وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

بیروڕا

هیوایەك ماوە، پێش تەسلیمبوون

لەلایەن عارف قوربانی 13/2/2018
عارف قوربانی
عارف قوربانی

مانگی شوباتی 2014، كاتێك نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان راگرێ، ئەوكات بەهۆی بەرزیی ئاستی داهاتی تاك لە كوردستان و بەهۆی ئەوەی پێشتر هەل و دەرفەتی كار زۆر بوو، خەڵكیش تا ئەندازەیەك بەشێك سەرمایەی پاشەكەوتی هەبوو، بۆیە بڕیارەكە تا ماوەیەكی زۆر دواتر كاریگەریی لەسەر ژیانیان دروست نەكرد.

هەروەها بەهۆی ئەوەی بانكە ئەهلی و حكومییەكانی هەرێم و لقی ئەو بانكە عێراقیانەش كە لە كوردستان بوون پارەیەكی زۆریان تێدابوو، حكومەت دەستی بەسەرداگرتن و بەكاری برد، تا ماوەی چەند مانگێكیش بڕیارەكەی بەغدا كاریگەری ئەوتۆی لەسەر حكومەت نەبوو. 

بەهۆی ئەوەشەوە كە بەغدا نەیتوانیبوو یاسای نەوت و غاز لە عێراق دەربكات و بەپێی رێككەوتنێكی سیاسی ساڵی 2007ی نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێمی كوردستان بێ‌ گەڕانەوە بۆ ناوەند چەند ساڵێك بوو لە بواری كەرتی نەوت تا ئاستی گەیشتن بە دەرهێنان و هەناردەكردن، ئامادەسازیی كردبوو، بۆیە كاتێ‌ مالیكی بەشە بودجەی هەرێمی راگرت، هەرێمی كوردستان راستەوخۆ دەستی بە هەناردەكردنی نەوت كرد و بەو هۆیەشەوە كە ئەوكات نرخی نەوت بەرز بوو، بڕیارەكەی بەغدا بۆ بڕینی پشكی هەرێم بێ‌ كاریگەری بوو. 

دواتر بەهۆی ئەو ئاڵۆزی و لێكەوتانەی لە كێشەكانی ناوخۆی هەرێم و لە شەڕی داعش كەوتنەوە، هەروەها بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت، هەرێمی كوردستان تووشی داڕمانی ئابووری هات، بە ئەندازەیەك كە حكومەت و هاووڵاتیان و كۆمپانیا و سەرمایەداران پێكەوە تووشی قەیران بوون.

 خۆڕاگریی خەڵك و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت یارمەتیدەر بوون لەوەی هەرێمی كوردستان بەسەر كێشەكاندا زاڵ بێ و چاوەڕوانی ئەوە دەكرا پاشەكەوتی مووچە نەمێنێ‌ و پرۆژەكان بكەونەوە كار، بەڵام رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و لێكەوتەكانی، هەرێمی بۆ دواوە گەڕاندەوە و ئەمجارە شكستی سیاسی و سەربازیشی بەدوادا هات.

لە نێوان 16ی ئۆكتۆبەر بۆ ئێستا، لە نێوان نیەتی بەغدا لە بەچۆكداهێنانی كورد و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، دەكرێت بگوترێت كوردستان مەترسییەكانی ئەو قۆناغەی تێپەڕاند كە پلانی بۆ دانرابوو. ئێستا كوردستان روو لە هەستانەوەیە، بەڵام ئەمەش هەر قۆناغێكی كاتییە. كۆتایی بە سیناریۆكان نەهاتوون، بەڵكوو شێوەی ململانێكان گۆڕاون.

ئەوەی پێشتر بەغدا ویستی لە رێگەی سەپاندنی هێزەوە بیكات، ئێستا لە رێگەی سەپاندنی هێزی نەرمەوە دەیەوێ‌ بیگەیەنێتە ئەنجام. ئەویش دەستگرتنە بەسەر جومگەكانی خۆبژێویی خەڵكی كوردستان بەپاساوی دەستووری، بێ‌ ئەوەی بەدیلێك بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان دەستەبەر بكرێت.

لە 16ی ئۆكتۆبەرەوە بەغدا دەستی بەسەر بەشێكی زۆری جوگرافیا و ئەو سەرچاوانەی داهاتدا گرتووە كە هەرێم بەهۆی قەیرانی داراییەوە دەستی بۆ بردبوون و كەڵكی لێوەرگرتبوون. وا چوار مانگە بەغدا بە شەرعیەتی دەستووری ئەم داهاتانەی لە هەرێم وەرگرتووەتەوە، بەڵام بێ‌ ئەوەی ئەو بەشەی تری رەوایەتی دەستوور جێبەجێ‌ بكات كە پێویستە بژێویی هاووڵاتیان دەستەبەر بكرێت. 

ئەمە لەكاتێكدایە فشارێكی زۆری نێودەوڵەتیش لەسەر بەغدایە تا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق بدات. بەڵام بەغدا بە پاساوی جۆراوجۆر یاری بە كات دەكات و تا ئێستا هیچ پابەندییەكی دەستووری ئەوەی پەیوەندی بە ئیستحقاقاتی هەرێمەوەیە، جێبەجێی نەكردوون. بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی خەڵكی كوردستانیشەوە، لە كەناڵی جۆراوجۆرەوە بەغدا خەریكی سەرخستنی قۆناغەكانی تری پلانەكەیەتی لەوەی دەست بەسەر ئەو بەشانەی تری سەرچاوەكانی داهاتی كوردستاندا بگرێت.

پێویستە لێرەدا هەڵوەستەیەك بكەین و بپرسین، ئەگەر ئەو سەرچاوە كەمەی تری داهاتی كوردستان كە لەدەستی هەرێم ماوە، بكەوێتە دەستی بەغدا و دوای ئەوە بەغدا بە بیانووی جۆراوجۆر هەر ئامادە نەبوو بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، دەتوانین چی بكەین؟ لە حاڵێكی وادا هەرێمی كوردستان دوو رێگەی لەبەردەمە، یەكیان رێگەی دەستوورییە كە پەنا بەرێتە بەر دادگای ئیتیحادی، رێگەی دووەمیش پەنابردنە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ساڵی 2014 كە مالیكی بێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و تەنانەت بێ‌ وەرگرتنی رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانیش پشكی هەرێمی بڕی، كوردستان رێگە دەستوورییەكەی تاقیكردەوە و دادگای ئیتیحادی بڕیارەكەی مالیكی بە نادەستووری ناوبرد و داوای كرد هەڵوەشێنرێتەوە. بەڵام نە مالیكی و نە دوای ئەویش كاریان بە بڕیارەكەی دادگا نەكرد و درێژەیان بە سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان دا. تەنانەت هەرێمی كوردستان پەنای بردە بەر ئەمریكا و دۆستەكانی لە هێزە نێودەوڵەتیەكان و فشارە نێودەوڵەتیەكانیش هیچ بەرهەمێكی نەبوو.

ئەوەی ئێستا بەغدا دەیكات دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆیە، دەیەوێ‌ هەموو سەرچاوەكان كۆنترۆڵ بكات و پشكی هەرێمیش نانێرێ. لە حاڵێكی وادا كوردستان هەر ئەوەی پێدەكرێت هەمان دوو رێگەی دادگای ئیتیحادی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاقی بكاتەوە، بەڵام ئەگەر هاوشێوەی ساڵی 2014 بێ‌ ئەنجام بوو، چی دەكات؟ لەكاتێكدا ئێستا بەپێچەوانەی ساڵی 2014 باری دارایی خەڵك و داهاتی تاك و تەنانەت هەل و دەرفەتی كاریش لە ئاستێكی زۆر نزمدایە. حكومەتیش نە پارەی یەدەگی خەڵك و بانكەكانی لەبەردەستە و نە وەك ئەوكات دەتوانێ‌ ئەو وەبەرهێنانەی لە كەرتی نەوت كردبووی بەكاربخاتەوە؟ 

ئامانجی بەغدا ئەمەیە، ئەو گەشەكردنە ئابوورییەی دە ساڵی رابردووی نێوان 2003 تا 2014 پێچەوانە بكاتەوە و دواتر وەبەرهێنانی سیاسی لەو داڕووخانە ئابوورییە بكەن. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەرێم توانای ئەوەی هەیە ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ‌ و تەسلیمی بەغدا نەبێت، بەتایبەت كە جگە لە قەیرانی دارایی، كێشەی سیاسیمان هەیە و ئەو ململانێ‌ و كێشە سیاسیانەش ئاو دەكەنە ئاشی قووڵبوونەوەی قەیرانە داراییەكە؟ لە هەر كەس بپرسی، بێگومان تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بە كارێكی سەخت دەزانێ‌، بەڵام مەحاڵیش نییە.

پێشهات و رووداوەكانی ناوچەكە بەگشتی پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، هیوایەك ماوە و بەستراوە بە پێگەی پەكەكەوە، ئەگەر عەفرین نەكەوێت، ئایندەی هاوكێشەكان دەگۆڕێت و هەرێمیش رۆڵێكی زیاتر وەردەگرێتەوە. 

بۆیە بەگرنگی دەزانم هەرێم هەندێكی تر یاری بەكات بكات و بەو ئەندازەیە تەسلیمی بەغدا نەبێت كە دواتر خۆدەربازكردن لە پابەندێتییەكانی زۆر قورس بێت. ناكۆكییە سیاسیە ناوخۆییەكان بۆ هەڵبژاردن جێبهێڵرێ، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە رزگاركردنی ژیانی خەڵكە لە نەبوونی، دەبێت حكومەتی هەرێم بەشی ئەوە دڵنیایی بەدەست بێنێتەوە كە بتوانێ‌ مووچەی ساڵێك دەستەبەر بكات، بۆ ئەمەش تەنها پێویستی بە ئیرادە و بڕیاری ئازایانە هەیە لە رێكخستنەوەی داهاتەكان و وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی لای هەندێ‌ بەرپرس و كۆمپانیا سێبەرەكانیانە.

هەروەها بە وەرگرتنی پارەی ئەو زەوییانەی كە موڵكی گشتین و كەرتی تایبەت و خەڵك بەكاریان هێناون، بۆ نموونە ئەو باخانەی بە نایاسایی كراون، یان ئەو زەوییانەی لە دهۆك و هەولێر و سلێمانی دراون بە زانكۆ تایبەتەكان، تەنیا پارەی ئەمانە بەشی مووچەی یەك ساڵی هەموو هەرێمی كوردستان دەكات.

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Ayub | 15/08/2018 09:46:36 ص
له وبڕوایه دانیم بتوانێت بیباته وه
مارسێلۆ و رامۆس لە دەستکەوتێکی مێژوویی نزیکدەبنەوە
| 14/8/2018 | (1)
جه‌وده‌ت سۆفی | 15/08/2018 07:35:45 ص
ئه‌م هه‌واڵه‌ دڵمی ته‌زاند. چونكه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و خانمه‌ و منداڵه‌كانی كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ ده‌یكه‌ن گه‌وره‌ترین به‌ها و پیرۆزیه‌تی كورد...
بریندارێكی شەڕی داعش لەلایەن خێزانەكەیەوە ئەشكەنجە دەدرێ‌
| دوێنێ کاژێر 08:58 | (1)
ڕیبوار مەحمود | 14/08/2018 05:00:49 م
زۆر ڕاستە کۆمپانیای کیو نێت قۆڵبڕینی زۆری تێدایە و ئیشەکەشیان حەرامە و سووخۆری تێدایە، بۆیە پێویستە ئەوەی موسوڵمانە لیی بەدوور بێت ، پێویستە حکومەتی...
yahya | 15/08/2018 06:43:54 ص
من ده بينم ئه وه ى ناوى خوى ناوه ئازاد ئازاد بيريزى به رامبه ر به ئايينى بيروزى كورد كردوه كه ئاينى ئسلامه وبه ليزنه ى بلاى فتوه به حكومه تى...
لیژنەی باڵای فەتوا: مامەڵەکردن لەگەڵ كۆمپانیای كیونێت دروست نییە
| 13/8/2018 | (3)
Awat | 14/08/2018 05:54:18 م
زور گرنگە پەرە بەو جوورە هەنگاوانە بدری هەتا متمانە مابەینی هاولاتی و دکتور پسپور ئاسایی بی
لە هەولێر پزیشکی ساڵ دیاریکرا
| 14/8/2018 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

 لە ئەمریکا ئالوودەبوونی خانمانی دووگیان بە ئازارشکێنەکان زیادیکردووە دوێنێ کاژێر 11:52 |

لە ئەمریکا ئالوودەبوونی خانمانی دووگیان بە ئازارشکێنەکان زیادیکردووە

لەنێوان ساڵی 1999 تاوەکو ساڵی 2014 رێژەکە زۆر زۆرتر
توێژینەوە: شۆرتی فراوان ژمارەی تۆوەکانی پیاوان زیاددەکات دوێنێ کاژێر 10:37 |

توێژینەوە: شۆرتی فراوان ژمارەی تۆوەکانی پیاوان زیاددەکات

هۆرمۆنەکانی پەیوەست بە سێکس رێکدەخات زۆرتر
دەرمانێک هەستی گەیشتن بە لێواری مردن درووستدەکات دوێنێ کاژێر 06:46 |

دەرمانێک هەستی گەیشتن بە لێواری مردن درووستدەکات

ئەوانەی دەگەنە لێواری مردن هەستێکی تایبەتیان هەیە زۆرتر
0.484 seconds