرتر
کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس بە هەواڵی خۆش و ناخۆش دەستپێدەکات 5 کاژێر لەمەو بەر |

کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس بە هەواڵی خۆش و ناخۆش دەستپێدەکات

" لە ساڵی 2018 و 2019ـیشدا گەشەی ئابووری بەردەوام زۆرتر
0.453 seconds