پەیکەری کولتوور و خۆشەویستی لە سلێمانی کاردانەوەی لێکەوتەوە

پەیکەری کولتوور و خۆشەویستی لە سلێمانی کاردانەوەی لێکەوتەوە
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ لە رۆژی 14/8/2018 جیاواز لە بابەتە سیاسییەکان میوانداری زیرەک میرەی پەیکەرتاشی کرد، لە بەرنامەکەدا تاوتوێی دوا بەرهەمی میرە کرا کە پەیکەرێکە بە ناوی کولتوور و خۆشەویستی، پەیکەرەکە رۆژی شەممە 11/8/2018 لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود لە سلێمانی پەردەی لەسەر لادرا.

زیرەک میرە دەڵێ، دەبێ هونەر و هونەرمەندان دەست بخەنە سەر برینەکانی کۆمەڵگە و ئەو واقعەت لە کۆمەڵگەدا هەیە بیخەنەڕوو، دەشڵێ، دەبێ کۆمەڵگە لەسەر بنەمای خۆشەویستی بونیادبنرێت، بەڵام بەداخەوە خۆشەویستی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا نەماوە، هۆکاری نەمانی خۆشەویستیش بۆ دەسەڵات و حیزبەکان دەگێڕێتەوە.

زیرەک میرە هەروەها دەڵێ، سێ ساڵ و شەش مانگ سەرقاڵی دروستکردنی پەریکەری کولتوور و خۆشەویستی بووە، لەسەر دروستکردن و دانانی پەیکەرەکەش هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە.

میرە ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێ هونەر ببێت بە مێژوو، واقعی کومەڵگە دۆکیومێنت بکات.

لە بەشێکی بەرنامەکەدا زیرەک میرە باسی دوا چیرۆکی خۆشەویستی کرد کە خۆی شاهێدی بووە و دەڵێ، خێزانێک رەتیانکردووەتەوە کچەکەیان بدەن بە کوڕێک تەنیا لەبەر ئەوەی خۆشی ویستووە، دەڵێ، دەبێ کوڕان و کچان لە نوکی  تیژی چەقۆکان نەترسن و بە خۆشەویستی رووبەڕووی لەتبوون ببنەوە.

پەیکەرەکانی زیرەک میرە زۆرجار جێگای مشتومڕبوون، میرە زیاتر لە 10 پەیکەری گەورەی دروستکردووە، یەکێک لەوانە پەیکەرێکبوو کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس لە شوێنی پەیکەری سەدام حوسەین دانرا لە بەغدا، هەروەها پەیکەری بەرخۆدانی دروستکرد و لە کۆبانێ دانرا، یەکێکی دیکە لە پەیکەرەکانی لە پارکی نالی لە سلێمانی داندراوە، بەناوی پەی...کەر، هەر لە سلێمانی پەیکەری بۆ لەتیف هەڵمەتی شاعیر بە هەڵگەڕاوەیی دروستکردووە.