وەزارەتی دەرەوەی سووریا هۆشداری دەداتە ئەمریکا و تورکیا

18-01-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سووریا ئەمریکا تورکیا
A+ A-

رووداو - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی سووریا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی وڵاتەکەی وەڵامی ئەمریکا و تورکیا دەداتەوە و هۆشداری دەداتە هەردوو وڵات.

فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 18-1-2018) رایگەیاند "سیاسەتی ئەمریکا کاولکاری لە سووریا دەخولقێنێت. قبوڵناکەین ئەمریکا هیچ رۆڵێكی لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا هەبێت و بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی سووریا نایاساییە".

وەزارەتی دەرەوەی سووریا هەروەها دەڵێ "دەیان هاووڵاتی سووریا بە دەستی ئەمریکا شەهیدکراون و هەرگیز ئەمریکا بۆ شەڕی داعش نەهاتووەتە سووریا."، لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەشی دەڵێ "چارەسەرکردنی پرسە سیاسییەکانی سووریا دوور دەبێت لە ئەجیندای دەرەکی... رێگە نادەین هیچ بەشێکی خاکی سووریا لەژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان بمێنێتەوە و پێویستمان بە یەک دۆلاری ئەمریکا نییە".

فەیسەڵ میقداد، جێگری وەزیری دەرەوەی سووریا هەروەها هۆشداری دەداتە تورکیا دەڵێ "سەرۆکایەتی تورکیا لە هەر جۆرە دەستدرێژییەک ئاگاداردەکەینەوە بۆسەر خاکی سووریا. دەستتێوەردانی سەربازی تورکیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و جموجۆڵە سەربازییەکانی تورکیا نیگەرانی کردووین".

لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی عەفرینیشەوە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا دەشڵێ "جوڵەی سەربازی تورکیا بۆسەر عەفرین مایەی قبوڵکردن نییە. رووبەڕووی فڕۆکەکانی تورکیا دەبینەوە".

لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا کە لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا بەڕێوەچوو، فەیسەڵ میقداد گوتیشی "پێویستە ئەنقەرە رێز لەسەروەری خاکی سووریا بگرێت. ئەگەر تورکیا جوڵەی سەربازی لەنێو سووریادا بکات، ئەوە هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ گرووپە تیرۆریستییەکان و هێزی بەرگریی ئاسمانی سووریا رووبەڕووی هەر فڕۆکەیەکی تورکیا دەبێتەوە، کە ئاسمانی سووریا ببەزێنێت".

لەماوەی رابردوودا بڵاوکراوەیە ئەمریکا بەنیازە هێزێکی 30 هەزار کەسی لە باکووری سووریا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە دابمەزرێنێت، ئەو هەواڵەش کاردانەوەی تووندی بەرپرسانی تورکیا و خودی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتەی بەدوای خۆیدا هێنا. 

رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی دامەزراندنی ئەو هێزە لە سووریا، لەکاتی گەڕانەوەیدا لە کالیفۆرنیاوە بۆ واشنتن، لەنێو فڕۆکە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "تەواوی دۆخەکە بەهەڵە وێناکراوە، هەندێک کەس بەهەڵە لەوبارەوە قسەیانکردووە، ئێمە هەرگیز هێزی ئاسایشی سنووری (لە باکووری سووریا) دانامەزرێنین".

بڵاوبوونەوەی هەواڵی دامەزراندنی هێز بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) سەرۆککۆماری تورکیای توڕەکرد، بەجۆرێک بەردەوام لەدژی دامەزراندنی ئەو هێزە لێدوان دەدات و جەخت لەسەر دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی عەفرین دەکاتەوە. هەروەها رۆژانە پشتیوانیی سەربازی کە تانک، زرێپۆش، تۆپهاوێژ و پێداویستی دیکەن، لە شارەکانی دیکەی تورکیاوە دەنێردرێنە سەر سنوورەکان و لە هاتای جێگیر دەکرێن بەمەبەستی رێگریکردن لە دامەزراندنی هێزەکە.



داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە