"رێگرییەکان زۆرن بۆ چاکسازی، گرنگترینیان ئەو دەستە گەندەڵەیە کە خۆی سوودمەندە لە شڵەژاوی سیستەمی حکومڕانی و ئەو کەموکوڕیانەی لە رێنماییەکاندا هەیە، لەو دەسەڵاتەی کە خۆی هەیەتی و بە نایاسایی و نادروستی بەکاری دەهێنێت".
جگە لەو بۆچوونەی سەرەوەی د.شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، گووتیشی؛ "دەرئەنجام ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا هەڵتۆقین و بوون بە ملیۆنێر و هەندێکیان بوون بە ملیاردێریش لەسەر حیسابی قووتی خەڵک و میللەت، سوودیان لەو دۆخە شڵەژاوە و ناسەروەری نایاساییە وەرگرت، دەرئەنجام قەیرانی گەورە دروستبوو، ئێستاش ئەوان ئەوەندە بەهێزن رێگری و لۆبی گەورە دروستدەکەن بۆ هەر چاکسازییەک کە لە بەرژەوەندی ئەوان بدات".
سەبارەت بە رێگرییەکان لەبەردەم تێنەپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازی خانەنشینی نایاسایی لە پەرلەمان، شێرکۆ جەودەت کە پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، لەبارەی رێگرییەکانی دەرەوەی پەرلەمان دەڵێت:"تاوەکو ئێستا رێگرییەکی وام بەدینەکردووە، بەڵام جۆرێک لە خاوی بۆ بەدەمەوەچوونی پڕۆژەکە هەیە، هەرچەند بڕیاروایە لە هەفتەی داهاتوودا کۆتایی پێبێت".
شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوە کرد کە تاوەکو ئێستا بەفەرمی و نافەرمی لە هیچ لایەنێک و فراکسیۆنێکەوە نەیبیستووە رێگربن لەبەردەم ئەو یاسایە. گوتیشی: "راستە رەنگە هەندێک شت پەیوەندی بە بەرژەوەندی کەسییەوە هەبێت، لەوانەیە پەرلەمانتار هەبێت پێی خۆشنەبێت کاتێک دەڵێین نابێت بە 4 ساڵ پەرلەمانتار یان وەزیر خانەنشین بکرێت، بەڵکو پێویستی بە 15 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەن هەیە، رەنگە قبوڵکردنی ئەمە ئاسان نەبێت، بەڵام دەرئەنجام لە کۆتاییدا ناتوانین بڵێین رێگرییەکی وا هەیە، بەڵام لە دەرەوەی پەرلەمان تەحدیاتەکان گەورەن، کەسانێکی زۆر دەیانەوێت فرەمووچە بن، بێگومان ئەوانەی لەوڕووەوە سوودمەندبوونە رێگری دروستدەکەن".
شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بە یەکێک لە تەحەدیاتەکان کرد و گوتی: "10 رۆژ لەمەوپێش پلەی کەسایەتییەک لەم هەرێمی کوردستانە لە پلەی لیوا بەرزکراویەوە بۆ پلەیەکی بەرزتر بەشێوازێکی نایاسایی". گوتیشی: "مەرجی جێبەجێکردنی ئەو چاکسازییانە بەبڕوای ئێمە ئەوەیە کە دەبێت پاشەکەوتی بۆ هەڵبووەشێندرێتەوە، چونکە بەبێ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوت رێککردنەوەی مووچە و دەرماڵە و پاکسازییەکە هیچ مانایەکی نابێت".
زیاتر لەوبارەیەوە لە بەرنامەکەدا ببینە..