وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

هەڤپەیڤین

جەلال مەلەکشا: شیعر ژیانی منی بە قوڕدا کرد

لەلایەن فریا یونسی 30/10/2018
گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ شاعیر و ئەدیبی ناسراوی کورد جەلال مەلەکشا
گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ شاعیر و ئەدیبی ناسراوی کورد جەلال مەلەکشا

رووداو - ئەدەب و کولتوور

ماوەی دوو مانگێک دەبوو لە هەلێک دەگەڕام بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەو شاعیرەی شێعر و هەڵبەستەکانی دەست بە دەست لە نێوان گەورە و بچووکی ئەم وڵاتەدا دەگەڕێن و بە بۆنەگەلی تایبەتەوە پێشکەش دەکرێن و دەخوێندرێنەوە، بەڵام خۆی دیار نییە و کەم کەس تا ئێستا لە کۆڕ و کۆبوونەوەیەکدا، لە بۆنە و ڕێوڕەسمێک، لە دانیشتنێکی شاعیرانە و تەنانەت لەبەردەم کامێرایەکدا بینیویەتی. جەلال مەلەکشا، شاعیری هەموو چینەکانی کۆمەڵگایە و دەکرێ بە ئاسانی لەسەر هەر شێعر و هەڵبەستێکی بنووسی، بەڵام زۆر ئەستەمە بتەوێ دێڕێک لەسەر کەسایەتی خۆی و ژیانی تایبەتی ئەو شاعیرە ئاشنا بە ڕەنجە، بهێنیتە سەر کاغەز. لەڕاستیدا بەهۆی هۆگریی مامۆستا بە گوندی منداڵیی خۆی و چوونی ڕۆژانەی و سەردانی لە باخ و باخاتی ئەو گوندە، زۆر کەم لە شار دەبینرێ و ئەوەندەش کە بتوانی دوای ماوەیەک گەڕان و پرسیار لە دۆستانی، لە شوێنێک بە دیداری بگەی، بێگومان ئەو شوێنە بەرزاییەکانی حەسەنئاوای سنە و ماڵی دایکییەتی. ئەو دایکەی کە خۆی گوتەنی هاتووە ئاگای لەو بێ تەنیا نەبێ، بەڵام ئەوە دایکیەتی کە ئاگای لە مامۆستایە و هێشتاش وەک منداڵێک وشک و تەڕی دەکاتەوە.

ژیانی جەلال مەلەکشا، ئەوەندەی ڕژد و نشێوی بەخۆوە بینیوە کە تەنانەت ئەوانەشی ئاشنای دۆخی ئەدەب و سیاسەت لەم ناوچە پڕ لە مەترسییە نین، دەتوانن بە ئاسانی نیشانەی ئەو ئێش و ڕەنجانەی کە بەسەر ئەو ڕوحە جوانەی ئەدەبی کوردیدا هاتووە، بە نێوچاوانییەوە ببینن و لەڕاستیدا شێوەی ژیان و قسەکردن و شێعرخوێندنەوەی مامۆستا، بێ ئەوەی لەلایەن خۆیەوە هیچ هەوڵێکی بۆ درابێ، دەتوانێ ئەو بەسەرهاتە تاڵ و سوێرانەی وا بە درێژایی تەمەن بەسەریدا هاتوون، بۆمان بگێڕێتەوە و بە دڵنیاییەوە کەسێک نییە بۆ چەند خولەک لە نزیکی دانیشێ و گوێی لە قسەکانی بێت و نەزانێ چ چەرمەسەرییەک بەسەر ژیانیدا هاتووە و نەبینێ ڕوحی ئەو ئەوەندە لەگەڵ دەسەڵات و سیاسەتی ڕۆژی وڵاتەکەی نەگونجاو بووە و نەیتوانیوە سازش بکا کە وردە وردە ڕێگەی تەریکی گرتووەتەبەر و پەڕاوێزێکی هەڵبژاردووە، هەم خواستی دەسەڵات بووە و هەمیش خواستی ئەو کەسانەی بە جۆرێک لە جۆرەکان لە دەنگی ڕاستگۆیانەی مەلەکشا لە شێعردا هەراسان بوون و هەمیشە نیگەرانی حزووری ئەو لە بۆنە و ڕێوڕەسمەکاندا بوون. بەڵام ئەم پەڕاوێزە هەرگیز نەیتوانی مەلەکشا لە هەست و نەستی کۆمەڵگادا بسڕێتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر شێعرەکانی ئەم ئەدیبە مەزنە چوونە نێو کۆمەڵگاوە و لە هەمیشە خۆشەویستتر و مەقبووڵتر بوو لەلای خەڵک. وەها کە ئێستاش هەر ڕێوڕەسمێکی فەرمی و نافەرمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان – بە تایبەت لە شاری سنە- بەڕێوە دەچێت، ماڵە بچکۆلە هەژارانەکەی دایکی لە بەرزاییەکانی حەسەنئاوای سنە، دەبێتە مەکۆی کۆبوونەوەی عاشقان و دڵسۆزانی ئەدەبی کوردی. ئەوەی جێی سەرنجە، لە ڕۆژانی ئەو ڕێوڕەسمانەدا ماڵی مەلەکشای شاعیر لە ساڵۆنە فەرهەنگییەکانی شار قەرەباڵغترە و هەر ئەمە خۆی نیشانەیەکە بۆ خۆشەویستیی ئەم شاعیرە ڕاستگۆیە. 

رووداو: پێش هەرشتێک پرسیارم لەسەر بارودۆخی جەستەیی و ڕوحیی خۆتە و دەمەوێ بزانم ئێستا باری تەندروستیت چۆنە؟

مەلەکشا: باری سڵامەتیم باشە و هەروا کە دەمبینن هێشتا بە خۆشی و ئازایەتی دەژیم، نێو سروشت دەچم، کاروباری خۆم بەڕێوە دەبەم و لە هەمووی گرینگتر دەخوێنمەوە و دەنووسم. 

رووداو: واتە ئێستاش شێعر دەنووسی؟ دواهەمین شێعرێک کە نووسیت کەی بوو؟

مەلەکشا: بەڵێ، ئەی مەگین دەکرێ نەنووسم؟ ئەی شاعیر بە چی شاعیرە؟ هەر بە نووسینی شێعرە کە دەتوانێ بڵێ من شاعیرم. منیش هەر دەنووسم و دواهەمین شێعرم یەک دوو شەو لەمەوبەر تەواو کرد.

رووداو: بە تێر و تەسەلی باسی خۆتمان بۆ بکە. باسی ئەو مێژووەی بووە هۆی دروستبوونی کەسایەتی جەلالی مەلەکشا. دەمانەوێ خوێنەرانمان بزانن لە کوێوە و چۆن دەستتپێکردووە و بە ئێرە گەیشتوون؟ سەرەتا لەگەڵ شێعری کوردی چۆن ڕووبەڕوو بوونەوە و چۆنتان مامەڵە لەگەڵ زمانی زگماکی خۆتان کردووە بۆ نووسینی شێعر؟ بە تایبەت لە سەردەمێکدا کە ڕەنگە نووسین بە زمانی زگماکی – ئەویش نووسینی شێعر- زۆر سەخت و ئەستەم بووبێت. ئەوەی دیارە و تا ئێستا لە زۆر جێگەدا باسی لێکراوە، ئێوە لە سەردەمی خۆتاندا، یەکێک بوون لە کەسایەتییە پێشەنگەکانی شێعری کوردی و تەنانەت جاروباریش زۆرێک لە قۆناغە جیاوازە ئەدەبییەکان و سەبکە تایبەتەکانی ئەو سەردەمە، ئێوە دەخەنە پاڵ خۆیان و وەک یەکێک لە داهێنەرانی ئەو ڕەوتە دیارانە ناوتان دەبەن. هەروا زۆر لە شاعیرانی بەناوبانگی وەک شێرکۆ بێکەس بە باشی باسی ئێوە دەکەن و وەک یەکێک لە باڵەکانی شێعری کوردی لە ڕۆژهەڵات ناوتان دەبات. لەو سەردەمەشدا هەندێک شاعیری دیکە کە ئێستا خۆیان دەنگێکی دیارن لە ئەدەبی کوردیی ڕۆژهەڵاتدا، لەگەڵ ئێوە بوون – وەکوو فەرەیدوون ئەرشەدی و ئیبراهیم ئەحمەدی نیا- کە گەشەیەکی تایبەتیتان بە شێعری ئەو سەردەمەی ڕۆژهەڵات دا. دەمەوێ بە وردی باسی ئەو مژارە تایبەتەم بۆ بکەن.
 
مەلەکشا: سەرەتا پێمخۆشە خاڵێکی گرینگتر لەوانە بێنمە ئاراوە، ئەویش ئەوەیە کە دەبێ ددان بەوەدا بنێم من پیاوێکی گوندیم. واتە کەسێکم کە هێشتاش و هەمیشە هەر عاشقی گوند و سروشت و کشتوکاڵ و هەموو ئەو لایەنە گوندییانەم کە مرۆڤی مۆدێرن لێی وەڕەزن و لەگەڵی بێگانەن. هێشتاش هەموو وجوودی من بە گۆشت و پێست و ئێسقانەوە، هەر گوندییە و تاکوو بشمێنم لە گوند نابڕێم. هێشتاش لە گوندی خۆمان زەویم هەیە و ماڵیشم هەر لەوێ ماوە و دەخوازم تا کۆتایی تەمەنم هەروا بمێنمەوە. هەربۆیە ڕاشکاوانە دەڵێم ئەم خاڵی گوندنشینی و خۆشویستنی سروشتە لەلایەن منەوە، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ڕوح و هزری من داناوە و هەمیشەش ئەو کاریگەرییە بە ڕوخساری شێعرەکانمەوە دەمێنێتەوە. هەر ئەم حەزە کارێکی کردووە کە هەمیشە هەموو هەوڵ و تێکۆشانی من لە پڕۆسەی ئەدەبیی شێعردا ئەوە بێ ئاوڕی جددی لە بارودۆخی مرۆڤی گوندنشین بدەمەوە و هەوڵ بدەم شێعرەکانم هاواری گوندییەکان بن. بەڵام بەداخەوە بارودۆخی ژیانم بە بۆنەی پیشەی باوکمەوە کە کارمەندێکی دەوڵەتی بوو، ناچاری کردین بێینە شار. لە شاریشدا لە جێگایەک دەژیاین جێی ژیانی مودیری گشتیی ئەو سازمانە بوو کە باوکم کارمەندی ئەوێ بوو. ژیانی ئەوێش بە بۆنەی هاوسێیەتی لەگەڵ مودیری گشتی و دیکەی کارمەندەکانی، بووە هۆی ئەوەی کە ئاگاداری شێوازێکی دیکەی ژیان لە دەوروبەری خۆمان بین، ئەویش ژیانێکی بۆڕژوازییانە و لوکسی شاری بوو. لێرەدا دژوازییەکی گەورە لە ژیانی مندا دروست بوو: ژیانی هەژارانەی ئێمە لە هاوسێیەتی ئەو ژیانە لوکسە بۆرژوازییانەی مودیر و کارمەندە باڵادەستەکان. بەراوردی ژیانی دوو کەسایەتی ئەم دوو بوارە – کرێکارێک و مودیرێک- دەبێتە هۆی تێڕامانی زیاتری منداڵێک کە هەموو خولیای ئەوەیە ببێتە شاعیر و هاوارەکانی خەڵکی گوندەکەی خۆی بە گوێی دنیا بگەیەنێت. ئەم دژوازی و پاڕادۆکسە کە لە هەموو شتێکدا بە ئاسانی دەبینرا، لە جلوبەرگەکاندا، لە شێوەی قسەکردنەکاندا، لە شێوەی هەڵسوکەوتی کەسەکاندا، لە شتومەکی نێو ماڵەکاندا، بە ئاسانی دەهاتنە بەرچاو، ببوونە هۆی ئەوەی کە زیاتر بیر لە ژیان و ئازارەکانی و کەموکووڕی و مەحروومبوونەکانی بکەمەوە. ئەم پارادۆکسە، ڕەنگە لە وجوودی مندا زۆر نەبووبێتە هۆی نەفرەت و ڕق، بەڵام جۆرێک بێزاری لە مندا بە نسبەت ئەو کەسانەوە کە بێ هیچ هۆیەک ژیانێکی خۆشتر و شاهانەتر لە ئێمەیان هەبوو، دروست کردبوو. جۆرێک جیاوازی و لە یەکنەچوون کە هەر ئەم جیاوازی و لەیەکنەچوونە بوو خەریکبوو وردە وردە ڕێگەی بۆ دەردەخستم و دەیبردم بەرەو شێعر و لە شێعریشدا کە ئاساییە ئەو دژوازییە ڕەنگدانەوەی خۆی هەبێت. لەڕاستیدا ئەو دژوازی چینایەتییەی کۆمەڵگەی ئێرانی – کە بە ئاشکرا لەنێو کورد و فارسدا هەبوو، ئێستاش هەر هەیە - ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە من و شێعردا باڵای کردووە و لە گەڵمان گەورە بووە. ئەو سەردەمە بە تایبەت لە نێو سیاسییەکاندا، زۆرتر باس لەو دژوازی چینایەتییە دەکرا و منیش هەر بەو دژوازییەوە سیاسەت و دواجار دەستم بە شێعر کرد. خەبات لە دژی ئیمپریالیزم و چینە بۆڕژواکانی کۆمەڵگە، دەبوونە هەوێنی شێعرەکانم و بەم ڕوانگەوە هاتمە دنیای ئەدەبییەوە. تەنانەت یەکەمین زیندانیش کە چووم، هەر لە پێناو ئەو خەباتە بوو کە لەو سەردەمدا بە بۆنەی ڕوانگە تایبەتییەکانی مارکسەوە لە مندا شکڵی گرتبوو. چەند ساڵێک بەم بۆنەوە لە زینداندا مامەوە و دوای ئەوەش چەند جارێک بە بۆنەی بابەتی دیکەی وەکوو بابەتە نەتەوایەتییەکان کەوتمەوە زیندان و ئەم زیندان چوونانەم بووە هۆی ئەوەی لەگەڵ کەسایەتییە گەورەکانی ئەو سەردەمە و بەرهەمە ناوازەکانیان ئاشنا ببم. لە سەردەمی شۆڕشی سپیی ئێراندا کە ڕێفۆرمخوازییەکی جددی شکڵی گرتبوو، لە قوتابخانە و بەندیخانە، یەکێک لەو کەسانە بووم کە هەمیشە بانگەشەی ئەو خەباتە تازە لەدایکبووەم دەکرد و جاروباریش شێعرم لەو بارەیەوە دەنووسی و دەمخوێندەوە. ئێمە ئاوا گەورە بووین: بە زیندان و شاربەدەرکران و گرتن و ئەشکەنجە. منیش وەک زۆرێک لە شاعیرانی کوردی ئێرانی، لە خوێندنەوە و نووسینی شێعر بە زمانی فارسییەوە دەستمپێکرد. کەم کەم لەگەڵ شاعیرانی ناسراو و نەناسراوی ئەو سەردەمەی ئێران، پێوەندیم دروست کرد و لە کۆبوونەوەکاندا شێعرم دەخوێندەوە. تەنانەت جارێک چەند شێعرێکم بۆ ئەحمەدی شاملوو خوێندەوە (بە پێکەنینەوە) کە زۆر بە دڵی نەبوو، گوتی لەو شێوازە شێعرییە وەرە دەر، کاتی خۆت بەفیڕۆ مەدە لەوە زیاتر. لەگەڵ کەسانی دیکەش وەک خوسرەوی گوڵسورخی پێوەندی باشم هەبوو. چونکە شەو و ڕۆژ بە شوێن جەرەیانی سیاسیی ڕۆژی ئێرانەوە بووم و دەمویست سەری لێ دەربهێنم. نەک بە مەبەستی ئەوەی کە داخڵ بەو جەرەیانانە ببم، نا. زیاتر بە مەبەستی ئەدەبیات و شێعر وام دەکرد و دەمویست کار بکەم. نزیکیش بوومەوە لێیان. بەڵام کە لەگەڵ زمانی زگماکی خۆم ئاشنا بووم و زانیم بەو زمانە جوانتر و باشتر دەتوانم شێعر بنووسم، لەو جەرەیانانە دوورکەوتمەوە و زیاتر هاتمەوە بەرەو هەستە نەتەوایەتییەکانی خۆمان کە بە هەموو شێوەیەک پاماڵ کرابوون و لەبەرچاو نەدەگیران.

رووداو: سەرەتا کە دەستتان کرد بە نووسین بە زمانی کوردی، شێعرەکانتان لە چ ڕێگایەکەوە بڵاودەکردەوە؟

مەلەکشا: ئەو سەردەمە نە گۆڤارێکی وەها هەبوو کە تایبەت بێ بە شێعر و بابەتی کوردی، نە کەسیش بە جۆرێکی جددی بیری لە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب دەکردەوە. زۆرتر لە کۆبوونەوە و ڕێوڕەسمە سیاسییەکان بوو کە جاروبار هەلێک دەڕەخسا بۆ کەسانێکی وەک من شێعرێک بخوێنینەوە. ساڵانێکی زۆر دوای ئەوە کە کەم کەم گۆڤاری کوردی هاتنە ئاراوە، منیش لە گۆڤار و هەفتەنامەکان نزیک بوومەوە. ئەگەرچی زیاتر لەڕووی باندبازی و کەس و ئاشنا و ڕۆشناوە کارەکان چاپ دەکران، بەڵام من زۆر پێشتر لەوە و لە سەردەمی فارسی نووسینمدا، چەند کەسێکم پەیدا کرد کە بتوانم لە ڕێگەی ئەوانەوە خۆم دەرخەم. یەکیان حەسەنی موزەییەن بوو، یەکیشیان عەلیڕەزا تەبایی. ئیسماعیل خوویی و نووری عەلاش کەسانێک بوون کە زۆر هەوڵیان دەدا یارمەتیم بدەن لەو بوارەدا. گۆڤارێکی بەرشکەستەمان گرتەخۆ بە نێوی "ئومیدی ئیران" کە بە شێوازێکی جددی توانیمان گەشەی پێ بدەینەوە و ناوی بخەینەوە نێو ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەی ئێران و تەنانەت تیراژی گۆڤارەکەش تا ئاستێکی باش چووە سەر. هەر ئەو کارە بووە هۆی ئەوەی کە تا ڕادەیەکی باش بناسرێم و لەو ماوەدا کەسانێکی جددی داوای بابەتیان لێکردم بۆ چاپ. ئەوە بۆ من زۆر سەرسوڕهێنەر بوو. لەو کاتەدا خوسرەو گوڵسورخیش لەگەڵ خێزانی گۆڤارێکی چاپ دەکرد بە نێوی "ڕازی گوڵی سوور" کە گۆڤارێکی زۆر پڕۆفێشناڵ بوو. هەموو ژمارەیەک بابەتی منی چاپ دەکرد و بە تایبەت ژمارەی شەش یا حەوت بوو کە دۆسییەیەکی تایبەتی لەسەر من کردبووەوە و تێیدا کەسانێکی زۆر لەسەر شێعرەکانم نووسیبوویان و ژمارەیەکی باشی شێعرەکانیشمی پاشکۆی دۆسییەکە کردبوو کە بە گشتی نزیکەی 40 لاپەڕەیەکی دەگرتەوە. گوڵسورخی خۆمی خۆشدەویست و تەنانەت چەند جاریش هاتە ماڵمان و زۆر نزیک بووین پێکەوە. 

لە بواری ناسرانی شێعرەکانیشم بە زمانی کوردی، دەتوانم بڵێم زیاتر لە دوای شۆڕشی ئێرانەوە و بە تایبەت لە گۆڤاری سروەی ئەو سەردەمەدا بوو کە ئاوڕێکی باش و جددیی لە ئەدەب و هونەری کوردی دەدایەوە. زۆربەی ژمارەکانی سروە بابەتی من تێدابوو، ماوەیەکیش تەنانەت هاوکارییەکی جددیی ئەو گۆڤارەم کرد و هەر ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە شێعرەکانی من بە زمانی کوردی زیاتر ئاوڕیان لێبدرێتەوە و تەنانەت کەسایەتییە گەورەکانی ئەدەبی کوردیش لوتفی خۆیان نواند و لەسەر کارەکانی من قسەیان کرد. سەردەمێک لەگەڵ خوالێخۆشبوو مارف ئاغایی بە شوێن کۆبوونەوە و ساغکردنەوەی کارەکانی سوارەی ئیلخانیزاده کەوتین و توانیمان لەو بوارەشدا زۆر کار بکەین. بە گشتی هەموو ئەو هەوڵانە بوونە هۆی ئەوەی کە کەم کەم لەنێو کۆمەڵگەی ئەدەبدۆستی کوردیدا جێگە و پێگەیەکی دیار بەدەستبهێنم و شێعرەکانم ئاوڕی جددییان لێ بدرێتەوە.

رووداو: چەنێک لەو گۆڕینی زمانی نووسینە خۆشحاڵیت و ئایا هەست دەکەیت بەو کارە غەدرت لە خۆت کردووە یان نا؟ 

مەلەکشا: من نەک تەنیا پەشیمان نیم لەو کارە، بەڵکوو زۆریش شادمان و رازیم. چونکە ئەوەی ڕاستی بێ ئێمە تەنانەت ئەو کاتەش کە خەریکین بە زمانێکی دیکەی جگە لە زمانی خۆمان دەنووسین، لەڕاستیدا خەریکین خۆمان تەرجەمە دەکەینەوە و ئەو جۆرەی کە زمانی دایکیمان شارەزای هەموو کەلوکونەکانی بیروهزری مرۆڤانەی ئێمەیە بۆ دەربڕینی هەست و سۆزمان، زمانێکی دیکە ناتوانێ ئەو کارەمان بۆ بکات. هەموو هەستێکی ئێمە بە زمانی دایکیمانە و هەر بەو زمانەیە کە وەرگری ئێش و ئازارەکانمان و خۆشحاڵی و شانازی و سەربەرزی و دیکەی هەستەکانمان دەبین. کەواتە تەنیا بەو زمانەشە دەتوانین بە باشی بەیانی بکەینەوە. زمانی ئێمە زیاتر پێویستی بە کار و خزمەت هەیە و دەبێ هەرکام لە ئێمە لە جێگەی خۆمانەوە هەوڵی بۆ بدەین کە زیاتر گەشەی پی بدەین و ڕازاوەتری بکەین. بۆیە هەرگیز پەشیمان نیم لەوەی ڕێگەی خزمەت و گەشەدان بە زمانی دایکیم هەڵبژارد و لەم ڕێگەیەشدا ڕەنگە چەرمەسەری و لەمپەرگەلێکی زۆرم لەسەر ڕێ بووبێ، بەڵام ئێستا کە ئاوڕی لێ دەدەمەوە، پڕ بە دڵ رازیم لە هەموو ئەو ئازارانەشی لەپێناو ئەو زمانەدا کێشاومە.

رووداو: لە پێشانگای کتێبی ئەمساڵی سنە کە لەم ماوەدا بەڕێوەچوو، کتێبی کۆی بەرهەمەکانی بەڕێزتان وەکوو کتێبێک کە لەنێو کتێبەکانی دەزگای چاپی پانیزدا زیاترین فرۆشی هەبوو، ناوی برا، هەروەها کتێبی کارەساتیش لە ڕێزی سێیەمی دەزگای کالێجدا ناوی هاتبوو. بە گشتی ئەمساڵیش و زۆرێک لەو ساڵانەی کە کتێبەکانی بەڕێزتان لە پێشانگای کتێب پێشکەش کراون، فرۆشێکی باشی بووە و پێشوازییەکی بێ وێنەی لێ کراوە. ئەم پێشوازی و فرۆشە باشە، هیچ داهاتێکی بۆ ئێوە هەیە؟ یاخود بڵێم ئەو دەزگایانەی کە کتێبەکانی بەڕێزتان چاپ و بڵاودەکەنەوە، لە داهاتی فرۆشی ئەو کتێبە کە جاری وایە بە چەندین چاپ دەگات، بەشی ئێوە چۆن حسێب دەکەن؟

مەلەکشا: بەڵێ. ئەوە زۆربەی ئەو کتێبانە کە ئەمساڵ ئەو فرۆشە باشەیان هەبووە، چاپی دووهەم و سێهەم و تەنانەت پێنجەمیشی بووە. بەڵام بە داخەوە بەشی ئێمە لەو پێشوازییە باشانەی کە لێیان دەکرێ، لە سەدا دە و دوازدەیە و ئەمە زۆر بەشێکی کەمە بۆ کەسێک کە بە ڕاستی ماندوو دەبێ بە بەرهەمهێنانی ئەو کتێبەوە و دەکرێ بڵێم بۆ کەسێک کە تەمەنی خۆی لەسەر نووسینی شێعر داناوە و هەموو ئەو شێعرانەش دەبن بە کتێبێک کە داهاتی ڕەنج و ئێش و چەرمەسەریی ژیانێتی، بەڵام خۆی بەشێکی زۆر کەم لە لایەنە پۆزەتیڤەکەی – کە چاپ و بڵاوبوونەوە و فرۆشی کتێبەکانە- دەستی دەگرێت. بە گشتی بارودۆخی هەموومان وایە و هیچمان لەوە باشتر نین، تازە دەکرێ بڵێم کە ئەو بەشە دە دوازدە لە سەدییە، بۆ من ئاوا حسێب دەکرێ، ئەگینا بۆ شاعیران و نووسەرانی دیکە زۆر لەوە کەمترە و ڕەنگە هەر نەشبێت. بەڵام چاری ناچارە و هیچی لەگەڵ ناکرێ. وایان لێکردووین تەنیا بەوە ڕازی بین کە شکور کتێبەکانمان چاپ دەبن و دەچنە بەردەستی خوێنەر، ئیتر هیچیشمان لێی دەستنەکەوت، کێشە نییە. ئەمە فەزای ناپڕۆفێشناڵبوونی ئەدەب و کولتوورە لەم وڵاتەی ئێمەدا و هیچیشی لەگەڵ ناکرێ. هەڵبەت هەندێک لەو وەشانخانانە باشترن و بەشێکی زیاتر بۆ من حسێب دەکەن، بەڵام بە گشتی کێشەکە هەر هەیە و چارەسەری ئەستەمە.

رووداو: لە باشوور- لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی- و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشەکانی ئەوێوە، تا ئێستا هیچ پێشنیارێک بۆ چاپی کتێبەکانتان هەبووە؟ بە تەما نین ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆی کتێبەکانتان لەوێش چاپ بکەن؟

مەلەکشا: بێگومان. تا ئێستا لەلایەن دۆستی ئازیزمەوە کاک ئازاد بەرزنجی لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، چەند جارێک پێشنیاری ئەوەم پێدراوە کە ئەو کارە بکەم. بەڵام بەداخەوە هەر جارەی بە بۆنەیەکەوە، دواکەوتووە و نەکراوە. بە دڵنیاییەوە لە باشوور ژمارەیەکی باشی خوێنەری ئەدەبیمان هەیە کە زۆربەی ئەو خوێنەرانە بە جۆرێک لەگەڵ شێعرەکانی من ئاشنان و خوازیاری کتێبەکانم هەن. بەڵام بەداخەوە بەهۆی نەخۆشی و نەتوانینی منەوە، تا ئێستا نەکراوە بچمە ئەوێ و گرێبەستیان لەگەڵ بکەم بۆ چاپی کتێبەکانم. هەڵبەت چەند ساڵ لەمەوبەر چووم و تەنانەت لەلایەن بەڕێز مەسعود بارزانیشەوە پێشنیاری مانەوەم پێدرا و تەنانەت ماڵ و ژیانێکی باشیشیان خستە ئیختیاری خۆم و دایکمەوە، بەڵام نەمتوانی و بەهۆی ئەوەی کە دڵم تەنیا لەم شارە ئۆقرە دەگرێت و دەحەسێتەوە، گەڕامەوە. 

رووداو: ئەگەر جارێکی دیکە لەدایک ببیتەوە، ئامادەی دیسان ببیتە شاعیر؟ پێت خۆشە ئەگەر وابوو، بە چ زمانێک لە دایک ببیتەوە و ببیتە شاعیری چ زمانێک؟

مەلەکشا: ئەرێ و نا. بێگومان، ئەگەر جارێکی دیکە لە دایک ببمەوە پێمخۆشە ببمە شاعیر، بەڵام نەک شاعیرێک کە شێعر دەنووسێ. من لە شاعیربوون پەشیمان نیم. بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ هەموو خواست و حەزی من ئەوەیە ئەگەر جارێکی دیکە لەدایکبوومەوە، شاعیر نەبم. واتە لە ڕێگەی شێعر نووسینەوە نەژیم. بەڵکوو حەزم لە کشتوکاڵە و خۆزگەم دەخواست لە گوندێک لە دایک ببمەوە کە هەر لە منداڵییەوە خەریکی کشتوکاڵ بم، بەڵام بە ڕۆحێکی شاعیرانەوە. شاعیربوون ژیانی منی بە قوڕدا بردەخوار و هەرگیز هیچ خزمەتێکی ئابووریی بە من نەکرد. بەڵکوو ئەوەشی کە بووم لێی سەندم و لە ڕێگەی ئەدەب و شێعر و کتێبدا، پێی خەرج کردم. بۆیە پێم خۆش نییە ببمەوە بە شاعیر، بەڵام ئاواتم ئەوەیە ئەگەر جارێکی دیکە ئەو هەلەم بۆ بڕەخسێ، جووتیارێکی شاعیر بم.
 

کۆمێنتەکان

 
Reza Neqşbendî
Reza Neqşbendî | 1/11/2018
زۆر سپاسی ڕووداو و فریا یونسی ده‌که‌م، هەڤپەیڤینه‌کی باش بوووو، هه‌رچه‌ند ده‌کرا گفتگۆکه‌ زیاتر بچێته‌ دیوی ژیانی هونه‌ری مامۆستای ماندوویینه‌ناسه‌ی گه‌له‌که‌مانه‌وه‌... به‌هیوای ته‌مه‌ن درێژی بۆ مامۆستا.زۆر سپاس
دیار عیسمه تی | 2/11/2018
ماموستای مه زن ، تو دلی هه موو نه ته‌وی کورد دای و جیگات زور به رزه ... چاوت ماچ ده که م .. داوای له شی ساغ و ژیانیکی فراوان به دلی خوتت بو ده خوازم
کۆمێنتێکی نوێ دابنێ
وەکو میوان کۆمێنت دادەنێی یان بە چوونە ژوورەوە؟
نیشانەکردن : مەلەکشا
1938 ژمارەی بینین
بابەتی زیاتری فریا یونسی
کافکا؛ مێعماری مینیماڵیزم

 

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

اكيد شيخان برادوستي | 07/11/2018 08:41:16 ص
خواي كه وره به به هةشتي بان و بةرينيان شاد بكه، بةراستي كةراساتة ئه مة انشاءالله هيج كورديك ئةو حالةته ي به سه ر نايه ته وه...
منداڵێکی دیکەی ماڵە سووتاوەکەی رانیە گیانیلەدەستدا
| 7/11/2018 | (1)
Azad Azad | 07/11/2018 07:15:45 ص
پیرۆز بێت له‌ رووداو به‌راستی شایانی هه‌مو خه‌ڵاتێكه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی خۆی بینیوه‌ له‌ ئاستی كوردستانی و جیهانیدا به‌باشی، به‌تایبه‌تی رووداو ڕۆڵی...
Khoshi Tahir | 07/11/2018 07:51:44 ص
شايانيتى و ليى دةوةشيتةوة 👏 پيروزى خوى و تورى ميديايى رووداو بى 👍 چاومان رون
مەجید نیزامەدین گلی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی پێدەبەخشرێت
| 7/11/2018 | (3)
ali | 07/11/2018 07:10:18 ص
زور راسته‌ كه‌ركوك كه‌ره‌سته‌یه‌ خاكفروشان بازای پیده‌كه‌ن
كەركووك نە دڵ و نە قودسی كوردستانە
| 7/11/2018 | (1)
ره شید | 06/11/2018 12:39:17 م
کاک "هیمن" ی خوشه ویست و دلسوز پیم وابی پارتی ده بی زور به ووردی دیراسه تی حکوومه تی داهاتووی کوردستان بکاته وه و ئه م ویشه بابه تی په له کردن نییه...
پارتی دەبێ پەلە بکات
| 6/11/2018 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

فەیسبووک هۆکارێکی خەمۆکی گەنجانە 16 کاژێر لەمەو بەر |

فەیسبووک هۆکارێکی خەمۆکی گەنجانە

بەکارهێنەرانی فەیسبووک زیاتر تووشی خەمۆکی دەبن زۆرتر
توێژینەوە: ئەوانەی شەش کاژێر و کەمتر دەخەون تووشی وشکبوونەوە دەبن 11/11/2018 |

توێژینەوە: ئەوانەی شەش کاژێر و کەمتر دەخەون تووشی وشکبوونەوە دەبن

کەمخەویی کاری هۆرمۆنەکانی جەستە تێکدەدات زۆرتر
چەرەس دژی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵە 10/11/2018 |

چەرەس دژی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵە

رۆژانە بڕێکی کەمی لێبخورێت زۆرتر
0.204 seconds