لە رۆژگاری خۆماندا، بیرۆکەی نەتەوە دەمودەست دەبەسترێتەوە بە بیرۆکەی ناسیۆنالیزمەوە، لەوێشەوە پەیوەندیدار دەکرێتەوە بە خراپترین جۆرەکانی توندئاژۆیی ـ لەوانەش توندئاژۆیی بزووتنەوە راستڕەوەکان، رەگەزپەرستی، زینۆفۆبیا، کە داوای داخران و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی یەکڕەنگ لەڕووی ئەتنیکی و نەژادییەوە دەکەن.
بەڵام مێژوو هەمیشە بەو چەشنە نەبووە، گشتپرسییەکانی ئەمدواییەی سکۆتلاند، کاتالۆنیا و کوردستانی عێراق بۆ دیاریکردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس جەخت لەسەر کۆمەڵێک داوای دیموکراتیک دەکەنەوە کە زۆر دوورن لە مەیلە سروشتییە ناسیۆنالیستییەکان، واتە ئەو مەیلانەی هێزی پاڵنەری دەنگدەرە راستڕەوە توندئاژۆکان و هەندێکجاریش پاڵنەری بزووتنەوە هەرە توندئاژۆ راستڕەوەکانن.
رەنگە کەیسی کوردستان زیاتر لە هەموو کەیسەکانی دیکە شایانی بیرکردنەوەی ورد بێت. کورد ئەو نەتەوەیەیە کە بەڵێنەکانی پەیماننامەی ڤێرسالیس، لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی بۆ جێبەجێ نەکراوە. کورد گەلێکە کە بەدەستی رژێمی سەدام حوسێن رووبەڕووی کۆمەڵکوژی، کیمیاباران و هەموو جۆرەکانی دڕندەیی بووەتەوە. یانیش نیمچە دەوڵەتێکە خاوەن نەزم کە هێزە چەکدارەکانی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان لە جەنگی دژی داعشدا هەبووە و تاوەکوو ئێستاش هەیانە.
(کاتێک باسی کوردستان دەکەین) باسی دیموکراسییەک دەکەین کە بە ئاشکرا لە دەستوورەکەیدا یەکسانیی نێوان پیاو و ئافرەت لەبەرچاو گیراوە و سیستەمە سیاسییەکەی، بە هەموو لاوازییەکانییەوە، هەر هێندەی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی رۆژئاوایی لە قەیراندایە. هیچ کەسێک هەیە بتوانێت لە ناوچەیەکی وەکوو رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا باشتر لەوە بکات کە کوردستان کردوویەتی؟
رەنگە لە سازدانی گشتپرسییەکەدا کە هاوشێوەی گشتپرسییەکەی سکۆتلاند و بە پێچەوانەی گشتپرسییەکەی کاتالۆنیا، بێ شەڕ و پێکدادان بەڕێوەچوو، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ئەو ناوچەیەی هەتا ئێستاش هەرێمێکی ئۆتۆنۆمە، کۆمەڵێک تموحی کەسی و دڵنیاکەرەوەی هەبووبێت، لەوانەش ئاواتی بەدەستهێنانەوەی ئەو پێگەیەی پێشتر لە کوردستان هەیبووە و ئێستا لاواز بووە. بەڵام ئەمە پرسە سەرەکییەکە نییە: بەڵکو خاڵە سەرەکییەکە ئەو ژمارە بەرچاوەی دەنگی “بەڵێ”یە بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
ئایا ئەمە بەو مانایە دێت کە ئەو شەرعییەتەی (بەهۆی دەنگی “بەڵێ”وە بەدەستهێنراوە) دەسەڵاتدارانی کوردستان هان دەدات بەرەو ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا سەربەخۆیی رابگەیەنن؟ بێگومان نەخێر.
راستیەکەی، سەرۆک بارزانی بە ئاشکرا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە حەز دەکات لە ئێستا بەدواوە دەست بە دانوستاندن بکەن. وێناکردنی قۆناغی گرنگی داهاتوو لە پرۆسەیەکی لەوجۆرەدا کارێکی سەخت نییە. دەشێت لەناو ئەو هەلومەرجەی ئێستا، واتە فیدراڵیزمی عێراق و ئەو سەربەخۆییەی کورد لەمێژە خەونی پێوە دەبینێت، وێنای مۆدێلێکی نێوانگیری کۆنفیدراڵی بکەین، کە تێیدا ئاستی ئۆتۆنۆمییەکە زیاترە و دەشێت کوردی عێراقیش لەناو دەوڵەتی عێراقدا پێی رازی بن.
سیناریۆیەکی لەم جۆرە یەکسەر رووبەڕووی (دژایەتی) حکومەتی عێراق دەبێتەوە، بەڵام عێراق دەوڵەتێکی لاوازە. ئەوان بەبێ پێشمەرگە هیچکات نەیاندەتوانی بەشداری لە شکستی داعشدا بکەن.
بنیاتنانەوەی عێراق دەبێ بە پڕۆژەیەکی واقیعبینانە ئەگەر بێت و حکومەتی عێراق هەوڵبدات بە دانوستاندن لەگەڵ کوردستان رێکبکەوێت. لێرەدا مەسەلەکە دابەشکردنی دەوڵەتێک نییە، وەکوو چۆن لە کەیسی کاتالۆنیادا دەشێت وێنەی دۆخێکی لەو جۆرە بکەین، بەڵکو مەسەلەکە جەختکردنەوە لەسەر دەوڵەتی کوردستانە لەناو چوارچێوەی مۆدێلێکی کۆنفیدراڵیدا، ئەمەش لەناو دەوڵەتێکدا کە ئێستا بە رەوشێکی یەکجار خراپدا تێدەپەڕێت.
گشتپرسییەکەی کوردستان بووە هۆی ئەوەی کاردانەوەی نەرێنی لە زۆر وڵاتدا سەرهەڵبدات: ئیسرائیل تاکە وڵاتە پشتگیری خۆی پیشان دابێت. راستە ئەگەر لەبری دەوڵەتی نیمچە سەربەخۆی کوردستان دەوڵەتێکی تەواو سەربەخۆ دابمەزرێت بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە گۆڕانی بەسەردا دێت، بەڵام هەڵەیە ئەگەر بگوترێت دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەبێت بە سەرچاوەی هێز بۆ کوردی پارچەکانی دیکەش، بە تایبەتیش کوردی تورکیا. کوردستانی عێراق زۆر جیاوازە لە پەکەکە لە تورکیا.
ئەو وڵاتانەی لە رەوتی رووداوەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خاوەنی زۆرترین دەسەڵات و کاریگەرین دەبێ هەرچی زووترە واز لەو روانگەیە بهێنن کە تێیدا رەتی دەکەنەوە مەسعود بارزانی لەبەرچاو بگرن. کاتی ئەوە هاتووە ئەو وڵاتانە رازی بن بەوەی پشتگیری لە پرۆسەیەک بکەن کە تێیدا نەتەوەیەک دەیەوێت دەوڵەتێک دابمەزرێنێت، توانای ئەوەی هەیە لەڕووی سەربازییەوە بەشداری لە سەقامگیرکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکات و دیموکراسی و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بۆ خەڵکەکەی خۆی گەرەنتی بکات.
*پرۆفیسۆر میشێل ڤیڤیۆرکا سەرۆکی خانەی زانستە مرۆییەکانی پاریسە و ئەم وتارەی بە تایبەتی بۆ (رووداو) نووسیوە.



