وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

عێراق

دوو پەیامنێر پێشێلكارییەكانی سوپای عێراق لە موسڵ دەگێڕنەوە

لەلایەن رووداو 7/12/2017
سەربازێكی سوپای عێراق: نازانم خودا لەسەر ئەو كوشتارە سزامان دەدات یان نا؟
سەربازێكی سوپای عێراق: نازانم خودا لەسەر ئەو كوشتارە سزامان دەدات یان نا؟

رووداو ـ هەولێر

ئامانجی شەڕی رزگاركردنی مووسڵ تەنیا دەركردنی چەكدارانی داعش لەو شارە نەبوو، بەڵكو دەبووایە ئۆپەراسیۆنەكە بەجۆرێك بەڕێوەبچێ كە نەبێتە هەوێنی شەڕی تایفی لە داهاتوودا، بۆ ئەوەش پێویست بوو ژمارەی كوژراوە مەدەنییەكان و وێرانكاریی شارەكە لە كەمترین ئاستدا بن، بەڵام دوایین راپۆرتی رۆژنامەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی و (گاردیەن)ی بەریتانی، ئاشكرای دەكەن هێزە عێراقییەكان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەدژی داعش، پێچەوانەی ئەوە رەفتاریان كردووە.

یەكێك بكوژە و دووەم ئازاد بكە

پاش ئێوارەخوانی ژمارەیەك فەرماندەی سوپای عێراق لە دوایین رۆژەكانی شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵدا، ئەفسەرێكی پلەنزمی سوپای عێراق بە ناوی تەها، لە فەرماندەكەی خۆی پرسیبوو "گەورەم، چی لەو دوو دەستبەسەرە بكەین؟" یەكێكیان دانی بەوەدا نابوو كە داعشە و ئەوەی دیكەیان پاش ئەشكەنجەیەكی زۆر، دانی بە هیچدا نەنابوو. بە گوێرەی راپۆرتەكەی (گاردیەن)، تیمەكە هەوڵیاندابوو دوو گومانلێكراوەكە رادەستی هەواڵگریی عێراق بكەن، بەڵام هەواڵگری ئامادە نەبووە وەریانبگرێ.

سەرەتا فەرماندەی تیمەكە چارەنووسی گومانلێكراوەكانی دابووە دەست تیمەكە و گوتبووی "لەبەر خاچی سوور و مافەكانی مرۆڤ ناتوانین رایانگرین. تەواویان بكەن"، بەڵام پاش ماوەیەك، وەكوو ئەوەی پەشیمان بووبێتەوە، بڕیارەكەی گۆڕی و گوتی "یەكێكیان ئازاد بكەن و ئەوەی دیكەیان تەواو بكەن".

وەك (گاردیەن) دەڵێت، دوو گومانلێكراوەكە لە خانوویەكی تەنیشت شوێنی ئێوارە خوانەكە راگیرابوون. تەها چووبووە ناو ئەو ژوورەی دوو گومانلێكراوەكەی لێبوو، بە قژ ئەو گومانلێكراوەی راكێشابوو كە بڕیار بوو ئازاد بكرێ. گومانلێكراوەكە چاوی راستی ئاوسابوو، لێوەكانی شین و ئەستوور ببوون. تەها بە پێكەنینەوە لێی پرسیبوو "چاوت لەدەستداوە؟ كێ ئەمەی بەسەر هێنای، كێ وەهای لەم هاووڵاتییە بەستەزمانە كردووە؟".

گومانلێكراوەكەی دیكەیان دەبووایە وەكوو دیارییەك و بە هامەری سەربازی بۆ لای بەرپرسێكی داخ لەدڵی تیمەكە بگوازرێتەوە. مانگێك پێشتر برایەكی ئەو بەرپرسە لە شەڕی داعشدا كوژرابوو. لەگەڵ دەرچوونی هامەرەكە، گومانلێكراوەكەی كە دەبووایە ئازاد بكرێت، لەسەر شەقامێكی تاریك بەرەڵڵا كرابوو، لە كاتێكدا دەیزانی نابێت ئاوڕ بداتەوە، ئەگەرنا تەقەی لێدەكرێ.

"پارە و ئافرەتەكان بۆ خۆت"

رۆژێك پاش ئێوارە خوانەكە، پەیامنێرەكەی گاردیەن لە گەڕەكی مووسڵی كۆن گوێی لە قیژە و هاواری ئافرەتێك بووە. چەند خانوویەك ئەوبەرتر سەربازێكی سەر بە تیمێكی دیكەی سوپای عێراق باسكی ئافرەتێكی رادەكێشا، دوو سەرباز كە لەدوای سەربازەكەی دیكەوە رێیان دەكرد، بە پێكەنینەوە دەیانگوت پێنج دەفتەر (50 هەزار  دۆلار)یان لە ماڵی ئافرەتەكە دۆزیوەتەوە. یەكێك لە سەربازەكان بە گاڵتەوە گوتی "سەرەڕای پارەكە، ئافرەتێكیشی دەستكەوت".

"هەمووتان داعشن"

لە نزیك مزگەوتی نووری كە داعش لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران تەقاندیەوە، خەڵك لە خانووبەرە وێرانەكان دەردەچوون. پەیامنێرەكەی (گاردیەن) چاوی بە سەربازێكی سوپای عێراق كەوتبوو كە پیرێژنێكی لە كۆڵ كردبوو، كچێكی پیرێژنەكەش قورئانێكی بەدەستەوە بوو لە دوای ئەوانەوە رێی دەكرد و دوو سەربازیش بە نەقالە براكەیان دەگواستەوە، بۆ ئەوەی خێزانەكە بەرنە حەشارگەیەك كە تێیدا چارەسەری پزیشكییان بۆ دەكرا. خوشكەكەی بەدەم گریانەوە دەیگوت: "چووە سەر رووبارەكە ئاو بهێنێ، بەڵام نیشانشكێنەكان لێیاندا". قاچی براكەی باندج كرابوو، سكیشی بە سەختی رووشابوو.

بەڵام سەربازەكان قسەیەكی دیكەیان دەكرد. یەكێك لە سەربازەكان گوتی: "ئەمە برینی چەكدارە، بینێرن بۆ لای براكانی دیكەی". دوو سەرباز بریندارەكەیان بردە دووكانێكی بەتاڵ و لەوێ گوللەبارانیان كرد. خوشك و دایكی كوڕەكە قیژاندیان، سەربازەكان گوێیان پێنەدان، یەكێك لە سەربازەكان گوتی "ئێوە داعشن، ئێوەی خەڵكی مووسڵی كۆن هەمووتان داعشن". ئەوە یەكەمجار نییە مووسڵ و بەتایبەتیش بەشە كۆنەكەی بەو چاوە سەیر دەكرێت، بەڵكو یەكێك لەو هۆكارانەش كە وایكرد داعش بە ئاسانی دەست بەسەر مووسڵدا بگرێت، هەر ئەوە بوو كە پێش 2014 حكومەتی عێراق بە چاوێكی ئەمنییەوە سەیری ئەو شارەی دەكرد.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی (گاردیەن)، لە كاتی گرتنەوەی مووسڵی كۆندا، هەموو دانیشتووانەكەی بە چاوی گومانلێكراو سەیر دەكران، هەموو ئەو پیاوانەی تەمەنیان هی شەڕكردن بوو دەستبەسەر دەكران و رەوانەی بنكەكانی دەستبەسەری دەكران.

"دەبێ بڵێی داعشم"

لەڕێی گەڕانەوە لە كۆنەشاری مووسڵەوە، فەرماندە و سەربازەكانی تیمی تەها و پەیامنێرەكەی (گاردیەن) لە ژێرزەمینێكدا كۆبوونەوە، تاوەكو پلانێك بۆ رۆژی دواتر دابنێن. لەناكاو پەیامێك بە بێسیم هات: "داعشێكمان گرتووە". تەها بێسیمەكەی رفاند و گوتی "بۆ منی بێنن". پاشان دەمانچەكەی روو لە بن میچەكە كرد و فیشەكێكی تەقاند و گوتی "كوڕینە ئەمڕۆ ئاهەنگمان دەبێت".

 پاش نیوكاژێر، سەربازێك بە خۆی و پیاوێكی پیرەوە دەركەوت و بە تەهای راگەیاند كە پیاوە پیرەكە لەگەڵ خەڵكە مەدەنییەكە لە ناوچەكانی ژێردەستی داعشەوە دەهات، كاتێك سەربازانی سوپای عێراقی بینی ویستی بەرەو ناوچەكانی داعش رابكاتەوە. ئەفسەرەكە بە دەنگێكی گڕەوە پرسیاری لە گومانلێكراوەكە كرد: "كێیت؟” پیرەكە لە وەڵامدا گوتی "ئەندامی تیمی چارەسەری نەخۆشخانەم، تكایە سەیری كارتەكەم بكەن". تەها داوای جنسیەی لێكرد، پیرەكە پێی نەبوو، بە گوتەی خۆی داعش جنسیەكەی لێسەندووە بۆ ئەوەی نەتوانێت رابكات. 

تەها بڕوای بەو قسەیە نەكرد و پرسی: "داعش لێی سەندی یان خۆت لەناوتبرد بۆ ئەوەی ناوی خۆت بشاریتەوە؟ چۆن بزانین تۆ فەرماندەیەكی داعش نیت؟". پیرەكە پێداگری كرد لەسەر ئەوەی كە ئەو تەنیا لە تیمی پزیشكی بووە. گوتی "داعش ناچاری كردین بچینە مووسڵی كۆن و لە نەخۆشخانەی مەیدانی كاربكەین، لەوێش چارەسەری هاووڵاتییە بریندارەكانمان دەكرد. درۆ ناكەم چەكداری داعشیشم چارەسەر كردووە، چونكە ناچار بووین بیكەین. من داعش نیم و بگرە رقم لێیانە".

قسەكانی گومانلێكراوەكە بە گوێی تەهادا نەچوون، پیرەكە سوێندی بە "ئیمامی عەبباس" خوارد كە یەكێكە لە ئیمامەكانی شیعە. پاش بیستنی ئەو ناوە تەها خۆی پێنەگیرا و زللەیەكی توندی لە دەموچاوی دا و هاواری كرد "هەی ئاژەڵی پیس، ئەم ناوانە بەدەمتدا نەیەت".

تەها و سەربازەكانی بە راكێشان پیاوە پیرەكەیان لە ژێرزەمینەكە دەركرد و بردیانە خانوویەكی چۆڵ لە نزیك كەنیسە و گۆڕستانێك. لەوێ لە نهۆمی دووەم پیاوە پیرەكەیان لە نزیك دیواری پەنجەرەیەك دانیشاند و لێی كۆبوونەوە. پاشان سەربازێك كێبڵێكی ئەستووری هێنا و لە ئەژنۆی گومانلێكراوەكەی دا. لە پەنجەرەكەوە تەرمێكی رەش داگەڕاو دەبینرا. سەربازەكە گوتی "ئەویش سەر بە ئێوە بوو، چەند رۆژ لەوە پێش گرتمان و وەكوو تۆ ئامادە نەبوو دان بەوەدا بنێت كە داعش بووە".

پیرەكە سەیرێكی دەرەوەی كرد و بە ترسەوە وەڵامی دایەوە "من لە تیمی پزیشكی بووم". تەها شەقێكی لە دەموچاوی هەڵدا، پیاوە پیرەكە لەهۆش خۆی چوو. هەمووان وایانزانی مردووە، بەڵام تەها هاواری كرد "درۆ دەكات، ئاوی پێدا بكەن". پیاوەكە بەهۆش هاتەوە، دەم و چەناگە و قەمیسەكەی خەڵتانی خوێن ببوو، بەدەنگێكی نووساوەوە گوتی "هیچم نییە بۆ گوتن". بەڵام تەها كۆڵی نەدا، فەرمانی بە یەكێك لە سەربازە زلەكانی كرد گومانلێكراوەكە لە پەنجەرەوە هەڵداتە خوارەوە.  سەربازەكە كە پیرەكەی لەسەر پێیەكانی راگرتبوو، گوتی "چیت ماوە، بۆ دانی پێدا نانێی؟".. دوایین قسەی پیاوە پیرەكە پێش ئەوەی لە پەنجەرەكەوە بكەوێتە خوارەوە ئەوە بوو "چۆن خۆم بە شتێك لە قەڵەم بدەم كە نیم؟".

سەربازە زلەكە ملی لە پەنجەرەكەوە بردە دەرەوە، سەیرێكی لاشەی پیاوە پیرەكەی كرد كە لە حەوشەكە كەوتبوو، پاشان پێنج گوللەی لێدا. پاش ماوەیەكی كورت جارێكی دیكە سەری بردەوە دەرەوە، دوو گوللەی دیكەی تەقاند و بە پێكەنینەوە گوتی "ئەم دووەی دواییم لە قاچی دا، نەكا بیەوێت بگەڕێتەوە ماڵ". ئەوە پێنجەمین كەس بوو كە تەها و تیمەكەی بەو جۆرە بیكوژن. سەربازێكی سوپای عێراق لەبەر خۆیەوە بە پەیامنێرەكەی گوت "نازانم رۆژێك دادێت خوا لەبەر ئەو هەموو كوشتارە سزامان بدات یان نا؟".

كوشتار نابڕێتەوە

رۆژی نۆی تەمووزی رابردوو، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەجلی سەربازییەوە رزگاركردنی مووسڵی راگەیاند، بەڵام بە گوێرەی راپۆرتەكەی (گاردیەن)، لە پاش كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵیش كوشتار هەر بەردەوام بووە. زۆربەی جاران خەڵك بەبیانووی سەیر و سەمەرەوە سكاڵایان لە دژی یەكتر دەكرد و یەكدییان بە ئەندامێتی داعش تۆمەتبار دەكرد.

 دوو یان سێ شەو دوای رزگاركردنی مووسڵ، ژمارەیەك خەڵك پیاوێكیان پەلكێشی لای فەرماندەیەكی سوپای عێراق كرد كە بە گوتەی خۆیان سەربڕی داعش بووە. فەرماندەكە ناسنامەی گومانلێكراوەكەی دا بە سەربازێك بۆ ئەوەی بیسووتێنێ. یەكێك لە سەربازەكان بەناوی كیفاح گومانلێكراوەكەی راكێشایە سەر شەقام، خەڵكەكەش بەدوایدا دەرچوون. پاش لێدانێكی زۆر، كیفاح داوای لە بەندكراوەكە كرد رابكات، ئەویش رایكرد، بەڵام گرتیانەوە و دایانەوە بەر لێدان.

دوایین ساتەكانی ژیانی گومانلێكراوەكە زیاتر لە فیلمێكی ئەمریكی دەچوو. كیفاح دەمانچەكەی خستە سەر سەری گومانلێكراوەكە، سەربازێكی دیكە لە پشتەوە بە مۆبایل وێنەی دیمەنەكەی دەگرت. دوایین قسەی كیفاح بەر لە تەقاندنەوەی سەری گومانلێكراوەكە ئەوە بوو "ئەمە لە تۆڵەی هەموو ئەوانەی بەدەستی داعش شەهید بوون".

كیفاح گەڕایەوە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە یەكێك لە خانووبەرە داڕماوەكانی مووسڵ و چەندینجار سەیری ڤیدیۆی كوشتنەكەی كردەوە و بەدەم وردبوونەوە لە ڤیدیۆكە گوتی "ئەم ڤیدیۆیەم بۆ خاڵم تۆمار كرد، چونكە ئەو دەیویست خۆی بێتە ئێرە و داعش بكوژێ".

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامە بەریتانییەكە، سەربازە عێراقییەكان بە هۆكاری جیاواز دەستیان دابووە كوشتار. هەندێكیان متمانەیان بە دەزگای دادوەریی عێراق نەبوو، پێیانوابوو تۆمەتبارەكان دەتوانن بە بەرتیل خۆیان ئازاد بكەن، هەندێكیشیان، وەكوو كیفاح بۆ تۆڵەسەندنەوە گومانلێكراوانی داعشیان دەكوشت. كیفاح كە خۆی یەكێك لەوانە بوو لە 2014 لەگەڵ سوپای عێراق لە مووسڵ رایكردبوو، دەڵێت "لە داهاتوویەكی نزیكدا مووسڵ بەسەر یەكەی سەربازی جیاوازدا دابەش دەكرێت و ناتوانین بەبێ ئاگاداركردنەوەی فەرماندەی ناوەندی، بە شارەكەدا بسووڕێینەوە، بەڵام ئێستا كەس بە كەس نییە، دەتوانین بە باشی كاری خۆمان بكەن".

تەها و تیمەكەی دەزانن كپبوونی دەنگی چەك لە مووسڵ و شارەكانی دیكەی عێراق بە مانای سەقامگیری و ئاشتی نایەت. لە ماوەی نزیكەی 15 ساڵی رابردوودا عێراق بە كۆمەڵێك شەڕ و ململانێی تایفی سەختدا رۆیشتووە كە تێیدا جیاكردنەوەی دۆست و دوژمنی راستەقینەی عێراق كارێكی ئاسان نەبووە. 

لە یەكێك لە رۆژە ئارامەكانی مووسڵی پاش داعشدا، فەرماندە و سەربازانی تیمەكەی تەها مشتومڕی ئەوەیانە كە پاش داعش چی بەڕێوەیە؟. یەكێك لە سەربازەكان پێیوایە میلیشیا شیعەكان ئامانجی داهاتووی سوپای عێراق دەبن، بەڵام فەرماندەیەكی تیمەكە نیگەرانە لەوەی لە چەند مانگی داهاتوودا جارێكی دیكە بۆ شەڕ رەوانەی مووسڵیان بكەنەوە، ئەو دەزانێت "داعش 40 هەزار چەكداری لە مووسڵ هەبوو، بەڵام ئێمە 40 هەزار داعشمان نەكوشت، ئەوانی دی لەكوێن؟".

بۆردوومانی هەڕەمەكی

درەنگانی شەوی 20ی ئەیلولی 2015، هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی داعش گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەسەر كەناڵی تایبەتی هاوپەیمانان لە ماڵپەڕی یوتیوب بڵاوكردەوە. تایتڵی ڤیدیۆكە ئەوە بوو "هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانان بنكەیەكی بەرهەمهێنانی بۆمبی داعشی تێكشكاند". بەڵام بەدواداچوونێكی تایبەتی گۆڤاری هەفتانەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی ئاشكرای دەكات ئەو شوێنەی بۆردومان كراوە، ماڵی دوو برا بووە بە ناوەكانی باسم و محەممەد رەزۆ كە هیچ پەیوەندییەكیان بە داعشەوە نەبووە.

لە ماوەی نزیكەی سێ ساڵ و نیوی رابردوودا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی زیاتر لە 27 هەزار و 500 هێرشی ئاسمانی كردووە. وەكوو شەین هاف، گوتەبێژی فەرماندەی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا بە گۆڤارە ئەمریكییەكەی گوتووە: "ئەمریكا و هاوپەیمانان هەوڵێكی زۆر دەدەن هێرشەكانیان ورد بێت و هەڵمەتەكەی ئێمە یەكێك لە وردترین هەڵمەتە ئاسمانییەكانە لە مێژووی شەڕەكانی جیهاندا". بەڵام راپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز)ی ئەمریكی ئاشكرای دەكات ئەو شەڕە یەكێك لە ناڕوونترین شەڕەكانی ئەمریكا بووە لە مێژووی هاوچەرخی ئەمریكادا.

راپۆرتەكە لە ماوەی 18مانگدا ئامادە كراوە، لەو ماوەیەشدا سەردانی 150 شوێن لە باكووری عێراق كراوە كە هێرشی ئاسمانییان كراوەتە سەر، لەگەڵ سەدان شایەتحاڵ، رزگاربوو، زانیاریدەرانی دەزگای هەواڵگریی ناوچەكان و بەرپرسانی خۆجێیی قسە كراوە. بەپێی بەدواداچوونەكە "یەك لەسەر پێنجی ئەو 150 هێرشە كوژراوی مەدەنی لێكەوتووەتەوە". ئەمەش 31 هێندەی ئەو ژمارەیەیە كە سوپای ئەمریكا بانگەشەی بۆ دەكرد.

بڕیاری هێرشە ئاسمانییەكان

بەشێكی سەرەكی لە هێرشە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەوە دەكرێن كە بنكە سەرەكییەكەی لە بنكەی ئاسمانیی عوبەید لە بیابانێكی نزیك دەوحەیە. تایمز سەردانی بنكەكەی كردبوو بۆ ئەوەی بزانێت چۆن بڕیار لەسەر هێرشەكان دەدرێت و مەترسیی لەسەر گیانی هاووڵاتیان تاوەكو چەندە كاریگەری لەسەر بڕیارەكان دەبێ.

لە ژمارەیەكی زۆری حاڵەتەكاندا ئەگەری بەركەوتنی ئامانجی مەدەنیش لەبەرچاو دەگیرێت. 

هەرچی ئەگەرەكە بەهێزتر بێت، ئەگەری ئەنجامدان یان قەبارەی هێرشەكە بچووكتر دەكرێتەوە. وەكوو یەكێك لە راوێژكارەكانی بنكە ئاسمانییەكە ئاماژەی بۆ دەكات "زیانە مەدەنییەكان نابێت لەو دەستكەوتە سەربازییە زیاتر بن كە هێرشەكەی دەكرێتە سەر". ئەمەش بەو مانایەیە قوربانی مەدەنی لە زۆربەی حاڵەتەكاندا شتێكی چاوەڕوانكراوە، وەكوو یەكێك لە گوتەبێژەكانی فەرماندەیی ناوەندی دەڵێت: "هەموو هەوڵی ئێمە بۆ ئەوەیە ژمارەی قوربانی و زیانە مەدەنییەكان سنووردار بكەین".

گۆڤارە ئەمریكییەكە بۆی دەركەوتووە سەرچاوەی زانیاریی هاوپەیمانان لەبارەی زیانە مەدەنییەكانەوە "راپۆرتی نێوخۆیی ستافی بنكەكەیە" كە زۆربەی جاران بەپێی راپۆرتی فڕۆكەوانەكان، وێنەكانی سەتەلایت ئامادە دەكرێن. بەڵام زۆربەی جاران هاوپەیمانان لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لە قوربانییە مەدەنییەكان ئاگادار دەبنەوە.

لە شەڕێكی وەكوو شەڕی مووسڵدا ئامادەكردنی راپۆرتی مەیدانی سەبارەت بە زیانە مەدەنییەكان كارێكی ئەستەمە. ژەنەراڵ جێفری هاریگان، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئەمریكا لە بنكەی عوبەید بە ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێت كە ئامارەكانیان ورد نین، كاتێك گوتی "ئێوە بەدوای حەقیقەتی مەیدانیدا دەگەڕێن، دەتوانێت زانیاری لە خەڵكی ناوچەكە وەربگری. نەك وێنەكانی سەتەلایت بكەنە بەڵگە".

لە راپۆرتەكەی (نیویۆرك تایمز)دا ئاماژە بە دۆخی گەیارە دەكرێت كە لە ماوەی دوو ساڵی دەسەڵاتی داعشدا  هێرشی ئاسمانی بەخۆیەوە بینیوە و لە 13 هێرشدا 43 كەسی مەدەنی كوژراون.

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

hogir adil | 14/12/2017 05:38:43 ص
proud of you dear hero
Karkuk | 14/12/2017 05:40:46 ص
Deliri Bawery To Peshmargay
عوسمان بایدەمیر بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان سزادرا
| دوێنێ کاژێر 07:50 | (3)
rizgar | 12/12/2017 10:38:45 م
به ڕێزم هه‌ ڤال من له گه ڵتم ، قسه کانت زۆر جوانن ، به ڵا م ئه گه ر شه ڕ ڕویدا ئه وا به شێکی زۆری کورد پاڵپشتی عیڕاق ئه که ن . ئه شبێت به...
Haidari | 13/12/2017 07:59:58 ص
Dast xosh qsekant zor rasten
قوباد قەوماندی!
| 12/12/2017 | (6)
Rebwar | 13/12/2017 06:31:46 ص
dastxosh
حەشدی دوای داعش
| 13/12/2017 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

شاندێکی نێودەوڵەتی پێشێلکارییەکانی داعش و حەشدی شەعبی و پەکەکە تۆماردەکات 9 کاژێر لەمەو بەر |

شاندێکی نێودەوڵەتی پێشێلکارییەکانی داعش و حەشدی شەعبی و پەکەکە تۆماردەکات

شاندێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی گەیشتە زۆرتر
  هەڵوێستی حکومەتی سووریا لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان 10 کاژێر لەمەو بەر |

هەڵوێستی حکومەتی سووریا لەبارەی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان

بەشار جەعفەری وەسفی پەیامنێرێکی رووداو دەکات زۆرتر
وێنەگرتن لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە قەدەخەکرا 11 کاژێر لەمەو بەر |

وێنەگرتن لەنێو هەردوو حەرەمی مەککە و مەدینە قەدەخەکرا

هەر کەسێک سەرپێچی بکات سزادەدرێت زۆرتر
0.25 seconds