لە ئەلەمنیۆمی کۆن و کۆکراوەی نێو شار دەڕابەیەکی ئەلەمنیۆمی زۆر باش و کوالیتی بەرز و نرخ هەرزان بەرهەم دەهینرێتەوە ، ئەلەمنیۆمە کۆنەکان دەتوێنرێنەوە و دوبارە دەبنەوە ئەمەلەمنیۆمی نوێ و خاوێن ، پاشان هەر لە ناو کارگەدا دەکرێنە دەڕابەی دوکان و پەنجەرە و گەراجی ئۆتۆمۆبیل.
ساڵانی زوو دەرابە لە پارچە پلێتێکی تەنک دروستدەکرا و لۆچ و هێڵی تێدەکرا و لەسەر بۆرییەک لول دەکرا و لە بەشی دەرەوەی دوکانەکان دادەنراو دەبووە دەرابەی دوکانەکان، کە لە کاتی کردنەوە و داخستنیدا دەنگێکی ناخۆشی لێدەهات و دیمەنی ناسرین بوو ، هەروەها رێگریەکی ئەوتۆشی نەدەکرد لە چونە ژورەوەی ساردی و گەرمی تەپ و تۆز و دەنگە دەنگ.
بەڵام دوای بەدواداچون و ڵیکۆلێنەوەی بازرگانێکی بواری کەرەستە ئەلەمنیۆمییەکان، ئێستا کارگەیەکی دەڕابەی ئەلەمنیۆمی دامەزراندووە کە لە رووی نرخ و کوالیتیەوە زۆر باشتر و گونجاوترن لەبەرهەمی هاوردەکراو.
ئەلەمنیۆمی کۆن و سکرابی سلێمانی و دەروبەر و پاشماوەی کارگەکانی دەرگا و پەنجەرە ئەلەمنیۆمی دیکە کۆدەکرێتەوە دەگەیەنرێتە کارگەکە، لە ناو کارگەدا سەرەتا ئەلمیۆمەکان بە پێی قەبارە و پاک و خاوێنیان جیادەکرێنەوە، ئەگەر پارچەکان گەورەبوون بچوک دەکرێنەوە بۆ چوونە نێو فڕنەکە .
فڕنەکە گەرم دەکرێت، پلەی توانەوەی ئەلەمنیۆم نزیکەی ٧٠٠ پلەی سیلیزی لەسەرو سفرەوەیە ، ئەلەمنیۆمە سکرابەکان دەخرێنە نێو فڕنەکەوە و قۆناخی توانەوە دەستپێدەکات ، ئەو پیسی و ماددە نەخوازراوانەی نێو ئەلەمنیۆمەکە بەسەر دەکەون و دەردەهێنرێن.
فرنەکە لە ٨ کاژێری کارکردنیدا نزیکەی ٥ تۆن دەتوێنێتەوە واتە لە مانگێکدا ئەم کارگەیە نزیکەی ١٥٠ تاوەکوو نزیکەی ١٨٠ تۆن ئەلەمنیۆمی کۆنی پێویستە، فرنەکە پلەی گەرمییەکەی نزیکدەێتەوە لە ٨٠٠ پلەی سیلیزی و ئەلەمنیۆمەکە دەبێتە شلە، هەر ماددەیەکی زێدەشی تێکەڵاو کرابێت دەردەهێنرێت.
دەڕابەی کارەبایی پێکدێت لە ئەم پارچە ئەلەمنیۆمیانە لەگەڵ پاتۆڕێک و یەک یوپیئێس ، پێشتر کە لە وڵاتانی تورکیا و ئێرانەوە دەهات نرخی مەترێکی لە ١٢٠ دۆلارەوە دەستیپێدەکرد، بەڵام دوای کەوتنە بازاری ئەم بەرهەمە خۆماڵیە نرخی یەک مەتر نزمبووتەوە بۆ ٦٥ دۆلار و بازاڕی بەرهەمە تورکی و ئێرانیەکانی نەهێشتووە و لە رووی کوالیتیشەوە زۆر باشترە لە بەرهەمی ئەو وڵاتانەوە گەرەننتی ساڵێکیشی لەگەڵدایە و بە بێ کێشەش کاردەکات ، بەڵام هەرچی بەرهەمی ئەو ولاتانەی دیکەیە، هیچ گەرەنتییەکیان نییە و دوای تێکچونیشیان لێێ بەرپرسیار نین.
ئەم کارگەیە رێگرییەکی زۆری کردووە لە چونە دەرەوەی پارەی ناوخۆی کوردستان بۆ کڕین و هاوردەکردنی دەرابەی ئەلەمنیۆمی ، هەر تۆنێک ئەلەمنیۆمی بەرهەمهاتووی کوالیتی باش نزیکەی ٣٠٠٠ دۆلارە کە بۆ دەرابە بگونجێت، ئەم کارگەیەش رۆژانە نزیکەی ٥ تۆن ئەلەمنیۆم لە ئەلەمنیۆمی کۆن سکراب و فڕێدراو بەرهەم دەهێنێتەوە ، ٢٠ کارمەند خەریکی بەرهەم هێنانی ئەلەمنیۆمەکەن.
بەرنامەیەكی 24 خولەکی هەفتانەیە بۆ نمایشی پیشەسازی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان. بایەخ بەو كاڵایانە دەدات كە لە هەرێمی كوردستان و لە كارگەكانی كوردستاندا بەرهەم دەهێنرێت