وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

ئه‌ده‌ب و كولتوور

گەشتێك بۆ قەڵەمڕەوی داعش و په‌رده‌لادان له‌سه‌ر نهێنییه‌كان

لەلایەن هاوکار عەبدوڵڵا شێخ وەسانى 16/4/2019
هاوکار عەبدوڵڵا شێخ وەسانی
هاوکار عەبدوڵڵا شێخ وەسانی
یورگن تودنهۆڤەر یەكێكە لە ڕۆژنامەنووسە جیهانییەكان، لە زۆربەی جەنگەكانی ئەم سەردەمەدا ئامادەگی هەبووە، زۆرینەی ئەو كارانەی دەیانكات كەم ڕۆژنامەنووس دەتوانێت خۆی لە قەرەیان بدات، چونكە لە پێناوی دەرخستنی حەقیقەتی ڕووداوەكان و دەرخستنی دیوە شاراوەكەیان تۆدنهۆڤەر یاری بە ژیانی خۆی دەكات.

تودنهۆڤەر كەسێكی مەسیحییە، بەڵام هەمیشە لە نووسینەكانیدا بە دیدێكی سەربەخۆی میانڕەوانە بەرگری لە مافەكانی موسوڵمانان دەكات و گرفتەكانیان بۆ جیهانی ڕۆژئاوا شی دەكاتەوە، بەم كارەشی بووەتە كەسێكی خۆشەویست و ناودار لە جیهانی ئیسلامیدا. یورگن دوای ئەوەی گەشتی بۆ قەڵەمڕەوی داعش مسۆگەر دەبێت، بە دوودڵییەکی زۆرەوە ڕوو لەو ناوچەیە دەكات و 10 ڕۆژ لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا دەمێنێتەوە.

دوای ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەڵمانیا، كتێبی (10 ڕۆژ لەگەڵ داعش) بڵاودەكاتەوە، بەم كتێبەشی ناو و ناوبانگی زیاتر بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە.

كتێبی (10 ڕۆژ لەگەڵ داعش) یەكێكە لە كتێبە گرینگەكانی ئەم سەردەمە،‌ پێموایە هەر كەسێك بیەوێت لە دیوە شاراوەكانی داعش تێبگات، دەبێت ئەم كتێبە بخوێنێتەوە.

لە بەشی یەكەمی كتێبەكەدا هۆڤەر وەك سەرەتایەك باسی لەدایكبوونی داعشی كردووە و دەڵێت: 
"دوای جێگیربوونی گرووپە جۆراوجۆرەكانی بەرەنگاری، گرووپی (ئەلقاعیدە) لە عێراق لە ئۆكتۆبەری 2006 ناوی خۆی بۆ (دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق) گۆڕی، چەكدارێكی میسری بەناوی ئەبو ئەیوب ئەلمیسری بوو بە سەركردەی و پیاوێكی عێراقی بەناوی ئەبو عەبدوڵڵا ئەلڕەشید ئەلبەغدادی بە پێشەوای ڕۆحیی ئەو گروپە دانرا". 

نووسەر لە بەشی دووەمدا بە شێوەیەكی گشتی ڕەخنە لە وڵاتە ڕۆژئاواییەكان دەگرێت و پێیوایە هەمیشە ڕۆژئاوا ویستوویەتی ڕۆژهەڵات لەژێر دەسەڵات و هەیمەنەی خۆی بێت. 

بە بۆچوونی تۆدنهۆفەر ئەو وێنەیەی ڕۆژئاوا سەدان ساڵە وەك دوژمنێك بۆ ئیسلامی دروستكردووە، بە قووڵی لە زەیندا نەخشی بەستووە؛ بەڵام هەرچییەك بێت وێنەیەكی شێوێندراو و ساختەیە. چەند نموویەكی جەنگی ڕۆژئاوامان بۆ دێنێتەوە و دەڵێت: "ئەوە موسڵمانان نەبوون كە (جەنگی پیرۆز)یان بەڕێخست و لە جەنگی خاچپەرستاندا زیاتر لە 4 ملیۆن موسڵمان و جوویان قەتڵوعام كرد، ئەوە مەسیحییەكان بوون كە لە ئۆرشەلیم تا قولەپێ نقووم لە خوێندا، ڕێڕەوەكانیان بڕی، ئەوە موسڵمانان نەبوون كە بە ناوی پێكهێنانی كۆڵۆنی لە ئەفریقا و ئاسیا 50 ملیۆن مرۆڤیان كوشت، ئەوە موسڵمانان نەبوون لە جەنگە جیهانییەكانی یەكەم و دووەمدا كەم تا زۆر 70 ملیۆن كوژراویان بەجێهێشت، ئەوە موسڵمانان نەبوون كە 10 ملیۆن سلاڤی و شەش ملیۆن یەهودی ناجوامێرانە و ئابڕووبەرانە كوشت، بەڵكو ئێمەی ئەڵمان بووین".



یورگن بە ئاشكرا بەرگری لە موسڵمانان دەكات و پێیوایە دەستەواژەی "هەموو موسڵمانان تیرۆریست نین، بەڵام تەواوی تیرۆریستەكان موسڵمانن"، رستەیەکی بێمانایە.  ئەو پێیوایە تیرۆریزم دیاردەیەكی جیهانییە و تەنیا تایبەت نییە بە موسڵمانان. بەپێی زانیارییەكانی پێگەی گشتی تیرۆریزمی جیهانی كە ناوەندێكی جیهانییە و لەلایەن ئەمریكاوە بونیاد نراوە، لە ساڵی 2013دا لە ڕۆژئاوا 239 هێرشی تیرۆریستی ڕوویانداوە، تەنها دوو لەم هێرشانە لەلایەن موسڵمانانەوە ئەنجامدراون. بۆیە دەڵێت تیرۆریزم بە هیچ شێوەیەك پەیوەندی بە دینەوە نییە، لە ڕاستیدا شتێك بە ناوی تیرۆریزمی ئیسلامی نییە. هەرگیز تیرۆریزمی ئایرلەندای باكوور یان ئەو تیرۆرانەی (ئەندرێس برێیڤیك)ی نەرویژی کردوونی تیرۆری مەسیحی نین، ئێمە بەو تیرۆرانەی موسڵمانان دەڵێین تیرۆری ئیسلامی، بەڵام هیچ كاتێك بەو تیرۆرانەی ڕۆژئاواییەكان ناڵێین تیرۆری مەسیحی.

ئەو پێیوایە تیرۆرستەكان كەسانێكی ناكەسبەچە و بێ كەڵكن كە سیاسەتی ئەمریكا بەردەوام پێویستی بەوانە، تا دەستێوەردانە سەربازییەكانی، ڕواڵەتێكی ڕەوا بە خۆیانەوە بگرن.

یورگن لە بارەی پێناسەی تیرۆریزم قسەی بەرپرسێكی ئەمریكی دێنێتەوە، (ئێدوارد پێك) كە لە سەردەمی (ڕۆناڵد ڕیگان)دا یاریدەدەری سەرۆكی گروپی توێژینەوەی تیرۆریزم بووە لە كۆشكی سپی، بە تۆنێكی تێكەڵ بە توانج و نائومێدییەوە، دژوارییەكانی جیاكردنەوەی تیرۆریزمی دەوڵەت لە تیرۆریزمی ئاسایی ئاوا باس دەكات: "شەش پێناسەمان بۆ تیرۆریزم پێشكەش كرد، هەموویان بە توندی ڕەتكرانەوە، كاتێك بە وردی خوێندنەوەیان بۆ دەكرا، هەموو جارێك دەردەكەوت كە خودی ئەمریكا لەم جۆرە چالاكیانەدا دەستی هەیە".

تۆدنهۆفەر پێیوایە دەبێت بەشێك لە سیاسەتوانانی ئەمریكا و بەریتانیاش بە تیرۆریست ئەژمار بكرێن، لەوبارەوە ئێژێت: "ئەگەر سیاسەتی ڕۆژئاوا ڕاستگۆ بێت، دەبێت دانی پێدا بنێت كە سیاسەتمەدارانی وەك جۆرج بوش، دیك چینی، ڕامسفێڵد و تۆنی بلێر لانیكەم لەبەر ژمارەی ئەو قوربانیانەی لە دوای خۆیان جێیانهێشتووە، تیرۆرستانێكی زۆر خراپترن، هەمیشە لە هەر جێیەك كە ئەوان دەستێوەردانی سەربازیان كردبێت، نەك تەنها هەزاران، بەڵكوو سەدان هەزار سڤیل بە شێوەیەكی دڵتەزێن مردوون".

تۆدنهۆڤەر لە بەشی سێیەمی ئەم كتێبەدا باسی گەڕانی بە دوای حەقیقەتدا كردووە، لەوبارەوە پێیوایە كە بۆ ئەوەی لە ڕاستی ڕووداوەكان بگات، دەبێت گوێ لە هەردوو بەرەی ناكۆك بگرێت، ئەو دەڵێت: "بە دوای هاواری ئەو شۆڕشگێرانەوە بووم كە دژی ئەو كەسانە ڕاپەڕیبوون لەسەر كورسیی خۆیانەوە دادوەرییان بۆ جیهان دەكرد، لەوە دڵنیابوون كە حەقیقەت تەنها لای ئەوانە".

 لە بەشی چوارەمی كتێبەكەدا دوای ئەوەی یورگن دەبینێت داعش بە كەمتر لە 400 كەسەوە سوپایەكی گەورەی ڕاهێنراوی عێراق بە 20 هەزار سەرباز و هەزاران پۆلیسەوە ڕاودەنێت، بۆ ئەوەی سەردانی مووسڵی بۆ مەیسەر بێت، سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی كورد و سوننەكانی عێراق كۆدەبێتەوە بەڵام هیچ كەسێكیان ئامادە نابن یورگن بگەیێننە نێو مووسڵ. بۆیە لەم سەردانەیدا تەنیا سەنگەرەكانی پێشەوەی هێزی پێشمەرگە و كەمپی ئاوارەكان بەسەردەكاتەوە.

لە بەشی پێنجەمدا نووسەر دەست بە كارە سەرەكیەكەی دەكات كە گفتوگۆیە لەگەڵ جیهادیە ئەڵمانەكانی نێو داعش. بۆ ئەوەی كێشەی یاسایی و ئەمنیشی بۆ دروست نەبێت، بەرپرسانی ئەڵمانیا و هاوڕێ ڕۆژنامەوانەكانی لە كارەكەی ئاگادار دەكاتەوە.

یورگن بە هاوكاریی كوڕەكەی کە ناوی فریدریكە، (80) جیهادی ئەڵمانی لە فەیسبووك دەدۆزنەوە، 
نامەیەك دەنووسێت بۆ هەر هەشتا كەسەكە، 15 كەس لەوانەی نامەكەیان پێگەیشتووە وەڵامی هۆڤەر دەدەنەوە. 
تۆدنهۆڤەر دوای ئەوەی لەگەڵ چەند جیهادییەکی ئەڵمانی قسە دەكات، سەرئەنجام لە ڕێگەی یەكێك لەو ئەڵمانانەی ناو داعش قسەكانی دەگات بە ئەبوو قەتادە كە یەكێكە لە پلەدار و میدیاكارەكانی نێو داعش.

سەرەتای گفتوگۆی نێوانیان بە داواكارییەكی هۆڤەر لە ئەبوو قەتادە دەستپێدەكات و پێی دەڵێت دەمەوێت لە ناوچە جەنگیەكاندا چاوم بە ئێوە بكەوێت، ئەبوو قەتادەش پێی دەڵێت لەم بارەوە لەگەڵ سەرووی خۆم قسەم كردووە، ئێمە حەزدەكەین وێنەیەكی واقیعی داعش بە جیهانی دەرەوە پیشان بدەین، بۆیە پێمان باشە سەردانی ناوچەكەمان بكەیت و بە چاوی خۆتان ڕاستیەكان ببینن، پاراستنی ئاسایشی ئێوەش ئەركی ئێمەیە. 

دوای ئەوەی ئەبوو قەتادە نامەیەكی دڵنیایی لەلایەن دیوانی خەلیفە (بەغدادی) ئامادە دەكات، سەرەڕای ئەوەی گومانەكانی هۆڤەر لە كارە دڕندانەكانی داعش زۆربوون، بەڵام كەمێك دڵنیایی پێدەدات لە چوونی بۆ قەڵه‌مڕەوی داعش.

ئەگەرچی ماڵەوە و كوڕەكەی (فریدریك) زۆر هەوڵ لەگەڵ هۆڤەر دەدەن كە ئەم سەفەرەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام ئەو مكوڕ دەبێت و بە دوودڵییەكی زۆرەوە بەرەو ناوچەكانی داعش لەگەڵ فریدریكی كوڕی و هاوەڵێكی تری بەڕێ دەكەوێت.

هۆفەر و تیمەكەی لە سنووری توركیاوە دەگەنە ئەو كەسانەی كە پێشتر ئەبوو قەتادە وادەی لەگەڵ دانابوون، ئەوانیش لە ڕێگەی چەند كەسێكی ترەوە دەیانگەیەنن بە ئەبوو قەتادە لە سووریا. بەم جۆرە ئەم تیمە 10 ڕۆژ لە نێو قەڵمڕەوی داعش بە یاوەری ئەبوو قەتادە و چوار كەس لە چەكدارانی داعش كە بۆ پاراستنی ئەم تیمە دانرابوون، دەمێننەوە.

لە ماوەی ئەم سەردانەدا چەند جارێك دەمەقاڵێ لە نێوان تیمەكەی تۆدنهوفەر و داعش ڕوودەدات، تۆدنهوفەر ئەگەرچی لە ناوچەی دەسەڵاتی دەوڵەتی داعشە، بەڵام بە ئاسانی ئەو كۆتوبەندانە قبوڵ ناكات كە دەخرێنە سەری، هەمیشە ناڕەزایی دەربڕیوە لە هەر فشار و پابەندبوونێك كە ڕێگر بێت لە ئازادیی كاركردنی، تاوەكو جارێكیان دوای ئەوەی تودنهوفەر و یاوەرانی ناڕەزایی دەردەبڕن لە سانسۆر خستە سەریان و لێسەندنی كامیرا، دەمەقاڵەیەكی توند دەكەوێتە نێوان ئەبوو قەتادە و تودنهوفەر.

لە ڕۆژی شەشەمی سەردانەكەیدا لە گۆڕەپانێکی مووسڵ چاوی بە پێشمەرگە دیلەكان دەکەوێ و لەگەڵ یەكێك لە پێشمەرگەكان بە ناوی (حەسەن محەممەد) خەڵكی قەزای خەبات دەكەوێتە گفتوگۆ و چەند پرسیارێكی لێ دەكات، تودنهوفەر لە دیلەكە دەپرسێت كە ئایا داعش بڕیارە چیت لێ بكەن؟ لە وەڵامدا دەڵێت: پێیان گوتووین ئێمە بۆ دیل گۆڕینەوە بەكاردەهێنن. ئێمە داوامان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە لەم ئاڵۆگۆڕەدا هاوكاری بكەن، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكیان نەبووە و هیچ حەزێكیان نیشان نەداوە.

دواتر لە شوێنێكی تردا چاوی دەكەوێت بە چەند چەكدارێكی داعش كە بەشدارییان كردووە لە گرتنی مووسڵ، لەگەڵ یەكێك لە چەکدارەکان دەكەوێتە قسە و چەند پرسیارێكی لێ دەكات، یورگرن دەپرسێت كە بە چەند ڕۆژ مووسڵیان گرتووە و چەند چەكدار بەشداریی ئەم شەڕەیان كردووە و هێزی عێراقی ژمارەیان چەند دەبوو؟ چەكدارەكە لە وەڵامدا دەڵێت: "زیاتر لە چوار ڕۆژ خەریك بووین تا مووسڵمان گرت، ژمارەی ئەو چەكدارانەی بەشداربووین 300 كەس زیاتر نەدەبووین، لەبەرامبەردا هێزی عێراقی 24 هەزار سەرباز بوون.



هەر لە ڕۆژی شەشەمدا تودنهوفەر چەند پرسیارێك ئاراستەی ئەبوو قەتادە دەكات، لە یەكێك لە پرسیارەكاندا پێی دەڵێت: ئەگەر دەوڵەتی ئیسلامی بەشی زۆری سووریا و عێراق داگیر بكات، دواتر چ ئامانجێكتان هەیە؟

ئەبوو قەتادە لە وەڵامدا دەڵێت: "ئامانجی دەوڵەتی ئیسلامی لە سەرەتادا ئەوەیە كە شەریعەتی خودا بچەسپێنێ، چ لە سووریا چ لە عێراق، پێشڕەوی ئێمە ناوەستێ، بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەوروپاش کۆنترۆڵ دەكەین".

لەم گەشتەیدا بۆ قەڵەمڕەوی داعش، تۆدنهوڤەر دیمانە لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیس و قازیی داعش و چەند كەسایەتییەكی جیاوازی نێو داعش ده‌کات. دوای 10 ڕۆژ مانەوە گەشتەكەی یورگن و تیمەكەی كۆتایی دێت و هەر لە ڕێگای توركیاوە بۆ وڵاتەكەی دەگەڕێتەوە.

لە بەشی نۆیەمی ئەم كتێبەدا هۆڤەر نامەیەك ئاراستەی خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی (ئەبووبەكر بەغدادی) دەكات، تیایدا سوپاسی ڕەخساندنی ئەم گەشتەی بۆ ناوچەكانی دەسەڵاتی داعش دەكات و پێی دەڵێت لە جیاتی ئەوەی ئێوە ڕۆژنامەنووس سەرببڕن، بانگهێشتیان بكەن بۆ دەوڵەتەكەتان.

تەواوی نامەكە لە شێوەی ئامۆژگاری داڕێژراوە و پێی دەڵێت: "تۆ كە لەشكركێشیت بۆ سەر عێراق و سووریا كردووە، هەندێجار سەركەوتنەكانت هێندە گەورە و بەرفراوان بوون هیچ كەس لەوەوپێش پێشبینی نەكردووە، سەرەڕای ئەمە جەنابیشت ڕۆژێك دەبینی كە بەخت و ناوچاو ناجێگیرە و هەموو ڕۆژێك بەخت یاوەرت نابێ، هەڵبەتە ئەو ڕێبازەی كە چەكدارەكانی تۆ لە شەڕەكاندا بەكاری دەهێنن بەراورد بە ئەحكامەكانی قورئان، هەمووی نائیسلامی و زیانبەخشن، ئەم كارانەی ئێوە زیان بە تەواوی موسڵمانانی دنیا دەگەیەنێ و لە هەمووان زیاتر زیان بەو ئیسلامە دەگەیەنێت كە تۆ بانگەشەی بۆ دەكەیت و لە پێناویدا دەجەنگیت".

هەروەها پێی دەڵێت، من چەندین جار قورئانم خوێندووەتەوە و سوودم لێ بینیوە، بەڵام من لە نێو قوڕئاندا ئەو ڕووحییەتە توندوتیژە نادۆزمەوە كە تۆ و سەربازەكانت بە ئاگایانەوە برەوی پێ دەدەن، ئێوە لە ئاست ناوەڕۆکی قورئان و پەیامەكانی قورئان هێڵی سوور دەبەزێنن و سەرپێچی پەیامەكانی دەكەن.

هەر لەم نامەیەدا تۆدنهۆڤەر چەندان ئایەتی قوڕئان وەك نموونەیەك لە بەخشندەیی خودا لە بەرامبەر كارە دڕندانەكانی داعش دەخاتە ڕوو و لە كۆتاییدا بۆی دەنووسێت: "زۆر حەزم دەكرد كە ڕۆژێك دەوڵەتێكی ئیسلامی ببینم، چونكە ئەم دەوڵەتە ئیسلامییە دەیتوانی لە ئارامیدا دژی نادادپەروەری و خۆ بەزلزانینەكانی ڕۆژئاوا بوەستێتەوە، زۆر بە داخەوەم كە دواجار بە حكومەتێكی دژە ئیسلامی ئاشنا بووم"

هۆڤەر لە كۆتایی كتێبەكەدا چەند وێنەیەكی ئەو سەردانەی بڵاوكردووەتەوە. هەروەها وێنەیەك لە زەمانەتنامەكەی دیوانی خەلیفەی داناوە كە بەرواری (19/10/2014) ی لەسەرە، لە بەشێكی زەمانەتنامەكەدا هاتووە: "ئەم نامەیە تایبەتە بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسی ئەڵمانی (یورگن تودنهۆڤەر)، كە لە ڕێگەیەوە دەتوانێت سەفەر بۆ دەوڵەتی ئیسلامی بكات و ماڵ و نەفس و هاوەڵەكانی پارێزراو دەبێت، لەسەر سەربازەكانی دەوڵەتی ئیسلامیش پێویستە پابەند بن بەو بەرنامەیەوە و هیچ زیانێك بە مۆڵەتپێدراو و هاوەڵەكانی نەگەیەنن تا ئەو دەمەی لێرە دەمێنێتەوە و كارەكانی دەکات و پاشان ئێرە بەجێ دەهێڵێ".

ئەم كتێبە لەلایەن دوو وەرگێڕی كورد: (ئەحمەد تەها نارێنی و سەروەر عومەر) بە دوو چاپی جیا لە زمانی فارسییەوە كراوەتە كوردی، بۆ ئەم ڕانانە سوودم لە هەردوو وەرگێڕانەكە بینی.





  

کۆمێنتەکان

 
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : داعش , یورگن تودنهۆڤەر
529 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

ره شید | 13/04/2019 05:18:11 م
ده ست خوش کاک " مامه ند" هه موو خه لکی کوردستان دلنیا بن کابینه ی نوی ؛ کوردستانیکی نوی پیشانی جیهان ده داتن !ئیمه سه رده که وین .
ستراتیژی كابینەی تازە
| 12/4/2019 | (1)
ئاسۆ | 12/04/2019 01:29:39 م
سڵاوو ڕێز، سەرەتا سپاس بۆ نوسینی ئەم بابەتە. هەر وەک بەڕێزتان ئاماژەتان بە نەبوونی دیپڵۆماسی دیجیتاڵی کورد کردووە،بەڵام، لە هەمانکاتدا لە کوردستان بە...
ستار | 12/04/2019 07:15:58 م
ده ست خۆش ڕاست ئه فه رمی های تاك له هه مو بواره کاندا ڕۆڵی کاریگه ری گێراوه له په یوه ندی و ئاڵو گۆڕی زانیاریدا
بارزانی لە سریلانكا
| 12/4/2019 | (3)
Aso | 12/04/2019 04:18:07 م
کاتێک لە هەموو شوێنێکی هەرێمی کوردستان ئاڵای عێراق شەکاوەیە و مووچەی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دێت ، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕەچاوی ...
کۆنسوڵی ئێران لە هەولێر هۆشداریی دەداتە هەرێمی کوردستان
| 12/4/2019 | (1)
Peshwaz | 12/04/2019 04:06:32 م
بيزه حمه ت بوچى او زانياريانه كو اكه نه وه له خلقى پردى
23 گوندی شارۆچکەی بەرکاری زاخۆ چۆڵکراون
| 12/4/2019 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

دەرمانێکی شەکرە رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت 12 کاژێر لەمەو بەر |

دەرمانێکی شەکرە رێگە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ دەگرێت

مەترسییەکە بەرێژەی %20 - 40 کەمدەکاتەوە زۆرتر
رووداو لە سوودان؛ ئاگری ناڕەزایەتیی خەڵک نەکوژاوەتەوە 19 کاژێر لەمەو بەر |

رووداو لە سوودان؛ ئاگری ناڕەزایەتیی خەڵک نەکوژاوەتەوە

چاوەڕێی هەنگاوی کرداری دەکەن زۆرتر
 پزیشكانی بەریتانیا بەدەست گرفتە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن 23 کاژێر لەمەو بەر |

پزیشكانی بەریتانیا بەدەست گرفتە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن

زیاتر لە چارەگێكی پزیشكانی بەریتانیا لە دۆخێكی زۆرتر
0.25 seconds