وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

ئه‌ده‌ب و كولتوور

لە تیرۆری پاشای گەورەوە تا جمهووریی رواندز

لەلایەن ئاسۆ مامزادە 27/7/2018
ئەم وتارە کتێبێکی زۆر تایبەتی کردووەتە هەوێنی نووسینی خۆی
ئەم وتارە کتێبێکی زۆر تایبەتی کردووەتە هەوێنی نووسینی خۆی

بەشی یەکەم

ئاغام، ئەمن رووم دەکرده دیوانێ ئاغایێ خۆم، له لایێکی دادەنیشتن پێنجسەد پیاوماقووڵ و سەید و مەلا و پێنجسەد نۆکەر هەموو دەست لەسەر گوێ خەنجەرێ دادەنا، ئاغام له دیوانێ ئاغایە خۆم دادەنرا پێنجسەد کورسیی تەخت زێڕین و هەر لەوی ده پێچک زیڕنیشانه و...

ئاغام، سەرێ من دێشی و دڵێکه من و رەبەن و رەبەنە ماڵێ، چەندی له برینه و چەندی له ژانه ژانه و ئاغام، له سەره وان کورسیانم دادەنیشتن پێنجسەد کوڕڕه کوڕڕەی دە بەبەیانه و، قەننەی دەمارپێچیان پێبوون، تووتنی دەمێ شەمان پێدەکردن، پۆلووی ده داره عوودیان  لەسەر رۆ دەنانه و.

ئاغام، ئەمن بۆت بە جوببەخانەی ئاغایە خۆهەڵدەڵێم و ئەوە لێم دەردەکێشاوە پێنجسەد شیری لاهوری، کەرگەدەنی هەر لەوی سەر و مل بە جۆللانە و، ئاغام، لەشکری ماڵوێران دەڵێ سەرێکە من دێشی و دڵێکە من و رەبەن و رەبەنە ماڵێ، چەندی لە ژانە و چەندی لە ژانەژانە و، ئاغام، ئەمن رووم دەکردەوە جببەخانەی ئاغایە خۆم  لێم دەردەکێشاوه پێنجسەد مەتاڵی قولەی سەلیم بارام خانە و، ئاغام..

ئەم وشانە بەشێکن لە دەستپێکی بەیتی لەشکری بە (ڕەوایەتی مەحمەڵ) کە لە وتاری (لەشکری لە میرنشینی سۆرانەوە تا ئەمڕۆ) بەسەرهاتەکەیم گێڕاوەتەوە. ئەم بەیتە لە زمانی لەشکرییەوەیە، خانزاد ئەمری کردووە بەبەر چاوی وەزیرەکان و خەڵکەوە دیوارێکی پانی لە پێش دروست بکەن، بە جۆرێک کە تەنگی پێ هەڵچنێ و تا تەواو بوونی دیوارەکە و خنکانی، بە بەیت چۆنیەتی خیانەتەکەی لە میر سلێمان خانی برای بۆ بگێڕێتەوە.

بەیتی لەشکری، هاوتەریب وەسفی دەرباری میر و جبەخانە و ناوی ئەسپەکانی ئەو سەردەم و چۆنیەتی چەکەکانی میرنشینی سۆرانە لە سەدەکانی ناویندا.

ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت و لە راستیدا لەبەر هەستیاربوونی، بە حەیفی دەزانم تەنیا بە تیرۆری پاشای گەورە و سەردەمی جمهووری و داڕمانی یەکجاریی میرنشینی سۆران کۆتایی پێ بهێنم و پێویستە بگەڕێینەوە بۆ چوارسەد ساڵ بەر لەم رووداوانە، یانی بنیاتنانی ماڵە میرانی سۆران. 

ئەم وتارە کتێبێکی زۆر تایبەتی کردووەتە هەوێنی نووسینی خۆی کە ناکرێت تەنیا بە ناوهێنان لە تۆماری سەرچاوەکاندا ئاماژەی پێ بکەم. کتێبی (ڕژێمی رواندزی سەردەمی پاشای کۆرە) کە توێژینەوەیەکی پڕبایەخی شێرکۆ هەژارە، کوڕی مامۆستا هەژار موکریانی، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و ورد و لێهاتوو لە توێژینەوەی مێژوویی و شارەزا لە چەندین زمانی زیندووی جیهانی. ئەمیش یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی، کتێبی (مێژووی میرانی سۆران)ی حسێن حوزنی موکریانیە کە ساڵی 1935 بە پشتبەستن بە (مەلیخا - رۆژژمێری شاهانەی میرنشینی سۆران) و چەندین سەرچاوەی پڕبایەخی تر چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

ئەم وتارە لە سێ بەشدا بڵاودەکرێتەوە 

١ – چۆنیەتی دامەزراندنی میرنشینی سۆران، درەختی نەژادی و کورتەیەک لەسەر میرانی سۆران.
٢ – میر محەممەد (پاشای گەورە) کەسایەتیی خۆی و سیستمی حوکمڕانی و سەربازی و دارایی، لەشکرکێشی و شەڕەکانی بۆ فراوانترکردنی قەڵەمڕەوەکەی.
٣ – چۆنیەتی تیرۆری پاشای گەورە و رووداوەکانی پاش کوژرانی و سەردەمی جمهووری و داڕمان.

بەشی یەکەم: 

١ -بنیاتنانی میرنشینی سۆران 

دەوروبەری ساڵانی 1300 بۆ 1400ی زایینی کەڵۆس ناوێک لە شارەزوورەوە دەچێتە گوندی هەودیان و دەبێتە شوانی گوندیەکان. کەڵۆس ددانەکانی پێشەوەی نەبوون و لەبەر ئەوە بە زاراوەی ئەو ناوچەیە پێیان گوتووە کەڵۆس، واتا ددان کەل.

کەڵۆس سێ کوڕی هەبوون بە ناوەکانی عیسا و ئیبراهیم و شێخ وەیس. عیسا کوڕێکی هەڵکەوتە و هێژا و بەرچاوتێر و دڵاوا بووە، هەرچیەکی دەستکەوتووە لەگەڵ کوڕوکاڵ و هەرزەکارانی گوند بەشی کردووە و ئاگای لێیان بووە و بە جوانمێری چاوبەرەوژێری کردوون و هۆگری بوون و لە فەرمانی دەرنەچوون.

هاوڕێیانی عیسا کە وەک خۆی سوارچاکی لێهاتوو و زۆر بەجەرگ بوون، وردە وردە دەکەونە گەڕان بۆ ناسینی زیاتری ناوچەکەی خۆیان، یەکێک لەوانە مەڵبەندی گەورەی باڵەکان بوو، خەڵکی ئەوێش سەر و سیمای میر عیسا زۆر بە سام دەبینن و بە مەرد و رەندی دەزانن و متمانەی پێ دەکەن و بەرە بەرە بڕیار دەدەن لە راست فەرمانی دەرنەچن.

بەو جۆرە پاش چەند ساڵ خەڵکێکی زۆری لە دەور کۆبوونەوە و هێزوپێزێکی بێدادی پەیدا کرد، لەو سەروبەندەدا دوژمنێکی بەسام ببووە هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکە و ئەمانیش کە لە فەرمانڕەوای ئەوکاتیان رانەدیوە بیانپارێزێت، بڕیار دەدەن خۆیان ناوچەکە بپارێزن، بۆیە بەرەو قەڵای رەوان (ڕەواندز)  هێز دەجووڵێنن و ئابلۆقەی دەدەن، ئەو قەڵایە بەڤر و تاشە بەردی سووری زۆری بە دەورەوە بوون، هەر بۆیە هێزەکانی عیسا خۆیان لە دووتوێی ئەو تاشە بەردانە دادەمەزرێنن بۆ شەڕ و بەو پێیە بە (کۆمەڵی بەردە سۆران) ناوبانگ دەردەکەن. بەردەسۆران لەسەر زار قورس بووە و پاش گرتنی قەڵا و دانپێدانانی خەڵک بۆ میرایەتیی عیسا، ناوی سۆران دەبێتە نازناوی ئەو خانەدانە و ئیتر لێرەوە مێژووی ماڵەمیرانی سۆران دەستپێدەکات و میر عیسا دەبێتە یەکەم میری سۆران، پایتەخت حەریر.

لێرەدا پێویستە درەختی نەژادی ماڵەمیرانی سۆران کە بە دیزاینێکی نوێ دامڕشتۆتەوە، بیخەمە بەر چاوی خوێنەری هێژا.
 
١-میر عیسا: بە پاڵپشتیی هێزە گەورەکەی کە ئێستا بوونەتە سوپای تایبەتی میرنشینی سۆران، هێرشەکانی دوژمن پووچەڵ دەکەنەوە. لە پاش شەڕ، میر عیسا خەڵک لەبیر ناکات و بەبێ منەتکردن لە سەریان هەر وەک جاران و لەگەڵ هاوڕێیانی کۆنی، بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی خەڵک و ماوەیەکی زۆر بە کامەرانی فەرمانڕەوایی دەکات و پاش مردنی، بێجگە لە ناوێکی پڕ شکۆ و خۆشەویستیی لای خەڵک، کوڕێکیشی لە پاش بەجێدەمێنێ کە دەبێتە دووەم میری سۆران.

٢- میر شاعەلی بەگ: لە پاش بابی کرا بە میر و ئەویش چوار کوڕی لە پاش بەجێمان بە ناوەکانی: عیسا، میر بداغ، و میر سەیدی و ئیبراهیم.

٣- میر عیسای دووەم: جێی باوکی گرتەوە، لە شەڕی دژی (پیر بداغ)ی میری باباندا کوژرا، پایتەخت حەریر.

٤- میر بداغ: لە (باڵەکایەتی) بوو، سۆمای سەر بە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە دەست ئێران رزگار کرد و خستیە ژێر فەرمانی خۆیەوە.

٥- میر سەیفەدین: زوو مرد

٦- میر حسێن: زوو مرد

٧- میر سەیدی: جێی برازای گرتەوە، پیر بداغی میری بابانی لە تۆڵەی براکەی – میر عیسای دووەم – بە دەستی خۆی کوشت. مووسڵ و هەولێری گرتن و ساڵی 1516 سەربەخۆیی راگەیاند، شای ئێران  پیرۆزبایی لێکرد و پەیمانی ئاشتی لە نێوانیاندا بوو.

٨- میر یەزدانشێر: سوڵتان سولەیمانی قانوونی ساڵی 1534 لە هەولێر بوو بە میوانی و شەوێک لە کۆشکەکەی خۆیدا لە مۆڵگەی شاهانە بە نهێنی خنکاندی و هەولێر و هەموو سۆرانی دا بە حسێن بەگی داسنی.

٩- میر سەیفەدینی دووەم: هەموو قەڵەمڕەوەکەی لە حسێن بەگ ستاندەوە، حسێن بەگ بۆ سکاڵا چووە ئیستانبوڵ، بەڵام گرتیان و دەستبەجێ ئیعدامیان کرد. خودی میر سەیفەدینیش چەندین ساڵ پاش ئەو رووداوە، خۆفرۆشێک فریوی دا و بە تەماحەوە بەپێی خۆی چووە ئیستانبوڵ و لەوێ گرتیان و ئیعدامیان کرد.



١٠- میر قولی بەگ: بیست ساڵێک فەرمانڕەوایی کرد.

١١- میر بداغی دووەم: لەگەڵ سلێمان خانی برای لەسەر حوکم لێیان بوو بە شەڕ و هەرا، ئەوە یەکەمجار بوو کە شتی وەها لە سۆران روویدەدا.

١٢- میر سلێمان خانی قولی بەگیان: سەخت لە عەشیرەی زەرزای دۆستی ئێرانی دا، شەڕی لە دژی ئێران کرد و دیلە ئێرانییەکانی بۆ عوسمانی نارد. ساڵی 1586 بۆ نەهێشتنی کێشە ناوخۆییەکانی دەرباری سۆران، قوباد بەگی ئامۆزای و چواردە کوڕە میری خزمی خۆی ئیعدام کردن. 

ساڵی 1590 بە پیلانی لەشکری سەرۆک ئەرکانی سوپای سۆران، والیی عوسمانیی لە بەغدا بانگهێشتی فەرمی کرد و لەناو دیوەخانی والی کوژرا. بڕوانە (لەشکری، لە میرنشینی سۆرانەوە تا ئەمڕۆ).

مزگەوتی گەورەی حەریر و قەڵایەکی بەپیت لە نزیک ئەشکەوتی خرواتان لە یادگارە گرینگەکانی بوون کە بەپێی گێڕانەوەی مەلا جەمیلی رۆژبەیانی تا سەردەمی ئەویش هەر مابوون.

ساڵێک بەر لە کوژرانی، عەلی بەگی تاکە کوڕی کرد بە میری جێنشین.

١٣- میر عەلی بەگ: دوا میری سۆرانە کە شەرەفخان باسی دەکات، دەڵێت ئێستا (مەبەست ساڵی 1596-1597) میری سۆرانە و بە سەربەخۆیی حوکم دەکات. ساڵی 1601 رێگای گەلی کردەوە و هەندێ پردیشی لەسەر رێگا دروست کردن. ساڵی 1634 کۆچی دوایی دەکات. ( هەڵبەت بەپێی رەوایەتێک گەلی عەلی بەگ بە ناوی عەلی بەگی داسنیەوە کراوە کە پاش ئەوەی داوای پاشای (کۆرە) رەت دەکاتەوە و باوەڕ بە ئیسلام ناهێنێت، هەر لەوێ سەریان پەڕاندووە، تەنانەت گۆیا گوتوویەتی ئەگەر چەکدارەکانم (کە نزیکەی 15 هەزار چەکدار دەبوون) لێرەبان لەوانەیە باوەڕم هێنابا، بەڵام کە ئەوانم لەگەڵ نییە، لەوانەیە دواتر خەڵک بڵێن ترساوە، بۆیە باوەڕ بە ئیسلام ناهێنم)..

١٤- شاژن خانزادە خاتوون: خوشکی میر سلێمان خان بووە و "قەڕالیچەی سۆران"ی پێ گوتراوە (قەڕالیچە = شاژن). خانزاد لە سەردەمی میر سلێمان خانیشدا کاروباری ناوخۆی راپەڕاندووە و لە زۆربەی کاروباری میریدا میر پرسی پێ کردووە. یەکێکە لە بەناوبانگترین و بەهێزترین ژنانی کورد کە توانی ببێتە شاژنی میرنشینێکی بەهێزی وەک سۆران و زۆر خۆشەویستی خەڵک بووە.

١٥- ئوغوزبەگی گەورە: لە سەردەمی ئەودا بابانەکان حەریریان داگیر کرد. ساڵی 1645 رەواندزی لە نەیاران ستاندەوە و پایتەختی گواستەوە بۆ ئەوێ، ژنێکی خەڵکی رەواندز بە ناوی "شەمام" لە گرتنەوەی شار دا زۆر یارمەتی داوە، هەر بۆیەش پاش دامەزراندنی دامودەزگای دەوڵەت لە رەواندز، بە فەرمانی میر دوو کۆنگرە یان بە ناوی ئەو لە دەوروبەری رەواندز دروست کردووە (جووت کۆنگرەی شەمام). ساڵی 1695 کۆچی دوایی کرد.

١٦- میران بەگ: لە سەردەمی ئەودا خان ئەحمەد خانی ئەردەڵان بۆ ماوەیەک سۆرانی داگیر کرد.

١٧- ئەحمەد بەگ: هەندێک لە سەرکردەکانی سوپا تەمای کودێتایان هەبووە، هەندێک بە زۆر و هەندێک بە بەخشش نەوازشی کردوون و ئاگری فیتنەکەی کووژاندووەتەوە، پاش مردنی لەسەر تەپەی داری (سیدی) کە لە کانی گەرموکانە دەینێژن. حوزنی ساڵی 1928 چووەتە سەر گۆڕەکەی و بینیویەتی کە وێڕای ناو و بەیتە شێعرێکی فارسی، رێکەوتی مردنی لەسەر کێلەکە نووسراوە: 1215 هـ. (25/5/1800 – 13/5/1801).

١٨- ئوغوزبەگی بچووک: ئاوەدانکردنەوەی وڵات و پەرەپێدانی کشتوکاڵی زۆر لا مەبەست بووە ( رەزی بە خەڵک ناشتووە و دەستی وەرزێرانیشی گرتووە و ....) دوورە شەڕ و بێ ئازار بووە.

١٩- میر مستەفا بەگ: تەمەرخان و یەحیا بەگی برای، لە ناوچەکانی خۆیان بە کەیفی خۆیان دەکرد و منەتیان بە بڕیارەکانی پایتەخت نەبوو، تەمەرخان هاوکاریی "بابان"یشی کرد کە بێتە سەر سۆران بۆ ئەوەی بیگرێت و ئەو بکات بە میر. بەو پێیە "بابانەکان" رانیە و کۆیە و حەریریان داگیر کرد و ئەگەر شەڕی ناوخۆیی بابان نەبووایە، رەواندزیشیان دەگرت. (30/7/1813).

مستەفا بەگ لە حوکم وەڕەز بوو و دەیویست حکومەت تەسلیمی براکانی بکات، بەڵام لە ژێر کاریگەریی ژنەکەی (بووک شازەمان) ساڵی 1813 لە دووی (محەممەد)ی نارد و داوای لێکرد جێگای بگرێتەوە.

٢٠- میر محەممەد (پاشای گەورە -پاشا کۆرە) ساڵی 1784 لە رەواندز لەدایک بووە و گەورەترین و کاریگەرترین میری سۆرانە. چونکە دواتر بە تێر و تەسەلی لەسەری دەدوێین، لێرەدا باسی ناکەین.

(ئەحمەد بەگ) و (سلێمان خانی دووەم) و (ڕەسوڵ بەگ) یش دوا میرانی سۆرانن و هەر سێکیان برای پاشای گەورە بوون، باسی ئەو سێ میرەش بەجێدەهێڵم بۆ دوو ژمارەی داهاتوو، چونکە رووداوەکانی ئەو سەردەمە پێوەندیی نەپچڕوایان پێکەوە هەیە و ناکرێ بە جیا باس بکرێن.

سەرچاوەکانی بەشی یەکەم:

١ – میر شەڕەفخانی بتلیسی / شەڕەفنامە (مێژووی ماڵە میرانی کوردستان) / وەرگێڕانی مامۆستا هەژار / دەزگای ئاراس، چاپی سێهەم ٢٠٠٦، لاپەڕەکانی ٣٣٦-٣٤٩.

٢- شێرکۆ هەژار / رژێمی رواندزی سەردەمی پاشای کۆرە / چاپی یەکەم ٢٠١٣، لاپەڕەکانی ١٠ – ١٣.

کۆمێنتەکان

 
محمد میرانی | 28/7/2018
dast xosh barez, balam xozga zanyari zedatert daba lasar hamw merakan.
دیاکۆ | 28/7/2018
دەستەکانت خۆشبێت کاک ئاسۆی خۆشەویست، پێنووس و خانە هەر رەنگین بێت و بە بڕوای من پێویستە هەر تاکێکی کورد ئەم وتارانە بخوێنێتەوە.
نیشانەکردن :
1032 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

Diako | 22/03/2019 02:02:52 م
Dastyan xosh bet.
لە موسڵ هێرشکرایەسەر بەرهەم ساڵح و کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی
| 15 کاژێر لەمەو بەر | (1)
Azad Azad | 22/03/2019 10:34:07 ص
پیرۆز بێت له‌ روداو و خانمه‌ جوانه‌كه‌ی روداو به‌ڕێز ئاڵا شاڵی به‌راستی شایانی ئه‌و ناسنامه‌یه‌یه‌ هه‌ر سه‌ر كه‌وتو بن.
ئه‌نجوومەنی یەكێتی ئەوروپا وێنەی ئاڵا شاڵی لە پێشانگەکەیدا دادەنێت
| 19 کاژێر لەمەو بەر | (1)
پاداشت | 21/03/2019 08:05:39 م
ته‌قاندنه‌وه‌ی كارێكی باش نه‌بوه‌، له‌وانیه‌ پڕ بوبێت له‌ مادده‌ی بڵاوكه‌ره‌وه‌ی نه‌خۆشی ترساناك وه‌ به‌ تاك تیك به‌ردرابێته‌وه‌.
مووشەکەکەی قەڵادزێ تەقێندرایەوە
| دوێنێ کاژێر 09:43 | (1)
Shex darawan | 21/03/2019 06:48:03 م
خوات لەگەڵ ئامۆزا گیان جیگات بەهەشت بێت
گەنجێکی خەڵکی سۆران لە مەککە کۆچی دواییکرد
| 20/3/2019 | (1)
0.297 seconds