رووداو - هەولێر
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا نایەوێت یانەکەی گرێبەست لەگەڵ ئانتوان گریزمان واژۆبکات و دەیەوێت هاونیشتمانییەکی خۆی لە یانەکەدا یاریی بکات.
رۆژنامەی دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی و سەندەی ئێکسپرێسی بەریتانی رایانگەیاندووە، لیۆنێل مێسی داوای لە دەستەی کارگێری یانەکەی کردووە واز لە بیرۆکەی گواستنەوەی گریزمان لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا بهێنن، لەبەرامبەردا هەوڵ بۆ گواستنەوەی پاوڵۆ دیبالا، ئەستێرەی یانەی یوڤێنتوس بدەن.
بارسێلۆنا لە هاوینی رابردووە تاوەکو ئێستا 350 ملیۆن پاوەندی لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجکردووە، بەتایبەت دوای ئەو گرێبەستە گەورەی لەگەڵ عوسمان دێمبێلی و فیلیپی کۆتینیۆ کردی، ئێستاش یانەکە دەیەوێت هێشتا خۆی بەهێزبکات، چەند جارێکیش دەنگۆی نزیکبوونەوەی یانەکە لە گواستنەوەی گریزمان بڵاوبووەتەوە.
پاوڵۆ دیبالا بەهۆی ئەوەی لەم وەرزەدا چەند کێشەیەکی لەگەڵ ماسیمیلیانۆ ئالێگری، راهێنەری یوڤێنتوس هەیە و چەند جارێکیش بەشێوەی یەدەگ بەشداریی لە یارییەکاندا کردووە، ئەگەری هەیە ریزەکانی خانمە پیرەکە بەجێبهێڵێت، یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزیش رکابەری لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە بۆ ریزەکانی دەکات، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە یوڤێنتوس بەرامبەر 140 ملیۆن پاوەند ئامادەیە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت.