وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

ئه‌ده‌ب و كولتوور

لەبارەی جوانییەوە

لەلایەن رووداو 11/1/2019
بەکر عەلی و رامیار مەحموود
بەکر عەلی و رامیار مەحموود

ئێمە بۆ خۆمان جوان دەکەین؟

بەکر عەلی

ئەو ڕستە یەکلاکەرەوەیەی لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە، کە ئەوکات هۆشیارییەکی بێهوودەگەری زاڵ بوو بەسەر کۆی کەشی ژیانی کۆمەڵایەتی و تاکایەتیی ئەوروپییەکاندا، توانی تێگەیشتنی مرۆڤ سەبارەت بە بوونی خۆی بگۆڕێت، ڕەنگە بریتی بێت لەوەی ژان پۆل سارتەر درکاندی: مرۆڤ مەحکومە بە ئازادی. 

بەڵام لە سەدەی بیستویەکدا کە ئەو کەشە بێهوودەگەرە ڕەویوەتەوە و پتر کەشی توندڕەوی بەکارهێنانی ژیان زاڵە بەسەر جیهاندا، ڕەنگە چیتر مرۆڤ مەحکوم نەبێت بە ئازادی، بەڵکو مەحکوم بێت بە خۆجوانکردن. گوتاری ئەم خۆجوانکردنەش پەیوەستە بە هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی سیستەمی نوێی جیهان لەڕێی گڵۆبڵیزمەوە خستییە نێو بوارەکانی ئابووری و زانستی و میدیاییەوە.

 بەڕادەیەک ئەوەی ئەمڕۆ لەنێو ستۆدیۆی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بۆ دەرخستنی مۆدێل و سوپەرمۆدێل و ستار و سوپەرستار فەراهەمیان کردووە، لەنێو بوارە گشتییەکەی خەڵکانی ئاساییشدا دەبینرێتەوە. ئاوەها ئێمە لاسایی مۆدێلەکان دەکەینەوە، ماڵەکانمان وەک ستۆدیۆ لێدەکەین و درەوشانەوەی سوپەرستارەکان دەدزینە نێو دەرکەوتنەکانی خۆمانەوە.

 لەڕووی گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی شۆڕشی جینتەکنیکی و نەشتەرگەرییەکانی خۆدەستکاریکردنەوە، دەرفەتی خۆجوانکردنێکی سەردەمییانەش خراوەتە بەردەم هەموو ئەوانەی بەجۆرێک لە جۆرەکان وا هەست دەکەن، سروشت جوان دروستی نەکردوون و لە ئەندامەکانی خۆیان ناڕازین. یەکێک لەو شۆڕشانەی بەسەر میزاجی تاکەکەسدا هات بریتییە لەوەی ئەگەر سروشت جوانیی پێ نەبەخشیوم، ئەمڕۆ نەشتەرگەریی جوانکاری دەتوانێت ئەوەم پێ ببەخشێت. لێرەوە زاڵبوون بەسەر هەستی پووچێتی ژیاندا لەڕێی خۆدەستکاریکردن و خۆگۆڕینەوە ئومێدێکی ئیتیکی بەخشییە مرۆڤی سەدەی بیستویەک. دەستکاریکردنە ئیستاتیکییەکان توانیویانە جۆرێک لە ئیتیکی ژیاندۆستی ببووژێننەوە. زۆرن ئەو کەسانەی بەهۆی شێوازی ناجوانی خۆیانەوە، ناڕازین لە فیگۆری خۆیان، بەردەوام هەستێکی پڕ خەمۆکیش دایاندەگرێت، بەڵام لەڕێی نەشتەرگەرییەکی خۆجوانکردنەوە، درەوشانەوەیەکی تر پەخش دەکەنەوە. لێرەدا کولتوور نابێت دژی ئەم خۆدەستکاریکردنانە بوەستێ کە ڕۆحی کەسێک ئاسوودە دەکات و دڵی کەسێک خۆش دەکات. 

بەشی زۆری جوانییەکانی سەردەمی مۆدێرنە کەوتووەتە سەر خێرا بەکارهێنانی هەرچی زووتر و هەرچی زۆرتری بەرهەمەکانی مۆدە، کۆنزومکردنی فاشیۆن و کەرەسەکانی تری ئارایشتکردن هەمووی ئەگەرچی لەپێناوی هەرچی خێراترە خۆمانی پێ بڕازێنینەوە تاوەکو جوانتر و کەشخەتر و مۆدێرنانەتر دەربکەوین، بەڕادەیەک ئارابوونی ئێمە کەوتووەتە ناو زۆر بەکاربردنی ئارایشت. مێ لە دنیای ئێمەدا لە کوێدا بێ ئارایشت دەرکەوت ، لەوێدا ئەو لەئارادا نابێت. بۆیە مێیایەتی بەجۆرێکی زۆر تایبەتمەند خۆی دەخاتە نێو جیهانەوە. لەئارادابوونی ئەو کەوتووەتە ناو ڕادەی ئارایشتکردنەکانی ئەوەوە. ئەمەش جۆرێک لە ئۆنتۆلۆژیای مێیایەتی یەکلا دەکاتەوە. واتە ئارایشت و ئارابوون کە لەڕووی زمانیشەوە لێک نزیکن،  لە زمانە ئەوروپییەکانیشدا بەهەمانشێوە دەردەکەوێت، کۆسمۆس و کۆسمەتیک کە هەمان بنەچەی زمانەوانییان هەیە، لە مێیایەتیدا بەرجەستە دەبن. 

ئەم خۆدەستکاریکردنە مەرجیش نییە لە بواری ڕیالدا ئەندامێکمانی پێ نەشتەری یان پێ جوان بکەین، بەڵکو لە بواری ڤیرتوئێلیشدایە، ئێمە لەڕێی پرۆگرامەکانی فۆتۆشۆپەوە دەستکاری وێنەکانمان دەکەین، لەو شوێنانەی کە پێمان جوان نین بەو بەرنامەیە جوانیان دەکەین. پرۆگرامی فۆتۆشۆپ وای لە هەموو کەسێک کردووە ببێتە ڤان گۆخی خۆی و پۆرترێتی خۆی نیگار بکات. مرۆڤ بوونەوەرێکە بۆ جوانی لەدایک بووە.

بەڵام بۆچی خۆجوانکردن؟

هەڵبەت جوانی خەسڵەتێکە هەمیشە هونەر و فەلسەفەی هونەر سەروکاری لەگەڵدا هەبووە. بوارێک بووە لە سەردەمی پلاتۆنەوە یەکێک بووە لە سێکوچکە فەلسەفییەکەی شارستانیی گریکی (چاکە، ڕاستی، جوانی). زۆریش لە فاکتۆرەکانی گۆڕانکاری لە ماوەی قۆناغەکانی پەرەسەندنی ژیاری مرۆییدا هەر ناگەڕێنەوە بۆ چاکە و ڕاستی بەتەنیا، بەڵکو جوانییش یەکێک بووە لە فاکتۆرە هەرە کاراکانی. لێرەدا بەبێ ئەوەی داستانی جوانییە نەمرەکانی شارستانی بگێڕینەوە، ڕێک دەچینە سەر ئەو پنتەی کە کۆی ئەو داستانەی تێدا چڕکراوەتەوە، ئەویش کۆششی مرۆڤە بۆ خۆجوانکردن، یان با بپرسین ئەو حەزە ئەبەدییەی مرۆڤ بۆ خۆجواننواندن لەکوێوە سەر دەردەکات؟ ئایا ئەمە نیشانەیەک نییە بۆ دەرخستنی چیەتی و کرۆکی مرۆڤ لە خۆیدا وەک بوونەوەرێکی جوان. ئایا جوانی ئەگەر بەهرەیەکی سروشت بێت، ئەی تەکنیک و هونەر چۆن بەشدارییەک لە پێبەخشینی ئەم خەڵاتە بە هەموو لایەک دەکەن؟

ئاشکرایە ئەفسانەی نارسیس دەستپێکی هەموو داستانەکەیە، لە نارسیسدا داستانی حەزی مرۆڤ بۆ خۆ جوانبینین دەستپێدەکات. نارسیس لەڕێی وێنەی خۆیەوە لەناو ئاوەکەدا جوانیی ڕوخساری خۆی بینی، بەڵام جوانییەکی تر هەیە ئێمە لەڕێی سوبیەکتی وەک ئاو و ئاوێنەوە پێی ناگەین، بەڵکو لەڕێی نیگاکانی ئەویترەوە دەیدۆزینەوە. ئەمە کرۆکی پێناسەکردنی جوانییە کە کەسی جوان هەڵگرێتی و بەس، واتە مرۆڤی جوان جۆرێکە لەو میدیۆمەی کە جوانی پەخش دەکات و بەس.  وەک سلۆتەردایک دەڵێت: مرۆڤ ڕوخساری بۆ خۆی نییە، بەڵکو بۆ کەسانی ترە. وشەی ڕوخسار بە گریکی پێی دەگوترێت Prosopon ، بە مانای: بۆبینین، ئەو شتەی بینینی خەڵک ڕادەکێشێت. 

لێرەوەیە یەکێک لەو هۆکارانەی مرۆڤ هانی خۆجوانکردن دەدات دەرکەوتنێتی لەنێو کەسانی تردا. واتە جوانی شتێکە تەنیا لەنێو چاوی ئەوانی تردا دەبینرێت. تا دیدی ئەویتر نەبینم خۆم جوان دەرناخەم. ڕێک ئەو حاڵەتەی مرۆڤ لەماڵەوە بە جلوبەرگی ئاسایی و شەپڕێوەوە دەشێت دەربکەوێت، کەچی کە دێتە دەرەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، حەز دەکات وەکو مۆدێلێک دەرکەوێت. ئەم دیاردەیەش زۆرتر لای ژنان بەدی دەکرێت، لە چوارچێوەی ژیانی خێزانیدا بێ هیچ خۆڕازاندنەوەیەک دەردەکەوێت، کەچی بۆچوونە دەرەوە خۆی دەکات بە لەیدی گاگا. ئەمەش جۆرێکە لە تیۆری گەشەسەندن لەڕێی کۆسمەتیکەوە. بەڵام یەکێکیشە لەو تێگەیشتنە هەڵانەی مێ دەکاتە بابەتێکی فیتچیزم، کاتێک بەنیازی خۆڕازاندنەوە پێیوایە دەبێت خۆی بکات بە ئۆبیەکتێکی سێکسی.

خۆجوانکردن لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا هێندە بەربڵاو بووە کە هەموو درەوشانەوە و دەستەبژێرییەکی لە مۆدێلەکان و سوپەرستارەکان سەندووە و بەجۆرێک لە جۆرەکان لە تایبەتمەندی و ئیمتیازی دەستەبژێرەوە گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوان. ئەوانەی جاران خۆیان جوان دەکرد، ئەوانە بوون کە لە لووتکەدا بوون، ئەمڕۆ لەسایەی گلۆبالیزمەوە ئەوانەشی لە بنکەدان بەکەمێک خۆماندووکردن ئەوەیان پێ هەڵدەسووڕێت کە بڕێک پارە بۆ نەشتەرگەریی خۆجوانکردن لەخۆیاندا خەرج بکەن و لەسەر شێوەی مۆدێلەکان و سوپەرستارەکان لە شوێنە گشتییەکاندا دەربکەون.

ئەم سەردەمەی ئێمە، بەبێ ئەوەی هیچ چەکوشێکی نیتچەییانەش وەشێنرابێت، زۆر لەو بەها و لەو بتە کۆمەڵایەتی و ئیدیۆلۆگییانە تێکشکێنراون کە لەسەردەمی پێشتردا هێدی هێدی و زۆر بە کاوەخۆ و بە سڵکردنیشەوە دەهێنرایە بەر باسکردن.  ڕەنگە زەقترین بواری ئەم وەرچەرخانە ڕادیکاڵە لە بواری خۆدەستکاریکردن و خۆجوانکردندا ببینینەوە، واتە لە بواری نەشتەرگەریی ئیستاتیک و کۆزمەتیکیدا.

هەموو ئەوانەی دەستکاری خۆیان دەکەن، پێیانوایە جۆرێک لە ژیانی تاکگەرییان دەستکەوتووە، وەک چۆن دەزانێت مەرگی ئەو بریتییە لە مەرگی تاکوتەنیای خۆی و بەس، ئاوەهاش ئیتر ژیانی ئەو تەنیا بریتییە لە ژیانی تاکوتاکانەی خۆی وهەرچییەکی لێ دەکات ئەوە تەنیا خۆی لێی بەرپرسیارە.. ئەگەر لە ڕۆژگارە دێرینەکاندا سێکوچکەی "چاکە و ڕاستی و جوانی" بزوێنەری کۆمەڵگە شارستانییەکان بووبێت، ئەوا لە دنیای ئەمڕۆماندا پێدەچێت جوانی هەردوو بنەماکەی تری بەزاندبێت. بۆیە باشترین خەڵاتێک مۆدێرنە بەخشیبێتی بە مرۆڤ، ڕەنگە ئەوە نەبێت کە کردبێتی بە مرۆڤێکی ئازاد، بەڵکو ئەوەبێت کە کردوویەتی بە مرۆڤێک دەتوانێت ئازادانە  جوانکاریی خۆی بکات. زێدەگۆیی نییە گەر بڵێین، مرۆڤی نوێ بۆ ئەوە لەدایک بووە تا خۆی جوان بکات.  بەهرەی جوانی گەورەترین خەڵاتە کە سروشت بەخشیویەتی بە مرۆڤ، بەڵام حەزی خۆجوانکردن پەسەندکراوترین هەستی مرۆڤی مۆدێرنەیە کە لەڕێی پیشەسازییەوە بۆی فەراهەم بووە. 

لەڕێی خۆجوانکردنەوە جەستە بووەتە جۆرێک لە بیناسازی و بەهەموو شێوەیەک دەستکاری دەکرێت. حەزەکانی خۆدیزانکردن و شێوەجوانکردن لەڕێی فیتنێس و ڕیژیم و نەشتەرگەرییەکانەوە ئاماژەن بۆ ئەو ئازادییەی کەوا مرۆڤی نوێ هەرخۆی دەتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات، ئەوەی ئیمانۆئیل کانت پێناسەی مرۆڤی سەردەمی ڕۆشنگەریی پێ دەکرد بە چارەنووسی خۆدیاریکردن Selbsbestimmung ، کە بریتی بوو لە ئازادکردنی عەقڵی مرۆڤ لە هەر هۆکار و بکەرێکی دەرەوەی خۆی، ڕێک لە دنیای ئەمڕۆدا ئازادیی خۆدیاریکردن و ئازادیی شێوە دروستکردنی مرۆڤ لەڕووی جەستەییەوە دەگرێتەوە. ڕەنگە گرنگترین ڕستە کە بۆ مرۆڤی نوێ گوترابێت ئەو فەرمانە بێت کە نیتچە پێمان دەدات: خۆت بخەرە نێو دەستی خۆتەوە.  واتە: خۆت دەتوانی چارەسەری کەموکوڕییەکانی خۆت بکەیت. دەبێت تاک خۆی لە شێوەی ناڕازی خۆی، فۆرمی نوێ بۆخۆی بسازێنێت.  زۆر شت هەیە ئێمە لە دەروونی خۆماندا بەدڵمان نییە، لەوانە: هەستیاری، تووڕەیی، تەمەڵی و شێواوی، بەڵام هەروەها لەڕووی جەستەییشەوە هەندێک ئەندامی جەستەمان لا ناشیرینە. ئێمە لەڕێی مەشقی دەروونی و ڕەوانی و هۆشەکییەوە خۆمان چاکتر و تۆکمەتر دەکەین، لەڕووی  نەشتەرگەریشەوە چانسی ئەوەمان هەیە کە دەستکاری ئەندامە ناشیرینەکانمان، وەک لووت، ڕوخسار، سنگ، ددان، بکەین و جوانیان بکەین. لێرەوە مرۆڤی نوێ، بە هەرسێ ڕەگەزەکەیەوە مێ/ نێر/ نێرەمووک شەیداییەکی سەرشێتانەی بۆ خۆجوانکردن تێدا بەرپا بووە. جوانی کارەکتەرێکی سەرسوڕهێنەر نییە و بەس، بەڵکو سامناک و سەرلێتێکدەریشە.  تێگەیشتنی باوی خەڵک پێیوایە جوانی پرشنگدانەوەیەکی دەرەکییە نەک نێوەکی. شەبەنگێکە چواردەوری جەستەمانی تەنیوە و بەرەو دەرەوەمان درەخشانمان دەکاتەوە. لەخۆڕا نییە زۆرینەی خەڵک بەبینینی کەسێکی ڕێکپۆش و ڕوخسارێکی پاک و پۆشاکێکی خاوێن پێیانوایە کەسێکی پڕ دیسیپلین و ڕێکوپێکیان بینیوە، ئەوان پێیانوایە ڕێکوپێکیی دەرەوە ڕەنگدانەوەی ڕێکوپێکیی ناوەوەیە. هەڵبەت زۆر جاریش ئەمە دروستە. هەموو مەشقەکانی فیتنێس و نەشتیەرگەرییەکانمان لەپێناوی پێدانی ئەو شەبەنگە جوانەیە بە کەسانی دەوروبەرمان. لێرەوە جوانی شتێکە کەسانی تر دیاری دەکەن بۆمان، کەسانی تر پێوەری جوانییەکانمانن، ئەمەش دیدێکی ئۆبیەکتیڤییانەیە بۆ جوانی کە کانت وای دەبینی. 

بەڵام جوانییە نێوەکییەکان، ئەو هەستانەی بۆ خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و بۆ چێژی هونەری هەمانە، بریتین لە جوانییە سوبیەکتیڤەکان و نیتچە زۆر سەرقاڵی ئەمەیان بوو. لێرەوە ئێمە با بپرسین: ئایا ئێمە کەسێکمان لەبەرئەوە خۆشدەوێت کە جوانە، یان جوانە چونکە خۆشماندەوێت؟

لە هەردوو حاڵەتەکەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کەوا جوانی دەروازەی خۆشەویستییە. بەڵام ئایا ئێمە چۆن لەنێو ئەو هەموو ڕوخسارانەدا تەنیا یەک ڕوخسار سەرساممان دەکات؟ ئەگەرچی خۆشەویستییە ڕووکەشەکان زۆرینەی جار بەئاراستەی  ڕوخساری یار دەڕۆن کە ئەمەش دەستخەڕۆبوونی بەدوادا دێت، چونکە ئەوەی دەتخەڵەتینێ دیوی ناوەوەی ڕووکەشەکەیە، لەمەدا جوانی سیفەتێکی چەواشەکار و گومڕاکارە و هیچ پەیوەندییەکی بە چاکە و ڕاستییەوە نییە، هەموو پرۆژەکەی نیتچەش جیاکردنەوەی جوانی بوو لەو دوو کارەکتەرەی تر، ئەو دەیگوت: باوەڕت بە فیلۆسۆفێک نەبێت بڵێت: چاکە و ڕاستی و جوانی یەکێکن. بەڵام قووڵیی ئەو خۆشەویستییەش نابێت لەیاد بکرێت کە حەزە ئیرۆتیکییەکانی خۆی لەڕاوکردنی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و نیگاکانی یاردا تەرخان دەکات، کە پێیوایە هەموو ئەوانە ڕەنگدانەوەی جەوهەرە نێوەکییەکەی یارن و جوانی قووڵایی و ناخی یار دەردەخەنەوە. هەموو کارەکتەرە نێوەکییەکانی یار بریتین لە پێکهێنەری کۆی نیگا و ڕەفتار و دەرکەوتنەکەی، هەموو ئەمانە پێکەوە وامان لێ دەکەن ئەو کەسەمان لا جوان بێت و سەرنجمان بۆ خۆی ڕابکێشێت و بەمەش دەکەوینە خۆشەویستییەوە. واتە بەپێی بیرۆکەکەی نیتچە ئێمە کەسێک جوان دەبینین چونکە خۆشماندەوێت و جوانییەکەی نکوڵی لێ ناکرێت. لیرەوە وانەیەکی مۆراڵیی گرنگ لە نیتچەوە فێر دەبین کە دەشێت کەسی ناشیرینیش لەلامان ناوەوەی جوان بێت و خۆشمانبوێت. ئەوەشی بەهاکانی ناوەوەی کردە پێوەر بۆ ناسینی جوانی، ئەوە مرۆڤێکی جوانی ئازادە.

بۆچی جوانی..؟ بۆچی دەبێت خۆمان جوان بكەین؟

رامیار مەحموود 

كاتێك دەمەوێت لەبارەی جوانییەوە بدوێم، دەمەوێت وەك ئەنتی تیۆرییەك دەستپێبكەم، ئەگەر ئەو دەربڕینە فۆكۆییە دروست بێت، واتا لێرەدا بایەخی سەرەكیی خۆم دەخەمە سەر شیكردنەوە و تێڕامان نەك بەكاربردنی تیۆرییەك بۆ تیۆریزەكردن و گەیشتن بە دەرئەنجامێكی پێشوەختە خەمڵێنراو و وێناكراو. لێرەدا چەند رەهەندێك بەرچاو دەخەم سەبارەت بە جوانی و خۆجوانكردن.

ڕەهەندی یەكەم: هەوڵ دەدەم لەو نەریتە باوە بێمە دەرەوە كە چەمكی جوانی بە شێوەیەكی چەقبەستوو وێنا دەكات، بەو شێوەیەی گوتاری باوی زاخاودراو بە فەلەسەفە و ئیستاتیك دەیخوازێت. چونكە بەركەوتنی دونیای كولتووریی ئێمە لەگەڵ (جوانی) تووشی چەقبەستن هاتووە، ڕەهەندی یەكەمی ئەو چەقبەستنە بریتییە لە بەركەوتنمان بە چەمكی جوانی لە ڕێگەی دەزگای فەلسەفیی پێشوەختە ئامادەكراو و خەمڵێنراوی وەك فەلسەفەی ئێستاتیك و دۆگمای ئەكادیمی.

رەهەندی دووەم: بریتیە لە چەقبەستنی ئایدیای جوانی بەشێوەیەكی نۆستالۆجی و گریمانەكردنی جوانییەكی پوخت و بێگەرد و بێخەوش و بێ ململانێ لەناو ڕابردوودا. ئەمە هەم بەشێك لە ئەدەبی پەلكێش كردووە بۆ خۆی (نموونەی دەقی شیعریی شێخ ڕەزا تاڵەبانی لەسەر سلێمانی) و  هەم وێناكردنی وەهمی لەسەر دەیلی لایڤی جاری جاران (نموونەی حەمەساڵح دیلانی شاعیر) و هەروەها خەیاڵسازی لەسەر شێوەژیانی كۆن و بیناسازیی كۆن و بەڵگەنەویستكردنی جوانییەكی ئەفسوناوی لەسەری.

 ڕەهەندی سێیەم: بریتییە لە تەماشكردن بۆ خودی جوانی وەك پوختەیەك و بێگەردییەك لە دەرەوەی پەیوەندییەكانی هێز و وەك ئەوەی جوانی كۆنستراكشنێكی ئایدیۆلۆجی و سیاسی و كۆمەڵایەتی نەبێت و چەمكێكی بیلایەن و رەها بێت، چونكە جوانی جەوهەرێكی هەمیشەیی نییە و بیناكراوێكی كۆمەڵایەتییە لەناو پەیوەندییەكانی هێزدا.

 ڕەهەندی چوارەم: بریتییە لە هێشتنەوەی جوانی و چاكی لەناو تەڵاقێكی بەردەوامدا، ترازانێك كە لە دوای گریكەوە ڕوودەدات، جیاكردنەوەی جوانی لە چاكە و ڕاستی-یە تا ئەندازەی تەرحكردنی جوانی و عاسیكردنی ئەم چەمكە لەناو فۆرمدا و بەتاڵكردنەوەی جوانی لە ئایدیا و ناوەڕۆك.

ڕەهەندی چوارەهەم: بە هەند وەرنەگرتن و تێنەگەیشتن لەو گۆڕانكارییە گەورەیەی هونەر بەسەر  چەمكی جوانیدا هێناویەتی لەڕێی هێنانەئارای نامۆ و نامەئلوف و ئایدیاییەوە. جوانی كتومت وەك خۆی دروستكردنەوەی وێنەی مرۆڤ یان سروشت یان رووداو یان هەر ئۆبجێكتێك بە سەلیقەیەكی وردی ئەكادیمییەوە ئەمە ئەو شتەیە كە پێیدەگوترێ (جوان) و بەشی هەرەزۆری مێژووی هونەری بۆ خۆی بردووە، بەڵام لە مۆدێرنیزمی سەرەتادا ئاڕت ئەو ئۆفەرەی هێنایە ئاراوە كە پشتكردنە لە ستاتیكای جوانی. ئیمپریشنستەكان لە یەكەم پێشانگایاندا لە ساڵی  1874 بینەرانیان شۆك كرد تا تەعبیرییەكانی ئەڵمان و كوبیست و ڤاڤۆیستەكان و دادا و سوریالیست بۆ دوشامب و ئەبستراكتی تەعبیری تەرزی هەمەچەشنی نامۆی نامەئلوف بوون. 

كە شێوازی ریپریزەنت یان وێنەدانەوەی واقیعی دەرەكی گۆڕا. لەگەڵ ئەبستراكت ئارتدا ترادیسۆنی هونەر گۆڕا و بەتەواوی پەیوەندی فیگۆرەتیڤی  هونەرمەند بە دونیای دەرەوە نەما، دەتوانین بڵێین هونەر چیتر  ریپرەزەنتی جوانی ناكات. وەك رۆلان بارت دەڵێت ئەگەر ئارتیست بوومایە حەزم دەكرد تەنیا ڕەنگ دابنێم بۆ ئەوەی لە لاساییكردنەوە دەرچم، هەرچەندە دەزانم ڕەنگەكانیش لە سروشتدان. لە شەستەكانەوە خۆ حەیرانكردن و خۆسەرسامكردن بە جوانی گۆڕا بۆ ئایدیا و كۆنسێپت بۆ پەیوەندیی ئینتلێكچوالی.

ڕەهەندی پێنجەم: هەڵوێستی كۆمەڵایەتی و كولتووریی ئێمە لەسەر جوانی لە گوتاری مۆزەخانەوە نزیكە كە توانای بەخشینی جوانییەكی هەتاهەتایی و نەمرییەكی تاهەتایی بە كارە هونەرییەكان كە بۆ هەمیشە لەناو نەمری و قەشەنگییەكی بەردەوامدا بێت، ئەمە زۆر نزیكە لە چەمكی (بایۆدەسەڵات)ی فۆكۆ، بەڵام بەشێوەك لە دۆخی رەهادا، واتا دوورخستنەوەی مردن بەتەواوی. 

رواڵەتگەریی جەستەیی بە ئەندازەیەكە لە كۆمەڵگای بەكاربەری ئەمڕۆدا كە سەنتەرەكانی (بۆدی بیڵدن) بۆ فیتنێس هێندەی دەزگا ئاینییەكانی سەدەكانی ناوەڕاست رۆڵ دەبینن، وەك ئەوەی چیتر كەس ڕۆحی بۆ گرنگ نەبێت، بە تەواوی شوێنی بۆ مانا نەهێشتووەتەوە، شتێك لە هەمان ئەو گوزارشتە دەچێت كە ژان بۆدریار  پێی دەڵێت كارەساتی (واتا). بە ئەندازەیەك داڵغەی جوانكردنی لووت شوێنی تارمایی دادپەروەری گرتووەتەوە. 

لە 1997 وە لەگەڵ فیلمی تایتانیكدا ڕواڵەتگەری بووە تەوژمێكی هەرە بەهێز و شوێنی قەموورەكەی نۆتردامی گرتەوە.. خۆ بە (مارلین مۆنرۆ) كردن شوێنی (مارتن لۆسەر كینگ و گیڤارا)ی گرتووەتەوە.

ڕەهەندی شەشەم: سافكردن و لووسكردن و بریقەداركردنی جیهانی ئەمڕۆ هاوشانە لەگەڵ هەلومەرجێك كە رۆلان بارت بە ئیزدیحام و قەرەباڵغیی وێنەیی ناوی دەبات و بۆدریاریش بە میدیا. بە ئەندازەیەك زۆر كەس دیواری حەوشەی ماڵەكانیان بە كاشیی حەمام داپۆشیوە. ئەو كایەی كە پێیدەگوترێ سیاسەت، نەك دوور و دابڕاوە لە (ستاتیك)، بەڵكوو وەك بۆریس گرۆیز ناوی بردووە، پۆڵەتیك ئەمڕۆ ستاتیكیزە كراوە.

ڕەهەندی حەوتەم: بریتییە لە بەكیچبوونی كولتوور، ئەمڕۆ زۆربەی گۆرانی و میوزیك و كارەكتەر و ئەدەبیات و سینەما و ریكلامەكان (كیچ)ن، زەوقنزمی و بێتامیی هەمووان پێكەوە كە بوون بە هەڵگری جۆرە یەك حەز و بەجەماوەریبوون و سەركەوتنی تیجارییانە. ئەگەر پرسیارەكە بەو شێوەیە بكەین: چۆن كیچ نەبین؟ ڕەنگە تاكە شوێنێك بۆی بگەڕێینەوە جینالۆجیی نیتچەیی بێت وەك پڕۆژەیەكی ستاتیكیی مێژووكرد كە ئەگەری ئەوەمان بداتێ مرۆڤ چۆن فۆرمی خۆی بخولقێنێ وەك ئارتیستێك، واتا ژیانت لە دەرەوەی ستانداردی حازربەدەست و و دۆگما كە كۆمەڵگە دایسەپاندووە. 

ئەمە وەك تەقەلایەكی بەردەوام بۆ ئازادكردنی خودی خۆت لە هەموو ئایدیاڵێكی زاهیدانە كە جیهانی دەوروبەرمان سادە بكاتەوە. ئەوەی نیتچە باسی دەكات لەسەر بەهای لاوازەكان، دەتوانین وەك هەمان بەهای كیچ بیبینین. بەم شێوەیە كیچ لەناو ئایدیاڵی زاهیدانەوە هاتووە. واتا كیچ وەرچەرخانی ئایدیالی زاهیدانەیە كە ترادیسیۆنی دینیی جوولەكە و مەسیحی بەرهەمیان هێناوە لە كۆندا و بە دەزگاییش بووە. ئێستا كیچ ترانسفۆرمەیشنی زوهدییەتە لەناو كولتووری هاوچەرخدا. نیتچە ئایدیاڵی زوهدییەت وەك دەرمانی ئازاركوشتن بەكاردێنێ، كیچ هاوشێوەی ئایدیاڵی زوهدییەتی كۆن بەڵێنی بەختیاری دەدات، بەڵام ئەمجارە ئاسمان لە ئێرە و لە ئێستادایە و بوونێكی بێ ئازار گەمارۆدراو بە شمەك و ئاسوودەیی و ئەوین و بێكێشەیی.

لەپاڵ ئەم سەیركردنە جینالۆجییەی  نیتچە بۆ كیچ، پارادایمێكی بەهێزیشمان هەیە لەناو بیرمەندانی چەپدا لە جۆرج لۆكاشەوە بۆ قوتابخانەی فرانكفۆرت كە ناكۆكە لەگەڵ تێگەیشتنی جینالۆجیدا بۆ كیچ. لەو تێزەی ماركسەوە كە ئەوەی هۆیەكانی بەرهەمهێنانی مادی بەدەستەوەیە هۆیەكانی بەرهەمهێنانی رۆحیشی بەدەستەوەیە، چونكە كیچ وەك چەمكێكی سۆسیۆ سیاسی موڵكی چینێكی دیاریكراو نییە، یان دژی چینێكی دیاریكراو ئاراستە بكرێت، كیچ چەمكێكی چینایەتی نییە، ناچینایەتییە، چونكە توانای بڕینی هەموو چینە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكانی هەیە، نەك لەبەر ئەوەی هەموو چینێك فۆرمی تایبەت بە خۆی بەرهەم دەهێنێ، بەڵكوو لەبەرئەوەی كیچی هاوچەرخی كۆمەڵگەی بەكاربەری قەبوڵكراو حەزلێكراوە لای دەوڵەمەند و هەژار و چینی سەرەوە و خوارەوە وەكو یەك. بۆیە ئامۆژگارییەك نییە ئەمڕۆ لەو ئامۆژگارییەی نیتچە بەسوودتر بێت كە گرنگتر لەوەی ئاڕتیست بین، ئەوەیە خودی خۆمان وەك كارێكی هونەری بخولقێنین.

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : خۆجوانکردن
1212 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

سیپان | 19/01/2019 08:19:55 ص
به راستى كاره ساته..وەک کوردیک روژ نیه خەفەت نەخوم بو کچانى کوردى ئیزیدى.گریانم دیت.ئەوەى کچى کوردى ئیزیدى بە ناموسى کورد نەزانیت با خوى به کورد...
بەکرحەسەن | 19/01/2019 11:21:23 ص
زۆر دەستخۆش، هیوادارم هەر بەردەوام بیت، کارێکی زۆر جوانە،کارێکی زۆر بەرزە،هیوادارم بیکەیت بە کتێب،دڵنیاش بە وەک ئەدەبیش بەشێک دەبێت لە ئەدەبی...
هەموو شتێكی داعشی پێ جوان بوو تەنیا كەنیزەكڕاگرتن نەبێ
| دوێنێ کاژێر 09:24 | (2)
ره شید | 19/01/2019 10:49:00 ص
هه تا کوردستان به شیک بیت له عیراق ئه مریکا و ئه وانیتریش ناتوانن کورد وه ک حه لیفیکی ستراتیژیک بو خویان دا بنین ! به واتایه کی دیکه کورد هه تا نه...
لە چاوەڕوانیی گۆڕانكارییە هەرێمییەكاندا
| دوێنێ کاژێر 09:06 | (1)
خەلیل شرنەخی | 19/01/2019 03:18:01 ص
جهێ داخێ یە مرۆڤێ هۆسا هندە خوە پەرست و بێ وژدان و دلڕەق هەبن.
ئەو سێ کوردەی لە بەریتانیا بوونە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج کەس، سزادران
| 18/1/2019 | (1)
Azad Azad | 18/01/2019 08:34:02 م
قسه‌كانی مه‌كگۆرك زۆر راست و واقعیانه‌یه‌. به‌ڵام ترامپ بازرگانه‌ سیاسی نیه‌ به‌ته‌ئكید زۆر هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سیاسی ده‌كات و زه‌ره‌ریش ده‌گه‌ێنێت...
مەکگۆرک رەخنە لە ترەمپ دەگرێت: ژیانێکی نوێی بەخشییە داعش
| 18/1/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

وەرزشکردن لە کەشوهەوای سارد وزەی زیاتر دەسوتێنێت 10 کاژێر لەمەو بەر |

وەرزشکردن لە کەشوهەوای سارد وزەی زیاتر دەسوتێنێت

کاریگەرتر دەبێت لە دابەزاندنی کێش زۆرتر
سەگ چۆن هاوکار دەبێت لە چارەسەکردنی شەکرە؟ 11 کاژێر لەمەو بەر |

سەگ چۆن هاوکار دەبێت لە چارەسەکردنی شەکرە؟

نزمیی ئاستی شەکر دیاریدەکات زۆرتر
گوشاری دەروونی ئەگەری ئەڵزهایمەر زیاددەکات 11 کاژێر لەمەو بەر |

گوشاری دەروونی ئەگەری ئەڵزهایمەر زیاددەکات

مەترسیی تووشبوونیان %25 زیاترە زۆرتر
0.25 seconds