راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ، 16ی ئۆکتۆبەر بە گەورەترین خیانەتی مێژووی کوردایەتی ناودەبات بەهۆکاری ئەوەی "خاکی کوردستانیان فرۆشت، کەرکووکیان رادەستکرد، پەلکێشی هێزەکانی عێراقیان کرد و ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە بەرگرییان دەکرد و یەکێتیش بوون ئەوانیشیان کردە قوربانی".
مەسروور بارزانی ، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو تیشکی خستە سەر رووداوەکانی کوردستان و رایگەیاند: "ئەگەر حکومەتی عێراق ئەم رێککەوتنەی نەکردبا لەگەڵ ئەمانە، جورئەتی پەلاماردانی پێشمەرگەی نەبوو، بیستوومانەتەوە، لە دۆستەکانیشمان بیستووەتەوە، دەشمانزانی حکومەت نەیدەتوانی، پێشمەرگە ئەوەندە ناوێکی بەرزی هەیە کە حکومەتی عێراق نەیدەویست و جورئەتی ئەوەشی نەدەکرد بێ پەلاماری پێشمەرگە بدات".
لەبارەی گشتپرسی کوردستان و بەدیلەکەی ئەمریکا پێش گشتپرسی ، مەسروور بارزانی رایگەیاند ، ئەلتەرناتیڤەکەی ئەمریکا بۆ گشتپرسی بە هیچ شێوەیەک هیچ گەرەنتییەکی تێدا نەبوو ، هیچ ئیلزامێکی تێدانەبوو ، کە نە نەتەوە یەکگرتووەکان ، نە ئەمریکا ، نە ئەوروپا نە هیچ وڵاتێک بتوانێ ئەمە فەرزبکات بەسەر حکومەتی عێراقدا ، یان لەسەر پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەرێم و عێراق بەرگری لێبکا،
راوێژکاریی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێیوایە ، قەیرانی سیاسی و قەیرانی ئابووری هەمووی بەیەکەوە بەستراونەتەوە و، دەڵێت: "ئەگەر ئیدارەدانێکی باشی سیاسیی هەبێ، لەوانەیە وەزعی ئابووریش بگەشێتەوە".
تەواوی هەڤپەیڤینەکە بە تێکست بخوێنەوە:
مەسروور بارزانی: ئەگەر خیانەت نەبوایە حکومەتی عێراق جورئەتی پەلاماردانی پێشمەرگەی نەبوو