وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

بیگ ستۆری

نوێترین بەرنامەکان هەموویان ببینە
  • یووسف عەللۆ، سەرمایەداری کورد لە ئەڵمانیا
  • ئالان جوان ئاموونی، پزیشک و فڕۆکەوانی کورد
  • كوردێك سەرۆكی كۆنترین یانەی وەرزشیی ئەڵمانیایە
  • ئەحمەد ئیسماعیل، ملیۆنەری کورد لە چیک
  • ئاپۆ مێردینی، ملیۆنەری کورد لە پاریس
  • بۆ یەکەمجار لە مێژووی سوێد، کوردێک مانگرتن بە کارسازان دەکات
  • پ. د. حوسێن بەکتاش
  • پرۆفیسۆرێكی كورد ‌لە گرنگترین كەسایەتییەكانی ئەڵمانیایە
  • زه‌ینه‌دین گه‌له‌ری

ئەحمەد ئیسماعیل، ملیۆنەری کورد لە چیک

 
هێشتا بەتەواوەتی تەپوتۆزی گوندە دە ماڵییەكەیانی لەنزیك قامیشلۆ لەسەر بیرەوەرییەكانی نەتەكاندووە. هەر نموونەیەك دەهێنێتەوە باسێكی ئەو گوندەی تێدایە كە وەك خۆی دەڵێت: "ئاوی خواردنەوەی نەبوو، ئەو ئاوەی هەمانبوو سوێر بوو". 

حكومەتی سووریا قوتابخانەی بۆ دروستنەدەكردن، بۆیە خۆیان دوو ژوور و هەیوانێكیان دروستكرد و كردیانە قوتابخانە. 
ئەو لەو گوندەوە بووە شیوعی و بە هەگبەیەكی پڕ لە خەونی سوورەوە هاتە چیكوسلۆڤاكیا. كەچی چل ساڵ دواتر، دكتۆر ئەحمەد ئیسماعیل، ملیۆنێرێكی لێدەرچووە كە لە ئۆتۆمبێلێكی ئۆڵد تایمەری سووردا لە یەكێك لە شەقامە دڵڕفێنەكانی پراگ، بەگاڵتەوە پێمدەڵێت: "وەك كۆمۆنیست هاتمە ئێرە و وەك كاپیتاڵیست گەڕامەوە".

زۆر شت لە ژیانی دكتۆر ئەحمەددا بەڕێكەوت روویانداوە. بۆ نموونە لە ماڵباتێكی نۆ منداڵی و لەنێو حەوت كوڕدا، رۆژێك باوكی لە قوتابخانە دەریدەهێنێت و دەیكاتە شوان. ئەو ئێستاش تێناگات لەنێو حەوت كوڕدا بۆچی باوكی یەخەی ئەوی گرت و لە قوتابخانە دەریهێنا و كردی بە شوان! ساڵانی دواتر كە دەستدەكاتەوە بە خوێندن، لە قۆناغی ئامادەییدا لە هوتێلێك كاردەكات و بە پشتیوانیی براگەورەكەی هەوڵەكانی بۆ گەیشتنە پراگی ئەوكات كۆمۆنیستی سەردەگرن. دیسان لەنێو ئەو هەموو سەختیانەی كە دەیانبینێت، رێكەوتێك وادەكات لەسەر حیسابی رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، پاش تەواوكردنی خوێندنی ئەندازیاریی كارەبا و هێنانی ماستەر، دەست بە خوێندنی دكتۆراكەشی بكات. دكتۆر ئەحمەد ئەوكات بە قژێكی رەش و لوول و بە دڵێكی پڕ لە هیواوە گەیشتە چیك. ئێستا كە سەربووردەی خۆی بۆ (رووداو) دەگێڕێتەوە، قژی سپی بووە و بەشێكی وەریوە، بەڵام هیواكانی زۆربەیان هاتوونەتە دی.

هەژاری بەرینەداوە

ئەو ئێستا ژیانێكی ملیۆنێرانەی هەیە. هاوژینە چیكییەكەی پزیشكی تایبەت بە خانمانە. كوڕە تاقانەكەی پارێزەرێكی ناسراوی پراگە لە بواری كۆپی رایتدا. هەرچەندە ئۆتۆمبێلەكەی گرانبەهایە، بەڵام لە جلوبەرگ و ئەكسێسوار و تەنانەت هەڵسوكەوتی دكتۆر ئەحمەدیشدا هیچ ئاسەوارێكی ملیۆنێری نابینیت. هەستدەكەیت هێشتا هەستی هەژاری بەرینەداوە و وادەزانێت لەو گوندەی خۆیانە كە دەبووایە نۆ منداڵ و دایكوباوكیان لە دوو ژووری بچووكی لە خشتی قوڕ دروستكراودا بخۆن و بخەون و بژین. ئەو باش لەبیریەتی كە پاش ئەوەی زۆربەی منداڵەكان گەورەبوون، باوكی بڕیاری دا ئەو چەند سەر پەزەی هەیەتی بفرۆشێ و بچێتە قامیشلۆ، بەڵام كاتێك دەچنە ئەوێ، لە زەوییەكی رەق و رووت زیاتر هیچ شتێكی دیكە شك نابەن. ئەویش دەوڵەت قەدەغەی كردووە خانووی لەسەر بكرێ. بۆیە بەسوودوەرگرتن لە یاسایەك كە ئەوكات لە سووریا هەبووە، بە یەك شەو خانووێك لەسەر ئەو زەوییە دروستدەكەن و هەر بەو شەوەش سەقفەكەی دەگرن. بەپێی ئەو یاسایە، ئەگەر خانووێك بە زیادەڕەویش دروستكرابێ، هەركاتێك سەقفەكەی گیرابێ، دەوڵەت بۆی نەبووە بیڕووخێنێ.

ژیانی جاڕسكەر 

ئەحمەدی لاو لەو ژینگەیەوە كورسییەكی خوێندنی لە یەكێك لە جوانترین وڵاتەكانی جیهان بۆ دەردەچێت. ئەو خۆی دەڵێت ئەو گۆڕانە گەورەیە تووشی شۆكی نەكردووە: "چونكە كاتێك مرۆڤ بەرەو سەرەوە بچێت، خۆی دەگونجێنێت، بەڵام خۆگونجاندن لەگەڵ كەوتن و بەرەو خوارەوە هاتنەوە زەحمەتە". ئەحمەد گەنجێكی شیوعی دەبێت و ئێستاش خۆی بە قەرزاری شیوعییەكان دەزانێت. چونكە دەڵێت ئەگەر ئەوان نەبوونایە، بەو سیاسەتی پشتگوێخستنەی دەوڵەتی سووریا بەرامبەر كورد هەیبوو، قەت ئەوەندە خەڵكی خوێندەوار لەنێو كوردی رۆژئاوادا هەڵنەدەكەوتن. ئەو پێیوایە شیوعییەكان وایانكردووە كوردی رۆژئاوا لە كوردی باشوور و باكوور خوێندەوارتر دەربچن. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ژیانی جاڕسكەری نێو كۆمەڵگەیەكی كۆمۆنیستی تەنانەت بۆ ئەحمەدی خاوەنی خەونی سووریش قابیلی بەرگەگرتن نەبوو: "ژیان زۆر دووبارە بوو. بەردەوام دەتزانی لە رۆژانی داهاتوودا چی روودەدات و هیچ شتێكی تازە نەبوو".

كاپیتاڵیستی سوور

كاتێك ئەحمەد بەكالۆریۆس و ماستەری لە بواری كارەبادا هێنا، دەبووایە بگەڕێتەوە سووریا. ئەو لەو ماوەیەدا ماڵی خۆی هەبوو، ئۆتۆمبێلی هەبوو، ئەڤیندارێكی چیكیشی هەبوو. دەبووایە بەناچاری بگەڕێتەوە بۆ سووریا و رۆژئاوای كوردستانێك كە هیچیەك لەو شتانەی تێدانەبوو. ئەو وایكرد و گەڕایەوە، بەڵام هەر لە فڕۆكەخانەی شام دەستگیریان كرد و چەند رۆژێك لە زینداندا مایەوە. كاتێك ئازادیان كرد، سەرلەنوێ گەڕایەوە چیكوسلۆڤاكیا. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانێ خوێندنی دكتۆراكەی بكات، پێویستی بەوە بوو شوێنێك سپۆنسەریی بكات و كەس ئامادەنەبوو ئەمە بكات. تا رۆژێك بە رێكەوت چاوی بە جێگری وەزیری خوێندنی باڵای ئەو وڵاتە دەكەوێ و خوێندنەكەی بۆ رێكدەخات. دكتۆر ئەحمەد پاش تەواوكردنی خوێندنەكەی لە وڵاتێكی نوێدا دەژیت كە ناوی بووەتە كۆماری چیك و چیدی كۆمۆنیستی نییە. بۆیە ئەویش قۆڵی لێهەڵدەماڵێ و بە بازرگانیكردن لە بواری خانووبەرەدا دەبێتە ملیۆنێرێك كە دەكرێ پێیبگوترێ: كاپیتاڵیستی سوور.

پەیوەندیی فراوان

لەماوەی چل ساڵدا كە دكتۆر ئەحمەد لە چیك دەژیت، پەیوەندیی فراوانی لەگەڵ كەسایەتییە ناسراوە سیاسی و بازرگانی و كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكانی چیك دروستكردووە. بەجۆرێك كە ئێستا بووەتە كاریگەرترین كورد لە كۆماری چیك. ئەو دەڵێت هەر كاتێك شاندە كوردییەكان دێنە ئێرە، حكومەتی چیك بانگهێشتم دەكات و وەك یەكێك لەخۆیان لەگەڵ شاندە كوردییەكان دامدەنیشێنن. هاوڕێیەكی دكتۆر ئەحمەد كە باڵیۆزی چیكە لە ئیسرائیل و پێشتر بەڕێوەبەری هەواڵگریی دەرەوەی چیك بووە، ئەو وەك مامۆستا و راوێژكاری خۆی دەناسێنێ. 

ئەحمەد شانازی بەو پەیوەندییانەیەوە دەكات و دەڵێت ئەگەر ئەوە نەبووایە نەیدەتوانی بۆ نموونە پار ساڵح موسلیم لە زیندانی پراگ ئازاد بكات. ئەو هەرچەندە بارزانیدۆستە، بەڵام دەڵێت كاتێك زانیویەتی ساڵح موسلیم "باڤێ وەلات" گیراوە، نەیتوانیوە دەستەوەستان دانیشێ و رێگەبدات رادەستی توركیای بكەنەوە. بۆیە پەیوەندییەكانی بەكارهێناوە و بووەتە كەفیلی ساڵح موسلیم و لە زیندان دەریهێناوە و تەنانەت خەرجی ئازادكردنەكەشی داوە.



کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟

ئەم بەرنامەیە بەش بکە

سەبارەت بە بەرنامە
0.187 seconds