وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

بیروڕا

حکومەتی هەرێم و جێگۆڕکێی نوخبە

لەلایەن ئازاد وەڵەدبەگی 14/12/2018
ئازاد وەڵەدبەگی
ئازاد وەڵەدبەگی

یەکێک لە بابەتە گرنگەکان لە کۆمەڵناسیی سیاسیدا، جێگۆڕکێی نوخبەیە کە بە یەکێک لە پێوەرە سەرەکییەکانی هەر سیستەمێكی دیموکراسی لە ئاستە باڵاکانی دەسەڵاتی سیاسی و گشتیی وڵات دادەنرێت. 

هەر سیستەمێکی سیاسی، خاوەنی کۆمەڵێک نوخبەیە کە دەبێت بەپێی بنەما دیموکراسییەکان، لە هەر خولێکدا بەشێکیان دەسەڵات بەدەستەوە بگرن و پاش قۆناغێکی دیاریکراو یان بەهۆی ڕکابەریی سیاسی، گۆڕەپانەکە بۆ کەسانی دیکە چۆڵ بکەن. ئەم جێگۆڕکێیە، دەبێ هەموو ئاستەکانی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی بگرێتەوە. لە وڵاتانی گەشەکردوودا، ئەم جێگۆڕکێیە بەهۆی ململانێی حیزبی و ڕکابەری سیاسیی لۆژیکی ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەکردندا، ئەم جێگۆڕکێیە ڕەنگە بە توندوتیژی و ململانێی خوێناوی کۆتایی بێت.

جێگۆڕکێی نوخبە سێ قازانجی سەرەکی هەیە. یەکەم، ئەو بەرپرس و بەڕێوەبەرانەی کە ئەزموونێکی خراپ و شکستخواردوویان هەیە وەلاوە دەنرێن، دووەم ئەوانەی کە بە هەر هۆکارێک دەرفەتی کاریان پێنەدراوە هەلیان پێدەدرێت خۆیان تاقی بکەنەوە و، سێیەمیش ئەوەیە کە لەم ڕێگەیەوە سیستەمی سیاسی بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە و  کەسانی نوێ پەروەردە دەکات و توانا و پوتانسیەلە نوێیەکان دەخاتەگەڕ و تووشی لاوازیی پسپۆڕی و شارەزایی نابێت و لە هەمان کاتدا ڕەوایی سیاسی خۆی بەهێزتر دەکات. هەروا جێگۆڕکێی نوخبەکان، ڕێگە لە کۆچی نوخبە بۆ دەرەوەی وڵات دەگرێت، چونکە نوخبە لە ئەگەری هەستکردن بە پەراوێزخستنی، بە ناچاری بۆ دەستەبەرکردنی هەل و دەرفەتی باشتر بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ دەکات. 

هەروا لە پرۆسەی جێگۆڕکێی نوخبەکاندا، ئاستی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرز دەبێتەوە و لەڕاستیدا جۆرێک لە ڕکابەری لەنێو نوخبەدا دروست دەبێت، بۆ خستنەڕووی باشترین ئاستی کار و چالاکی و خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان. ئەگەر بەرپرس یان بەڕێوەبەرێک دڵنیا بێت لەوەی جێگۆڕکێی پێناکرێت و، کەس شوێنی ئەو ناگرێتەوە، ئەوا دەسەڵاتی خۆی بە هەمیشەیی دەزانێت و ئاستی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی لەلای ئەو کەسە لاواز دەبێت، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کواڵیتی و چۆنێتی کاری ئەو دەبێت. بەدەر لەمەش، مانەوەی درێژخایەنی ئەو بەڕێوەبەرە لە پۆستەکەی، زەمینەی باشتر بۆ سەرهەڵدانی گەندەڵی دەڕەخسێنێ کە ئەمەش وەک مۆرانە سیستەمی سیاسی بنکۆڵ دەکات. 

گرنگیدان بە بابەتی پەروەردەکردنی نوخبە و دانانی کەسانی شایستە و بە توانا لە پرۆسەی بڕیاردان و پۆستە سیاسی و کارگێڕییەکانی هەر وڵاتێک، بە یەکێک لە پرسە گرنگ و ستراتیژییەکان لە سیستەمە سیاسییەکانی جیهانی ئەمڕۆ دادەنرێت. هەر سیستەمێکی سیاسی، هەوڵ دەدات لەسەر بنەمای خواستە تیۆری و ڕاستینەکانی خۆی، بەرپرسان و نوخبە سیاسییەکانی خۆی پەروەردە و دەستنیشان بکات. گرنگیی ئەم بابەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە نوخبە کەسانێکن کاریگەرییان هەیە لەسەر پرۆسەی بڕیاردانی وڵات و، ئەگەر کەسانی بە توانا و لێهاتوو بن، ئەوا دەتوانن ببنە سەرچاوەی گەلێک گۆڕانی ئەرێنی و باش لەنێو کۆمەڵگە. ئەگەر پێچەوانەکەشی بێت، ئەوا دەبنە سەرچاوەی نەهامەتی بۆ وڵاتەکەیان.

یەکێک لە پێویستییە سەرەکییەکانی ئەم پرۆسەیە، کەڵکوەرگرتنە لە توانا و پۆتانسیەلەکانی ئێستا و داهاتووی کۆمەڵگە و، ناسینی کەسانی لێهاتوو و خاوەن بەهرە بۆ ئەوەی کار و ئەرکەکانیان پێ بسپێردرێت. بەم پێیە نوخبە سیاسییەکان، بە مەکینەی بزوێنەری نوخبەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگە دادەنرێن و پێگەیەکی دیار و بەرجەستەیان هەیە لە پرۆسەی شایستەسالاری و پێشخستنی کۆمەڵگە. لە سیستەمە کلاسیکییەکانی ڕابردوودا، پێدانی پۆستە سیاسی و سەربازییەکان بە گوێرەی پێوەری بنەماڵەیی دەبوو. ئەمڕۆش مۆدیلەکانی بنەماڵەسالاری، گرووپسالاری و حیزبسالاری لە گەلێک لە وڵاتانی لە حاڵی گەشەکردنی جیهاندا هەر ماون و پەیڕەو دەکرێن. لە هەرێمی کوردستانیش، بە درێژایی سێ دەیەی ڕابرادوو پێوەری سەرەکی بۆ پێدانی پۆست و پلە و پایەکان، حیزبسالاری و خێڵسالاری و گرووپسالاری بووە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی شایستەسالاری پشتگوێ بخرێت و پێوەری یەکەم نەبێت بۆ دەستنیشانکردنی نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسی و کارگێری لە کوردستان.

لە پێدانی پۆست و پایەدا لەم وڵاتە، زیاتر لەوەی ڕەچاوەی توانای کەسەکان و پسپۆڕی و لێهاتووییان بکرێت، پتر ڕازیکردنی حیزب و خێڵ و عەشیرەت و گرووپەکان لە بەرچاو گیراون. ئێستا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی خۆیدایە، حەقوایە ستراتیژێکی نوێ لە بواری جێگۆڕکێی نوخبە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای پیشەیی و پسپۆڕی و پێویستییە هەنووکەییەکانی کۆمەڵگە بگرێتە بەر و ماڵ تەکاندنێکی باش لەم بوارەدا پەیڕەو بکات. کەسانێکی زۆر هەن کە بە درێژایی سێ دەیەی ڕابردوو لە پۆستە سیاسی و کارگێڕییە باڵاکانی ئەم وڵاتەدا باڵادەست بوون و نەک هەر موعجیزەیەکی ئەوتۆیان لێ نەبینرا، بەڵکوو ڕێگریش بوون لەبەردەم سەرکەوتنی کەسانی شایستەتر بۆ وەرگرتنی ئەو پۆست و پلانە. 

لە کۆمەڵگە ئازاد و دیموکراتەکاندا، جێگۆڕکێی نوخبە لەسەر کۆمەڵێک پێوەر و ڕێسای عەقڵانی و لۆژیکی و بە دوور لە پێوەرە کەسی و تایبەتییەکان ئەنجام دەدرێت. چونکە دواجار دەبێ حکومەت لە خزمەت چاکەی گشتیدا بێت و، لە ئەگەری پشتگوێخستنی جێگۆڕکێی نوخبە، چینێکی نوخبەی هەمیشە باڵادەست، دەسەڵاتی وڵات بە دەستەوە دەگرن کە ئەمەش کۆمەڵگە بەرەو بەئۆلیگارشیبوونی سیستەمی دەسەڵاتداری دەبات و هەڕەشە لە بنەماکانی دیموکراسی دەکات. 

ئامانجی جێگۆڕکێی نوخبە بەدیهێنانی دادپەروەری، شایستەسالاری، حوکمڕانیی باش، بە دەزگاییکردنی ڕکابەریی سیاسی و ڕەوایی و لێهاتوویی سیستەمی سیاسییە. ئەزموونی وڵاتانی وەک فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتالیا، کۆریای باشوور، سەنگاپوورە، چین و مالیزیا دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە مرۆڤە نوخبە و شایستەکان دەتوانن ببنە هۆکاری گەشەکردن و قەڵەمبازی سیاسی، ئابووری و پیشەسازیی وڵات. هەموو پێشکەوتنەکانی ئەو وڵاتانە، دەرئەنجامی توانا، لێهاتوویی و لێزانیی بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی نوخبە و هزرمەند بووە کە بە دروستی پەروەردە کراون و لە شوێنی شیاوی خۆیان دانراون و بوونەتە سەرچاوەی گۆڕان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە. 

لە وڵاتانی گەشەکردوو، لە کاتی بڕینەوەی درەختی دارستانەکان، پێش ئەوەی درەختێک ببڕنەوە، درەختێکی دیکە لە تەنیشتی دەچێنن و، پاش دڵنیابوون لە گەشەکردن و هەڵچوونی ئەو درەختە، ئینجا درەختە کۆنەکە دەبڕنەوە، بە وتەیەکی تر پێش بڕینەوەی درەختەکە، جێگرەوەکەی دەستنیشان دەکەن. هەربۆیە یەکێک لە ئەرکەکانی هەر دامودەزگایەکی حکومی بریتییە لە پەروەردەکردنی کەسانی شایستە و جێگرەوەی بەڕێوەبەرانی کۆنی ئەو دەزگایە، بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا تووشی گرفت نەبن. 

هەربۆیە، نوخبەکان دەبێ پەروەردە بکرێن، نەک چاوەڕێ بکەین هەتا لە دایک ببن، زانایی لەم سەردەمەدا توانایی دروست دەکات. ئەو دەزگا و سیستەمەی کە بیر لە ئایندە نەکاتەوە، لە گەیشتن بە ئامانجەکانی تووشی گرفتی جیدی دەبێت. سیستەمی ئایندەبین ئەو سیستەمەیە کە بیر لە ئایندە و پەروەردەکردنی نوخبە و جێگرەوەکانی دەکاتەوە و، لە هەمان کاتدا دەرفەتی شیاو بۆ جێگۆڕکێی ئەو نوخبانە دەڕەخسێنێ.
          


1232 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Azad Azad | 16/03/2019 03:46:26 م
والله‌ وه‌بیلاهی گه‌ر پارتی نیوه‌ی پۆسته‌كانی خۆشیان بداته‌ یه‌كیه‌تی به‌ته‌ئكید یه‌كیه‌تی له‌ به‌ینی خۆیان ڕێك ناكه‌ون باشتر وایه‌ پارتی هه‌وڵ و...
یەکێتی: بەشداریمان لە کابینەی نوێی حکومەت پەیوەستە بەوەی هاوبەشێکی راستەقینە بین
| 16/3/2019 | (1)
ئیسماعیل عەبدوڵا | 16/03/2019 08:51:18 ص
چۆن بتوانم دەنگ بدەم؟
Azad Azad | 16/03/2019 08:57:23 ص
هونەری فیلمی دۆکیومێنتاری لەبارەی ئازارەکانی گه‌لی كورد به‌گشتیی به‌درێژای ١٠٠ ساڵی ڕابرد و کیمیا باران کردنی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژی کردنی...
لە بەریتانیا فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی کیمیابارانی هەڵەبجە نمایشکرا
| 16/3/2019 | (2)
mohammad kurdish kurdstan | 15/03/2019 03:25:34 م
أن شاءالله‌ بۆخاتری عه‌رشی په‌روه‌ردگاری پیرۆز به‌م رۆژی هه‌ینیه‌ هه‌رچی بكوژان و تاوانانی ئه‌م ڕووداوه‌ بوون سه‌رشۆر و ریسوا ودونیا و قیامه‌تبن أن...
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بەتووندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشه‌كه‌ى نیوزلەندا ده‌كات
| 15/3/2019 | (1)
REALMADRIDCF | 15/03/2019 02:34:00 م
ئەگەرلەسەردەستی پێرێزڕیاڵ مەدریدهەڵنەستایەوەئەواهاندەران دەیان هەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە
پلانێکی شاهانە لە یانەی شاهانە
| 26/2/2019 | (1)
0.281 seconds