رووداو - هەولێر
تەلەڤزیۆنی فەرمیی حکومەتی سووریا رایدەگەیێنێ، لە چەند کاژێری داهاتوودا سوپای سووریا دەچێتە نێو عەفرین.
بەپێی سانا، تەلەڤزیۆنی فەرمیی حکومەتی سووریا، رێککەوتنی یەپەگە و حکومەتی سووریا لە جێبەجێکردن نزیکبووەتەوە و لە چەند کاژێری داهاتوودا سوپا دەچێتە عەفرین.
تەلەڤزیۆنی سانا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە شێخ مەقسوود و منبجەوە هێزی فریاگوزاری مەدەنی چوونەتە عەفرین.
هەروەها جەختی لەوەش کردووەتەوە کە رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەکانی تورکیا بابەتێكی سەروەرییە و پەیوەندی بە رێککەوتنەکەوە نییە.
تەلەڤزیۆنی فەرمیی حکومەتی سووریا باسی لەوەش کردووە، کە بەپێی رێککەوتنە نوێیەکە یەپەگە چەکەکانی رادەستی سوپای سووریا ناکات.
هاوکات عەبدولڕەحمان سەلمان، گوتەبێژی بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک (تەڤدەم) لە عەفرین رایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتاوە داوامان لە سووریا کردبوو بێتە نێو عەفرین".
گوتەبێژی تەڤدەم هیوادارە رێککەوتنی زیاتر بکرێن بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر سووریا.
لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی تورکیاش عەبدولڕەحمان سەلمان رایگەیاندووە: "ئەو گوندانەی تورکیا کۆنترۆڵی کردوون لە مەودای چەکەکانماندان".
جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی یەپەگە و حکومەتی سووریا لەکاتێکدایە ئۆپەراسیۆنی تورکیا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی 31 رۆژە بۆ سەر عەفرین بەردەوامە.
دوای مانگێک گفتوگۆ، دواجار دانوستاندنی نێوان هێزەكانی سووریای دیموكرات و حکومەتی بەشار ئەسەد لەسەر دووبارە بڵاوبوونەوەی سوپای سووریا لە ناوچەكانی عەفرین، رۆژی یەکشەممە 18-2-2019 گەیشتە ئەنجام.
بەپێی رێککەوتنەکە، سوپای سوریا ناوەندێکی سەربازی لە عەفرین دەکاتەوە و لە کۆمەڵێک ناوچەی سنووریش کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە، هێزی سەربازی بڵاودەکاتەوە، بەمشێوەیە سنووری عەفرین و تورکیا بەهاوبەشی لەنێوان یەپەگە و سوپای سووریا دەپارێزرێت.



