وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

ئه‌ده‌ب و كولتوور

لە تیرۆری پاشای گەورەوە تا جمهووریی رواندز

لەلایەن ئاسۆ مامزادە 5/8/2018
.
.

بەشی دووەم

پاشای گەورە، کەسایەتی و سیستەمی حوکم و سەربازی و دارایی،
لەشکرکێشی و شەڕەکانی بۆ فراوانکردنی قەڵەمڕەوەکەی
 
میر محەممەد، کوڕی میر مستەفا بەگ و بووک شازەمان لە 28/11/1783 یان 13/11/1784 لە رواندزی پایتەختی میرنشینی سۆران لەدایکبووە، بووک شازەمان زۆر کەیخوداژن و تێگەیشتوو و خاوەن پێگەیەکی بەرز و بە ڕاوتەگبیر بووە و لە بواری کارگێڕیشدا عاقڵمەند بووە.

 محەممەد هەر لە منداڵییەوە خرایە بەر خوێندن، میرمستەفا بەگی باوکی، مامۆستا محەممەد ئیبنولئادەمی دێڵزەیی کە یەکێک بوو لە زانا گەورەکانی ئەوکاتی کوردستان، بانگهێشت دەکات بۆ پایتەخت و مزگەوت و قوتابخانەیەکی تایبەتی بۆ دروست دەکات و محەممەدی کوڕی لەلا دادەنێت بۆ ئەوەی فێری خوێندەواری بێت.

میر محەممەد کەسایەتییەکی زانستخواز، ئاییندار، ئاوەدانیخواز و سەربەخۆییخواز بووە و هەروەها زۆر دادپەروەر بووە.

وەک لە بەشی یەکەمدا باسمان کرد: بەهۆی ئەوەی براکانی میر مستەفا ملیان بۆ بڕیارەکانی میر نەدەدا و هەردەم کێشەیەکیان بۆ پایتەخت دەنایەوە، مستەفا بەگ لە حوکم وەڕەز بوو، دەیویست حکومەت تەسلیمی براکانی بکات، بەڵام لە ژێر کاریگەریی ژنەکەی (بووک شازەمان) ساڵی 1813 لە دووی (محەممەد)ی نارد و داوای لێکرد جێگای بگرێتەوە. محەممەد سێ مەرجی بۆ وەرگرتنی دەسەڵات دانا؛ 

١-باوکی شەست هەزار و دایکی سی هەزار ڕیاڵی بدەنێ
٢-باوکی بە هیچ جۆرێک خۆی لە کاروباری دەوڵەتەکەی نەگەیێنێت.
٣-باوکی لە پایتەخت نەمێنێت و لە یەکێک لە کۆشکەکانی میرنشین لە دێی ئاکۆیان دانیشێت.

مستەفابەگ سەرەتا ڕازی نەبوو، دەترسا محەممەد هەموو برا و خزمەکانی بخنکێنێت، بەڵام ساڵی دواتر لەدووی ناردەوە و هەر سێ مەرجەکەی قبووڵ کرد. دکتۆر ڕۆس زۆر دواتر لە 19/5/1833 چووەتە لای مستەفا بەگ لە کۆشکی ئاکۆیان و چاوی دەرمان کردووە.
میر محەممەد یەکەم پایەکانی دەسەڵاتی بە لەناوبردنی ڕکابەرە ناوخۆییەکانی دەستپێدەکات و پاشان دەست دەکات بە نۆژەنکردنەوەی قەڵا کۆنەکان و دروستکردنی قەڵای نوێ. ئەوجار دەستی کرد بە ڕێکخستنەوەی سوپای سۆران و بۆ هەڵسووڕاندنی کاروباری میرنشینیش دیوانێکی بەڕێوەبەریی زۆر بە زیپکوزاکوونی دامەزراند.
 
شەش قۆناغی فراوانکردنی قەڵەمڕەوەکەی

قۆناغی یەکەم: 1814، پایتەخت

میر لە شاری رواندز  لەسەر تەختی پاشایەتیی سۆران دادەنیشێت و یەکەم پایەکانی دەسەڵاتی دادەمەزرێنێت:

١ – لەشکر و چەک: کڕینی چەکێکی زۆر و پێکهێنانی نزیکەی سێ هەزار سەرباز بە بەرگی تایبەت و مووچەی دیاریکراو.

٢ – قایمکردنی پایتەخت: دروستکردنی قەڵا، کۆنگرە (دیوانی پانی بەرز کە سەری ددان – ددان دروستکراوە، بۆ بەرگریکردنی سەرباز لە نێوان یان لە پشتی دیوارەکانی)، بنکەی سەربازی، جبەخانە، ڕێگاوبان و پرد، ئاوکێشان و... بناغەدانانی شوورەی بەرگری لە دەوری پایتەخت (20/7 –18/8/1814).

٣– سەپاندنی ئەوپەڕی هێمنی و ئاسایش: دانانی پۆلیسی سوارە لەسەر هەموو ڕێ و بانەکانی رواندز، سزای ئەوپەڕی سەخت بۆ تاوانباران. فرەیزەر لە (1834) و شێر لە هەندێک تۆماردا کە لە 1910 بڵاوی کردنەوە، ئەوەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

٤– دامەزراندنی هەواڵگریی یەکجار چالاک و کارا بە وەزیفەی بەردەوام، کە لە داهاتوو دا هەموو چینەکانی کۆمەڵگەی گرتەوە.

٥ – قەڵاچۆکردنی ناوەندەکانی تری هێز لە سنووری میرنشینەکەیدا کە لەلایەن مامەکانی تریەوە لە شارەکانی تر هەبوون و ملیان بۆ پایتەخت کەج نەدەکرد. 

٦ – دابینکردنی ڕێیەک کە هەر مرۆڤێکی قەڵەمڕەوەکەی بتوانێت هەر گازندەیەک بە میر بگەیێنێت.
٧ – ڕاگەیاندنێکی بەهێز: دەبێت بەشێکی شەڕی ڕەوانی و ئیستیخباراتی بووبێت.
٨ – شەیدای پەرەپێدانی سەنعەتی لەشکر بووە: (چەکسازی و کۆنگرە و قەڵای ئاسێ).
٩ – گەشاندنەوەی ئابووری: لەبەر ئەو ئاسایشەی بەرپای کردووە، کوردی میرنشینەکانی تری وەک بابان کە لەدەست چەوساندنەوەی بەگەکان ڕایانکردووە، هانی داون بچنە سنووری قەڵەمڕەوی سۆرانەوە.
١٠ – داهێنانی فەزای سەربازیی زۆر بە زەبر: هەر لەو ڕووەشە ڕەشبەڵەکی قەدەغە کردووە و بە کاری پیاوی سەربازی نەزانیوە، نەک لە ڕووی ئایینیەوە، هەر زۆر لە "مزگەوت پاڵدانەوە" تووڕە بووە، بەرهەمی هەر چالاکیەکی لە هێزی ماددیی دەوڵەتدا دەدیت.

قۆناغی دووەم: 1815، هەودیان، ڕۆست و سیدەکان:
ئەوانە ناوەندی هێزی مامەکانی: (میر تەمەرخان بەگ و یەحیا بەگ و هاوپەیمانەکانیان) بوون، هەموویانی تەفروتونا کردن و پاش لەسێدارەدانیان لە رواندز  نێژران.

قۆناغی سێێەم: 1816: برادۆست، مەرگەوەڕ، شنۆ، شێروان، لایەکی زێبار:
برادۆست: قەڵای (هەرکیلا)ی مەحموود بەگی کوڕی سەلیم خان.
          قەڵای (سارداو)ی حەسەن بەگی برادۆست.
شنۆ و مەرگەوەڕ: قەڵاکانی (نەڵۆس) و (لیتان).
شێروان: قەڵای (کەکڵە)ی حەسەن بەگی شێروانی.
زێبار: لەشکری عەزۆ ئاغای سەبتی و جەوەرئاغای نەقبووکی بەرەنگاری سوپای سۆران بوونەوە، بەڵام شکان و قەڵای زێباریش گیرا. ئەو دوو گەورە پیاوە گیران و بردیاننە لای میر و دواتر ژەهرخواردی کردن.

نێوانی قۆناغی سێیەم و چوارەم (1817 تا نۆڤەمبەری 1822)
پشوودان لە شەڕ و خۆتەیارکردن: کەڵکوەرگرتن لە دەستکەوتەکان، ئاوەدانکردنەوەی وڵات (ڕێوبان و پرد و قەڵا و کاروانسەرا و..) لەشکر: 15 هەزار سەرباز. تەکنیک: کانسازی، دروستکردنی جۆرەها چەک..

 قۆناغی چوارەم: نۆڤەمبەری 1822 – 1824: حەریر و خۆشناوەتی، هەولێر و دەشتی هەولێر تا پردێ:
سنووری سۆران و بابان: زێی کۆیە (زێی گچکە)
حەریر: میر چووە سەر حەریر، بابانەکان بەبێ شەڕ لێی دەرچوون.
خۆشناوەتی: دوای شەڕێکی قورس، "میرانی بایزبەگ" (میری خۆشناوان) بە پەیمان تەسلیم بوو. 
قەڵای دێرە: بابانەکان ئەوێشیان بەبێ شەڕ بەجێهێشت و چوونە کۆیە.

هەولێر: لەو دەمەدا، میر، جگە لە سوپای سۆران، لەشکری (خۆشناو و سوورچی و زراری و کۆڕێ)یشی لەگەڵ بوون و هەموو لە قەڵای دێرە کۆببوونەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ پتر دەبوون، بەو حاڵەشەوە زۆر بە دژواری قەڵای هەولێری گرت (21/5/1833)، پاشان ژنبرایەکی خۆی (خدربەگی بایز بەگ)ی کردە حاکمی هەولێر.

دەشتی هەولێر: 
هێرشی یەکم؛ شکست بەهۆی بێسەروبەریی عەشیرەتێک
 میر هێزێکی بە فەرماندەیی "رەسووڵ بەگ"ی برای بۆ لێدانی دزەیی و هێندێک عارەب کە سەریان نەدەچەماند نارد (23/8/1823). هەرچەندە لەشکری دەوڵەتی سۆران ئەوپەڕی بە پرەنسیپ و خۆشەویستی گەل بوو، بەڵام لەو شەڕەدا هێزی عەشیرەتیش بەشدار بوون کە نەیاندەتوانی دەست لە تاڵان و بڕۆ هەڵگرن. عەشیرەتی زەرزا بە سەرکردەیی حەسەن ڕەشوانی کەوتنە تاڵانی خەڵک و خەڵکیش ئەوەیان لەسەر میر حیساب کرد، لە ئەنجامدا لە بەرامبەر دزەیی و عارەبان شکان و لە 6/10/1823 گەڕانەوە پایتەخت. 
هێرشی دووەم؛ لە هێرشی دووەمدا بە هەمان ئامانج و هەر بە سەرکردەیی رەسووڵ بەگ بەڵام تەنیا بە لەشکری نیزامی، سەرکەوتن و دزەیی و هەموو عەشیرەتەکانی ئەو مەڵبەندە خرانە ژێر فەرمانەوە و "شێخ حەموود"ی عارەب گیرا و بە دیلی ناردرایە هەولێر.

نێوانی قۆناغی چوارەم و پێنجەم (کۆتایی 1824،1825،1826)
پشوودان لە شەڕ، جێگیرکردنی دەستکەوت (دروستکردنی قەڵای نوێ و خۆتەیارکردن لە چەک و جبەخانە، چالاکیی دیپلۆماسی، ئیستخباراتی، دروستکردنی تابووری پێنجەم و شەڕی ڕەوانی.  

قۆناغی پێنجەم: 1827 – 1828: کۆیە و ڕانیە، سەلماندنی سنووری قەمچووغە
کۆیە: میر لە (24/8 – 28/9/1827 چووە سەر کۆیە و بابانەکان بەبێ شەڕ لێی دەرچوون.
 رانیە: پاشای گەورە لە نێوان (20/12/1827 تا 17/1/1828) چووە سەر ڕانیە و بابانەکان ئەوێشیان بەبێ شەڕ بەجێهێشت و گەڕانەوە سلێمانی.
سەلماندنی سنووری قەمچووغە: مەحموود پاشای بابان کە لەبەر شەڕ و هەرای ناوخۆیی نەیدەتوانی بەرگری لە سنوورەکانی بکات، ناچار بە پەیمانێکی ڕەسمی "قەمچووغە"ی بە سنووری نێوان بابان و سۆران سەلماند. میر بۆ لەشکر و دانەوێڵە، شوورەیەک و شەش کۆنگرەی لەوێ دروستکردن و بە دەستوورێکی باش دایمەزراندن.

نێوانی قۆناغی پێنجەم و شەشەم (1829 تا 1831)

پشوویەکی سەربازی و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی سیاسی:
   میر ساڵی 1830 هەلی بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی لەبار دیت. حکومەتی عوسمانی لە نشێوێکی سەختدایە و تا دێت پتر دەشکێت، یۆنان یەک دوو ساڵە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندووە و عوسمانییش بۆی سەلماندووە. لە هەمان کاتدا لە بەرامبەر ڕووسیەشدا شکاوە و محەممەد پاشای میسر بە تەواوی سەربەخۆیە و کەوتووەتە گرتنی قەڵەمڕەوی عوسمانی و پێشیان بۆ ناگیرێت، هاوکات لەگەڵ میر محەممەدیش هاوپەیمانە و هاوکاریی سەربازی و لۆجستیکییان لە بەیندا هەیە. ئێران سەرقاڵی دامرکاندنەوەی راپەڕینەکانی "خوراسان و کرمان و یەزد"ە و بە دەست ململانێی ناوخۆیی دەربار لەسەر تاج و تەخت دەناڵێنێ و لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی خۆی کێشەی زۆر جیددی هەیە کە دەستی راستەوخۆی بەریتانیای تێدایە. داود پاشای والیی بەغداش گوێ بە سوڵتان مەحموودی دووەم نادات. پاشای گەورە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتووە، بابانی کپ کردووە و هێزی سەربازیی ئێستا لە ئاستێکدایە کە دەتوانێت دەوری پتر ببینێت.

میر، ساڵی 1830 سەربەخۆیی تەواوی ڕاگەیاند و ئیعتراف و پیرۆزبایی دەوڵەتی ئێران و میرەکانی موکری و چاری (چهری) و هەکاری و داوود پاشای والیی بەغدای یەک لە دوای یەک پێگەیشتن. ئیتر لێرەوە شانشینی سۆران لەدایک دەبێت. داوود پاشا مەلا محەممەد (مەلای خەتێ)ی بە دیارییەوە ناردە لای میر و بەم شێوەیە مەلای خەتێ بە فەرمی دەبێتە مفتیی شانشینی سۆران. 

قۆناغی شەشەم: 1831 – 1832 تا 1834: شنگال و بادینان و باکوور تا ماردین و بەشێکی لاجان و موکریان
شنگال: میر لە 12/6/1831 تا 30/5/1832 چووە سەر داسنی (ئێزدی)یەکان و دوای شەڕێکی قورس، ئەوێشی گرت.
زاخۆ: میر لەشکرێکی بە فەرماندەیی "شاڵی بەگ" ناردە سەری و گرتی.
ئامێدی: خەڵکێکی زۆر لە ئامێدی ببوونە دۆستی میر و هەر ئەوانەش شار و قەڵای ئامێدییان بەبێ شەڕ تەسلیمی میر کرد. پاشای گەورە، مووسا پاشای میری ئامێدی هەر بە ناوی حاکم لەوێ هێشتەوە و دەستە لەشکرێکیشی لا بەجێهێشت. (1833-1834) میر بەهرەی لە کێشە ناوخۆییەکانی بادینان وەرگرت. میرنشینی بادینان تا ڕادەیەکی زۆر بە هاسانی لە شانشینی سۆراندا دەتوێتەوە و بە زوویی سۆران و بادینان دەبن بە یەک (1835).
قەڵاکانی ئاکرێ، زێبار، دهۆک، (بۆ ماوەیەک جزیرە)، کەنیسەی ئەلقووش و دێر هورمز (کە بە تکای ڕەبەنەکان کوشتاری ڕاگرت)، نسێبین و ماردین یەک لە دوای یەک گیران و خۆیان بە دەستەوە دا و میر ئیتر گەڕایەوە پایتەخت.(21/5/1833 – 9/5/1834).
 بەشێکی لاجان و موکریان: میر کاتێک کە خۆی ڕووی کردە بادینان، لەشکرێکی بە فەرماندەیی "شامراد بەگ" ناردە سەر لاجان و موکریان. شامراد بەگ "لاجان"ی گرت و لە گوندەکانی "نەڵۆس" و "پەسوێ" قەڵای دروست کردن و کۆنە قەڵایەکی گوندی "جەران"یشی نۆژەن کردەوە. فەتح عەلیشای قاجار فەرمانی دا بە نائیبولسەلتەنە کە بچێت پێش بە شامرادبەگ بگرێت، شامراد هەموو هێزی شای ئێرانی کە کوردیشیان لەگەڵ بوون، شڕ کردن و کەرەستەی یەکجار زۆری شەڕی کەوتە دەست و گەڕایەوە پەسوێ (1831 – 1832). 
پاش ئەوەی محەمەدشای قاجار لە ساڵی 1834 بوو بە شای ئێران، لەگەڵ پاشای گەورەدا کەوتە نێوان چاککردن و پەیمانی ئاشتییان مۆر کرد و ئیتر میر دەستی لە لاجان هەڵگرت.

ڕژێمی حوکم
میر: پادشای موتڵەق، مۆتۆری سەرەکیی هەڵسوڕاندنی کاروباری شانشین. سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری و کۆمەڵێک سەرهەنگی جێی متمانەی لەبەردەست بوون، بەڵام کاتێک کە لە پایتەخت بووبێ هیچ بڕێارێک بەبێ خۆی نەدراوە. سیاسەتی دەرەوە و دەزگای ئاسایش و لەشکر لە ژێر فەرمانی خۆی بوون. 
کارپەزیر: (سەرۆک وەزیران): "ڕەسووڵ بەگ"ی برای میر محەممەد بووە، کەمتر ڕێی داوە لە پایتەخت بمێنێتەوە، یا فەرماندەی لەشکرێکی میر بووە و لەمەیدانی شەڕ دا بووە، یان لە ئامێدی دانراوە.
سەرهەنگی سەرهەنگەکان: (وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکان): "ئەحمەد بەگ"ی برای میر. پێدەچێت ئەم زۆرترین دەسەڵاتی پێ درابێت، راپۆرتەکانی دەزگای ئاسایشی کە بە سەرۆکایەتیی ئەرکانەوە گرێدرابوو، ڕۆژ بە ڕۆژ داوەتە میر و ئەگەریش میر لە پایتەخت نەبووبێت، ئەوی لە جێگای خۆی داناوە. 
سەرهەنگەکان: سەرهەنگ پلەی "جەنەراڵ"ی ئێستا بووە و بە فەرمانی میر دراوە بە چەند کەسێکی دەگمەن. سەرهەنگەکان لە پایتەخت پایەکانی ئیدارەی میر بوون و فەرماندەیی شەڕیشیان کردووە. 
شەش سەرهەنگی بەناوبانگی سەردەمی میر محەممەد ئەمانە بوون؛ سەرهەنگ حەمەدی سۆفی، سەرهەنگ حەمەدی شیرین، حەمەدی شێروانی، سوراو، مامیس و عەبدوڵڵا ئاکۆیی. 

ژێرخان و دارایی
   لە سەرچاوەکاندا ئاماژەی تایبەتی پێ نەکراوە، بەڵام ئاسایشی قەڵەمڕەوی دەوڵەت حەتمەن بۆ بەرهەمی ئابووری بەکەڵک بووە. پرد و ڕێگاوبان و قەڵا و کۆنگرە، هەرچەندە زۆرتر بە مەبەستی سەربازی دروست کراون، بەڵام بۆ بازرگانی و پەرەسەندنی ئابووری ژێرخانێکی گرینگن. 
میر لە "گەلیی مێگر"ەوە ئاوی بە جۆگەدا کێشاوەتە نێو قەڵای رواندزەوە و حوزنی دەڵێت ئەمڕۆش (1935) ئەو ئاوە بەکاردەهێنرێت.
میر لە ساڵی 1816 وەستایەکی تورکی لە "ورمێ"وە هێناوەتە پایتەخت کە ناوی "خان گێلدی" بووە، ڕەنگە چەخماخساز بووبێت و کردوویە بە سەرپەرشتی سێ لکی سەنعەت: خەنجەرسازی و زێڕینگەری و دارتاشی.
"وەستا برایمی ماویلی" کراوە بە بەرپرسی دروستکردنی شوورە و قەڵا و کۆنگرە و پرد و ڕێوبان و خانووبەرە و پڕۆژەکانی ئاو.
"حاجی مستەفا ئاغا"ی خەڵکی "هەنارەباتاس و سوورچی" کراوە بە بەرپرسی بازرگانی. بەوپێیە کشتوکاڵ و بازرگانی و سەنعەت دەبێت لە دۆخێکی زۆر باشدا بووبن. 

لەو سەردەمەدا سێ خەزێنەدار لە پایتەخت هەبوون:
"فەقێ ئەحمەدی خەتێ" خەزێنەداری تایبەتی دیوانی میر بووە و "جیرە و نانی هەژاران و عولەما و بێ دەسەڵاتان"ی داوە.
"فەقێ وسووی جۆلەمێرگی" خەزێنەداری خەرج و خەراج و ماڵیە و باج بووە. مووچەی هێزی چەکدار و بیناسازی و ئاوەدانی لای ئەو بووە.
"محەمەد شاتر": خەڵات و بەخشش و نیشان، حیسابی لای ئەو بووە.
هەر پارەیەکی داهات و دەرچوو، بە وردی و ڕێکوپێکی دەنووسرا. حوزنی باسی کۆبوونەوەی حەفتانەی کاربەدەستان لە پایتەخت دەکات. 
  میر محەممەد پاش ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی حەوت جۆر دراوی دروست کردووە: ١- یوزلغ ٢-ریاڵ، ٣- قروش، ٤- تەنیگر، ٥-جلق، ٦-خودابەندە، ٧-شایی، لەوانە هەندێک زێڕ و هەندێک زیو و هێندێکیش مس بوون. حوزنی دەڵێت کە خۆی "جلق" و "خودابەندە"ی هەبوون کە مس بوون و "تەنیگر"یشی هەبووە کە زیو بووە؛ ڕێکەوتی سەریان سواوە بەڵام لە دیوێکی نووسراوە: "الامیر المنصور محمد بیگ" لە دیوەکەی تریشی نووسراوە  "چرب فی رواندز".

لەشکر و چەک و جلی یەکپۆش (یونیفۆرم)
میر و سەرهەنگ و کارپەزیر: شاڵی تورمەیان لەسەر دەنا. میر کەوڵی سمۆرە و سەرهەنگ و کارپەزیر پەستەکی درێژی هەتا سەر ئەژنۆیان لەبەر دەکرد.
میر کە سەردانی پایتەختی دەکرد، چوار گاردی تایبەتی، ستافی زیو بە دەست لە پێشییەوە دەڕۆیشتن و لە سەرادا هەر ئەوان رێگای چوونە ژوورەوەیان هەبوو.

بەرگی سەرهەنگەکان (جەنەراڵەکان): وێڕای شاڵی تورمە و کەوڵی سمۆرە و پەستەکی سەر ئەژنۆ کە باسمان کرد، ڕانک و چۆغەی ئاوریشمچن، مەرەزی خەتێک سپی و یەکی ڕەش تێیدا، کڵاوی لبادی لای گوێی ڕاستی بە درێژیی بستێک بە بەردراوەیی.

بەرگی سوارە: رانک و چۆغەی ڕەشی پێ ئاوریشم، جووتە دەمانچەی قەرەبینا بە قەڵپووزی زینەوە هەڵواسراو، شیرێک بە تەنیشتەوە و تفەنگی کورتی رەشۆکیی بازنە زیو.

بەرگی پیادە: رانک و چۆغەی زەرد، کڵاوی لبادی رەنگی خاکی.

چەک: دەمانچەی قەرەبینا، تفەنگی ئەستی و بەردوباڕووت و ساچمە و گوللەدانی شاخی و، چەوریدان و سوغرە دەمانچە (لەوانەیە مەبەست لە جۆرێک جانتای چەرمیی دەمانچە بووبێت کە (ساغری)یان پێ گوتووە. 

بەوجۆرە، هێزی جیاواز، بەرگی جیاواز و رەمزی جیاوازیان هەبوو. بەرگی رەسمیی کرێکارانی کارگەکان (بە نموونە کارگەی دروستکردنی تۆپ لە گەڕەکی کاولۆکان یا دارتاشان و .. ) دیار نییە چۆن بووە. بەڵام وەستا ڕەجەب خۆی لە ڕیزی سەرهەنگانی هەرە بەڕێز دانراوە، کەواتە هەر دەبێ بەرگیشی هی سەرهەنگان بووبێت. میر محەممەد پێشتر وەستا ڕەجەب دەنێرێت بۆ پاریس بۆ ئەوەی فێری دروستکردنی تۆپ بێت و پاش گەڕانەوەی بۆ پایتەخت 200 تۆپ و هەزاران گوللە تۆپ دروست دەکات.

ساڵی 1831 سوپای شانشینی سۆران خاوەنی نزیکەی 25 هەزار پیادە و 15 هەزار سوارە بووە.


سەرچاوەکانی بەشی دووەم:

١ - شێرکۆ هەژار / ڕژێمی ڕواندزی سەردەمی پاشای کۆرە / چاپی یەکەم ٢٠١٣، لاپەڕەکانی ١٩ – ٣٢.
٢ - لازاریف، محۆی، واسیلییەوا، حەسرەتیان، ژیگالینا / مێژووی كوردستان / وەرگێڕانی بۆ فارسی: مەنسوور سدقی، كامەران ئەمین ئاوە/ دەزگای فرووغ، چاپی یەكەم: بەهاری ٢٠٠٧ ، لاپەڕەكانی ١٠٤ – ١٠٨. 
٣ – مەغدید حاجی ئەمین / سێ توێژینەوەی مێژوویی، توێژینەوەی سێهەم: کەسایەتیی میر محەممەد پاشای رواندز ی / چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠١٨، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، لاپەڕەکانی ١٤٩ – ١٥٣.

کۆمێنتەکان

 
Masoud | 5/8/2018
وێرای سڵاو ماندوونەبوونی لە نووسەر و ماڵپەڕی ڕووداو حەزم دەکرد بۆ مانەوە زۆرتر و کاتێکی باشتر لەهەمبەر وتارەکان بکرایە لیستەیەک یان خود مێنۆیەک لە سەرجەم بابەتەکانی ئەم نووسەرە یان سەرجەم نووسەران دابین بکرایە بۆ ئەوەی گەڕان و دیتنەوەی بابەتەکان لە پاش ماوەیەکی درێژ وەک کارئاسانییک دەبوو بۆ خوێنەران. دیسانەوە سپاس
bukhary wshyar | 10/8/2018
بژی کاک ئاسۆی مامزادە بۆ ئەم بابەتە سەرنج ڕاکێش و گرینگە، دەستان خۆش و ماندوو نەبنەوە..
نیشانەکردن : پاشای گەورە
1514 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Diako | 22/03/2019 02:02:52 م
Dastyan xosh bet.
لە موسڵ هێرشکرایەسەر بەرهەم ساڵح و کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی
| 15 کاژێر لەمەو بەر | (1)
Azad Azad | 22/03/2019 10:34:07 ص
پیرۆز بێت له‌ روداو و خانمه‌ جوانه‌كه‌ی روداو به‌ڕێز ئاڵا شاڵی به‌راستی شایانی ئه‌و ناسنامه‌یه‌یه‌ هه‌ر سه‌ر كه‌وتو بن.
ئه‌نجوومەنی یەكێتی ئەوروپا وێنەی ئاڵا شاڵی لە پێشانگەکەیدا دادەنێت
| 19 کاژێر لەمەو بەر | (1)
پاداشت | 21/03/2019 08:05:39 م
ته‌قاندنه‌وه‌ی كارێكی باش نه‌بوه‌، له‌وانیه‌ پڕ بوبێت له‌ مادده‌ی بڵاوكه‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشی ترساناك وه‌ به‌ تاك تیك به‌ردرابێته‌وه‌.
مووشەکەکەی قەڵادزێ تەقێندرایەوە
| دوێنێ کاژێر 09:43 | (1)
Shex darawan | 21/03/2019 06:48:03 م
خوات لەگەڵ ئامۆزا گیان جیگات بەهەشت بێت
گەنجێکی خەڵکی سۆران لە مەککە کۆچی دواییکرد
| 20/3/2019 | (1)
0.328 seconds