وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

بیروڕا

رۆژهەڵاتی فورات و ئاڵۆسكانی داوەكان

لەلایەن حوسێن عومەر 31/1/2019
حوسێن عومەر
حوسێن عومەر
تویتەكەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا لە 13ی كانوونی دووەمی 2019 لەبارەی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە باكووری سووریا، هاوشێوەی هاویشتنی تۆپە دەزوویەك بوو بۆ ئەو ناوچەیە كە هەر یەك لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی تەنگژەی سووریا، دەستوبرد كەوتنە هەوڵی چنینی كراسێك پڕ بە بەری خۆیان. دوای دوو هەفتە لە خستنەڕووی ئەو بیرۆكەیە، هێشتا هەر ناڕوونە و سیمای دەرنەكەوتووە، ئەوە جگە لە نەگەیشتن بە هیچ لێكتێگەیشتن و سازانێك لەنێوان ئەو لایەنانەی ململانێ لەسەر دەسەڵات لە سووریا بەگشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات بەتایبەتی دەكەن.

پڕكردنەوەی بۆشاییەكە

ئاشكرایە كە نە ناكۆكییەكانی نێو ئیدارەی ئەمەریكا لەسەر بڕیاری ترەمپ بەكشانەوە لە سووریا و نە گوشاری ناوخۆیی لەلایەن ئەندامانی دیاری كۆنگرێسەوە، نەبوونە مایەی پاشگەزكردنەوەی سەرۆك ترەمپ لە بڕیارەكەی، ئەگەرچی ڕەنگە كاریگەرییان لەسەر میكانیزم و كاتی كشانەوەكە هەبووبێت. ئەوەی ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە، ناردنی هێزێكی 500 كەسییە لە یەكینەكانی ئەركە تایبەتەكان و پۆلیسی سەربازی بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات كە پێدەچێت ئەركەكەیان بریتی بێت لە هاوڕێیەتی و پاراستنی ئەو هێزانەی پاشەكشە دەكەن، لە چوارچێوەی دەستپێكردنی كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو هێزانە لە ناوەڕاستی شوباتی داهاتوودا. كشانەوەی هێز یان كەمكردنەوەی، لە قۆناغی یەكەمدا بۆشاییەك دەخاتەوە كە پێویستە پڕ بكرێتەوە، ئەمەش ململانێكە توندتر دەكات لەنێوان ڕووسیا و ئێران و سووریا لەلایەك و، توركیا و هاوپەیمانەكانی لەنێو ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەلایەكی ترەوە بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە.

ئەمەریكا و توركیا

سەرباری جەختكردنەوەی ئەمەریكا لەوەی كە توركیا هاوپەیمانی ستراتیجییە و ئەو ڕێوشوێنانەی لە ڕۆژهەڵاتی فورات دەگیرێنە بەر بە هاوئاهەنگی و لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەو دەبێت، بەڵام ئەمەریكا لانیكەم تا ئێستا، هیچی ئەوتۆی بەتوركیا نەداوە. ئەو زانیارییانەی لەبارەی سەردانەكەی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆكی ئەمەریكا، جۆن بۆڵتن، شانبەشانی سوپاسالار جۆزێف دانفۆرد و نێردەی ئەمەریكا بۆ سووریا، جەیمس جێفری (لە 7ی كانوونی دووەمی 2019) بۆ ئەنقەرە، دزەیان كردووە، جەخت لەوە دەكەن كە ئەمەریكا داخوازییەكانی توركیای رەتكردووەتەوە. توركیا دەیەوێت دەستی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات واڵا بكرێت بۆ شەڕی هێزەكانی سووریای دیموكرات و دەستگرتن بەسەر خاكەكەدا. ئەمەش هۆی هەڵوەشاندنەوەی دیدارە چاوەڕوانكراوەكەی ئەردۆغان و بۆڵتن ڕوون دەكاتەوە. چونكە بۆڵتن بە گوتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا، ئیبراهیم كاڵنی ڕاگەیاندبوو كە ناوچەی مەنبج تا باكووری حەما دەشێ بكرێتە بابەتی ڕێككەوتنی ئەمەریكا – توركیا لەسەر هاوبەشی لە شەڕی ڕێكخراوە تیرۆریستییەكان و میلشیا ئێرانییەكان و، دامەزراندنی ئیدارەیەك لەو ناوچەیە بەچاودێریی ئەمەریكا و توركیا و ئەو ناوچانەی دەكەونە نێوان هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات لەچوارچێوەی ئەم دیدە نین. بۆڵتن ئەوەشی ڕەتكردەوە هێزەكانی سووریای دیموكرات لە لیستی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستانەدا بن كە لەلایەن توركیاوە ئامادە كراوە و، سەرۆكی توركیا لە پرێس كۆنفرانسێكی هاوبەشدا داوای كرد هەردوولا پابەندیی خۆیان بەشەڕ لەدژیان ڕابگەیەنن.

بادانەوە بەرەو ڕووسیا

ئەنجامی نەرێنیی گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان توركیا و ئەمەریكا لەلایەك و درككردنی توركیا بە قەبارەی دەسەڵاتی ڕووسیا لە سووریا لەلایەكی تر، وایان لە سەرۆكی توركیا كرد دۆسیەی ڕۆژهەڵاتی فورات و ناوچە ئارامە پێشنیازكراوەكە بباتە مۆسكۆ و لەگەڵ سەرۆك فلادیمێر پووتین باسی بكات، ئەوەش شانبەشانی دۆسیەی ئیدلب كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەیئەی تەحریری شام (كە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەناسرێ)، دەستی بەسەر زۆربەی ناوچەی چوارەمی كەمكردنەوەی تێكهەڵچووندا گرت كە پارێزگەی ئیدلب و ناوچەكانی دەوروبەری هەرسێ پارێزگەی حەلەب و حەما و لازقیە دەگرێتەوە. 

بۆ ئەم پێشهاتە مەیدانییەی ئیدلب، توركیا تۆمەتبار دەكرێ بەوەی ئاسانكاری بۆ ڕوودانی كردووە، ئەوەش بەهۆی شكستخواردنی لە قایلكردنی ڕووسیا بەوەی ئاسمانی سووریا بەڕووی هێزی ئاسمانیی توركیادا بكاتەوە پاش كۆتاییهاتنی ماوەی رێككەوتنی هەردوولا لە 28/12/2018، هەروەها بەهۆی شكستخواردنی لە رازیكردنی ئەمەریكا سەبارەت بە كردنەوەی ئاسمانی مەنبج و دەوروبەری بە بیانووی لێدانی داعش و بەرەی نوسرە، ئەم شكستانە وایان لە توركیا كرد كە ڕێ بە پەلهاویشتنی هەیئەی تەحریری شام بدات بۆ ئەوەی ئەم كارتە بۆ بەدەستهێنانی رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ رووسیا بەكاربهێنێ. بەڵام ئەم پێشهاتە هەڵوێستی توركیاشی لەبەرامبەر ڕووسیا لاواز كرد، بەو پێیەی كە نەیتوانی پابەندی وەدەرنانی گرووپە تیرۆریستەكان بێت لە ناوچەكە تا 22/1/2019 وەك ڕێككەوتنی لەسەر كرابوو. ئەو زانیارییانەی لە دیدارەكەی پووتین ئەردۆگان دزەیان كردووە، ئاشكرای دەكەن كە توركیا ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی 3 تا 4 ملیار دۆلار بدات (هەندێك سەرچاوە دەڵێن قەتەر ئامادەیە پارەكە دابین بكات) بەرامبەر بەوەی دەستی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات واڵا بكرێت، بەڵام لایەنی ڕووسی لەگەڵ گەڕانەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی سووریایە بۆ ناوچەكە، لەگەڵ ئەگەری دەستكردن بە وتووێژێكی سووری – توركی لەسەری. ئەمە وای لە سەرۆكی توركیا كرد ئاستی داواكارییەكانی نزم بكاتەوە و باس لە ناوچەیەكی ئارام بكات بەقووڵایی 5 كیلۆمەتر، واتە هەمان ئەو شتەی لە ڕێككەوتنی ئەدەنە، هەردوو لایەنی توركی و سووری لە 20ی تشرینی یەكەمی 1998 واژۆیان كردووە. ئەو ڕێككەوتنە دەڵێت: "مافی توركیایە هەموو ڕێكارێكی ئەمنیی پێویست بە قووڵایی 5 كیلۆمەتر لەنێو خاكی سووریادا بگرێتە بەر"، نەوەكو خاكی سووریا داگیر بكات و گرووپی بەرهەڵستی دیمەشق بهێنێتە ناوەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ڕووسیا دەرگەی بەتەواوی دانەخستووە بەڕووی ئەگەری لێكتێگەیشتنێك لەگەڵ توركیا لەبارەی ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەویش بەرامبەر بە تەنازولێكی زۆری توركیا لە ئیدلب و، هەروەها بۆ بەكارهێنانی ئەو لێكتێگەیشتنە وەك كارتێكی فشار بەرامبەر بە ئێران و، بەدەستهێنانی قازانجی ئابووری.

جموجوڵی فرەئاراستەی ئەمەریكا

سەرباری لێدوانی چەندبارەی بەرپرسانی ئەمەریكا كە هێزەكانی سووریای دیموكرات بە هاوپەیمانی ئەمەریكا لە شەڕی داعش دەژمێرن، بەڵام ئەمەریكا بەڕوونی بە هەموو ئەوانەی سەبارەت بە ناوچەكە دیداریان لەگەڵدا دەكات، دەڵێت كە توركیا هاوپەیمانی ستراتیجییەتی و بەرژەوەندی و نیگەرانییەكانی بەهەند وەردەگرێت. بەمەش ئەمەریكا، لەو جموجوڵانەیدا كە پەیوەستن بە ناوچەكەوە، توركیا بە لایەنێكی سەرەكی دادەنێ لە هەر لێكتێگەیشتنێكدا كە هەوڵی بۆ دەدات. هەروەها گرنگییەكی زۆر دەدات بە هەندێك وڵاتی عەرەبی (ئوردن و هەندێ وڵاتی كەنداو) و هەوڵ دەدات ئەوانیش بەشدار بكات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی فورات كە زۆرینەی دانیشتووانیان عەرەبن. لایەنی سێیەمیش لە هاوكێشەی جموجوڵی ئەمەریكادا عێراق و هەرێمی كوردستانن پێكەوە. ئەمەش گۆڕانێكی سەرنجڕاكێشە لەم جموجوڵە ئەمریكییەدا و ڕەنگە مەبەست لێی لە چوارچێوەدانی رۆڵی عێراق بێت لە سووریا و بەجێنەهێشتنی بێت بۆ نفوزی ئێران.
 
رێڤەبەریی خۆسەر و دیمەشق وەك تاكە بژارە

بڕیاری لە ناكاوی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا ڕێڤەبەریی خۆسەری شڵەژاند و خستییە دۆخێكی شپرزەوە. بەتایبەتی كە ئەو ڕاگەیاندنە دوابەدوای دڵنیاكردنەوەی ئەمەریكا هات بەوەی هێزەكانیان لە سووریا دەمێننەوە تا ئەو كاتەی سێ ئامانجی سەرەكی دێنەدی: دڵنیابوون لە لەناوبردنی داعش و دووبارە سەرهەڵنەدانەوەی، كۆتاییهێنان بە هەژموونی ئێران لە سووریا و دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسیی پەسەندكراو بۆ تەنگژەی سووریا. ئەم سێ ئامانجە/ مەرجە لەڕاستیدا بەواتای ئەوە بوون كە هێزەكانی ئەمەریكا ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە، ئەمەش مایەی دڵنیایی بوو بۆ ڕێڤەبەریی خۆسەر و لە كەوتنە ژێر گوشاری حكوومەتی سووریا دەیپاراست. ڕاگەیاندنی كێشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، ئەو دڵنیاییەی لەناوبرد و وای لە ڕێڤەبەریی خۆسەر كرد كە بژارەی گەڕانەوە بۆ دیمەشق كارا بكات. لەوە دەچێت كە شڵەژان و هەڵوێستی شپرزەی ڕێڤەبەریی خۆسەر رەنگدانەوەیان لەسەر سەركردایەتی ڕێڤەبەری خۆسەر هەبووبێت، ئەو رەوتەی گرەوی لەسەر بژارەی دیمەشق دەكرد وەك تاكە بژارە، دابەش بووە بەسەر دوو ئاراستەدا. لایەكیان هەوڵی لێكتێگەیشتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق دەدات و ئەولەویەت بەلای ئەوەوە بۆ ئەوەیە كە سوپای سووریا بێتە سەر سنوور بۆ ئەوەی هەڕەشەی توركیا بە لەشكركێشی بۆ ناوچەكە بوەستێنێ و بۆ ئەمەش ئامادەی هەموو سازشێكە، لەكاتێكدا لایەكەی دیكە هەوڵ دەدات گفتوگۆ لەگەڵ سووریا بە گەرەنتی و چاودێریی ڕووسیا بێت بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ حكوومەت لەسەر گەڕانەوەی سوپا بۆ پاراستنی سنوور و داننان بە سەروەریی تەواوی حكوومەتی سووریادا و گەڕانەوەی دامودەزگاكانی دەوڵەت و داننان بەجۆرێك لە كارگێڕیی نامەركەزی كە لەسەر سنوور و دەسەڵاتەكانی ڕێككەوتن هەبێت، ئەم ئاراستەیە لاریی لەوەش نییە كە ئەمەریكا گەرەنتیی ڕێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی سووریا بكات.

ناڕەزایی ئەمەریكا لەوەی ڕێڤەبەریی خۆسەر ملكەچی تەواوی مەرجەكانی حكوومەتی سووریا ببێت، بووەتە ڕێگر لەبەردەم پێشڤەچوونی خێرا بەم ئاراستەیەدا. ڕەنگە دوایین بانگهێشتكردنی ئیلهام ئەحمەدی هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی سووریای دیموكرات (كە هەندێ سەرچاوە دەڵێن یەكێكە لە پشتیوانە سەرسەختەكانی لێكتێگەیشتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمەشق) بۆ واشنتن لەم چوارچێوەیەدا بێت، بۆیە لەوانەیە شاندی ڕێڤەبەریی خۆسەر پێش گەڕانەوەی ئەو لە واشنتن نەچێتە دیمەشق، هەرچەندە كەناڵەكانی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق لە كاری خۆیان بەردەوامن. دانانی دیمەشق وەك تاكە بژارە بۆ زۆربەی سەركردەكانی ڕێڤەبەریی خۆسەر، سەرباری جیاوازیی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بژارەیە و زیادبوونی فشاری ڕووسیا لەسەریان، وا دەكەن دەنگی ئەو تەوژمەی كە چوونە پاڵ هەوڵەكانی ئەمەریكای بۆ تەرتیباتی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی فورات پێ باشترە، كز ببێت، هیچ نەبێت تا ئەو كاتەی دیدی ئەمەریكا ڕوون دەبێتەوە و دەست بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی دەكرێت.

ئەنجوومەنی نیشتمانی و گەڕان بەدوای ڕۆڵدا

جێی سەرنجە كە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد ئاستی جێمس جێفری، نێردەی ئەمەریكا بۆ سووریا تێناپەڕێنێ. سەرچاوە ئاگادارەكان لەو دیدارەی نێوان جێفری و شاندی یاوەری لەگەڵ شاندێكی ئەنجوومەنی نیشتمانی لە شاری دیلۆكی باكووری كوردستان، دەڵێن جێفری لە ئەنجامی دیدارەكە ناڕازی بووە، لەبەرئەوەی ئەنجوومەنەكە هیچ دید و پرۆژەیەكی ڕوونی نەبووە بۆ پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی فورات و ئەو ڕۆڵەی كە ئەنجوومەن دەتوانێت بیگێڕێت. هەرچەندە نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بەم دواییە بەجیا چاویان بە ئەمریكییەكان كەوتووە، بەڵام تا ئێستا ئەو ڕۆڵە دەستنیشان نەكراوە كە ئەنجوومەن دەیگێڕێ یان لەلایەن ئەمەریكاوە پێی دەسپێردرێت، لە پێشهاتەكانی ئێستا و پێشهاتە چاوەڕوانكراوەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوراتدا. 

ئەمریكاییەكان ئەنجوومەنەكەیان دڵنیا كردووەتەوە لەوەی هەموو لایەنەكان لەو ڕێوشوێنانە بەشدار دەكرێن كە بۆ ناوچەكە ئامادە دەكرێ، بەڵام شتێكی دیاریكراویان نەخستووەتەڕوو، بەتایبەتی لەڕووی بەشداریی هێزەكانی پێشمەرگەی ڕۆژ لە پاراستنی ئەو ناوچە ئارامەی كە باسكردنی لەلایەن ئەمەریكاوە تا دێت كز دەبێت.

چاوەڕوان دەكرێت شاندێكی ئەمەریكا بەم نزیكانە سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات و ئەو هەوڵانەی دراون بە چی گەیشتوون و، چاوەڕوانیش دەكرێت شاندەكەی ئەمەریكا چاوی بە نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریاش بكەوێت، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هەلێك بۆ گەڕان بەدوای ڕۆڵێكدا بۆ ئەو ئەنجوومەنە، بەڵام لێدوانەكانی ئەم دواییەی سەركردەكانی ئەو ئەنجوومەنە دەریدەخەن كە پشتیان بەوە بەستووە توركیا قایل بكرێت بەوەی رۆڵێك بگێڕێت نەوەكو گرەو لەسەر هەوڵەكانی ئەمەریكا بكەن.


ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

ره شید | 13/04/2019 05:18:11 م
ده ست خوش کاک " مامه ند" هه موو خه لکی کوردستان دلنیا بن کابینه ی نوی ؛ کوردستانیکی نوی پیشانی جیهان ده داتن !ئیمه سه رده که وین .
ستراتیژی كابینەی تازە
| 12/4/2019 | (1)
ئاسۆ | 12/04/2019 01:29:39 م
سڵاوو ڕێز، سەرەتا سپاس بۆ نوسینی ئەم بابەتە. هەر وەک بەڕێزتان ئاماژەتان بە نەبوونی دیپڵۆماسی دیجیتاڵی کورد کردووە،بەڵام، لە هەمانکاتدا لە کوردستان بە...
ستار | 12/04/2019 07:15:58 م
ده ست خۆش ڕاست ئه فه رمی های تاك له هه مو بواره کاندا ڕۆڵی کاریگه ری گێراوه له په یوه ندی و ئاڵو گۆڕی زانیاریدا
بارزانی لە سریلانكا
| 12/4/2019 | (3)
Aso | 12/04/2019 04:18:07 م
کاتێک لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان ئاڵای عێراق شەکاوەیە و مووچەی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دێت ، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕەچاوی ...
کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر هۆشداریی دەداتە هەرێمی کوردستان
| 12/4/2019 | (1)
Peshwaz | 12/04/2019 04:06:32 م
بيزه حمه ت بوچى او زانياريانه كو اكه نه وه له خلقى پردى
23 گوندی شارۆچکەی بەرکاری زاخۆ چۆڵکراون
| 12/4/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

گۆڕان تەڵەکەی تەقاند 14 کاژێر لەمەو بەر |

گۆڕان تەڵەکەی تەقاند

هیچ پاساوێک بۆ یەکێتی نەماوەتەوە تا لەوە زیاتر زۆرتر
0.485 seconds