وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

مەلا حەموودی هیلالی: خەڵك لەناو مزگەوت لە بەغدادی كۆبوونەوە و ماچیان كرد

لەلایەن سیداد لەشكری 4/7/2017
مەلا حەموودی هیلالی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی نووری لە مووسڵ
مەلا حەموودی هیلالی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی نووری لە مووسڵ

رووداو- مووسڵ

رۆژی 27/6/2014 چەكدارێكی داعش هاتە نێو مزگەوتی نووری و بە پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەكەی راگەیاند كە ئەم هەینییە گوتار نادات و ئەوان گوتارخوێنی خۆیان دەهێنن. چەكدارەكە ناوی ئەبو حوسام بوو، گوتارخوێنە تازەكەش ئیبراهیم عەواد بوو كە دوو رۆژ دواتر بەناوی ئەبوبەكر بەغدادی، وەكو خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام بە خەڵك ناسێنرا و داوا لە خەڵكی ژێر دەسەڵاتی داعش كرا بەیعەتی پێبدەن. 

مەلا حەموودی عومەر هیلالی كە گوتارخوێنی مزگەوتی نووری بووە لە مووسڵ، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) چیرۆكی ئەو رۆژە دەگێڕێتەوە كە ئەبوبەكر بەغدادی لە شوێنی ئەو چووەتە سەر مینبەر و گوتاری هەینی پێشكەش كردووە.

 
رۆژی گوتارەكەی بەغدادی تەلەفۆن لەكارخرابوو

رووداو: چۆنتان زانی كە داعش هاتووەتە ناو مووسڵەوە.. ئەوان كە هاتن شەو بوو، پێشتر جموجوڵیان هەبوو؟

مەلا حەموودی: جموجوڵی ئەوان لە ناوچەكانی چواردەوری مووسڵ دەستیپێكرد، ئێمە كە هەندێك لە سەنتەری شارەوە نزیكبووین، زانیاریمان نەبوو لەسەر هاتنیان، رۆژانی هاتنیشیان پێنجشەممە و هەینی بوو، شەممەش پشوو بوو، ئەو رۆژانە فەرمانگەكان نین و جووڵەش كەمە، ئەوان ئەو هەلەیان قۆستەوە و هاتنە ناوەوە.

رووداو: ئێوە لەسەرەتاوە چۆنتان زانی كە داعش هاتووە؟

مەلا حەموودی: شەڕ روویدا و سوپا پاشەكشەی كرد و شانە نووستووەكانی ئەوان دەستیان بە جموجوڵ كرد و هاتنی خۆیان راگەیاند. ئەوانیش لە دەرەوە رایانگەیاند كە لایەنگرانیان لە ناوەوەی مووسڵن و پشتگیرییان دەكەن.

رووداو: یەكەم رۆژی هەینی كە ئەوان هاتن، تۆ گوتارت لە مزگەوتدا خوێندەوە، دۆخەكە ئەوكات بەشێوەیەكی گشتی چۆن بوو؟

مەلا حەموودی: یەكەم هەینی نیمچە قەدەغەی هاتوچۆ هەبوو، جووڵە نەبوو، تەنیا شەڕ هەبوو، بۆیە گوتاری هەینیش نەبوو، بەڵام هەینی دوای ئەوە دەستمانكردەوە بە گوتاردان.

رووداو: لەسەرەتاوە هەڵسوكەوتی داعش لەگەڵ خەڵك چۆن بوو؟

مەلا حەموودی: هەڵسوكەوتیان بەشێوەیەك بوو كە تۆ حەزت لێدەكرد، بەڵام بەتێپەڕینی كات روونبووەوە كە قسەیان شتێكە و كرداریان شتێكی دیكەیە.

رووداو: لە ماوەی مانگی یەكەمدا تاوەكوو راگەیاندنی خەلافەتی داعش پاش مانگێك، كاروباری مووسڵ چۆن بەڕێوەدەبرا؟

مەلا حەموودی: سەرەتا ئەوان بایەخیان بە خەڵك و مزگەوتەكان نەدەدا، بە شتی گرنگترەوە سەرقاڵ بوون، بارودۆخەكە ئاسایی بەڕێوەدەچوو، چونكە دەوڵەتەكە تازە دروستبووبوو، خەڵكیش هیچ بژارەیەكی دیكەیان نەبوو، هیچ چارەسەرێكی دیكەیان نەبوو، خەڵكیش ژیانی ئاسایی خۆیان بەسەردەبرد، ئاسوودە بوون. خەڵك بارودۆخەكەیان قبوڵ بوو، ئەو گوشارەی سوپا و پۆلیس پێشتر خستبوویە سەریان وایكردبوو خەڵك گۆڕانكاریی بوێت، جا جێگرەوەكە هەرچییەك بێت، ئەمەش بەهۆی زۆریی گوشار و دەستدرێژی و دەستگیركردن و سەغڵەتكردنی خەڵك لەسەر كار و لە شەقامەكاندا، لەبەرئەوە خەڵك داوای گۆڕانكارییان دەكرد بە چاوپۆشین لەوەی جێگرەوەكە كێیە.

رووداو: ئەو رۆژەی بەغدادی هاتە مزگەوتەكەی ئێوە مزگەوتی نووری، چ جیاوازییەكی هەبوو لەگەڵ ئەو شەش ساڵەدا كە بەرلەوە ئێوە لەوێ گوتارتان دەدا؟
 
داعش گوتاری هەینیی چاپكراوی بەسەر مزگەوتەكاندا دابەش دەكرد


مەلا حەموودی: نزیكەی مانگێك تێپەڕیبوو بەسەر هاتنی ئەواندا كە هاتنە مزگەوتەكە و خەلافەتیان تێدا راگەیاند. ئەوكات خەڵك تینووی گۆڕانكاری بوون، لەبەرئەوە هەستیان بە ئارامی و ئاسایش دەكرد و بە ویستێكی زۆرەوە پێشوازییان لێكرد، گوتارەكەی بەغدادی تەنیا راگەیاندنی خەلافەت بوو، هەرچی گوتاری ئێمەیە باسی لە ژیانی ئاسایی دەكرد و خەڵك چی دەوێت و پێویستی بە چییە، بەڵام گوتاری ئەو گوتاری راگەیاندنی خەلافەت بوو، هەروەها پێشاندانی بە جیهان كە خەلافەت لێرەوە راگەیەندرا و لایەنگرەكانی لێرە بوون، تا خەڵك بزانن كە ئەو بووەتە خەلیفە و خەڵكیش پەیمانی پێبدەن.

رووداو: كێ بوون ئەوانەی لە پشتی خەلیفەوە نوێژیان دەكرد؟

مەلا حەموودی: خۆم ئەو رۆژە لەوێ بووم، خەڵك وەك جاران بە نیازی نوێژكردن هاتبوون، بەڵام كە كاتی نوێژكردن نزیكبووەوە، كەسێك هات و گوتی ئێستا شێخ ئیبراهیم عەواد قسەتان بۆ دەكات و لەوێوە خەڵك تێگەیشت كە ئەوە خەلیفەیە. من لە مزگەوت بووم، ئەوان هاتن گوتیان ئێمە گوتاربێژمان هەیە، نە من پرسیم گوتاربێژەكە كێیە و نە ئەوان گوتیان كێیە، ناوەكەیان ئاشكرا نەكرد و منیش گوتم با گوتارەكەی بدات، كە كاتی نوێژكردن هات، زانیم كامە گوتاربێژەكەیە.
رووداو: ئەو رۆژە بارودۆخەكە بەگشتی چۆن بوو، هیچ گۆڕانكارییەك لە دەوروبەری مزگەوت روویدابوو؟ خەڵكی دەرەوەی مزگەوت چۆن بوون؟

مەلا حەموودی: لە كاژێر نۆی بەیانییەوە جموجوڵ لە مزگەوتەكەدا پەیدابوو، لەوكاتەوە ئەندامانی ئەوان هاتنە ناو مزگەوتەكەوە، دەستیان بە پشكنینی مزگەوتەكە كرد و لە دەرەوەش ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی ئەوان هەبوون. لە دوای ئەوەوە خەڵك هەستیان كرد كە شتێكی نامۆ روودەدات یان كەسێك دێت بۆ گوتاردان. هەر لەو كاتەوە پەیوەندییەكان هەموویان وەستان. ئاسیا و كۆڕەك و زێن هەموویان لەكاركەوتن، ئیدی خەڵك هەستیان كرد كە شتێك هەیە، لەبەرئەوەی ژمارەیەكی زۆریان بڵاوبووبوونەوە و روون بوو بۆ هەمووان كە ئەو رۆژە رووداوێك روودەدات.

رووداو: كێ داوای لە تۆ كرد گوتار نەدەیت؟

مەلا حەموودی: كەسێك هات ناوی ئەبو حوسام بوو، گوتی ئێمە ئەمڕۆ گوتاربێژمان هەیە و تۆ گوتار مەدە.

رووداو: ئەوان پێشتر پەیوەندییان پێوەكردبوویت یان راستەوخۆ پێیان گوتی، شێوازی گوتنەكەیان چۆن بوو؟

مەلا حەموودی: نا ئەوان پەیوەندییان نەكرد، راستەوخۆ هاتنە نێو مزگەوتەكەوە و هەموو دەرگاكانیان كردەوە، ئەو دەرگایانەش كە قوفڵدرابوون قوفڵەكانیان شكاند و گوتیان ئێمە گوتاربێژمان هەیە، پێشتر هیچیان نەگوتبوو، تەنانەت لە رۆژی گوتارەكەشدا رایاننەگەیاندبوو كە گوتاربێژەكە كێیە، تەنیا ماوەیەكی كەم بەر لە دەستپێكردنی گوتارەكە ئاشكرایان كرد و ناوەكەیان گوت.
 
خەڵك لەناو مزگەوت لە بەغدادی كۆبوونەوە و ماچیان كرد و نزایان بۆ كرد

رووداو: هاتنی خەڵك لەو رۆژەدا بۆ نوێژی هەینی كراوە بوو؟ هەموو كەس دەیتوانی بێت یان سنووردار كرابوو؟

مەلا حەموودی: نا نا هاتنی خەڵك ئاسایی بوو، تەنیا ئەوەبوو كە هەر كەسێك بهاتایە دەیانپشكنی و پاشان دەیتوانی بێتە ژوورەوە، هەروەها داوایان دەكرد كە مۆبایلەكەت بكوژێنیتەوە.

رووداو: ئەو كەسانەی لە یەكەم ڤیدیۆدا دەردەكەون لە كاتی ئەو نوێژەدا هەموویان دەموچاویان شاردراوەتەوە، ئەوانە كێ بوون؟ خەڵكی ئەم ناوچەیە بوون یان لە دەرەوە هاتبوون، عێراقی بوون یان غەیرە عێراقی؟

مەلا حەموودی: زۆرینەی ریزی پێشەوە ئەندامانی ئەوان بوون، من نازانم لە سەركردەكانیان بوون یان لە خەڵكانی ئاسایی بوون، چونكە ئەوە كەس نایزانێت و تەنیا ئەندامە نزیكەكانی خۆیان دەزانن كێ سەركردەیە و كێ ئەندامێكی ئاساییە، بەڵام دەزانم كە ریزی پێشەوە زۆرینەیان لە ئەندامانی ئەوان بوون.

رووداو: ئەبوبەكر بەغدادیت لە نزیكەوە بینی؟ قسەت لەگەڵ كرد؟

مەلا حەموودی: نا ئەو لەگەڵ هاتنی كاتی گوتاردا دەستبەجێ هاتە ژوورەوە و گوتارەكەی دا و دوای تەواوبوونی دەستبەجێ رۆیشت، هەر ئەوەندەشی رۆیشت ئیدی خەڵكێكی باش لە چواردەوری كۆبوونەوە، هەندێك سەلامیان لێدەكرد و هەندێك ماچیان دەكرد و هەندێك نزایان بۆ دەكرد. قەرەباڵخییەكی زۆر دروستبوو، ژمارەیەكی زۆری پاسەوانی چەكداریشی لە چواردەور بوون، لەبەرئەوە من نەمدەتوانی لێی نزیك ببمەوە.

رووداو: كاردانەوەی خەڵكت لە دوای گوتارەكە و راگەیاندنی خەلافەت چۆن بینی؟

مەلا حەموودی: وەك گوتم ئەوە خەونی خەڵك بوو كە گۆڕانكاری رووبدات، ئەمەش هەمووی لەبەر زۆریی گوشاری سەریان بوو، بۆیە خەڵك هەموو ئومێدیان ئەوەبوو كەسێك بێت و لەو گوشار و تەنگەتاوكردنە زۆرەی لەسەریان بوو رزگاریان بكات، لەسەرەتاوە خەڵكێكی زۆر قبوڵیان كرد. لەسەرەتاوە خەڵك بە مژدەیەكی خۆشیان دەبینی، خەڵكیش خەونیان بە خەلافەتی ئیسلامییەوە دەبینی، بەڵام خەلافەتێكی ئیسلامی لەسەر رێگەیەكی راست.

رووداو: پاش بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی كە تێیدا خەڵك سەردەبڕن، رای خەڵك چۆن بوو؟

مەلا حەموودی: ئەوە سەرەتای تۆقینی خەڵك بوو لە دەوڵەت، ئیدی لەوكاتەوە كە كوشتن دەستیپێكرد، گومان دروستبوو، دەركەوت كە قسە شتێكە و كردار شتێكی دیكەیە. ئیدی خەڵكی دەستیانكرد بە پێداچوونەوەی حساباتەكانیان. مامەڵەی زۆرینەی ئەندامانی داعش لەگەڵ خەڵكدا زۆر توند بوو، تەنانەت لەگەڵ ژنان و منداڵانیشدا، هیچ نەرمییەكی تێدا نەبوو.

رووداو:  تۆ وەك گوتاربێژی مزگەوتەكە، هەستتكرد ئەوە خەلیفەی مووسڵمانانە و لە مزگەوتەكەتدا پێشنوێژی دەكات؟

مەلا حەموودی: لە راستیدا من هەستم بە خەلافەت نەكرد، چونكە رەفتاری ئەندامەكانی ئەوان تەنانەت پێش راگەیاندنی خەلافەتیش و لە نێوان خۆشیاندا توند بوو، ئەوەی سەرپێچی بكردایە یان ئەندامێك بیویستایە وازیان لێبهێنێت دەیانكوشت، ئەمە مانای ئەوەیە شتێكی نهێنی لە ئارادایە.

رووداو: هەڵسوكەوت و كردەوەی بەغدادی لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی چۆن بوو؟

مەلا حەموودی: هەر وەزیرێك بەرپرس بوو لە وەزارەتەكەی خۆی، دیوانی دارایی بەرپرسەكەی لێی بەرپرس بوو. دیوانی مزگەوت بەرپرسی گوتاربێژ و مامۆستایان بوو، دواتر وای لێهات هەر مامۆستایەكی ئاینی نەبووایەتە ئەندامیان بەشێوەیەك لە شێوەكان دووریان دەخستەوە، تەنیا لایەنگر و ئەندامانی خۆیان لە گوتاربێژی بەردەوام بوون.

رووداو: بابەتی گوتاری رۆژانی هەینی كێ دایدەنا؟ دیاریكراو بوو یان خۆتان ئازادبوون باسی چی دەكەن؟

مەلا حەموودی: من ئەوكات لە گوتاربێژی نەمابوومەوە، بەڵام ئاگاداربووم كە گوتارەكان بە چاپكراوی دەهاتن و هەمووی هەر یەك بوو، هەمووان یەك گوتاریان پێشكەش دەكرد، باوەڕناكەم كەسیش هەبووبێت بوێرێت بیگۆڕێت یان بەشێكی لێ لابدات، چونكە ئەوە بۆی هەبوو رووبەڕووی لێپرسینەوە و تەنانەت سزاشت بكاتەوە.

رووداو: چی لە بەغدادیدا هەبوو كە وایكردبوو ئەو هەموو خەڵكە دوای بكەون؟
 
داعش 90%ی مەلاكانی پێشووی لە گوتاردان دوورخستەوە


مەلا حەموودی: هیچ تایبەتمەندییەكی نەبوو، تایبەتمەندیی لەو پروپاگەندانەدا بوو كە بۆ رێكخراوەكە دەكرا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، ئەوە وایكرد خەڵك خەون بەو خەلافەتە و ئیسلام و ئاسایشەوە ببینێت، لەبیریشمان نەچێت زانیارییە ئاینییەكان لاوازبوون و ئەوەش وایكرد خەڵك بۆ لای خۆی رابكێشێت لە هەموو رێگەكانەوە.

رووداو: دەوڵەتی ئیسلامی كە دەسەڵاتی مووسڵی گرتە دەست، ئەو هەموو خەڵكە جیاوازە كە لە وڵاتانی جیاوازەوە هاتبوون، چۆن پێكەوە دەژیان، ئەو ژیانە ئاسایی بوو وەك ئەوەی داعش پێشانیدەدا یان رووداو هەبوون و نەیاندەهێشت كەس بزانێت و دزە بكاتە دەرەوە؟

مەلا حەموودی: ئەوان پەیمانیان بە رێكخراوەكە دابوو، وەك ئەوان بیریان دەكردەوە، كێشەمان نەبوو، تەنیا ئەوە بوو هەندێك كەس لەوە دەترسان رێكخراوەكە وازیان لێنەهێنێت و دەستوەربداتە ناو هەندێك شتەوە كە هەر واشیكرد و هەندێك شتی چاككرد.

رووداو: داعش بۆچی زۆرینەی شوێنەوارە ئاینییەكانی نێو مووسڵی تەقاندەوە، هۆكاری ئەوە چی بوون و بۆچی وایاندەكرد؟

مەلا حەموودی: ئەوان بیانوویان ئەوەبوو كە ئەو مزگەوت و شوێنانە گۆڕیان تێدایە و ئەو شوێنانەی گۆڕیان تێدا بێت نوێژكردن تێیاندا رێگەپێدراو نییە، لەبەرئەوە دەیانگوت دەبێ ئەو شوێنانە یان بتەقێنرێنەوە یان بەیەكجاری بڕووخێنرێن، ئەوە هۆكاری ئاشكرای ئەو كارە بوو، لەوانەشە هۆكاری نهێنیش هەبێت و ئێمە نەیزانین.

رووداو: هیچ جارێك هەوڵتاندا رێگری لەو كارەیان بكەن یان داواتان لێكردن ئەو شوێنانە نەتەقێننەوە؟

مەلا حەموودی: ئەوان كاتێك دەیانویست كارێك بكەن نە پرسیان بە خەڵك دەكرد و نە بەخەڵكیان دەگوت چی دەكەن. تۆ هەستت بەهیچ نەدەكرد تا ئەوەی ناوچەكەیان دەگرت و مزگەوتەكەیان پڕی تەقەمەنی دەكرد و دەیانتەقاندەوە.

رووداو: ئەی بەڕای تۆ بۆچی تەقاندنەوەی منارەی حەدبای خستە دوا رۆژەكانی مانەوەی لە مووسڵ، ئایا ئەوێیان بەلاوە پیرۆز بوو یان وەك سیمبولی راگەیاندنی خەلافەت سەیریان دەكرد؟

مەلا حەموودی: مزگەوتی نووری یەكێكە لە سیمبولەكانی شاری مووسڵ، مەنارەی حەدباش مووسڵی بەناوەوە كراوە و دەگوترێ مووسڵی حەدبا، لەوێش خەلافەتیان راگەیاند و تا دوا هەناسە بەرگرییان لە خەلافەتەكە كرد، كاتێكیش هەستیان بە نا ئومێدی كرد و هێزە ئەمنییەكان لێیان نزیكبوونەوە، تەقاندیانەوە چونكە نەیاندەویست كەس جگە لە خۆیان لە شوێنی راگەیاندنی خەلافەت بێت. لای هەندێك لە ئەندامانیان ئەو شوێنە پیرۆز بوو. ئەوە رووداوێكی ناخۆش بوو، دڵمان خوێنی لێدەچۆڕێت بۆ تەقاندنەوەی منارەكە، بێگومان ئەو منارەیە لە خوێنی خەڵكی ئاسایی و شەهیدان و هێزە ئەمنییەكان پیرۆزتر نییە، بەڵام ئەوە شوێنەوارێكی مێژوویی بوو، كاتێك ئاسەوارێكی تەمەن زیاتر لە 800 ساڵ دەڕووخێ، ئەوە كێشەیە، شتێكە دڵ ئازار دەدات. بەڕاستی من ئازارم چەشت، چونكە حەدبا بووە بەشێك لە رابردوو. بە خەمەوە باسی دەكەین و نەماندەویست كارەك بگاتە ئەو دۆخە.

رووداو: چۆن مزگەوتەكەت بەجێهێشت، خۆت رۆیشتی یان لە گوتاردان دووریان خستیتەوە؟

مەلا حەموودی: ئەوان لە رۆژی دوای گوتارەكەوە پێیانگوتم ئیدی تۆ نابێ گوتار بدەیت، ئەگەر هەست بە زوڵملێكراوی دەكەیت دەتوانی بچیت لە دیوانی سكاڵاكان سكاڵای خۆت پێشكەش بكەیت و ئەوان گوێت لێدەگرن. دەشزانی كە نزیكەی 90%ی گوتاربێژ و پێشنوێژەكان لە كارەكانیان دوورخرانەوە و هۆكارەكەش ئاشكرایە.

رووداو:  چۆن خۆت رزگار كرد لە دەستی داعش؟
 
كاتی نوێژكردن كەسێك هات و گوتی شێخ ئیبراهیم عەواد قسەتان بۆ دەكات


مەلا حەموودی: كاتێك هێرشی هێزە ئەمنییەكان دەستیپێكرد، ئیدی هاوەن و مووشەك دەكەوتن، من رۆژی 13ی ئاداری ئەمساڵ لە بەری راستی مووسڵەوە بەرەو بەری چەپ هەڵهاتم، شەو بوو كاژێر سێی شەو رامانكرد، خەڵكیش دەستیان بە هەڵهاتن كرد. خەڵك ئەو كاتانەیان هەڵدەبژارد كە قەناس بەدەستەكانی لێنەبوون، یان سوپا رێڕەوی بۆ هەڵهاتنی خەڵك دەكردەوە و بە شەو رایاندەكرد، پێشبینیمان دەكرد كە دەتوانین بگەینە ناوچە ئارامەكانی دەستی سوپا و ئەو كارەمان كرد.

رووداو: لەڕووی سەربازییەوە داعش لە لەناوچوون نزیكە، پێتوایە لە رووی بیر و تێڕوانینەوە كەی كۆتایی دێت؟

مەلا حەموودی: بێگومان ئەو مێشك شۆردنەوەیەی كە لەسەر زۆر گەنج كرا، پێویستی بە كات و كاری باش هەیە، هەروەها نیازی راستگۆیانەی دەوێت، ئەگەر نیازی راستگۆیانە و كاری لێبڕاوانە هەبێت، گۆڕانكارییەك دەبینی كە هیوادارم دوور نەبێت.

رووداو: پێتوایە دوای داعش تۆڵە لەو كەسانە بكرێتەوە كە هاوكاریی داعشیان كردووە؟

مەلا حەموودی: هیوادارین تۆڵەكردنەوە روونەدات، بەڵام گوێمان لێدەبێت كە خەڵكێك كوڕیان یان باوكیان كوژراوە یان ماڵیان وێرانكراوە یان دەركراون یان خانوویان خاپووركراوە، ئەوانە دەبێ قسەیان هەبێت، بەڵام هیوادارین نەگاتە ئەوەی كە دوژمنەكانمان دەیانەوێت.

رووداو: چی بكرێت بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رووداوی هاوشێوەی سەرهەڵدانی داعش لە مووسڵدا دووبارە نەبێتەوە؟

مەلا حەموودی: ئەگەر حكومەت سیاسەتی خۆی بەرامبەر خەڵك بگۆڕێت بەرەو باشتر، ئەوكات هیچ جۆرە گرووپێكی چەكدار نابینی، بەڵام ئەگەر دەستبكەنەوە بە گوشاركردن لە خەڵك و دەستگیركردنی هەڕەمەكی و رێگریكردن لە خەڵك، ئەوكات دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی ئەوەی بینیمان.

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

hoshang | 26/07/2017 09:56:35 م
hoshang
soma fuad | 27/07/2017 05:27:51 م
ده رچوي كوليزي ئادابم به شي ده روونزاني سالي ٢٠١٥ته واوم كرديه
پێشانگەی روانگە فورەس هەزار هەلی کار دابیندەکات
| دوێنێ کاژێر 02:12 | (10)
سالار | 27/07/2017 12:41:37 م
Bjet isril
کاروان موحەممەد | 27/07/2017 02:25:53 م
پێویستە کورد، کەسایەتیەکانی کورد و کۆمەڵە و ڕێکخراو، یان نێردەی نهێنی، لە ژێرەوە لەگەڵ یەهودیەکانی ئیسرائیل کۆببنەوە و هەوڵ بدەن لۆبی بکەن لای...
نەتانیاهۆ بۆ ئەردۆغان: رەخنە لە ئیسرائیل دەگریت، ئەی گەلی کورد چی؟
| دوێنێ کاژێر 12:16 | (2)
Nawas | 25/07/2017 03:22:18 م
ئەدی پەروەردە
faris | 27/07/2017 12:37:25 م
كة ئيشيان بيتان نةما ..لة بيرتان دةكةن
وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند
| 25/7/2017 | (2)
سید عبیداله رحمن | 26/07/2017 06:08:12 ص
ده ستت خوش بیت پروفیسور دوکتور دلاوه ر دیاره نوسینی بابه ت له روژنامه بیانیه کاندا زور گرینگ و کاریگه ره بو دوزی ره وای گه له که مان . به رقه رار بی.
فرهاد فتاح حكيم | 27/07/2017 12:32:00 م
دةست خوش دكتور دلاوةر هةميشة سةركةوتوو و سةرفراز و سةر بةرزى
ئه‌مريكا ده‌توانێ كورد بكاته‌‌ هاوپه‌يمانێكی ستراتيژی شايسته‌
| 25/7/2017 | (3)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

لە هەڵەبجە لە رۆژی فشەدا پێشانگایەکی کاریکاتێری کرایەوە 15 کاژێر لەمەو بەر |

لە هەڵەبجە لە رۆژی فشەدا پێشانگایەکی کاریکاتێری کرایەوە

به‌ شێوه‌يه‌كى ته‌نزئامێز قه‌يران و گرفته‌كان زۆرتر
لە هەولێر 150 فێرخواز بەشداری لە خولێکی میوزیکی دەکەن 17 کاژێر لەمەو بەر |

لە هەولێر 150 فێرخواز بەشداری لە خولێکی میوزیکی دەکەن

بەسەرپەرشتی مامۆستایانی ئەمریکی بەڕێوەدەچێت زۆرتر
یەکەم پرۆسەی دەستکاریی جینەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا ئەنجامدرا 17 کاژێر لەمەو بەر |

یەکەم پرۆسەی دەستکاریی جینەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا ئەنجامدرا

رچەشکێن دەبێ بۆ دەرخستنی راددەی کارایی و سەلامەتی زۆرتر
0.328 seconds