رووداو - هەولێر
بەسرە، سەرچاوەی نەوتی عێراق و یەکێک لە دەوڵەمەندترین پارێزگاکانی عێراقە، بەڵام کەمیی دەرفەتی کارکردن لە پارێزگاکە گەنجانی توڕە کردووە، بۆیە بە خۆپیشاندان داوای دەرفەتی کار دەکەن.
ژمارەیەک لە دانیشتووانی شاری بەسرە لە دەرەوەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە گردبوونەوە، ئەوان بەهۆی خراپی بواری ئابووری لە پارێزگا دەوڵەمەندەکەیان و کەمی دەرفەتی کارکردن تێیدا، تووڕەن و دەڵێن، دەبێت حکومەت وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە.
فازڵ عەلی، یەکێک لە خۆپیشاندەران دەڵێ "ئەمڕۆ گەنجانی بەسرە هاتوونەتە دەرەوە و داوای سادەترین مافیان دەکەن، ئەویش کارکردنە. زۆرینەی گەنجانی بەسرە بێکارن".
ژمارەیەک لە گەورەترین بیرە نەوتەکانی عێراق لە پارێزگای بەسرەن و زۆربەی نەوتی وڵاتیش لەوێوە رەوانەی دەرەوە دەکرێت. هەروەها بەسرە لە بواری کشتوکاڵیشدا ناوچەیەکی بەپیتە و گەورەترین پیشەسازیی پیترۆکیمیایی عێراقیش لەو پارێزگایەدایە، بەڵام هێشتا خەڵکی بەدەست بێکاری و کەمی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و پارتە سیاسییەکانی وڵاتیش بە هۆکارێکی سەرەکی ئەو کێشانە دادەنێن.
عەلی مەسەننا، خۆپیشاندەرێکی دیکەیە و دەڵێ "ئەمڕۆ دوو بابەت گەنجیان کوشتووە: کرێکاری بیانی و پشکی پارتەکان لە کاردا. لە هیچ دامەزراوەیەکی حکومەت دامەزراندن نییە، ئەگەر لەلایەن پارتێکەوە پاڵپشتیت نەکرێت. ئێستا پارتەکان لە نێوان خۆیاندا کارەکان دابەش دەکەن و، ئیدی هەر لە کارمەندییەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە سەرۆکوەزیران".
بەسراوییەکان نووسراوی جیاوازیان بەرزکردبووەوە و ئەو نووسینانەشیان وەکو هوتاف دەگوتنەوە. ئەوان لە کەمی کارەبا توڕەن و دەڵێن "ئەگەر نەوت هەرزانە، بۆچی دەبێت خەڵکی لە تاریکیدا دابنیشن و کارەبا نەبێت؟" و، "ئەگەریش گرانە بۆچی دەبێت خەڵکی ژیانی هێندە سەخت بێت و هیچی دەستنەکەوێت بیخوات؟".
خۆپیشاندەران داوای ئەوەشیانکرد، حکومەت ئەو یاسایە جێبەجێ بکات کە کۆمپانیا بیانییەکان ناچار دەکات تەنیا لە 20%ـی کارمەندەکانیان بیانی بن.
خۆپیشاندەرێکی دیکە بەناوی محەممەد کازم دەڵێ "زیاتر لە 60%ـی گەنجانی بەسرە بێکارن. لە هەمانکاتدا دەبینین کە کۆمپانیا بیانییەکان کرێکاری هیندی، چینی، میسری و تونسی دەهێنن. ئەوان ئەو کرێکارانە دەهێنن بۆ ئەوەی لە کۆمپانیاکانی نەوت لە بەسرە کاربکەن. ئەوە لەکاتێکدایە گەنجانی بەسرە کاریان دەستناکەوێت".
بەسراوییەکان چەندین کێشەی دیکەشیان هەیە، لەوانە خراپی بواری ئەمنی، رۆڵی گەورەی چەکدارانی خێڵەکان و کاریگەری میلیشیاکان.
حکومەتی عێراق لە ماوەی ساڵانی رابردوودا نەک تەنیا نەیتوانیوە ئەم کێشانە چارەسەر بکات، بەڵکو نەیتوانیوە رێگە لە گەورەبوونیشیان بگرێت، بۆیە توڕەیی خەڵکەکە گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز.
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار