رووداو-هەولێر
ئێران هەناردەکردنی گازی سرووشتی بۆ عێراق راگرت و ئەوەش کاریگەری لە سەر بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق دەبێت.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەنگاوەکەی حکومەتی ئێران کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی بڕی کارەبای وڵات دروستدەکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە گازی سرووشتی ئێران دەبەستێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبای.
حکومەتی ئێران هۆکاری راگرتنی گازە سرووشتییەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەی چەند رۆژێک پێش ئێستا زیان بە بۆری تایبەت بە گواستنەوەی گازی سرووشتی بۆ عێراق گەیشتووە.
وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، گازی سرووشتی ئێران بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ دوو وێستگەی کارەبای رۆژهەڵاتی بەغدا و وێستگەیەکی پارێزگای دیالە بەکاردەهێندرێت.
بەرپرسانی ئێرانیش بە حکومەتی عێراقیان راگەیاندووە، دەست بە چاککردنەوەی بۆرییەکە کراوە، بەڵام چەند رۆژێکیان پێویستە تاوەکو بۆرییەکە بە تەواوی چاکدەکرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان