وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

بیروڕا

رێگای سەربەخۆیی بە سلێمانیدا تێدەپەڕێ!

لەلایەن زوبێر رەسوڵ 5/8/2017
زوبێر رەسوڵ
زوبێر رەسوڵ

"لە هەر شوێنێك هێز هەبوو، بەرەنگاربوونەوەش هەیە" (میشێل فۆكۆ)

ئەگەرچی لە بەشێكی زۆری رووداوە سیاسییەكانی مێژووی میللەتی كورددا ململانێ نێوخۆییەكان هەردەم لەمپەر بوونە لەبەردەم ئامانجە سیاسییەكانی كورد، بەڵام فاكتەرە دەرەكییەكان، یاخود روونتر بڵێین باڵادەستیی زلهێزەكان و بەرژەوەندییان لە ناوچەكەدا هەمیشە خاڵی یەكلاكەرەوە بووە لەبەردەم ئەم خەونەدا، بە تایبەتیش بوونی كیانێكی سیاسی لە ناوچەكەدا. بەڵام ئەوجارەیان بە پێچەوانەی رابردوو، ئەوە دیبلۆماسیەتی وڵاتە زلهێزەكان نییە كە بڕیار دەدات لەسەر لەدایكبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە كوردستاندا، بەڵكو ئەو بڕیارە تەنیا لە دەستی كورد خۆیەتی و جوگرافیایەكی بچووكیش كە سلێمانییە، دەتوانێت دوا بڕیاری لەسەر بدات، نەك ئەوروپاو ئەمریكا.

هەڵبەتە ئەمە تەنیا پێوەندی نییە بە لاوازبوونی هەژموونی وڵاتە زلهێزەكان لە ناوچەكەدا كە وەك جاران ناتوانن نەخشە سیاسییەكان دابڕێژن، بەڵكو پێوەندیی بەوەشەوە هەیە كە ئەوجارەیان كورد لەو بەشەی باشووری كوردستاندا هەموو رێگاكانی بوون بە قەوارەیەكی سیاسی و یاسایی بڕیوە و بووەتە دەوڵەتێكی تەواو، بەڵام بەبێ ئەوەی رابگەیەنرێت، مەراسیمی راگەیاندنەكەشی تەنیا مەسەلەی كاتە و هیچی دیكە.

هەرچەندە لەوانەیە لای زۆر لە خوێنەرانی ئەم بابەتە ئەم تێڕوانینەی ئێمە زۆر ساویلكە دەربكەوێ، بەڵام بە پشتبەستن بە چەند نموونە و سەرنجی سۆسیۆ-سیاسی هەوڵ دەدەم ئەم بیرۆكەیەم پشتڕاست بكەمەوە كە دەڵێم: ئەو فاكتەرەی حەسمی سەركەوتنی پرۆسەی ریفراندۆم و دواتریش هاتنەئارای دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكات، ئەو دەڤەرەیە كە دەكەوێتە چوارچێوەی جیۆگرافیا و دیمۆگرافیای سلێمانییەوە.

هەڵبەتە كە دەڵێم سلێمانی، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت كە بەبێ گۆڕان و یەكێتی ئەو دەوڵەتە چاو هەڵناهێنێ! مەبەستم لە سلێمانی وەك جوگرافیایەكی سیاسی و مێژووییە كە بە دەگمەن حیزبە كوردییەكان توانیویانە تێیپەڕێنن. نە پارتی لە رابردوودا توانی ئەمە بكات، نە یەكێتیش كە بەشێكی زۆری شەرعیەتی سیاسی لەو ناوچە جوگرافیاییە وەرگرت، توانی ئەوە بكات. ئەمە بۆ بزووتنەوەی گۆڕانیش راستە كە ئێستا تا ئاستێكی زۆر نوێنەرایەتی ئەو ناسنامە جیۆگرافیەی سلێمانی دەكات.

یەكێك لە خاسیەتەكانی ئەم ناسنامەیەی سلێمانی ئەوەیە ئەستەمە لایەنێكی سیاسی، یان سەركردەیەكی سیاسی لە دەرەوەی جیۆگرافیای خۆی پەسەند بكات كە حوكمی بكات. ئەگەر سەیری سەرەتاكانی دروستبوونی پارتیش بكەین، ئەو رەتكردنەوەیە دەبینین كە دواجار بە جیابوونەوەی باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی كۆتایی هات. دیارە حیزبە سیاسییەكان و رۆشنبیرانی سلێمانی دەستێكی باڵایان لە دروستكردنی ئەو ناسنامەیەدا هەبووە. لەسەر ئاستی خەڵك و دانیشتووانی ئەو جیۆگرافیایەش ناسنامەكە رەگی داكوتاوە، دروستبوونی شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتیش هەم سنووری ناسنامەكەی فراوانتر كرد كە جگە لە شاری سلێمانی ناوچەكانی گەرمیانیش بگرێتەوە، هەمیش ناسنامەی سلێمانی تۆختر كردەوە، ئەمە جگە لەوەی كە هەیكەلێكی حوكمڕانی و ئیداری و سیاسیشی بۆ دروستكرد كە ئێستا بە زۆنی سەوز/ نیلی ناودەبرێت.

 دروستبوون و بەهێزبوونی بزووتنەوەی گۆڕان كە بەشێكی زۆری پێوەندی بە پەراوێزخستنی سلێمانی و پاشكۆیەتی یەكێتییەوە هەبوو بۆ پارتی، بۆ نموونە هەر ئەو رۆژەی گۆڕان لەگەڵ پارتی رێككەوت بۆ پێكهێنانی حكومەت، ناڕەزاییەكیش لەسەر ئاستی خەڵك و جەماوەری گۆڕان دەركی پێدەكرا لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی بزووتنەوەی گۆڕان، چونكە گۆڕان بەڵێنی چوار ساڵی ئارامی دابوو بە پارتی و خەریك بوو واز لە روحیەتی بەرەنگاربوونەوەی پارتی بهێنێ و وەك برا بچووك برا گەورەیی پارتی قبووڵ بكات.

واتا هەمان ئەو هۆكارەی كە خەڵك یەكێتی لەسەر بەجێهێشت. هەرچەندە یەكێتی ویستی لەسەر ئەو خاڵە لاوازەی گۆڕان كار بكات، بەڵام گۆڕان هەرچەندە شەریكی حكومەتەكەی پارتیش بوو، لەبەر كاریگەریی ئەو ناسنامەیەی سلێمانی هەر بە رۆحی ئۆپۆزسیۆن و بەرەنگاربوونەوە سیاسەتیان دەكرد، تا دواجار گەیشتە بنبەست لەگەڵ پارتی و بە داخستنی پەرلەمان كۆتایی هات. بۆنموونە زۆرجار كادیرانی سیاسی یەكێتی دەڵێن، یەكێتی تا لە پارتی نزیك بێت، بچووك دەبێتەوە، ئەمە بۆ گۆڕانیش راستە، بۆ یەكگرتووش هەر راستە، یاخود دەڵێن: "پارتییەكانی ناو یەكێتی"، یان "گۆڕانەكانی ناو یەكگرتوو". واتا سیاسییەكانی ناو هەمان حیزبی سیاسی ئەوانەی لە سلێمانین گوتاریان جیاوازترە لە ئەوانەی لە هەولێرن یان لە دهۆكن.

تا ئەو ئاستەی دەكرێت بڵێین ناسنامەی سلێمانی تا ئاستێك لە سەرووی ناسنامەی ئایدیۆلۆژییەوەیە. ناسنامەی سلێمانی پارتێكی دەوێت كە سەركردایەتی بكات نەك دەستی دووەم بێت، بریاری لە دەست بێت نەك جێبەجێكار، سەرمەشق بێت نەك پاشكۆ و.. تاد. پێدەچێت نەوشیروان مستەفا باش لەو كۆدە سیاسی و كولتوری جیۆگرافیە گەیشتبێت، بەڵام لە بواری سیاسیدا جێبەجێكردنی ئەو ئەركە و بەردەوامبوون لەسەری ئاسان نییە. ئەمەش وای كردووە پارتە سیاسییەكان بە تایبەتی ئەوانەی قووڵایی جەماوەرییان لە شاری سلێمانیە، نەتوانن وەك پێویست بە دڵی خۆیان سیاسەت لەگەڵ پارتی بكەن.

ئەو ناڕوونی و دوو جەمسەرییەی سیاسەتی یەكێتیش لە بەرامبەر پارتی و گۆڕان هەر سەرچاوەی لەو خاڵەوە گرتووە. دواكەوتنی كاراكردنەوەی پەرلەمان و رێككەوتنی گۆڕانیش لەگەڵ پارتی هەر پێوەندیی بەو ترسەوە هەیە لە بەرامبەر ناسنامەی سلێمانی، هەر لایەنێكی سلێمانی نوێنەرایەتی ئەو ناسنامەیە و تایبەتمەندیی سلێمانی نەكات، دواجار خەڵكەكەی لەسەر سندوقەكانی دەنگدان سزای دەدەن، ئەمەمان بینی بەرامبەر یەكێتی، دەكرێت بەرامبەر گۆڕان و ئیسلامیەكانیش رووبدات، بەڵام گۆڕان تا ئێستا سنوورەكانی ئەو ناسنامەیەی نەبەزاندووە. 
 
پارتی و بارزانی بەپێی ئەو ئەزموونە سیاسییەی كە هەیانە لەگەڵ یەكێتی و ئێستاش لەگەڵ گۆڕان، دەبووایە زوو لەو تایبەتمەندیەی سلێمانی گەیشتبان، تۆ ناكرێت لایەنێكی سیاسی پەراوێز بخەیت كە نوێنەرایەتی ئەو ناسنامە جیۆگرافیە دەكات، دواتریش ئومێدی ئەوەیان لێبكەیت كە لە بەرژەوەندیی ریفراندۆم دەنگ بدەن، بەتایبەتی كە گۆڕان لە ئێستادا ئەم نوێنەرایەتییە دەكات، نە یەكێتی و نە ئیسلامییەكانیش ناتوانن بە پێچەوانەی ئەو تایبەتمەندیەی سلێمانی سیاسەت بكەن.

خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە سەرەتای دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان سەرەتای گۆڕینی باڵانسی هێزە سیاسییەكانیش بوو لە كوردستان، لە دوو جەمسەریەوە بۆ سێ جەمسەری، بۆیە چیتر پارتی بە تەنیا لەگەڵ یەكێتی ناتوانێت پرۆسەی حوكمداری و بڕیاری سیاسی یەكلایی بكاتەوە. پارتی زۆر ویستی ئەو دوو جەمسەرییە بپارێزێت، بەتایبەتی لە دوای داخستنی پەرلەمان كە زۆر هەوڵیدا لەگەڵ یەكێتی وەك جاران سەركردایەتی پرۆسەی سیاسی بكەن، بەڵام ئەمە هیچ دەرئەنجامێكی نەبوو، تا دواجار پارتی لە پێناوی شكستنەهێنانی پرۆسەی ریفراندۆم دانی بەو نەخشە سیاسییە نوێیەدا نا. 

ئەوەی گرنگە بۆ هەر یەكە لە پارتی و گۆڕان، ئەوەیە كە نە گۆڕان بە هاوكاریی یەكێتی دەتوانێت بەبێ پارتی حوكمڕانی بكات، نە پارتیش بە هاوكاریی یەكێتی دەتوانێت بە پەرواێزخستنی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان حوكمی كوردستان بكات، هەر یەكە لەو دوو لایەنە دەبێت میكانیزمێك بۆ پێكەوەژیان و سیاسەتكردن بدۆزنەوە، ئەگەرنا ئەم دۆخەش تەواو بێت گرێیەكی تری سیاسی دێتە پێشەوە.

ئێستاش كە هەرێمی كوردستان لەبەردەم چركەساتێكی مێژوویی و سیاسیی هەستیاردایە، پاڵپشتیی سلێمانی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ریفراندۆم بە خاڵی یەكلاكەرەوە دەبینم نەك هەڕەشەكانی تاران و ئانكەرە. ئەنجامدانی ریفراندۆم بەبێ گەرەنتی بەشداریی سیاسی ناسنامەی سلێمانی، دەكرێت سەرەتایی دابەشبوونێكی تری سیاسی و جیۆگرافی لێ بكەوێتەوە و هەموو كوردستان باجەكەی بدات. كورد ئەگەر بیەوێت مێژووی سەدان ساڵەی سیاسی خۆی بگۆڕێت، دەبێت ئەم دەرفەتە لەدەست نەدات، بە تایبەتی لەئێستادا كە ئەوە یەكەم جارە جیهانی عەرەبی (سوننی) نەك دژایەتی كورد ناكەن، بەڵكو بەو هیوایەن عێراقێكی هەڵوەشاوە ببینن.

لە راستیدا ئەمجارەیان فاكتەرە دەرەكییەكان هەم كەمبوونەتەوە هەمیش زۆر بێهێزن لەبەردەم وەستاندنی دروستبوونی دەوڵەتێكی "نەتەوەیی" لە كوردستاندا، فاكتەری یەكلاكەرەوەش فاكتەری ناوخۆیە، بە تایبەتیش سلێمانی، ئەم فەرمانە هەرێمییەی بەم زووانەش دەرچوو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و حكومەت لە یەكی نۆڤەمبەردا، ئەو راستییە دەسەلمێنن كە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بە جیاواز لە تەواوی مێژووی كورد بە واشنتن و برۆكسل و مۆسكۆ و ئەنكەرە و تاراندا تێناپەڕێت، بەڵكو كلیلە سەرەكیەكەی لە سلێمانییە و بەوێدا تێدەپەڕێت.

*دكتورا لە بواری ناكۆكییە هەرێمییەكانی عێراق و دراوسێكانی- زانكۆی ئێكسیتر، بەریتانیا


کۆمێنتەکان

 
محیەدین | 5/8/2017
خوزگە ئەم بابەتە پڕ بێ هیوا و بێ ئومێدیەم نەدیبایە. کەواتە دەرئەنجامەکەی بە کورتی ئەمەیە: یان دەبێ هەموو کورد وەک سلێمانیەکان بژین یان دەبێ هەتا هەتایە بندەست و کوێلە بژین!
سعدون يونس | 5/8/2017
برای به ریزم ..کامه چرکه ساتی وسیاسی میژوو جه نابتان باسی ده که ن ..پارتی ویه کیتی وسه رکرده کانیان به بی چیاواز ته نها کوردستانیان ویران کرد .کام ده وله ت ..دلنیابه نه پارتی نه سه روکی پارتی توانای ده وله تیان نییه ..ده وله ت نه ک مییرنشینی ..ریزم
احمد حسن زێڕۆ | 5/8/2017
ده‌ستخۆش مامۆستا هه‌رچه‌ند ووتاره‌كه‌ وه‌كو ووتاری هه‌ینی هه‌ندێ مه‌لا درێژبوو به‌ڵام شڕۆڤه‌یه‌كی جوان و تێرو ته‌سه‌لت كردووه‌ ، پێموایه‌ ،ئه‌و ڕه‌وشه‌ی ئێستاو ڕابردووی كوردستان وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ نه‌خۆشێك بچێته‌ لای پزیشكێك و دواتر به‌ر چاره‌سه‌ركردنی ته‌واو نه‌خۆشه‌كه‌ پزیشكێكی تر بكات پزیشگه‌ نوێكه‌ به‌ نه‌ خۆشه‌كه‌ بڵێت ده‌رمانه‌كانی پێشترت هه‌مووی فڕیبده‌ به‌هه‌ڵه‌ بۆت دانراوه‌ واتا پزیشك دان نه‌نێت به‌ پزیشكایه‌تی ئه‌ویتر ئه‌مڕۆ ئه‌و پارته‌ ڕامیاریانه‌ش واده‌كه‌ن ئه‌گینا چۆن ده‌بێت پارتێك كه‌مپینی نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكات من دڵنیام به‌و دژایه‌تیه‌شی كه‌ هه‌یه‌ ده‌نگی به‌ڵێ له‌ 70% كه‌متر ناهێنێ .
نیشانەکردن : سلێمانی
7297 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

zoheir | 25/09/2017 04:10:21 م
piroze Dewleta KURDI
بارزانی بەشداریی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستاندا کرد
| 7 کاژێر لەمەو بەر | (1)
Rebwar | 21/09/2017 06:23:15 م
Bale bo sarbaxoye Kurdstan, bale bo dawlaty fedraly Kurdstan
یاسین حمە غریت | 21/09/2017 09:05:24 م
عەرەب چوو فەلەستین ڕزگار بکات، کەچی سینای لە دەست چوو!!!! عەرەب چوو فەلەستین و سینا ڕزگار بکات ، کەچی (جۆلان)یشی لەدەست چوو!!! عەرەب چوو فەلەستین و...
عەسائیب دەستپێشخەرییەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی رەتكردەوە
| 21/9/2017 | (2)
Dilgash | 21/09/2017 08:39:55 م
Slaw
| 21/9/2017 | (1)
جەمیل میرکە خەیلانی | 21/09/2017 07:44:58 م
بەڵی راستە خۆم و خانەوادەکەم لە سکۆتلاند گەڕاینەوە کوردستان بۆ ئەوەی لەڕۆژی ڕاپرسی دەنگ بە ((نەخێر)) x بدەین دژی دروست بونی دەولەتێکی کۆریای باکور...
کوردانی تاراوگە بۆ بەشداری گشتپرسی دەگەڕێنەوە
| 21/9/2017 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

قەڵەوترین خانمی جیهان گیانی سپارد 2 کاژێر لەمەو بەر |

قەڵەوترین خانمی جیهان گیانی سپارد

پاش زیاتر لە شەش مانگ لە نەشتەرگەری بچووککردنەوەی زۆرتر
گشتپرسی کار لە تەندروستی مرۆڤ دەکات 15 کاژێر لەمەو بەر |

گشتپرسی کار لە تەندروستی مرۆڤ دەکات

هەست بە دڵخۆشی و هیواخوازی بۆ داهاتوو دەکەن زۆرتر
پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ گشتپرسیی کوردستان لە فراوانبووندایە 20 کاژێر لەمەو بەر |

پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ گشتپرسیی کوردستان لە فراوانبووندایە

دوو دیپلۆماتکاری ئەمریکی: کاتی ئەوە هاتووە کورد زۆرتر
0.39 seconds