ئیمانوێل ماکرۆن بە سەرۆکی نوێی فەرەنسا هەڵبژێردرا

07-05-2017
دیار کوردە @diyarkurda
ئیمانوێل ماکرۆن و هاوژینەکەی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
ئیمانوێل ماکرۆن و هاوژینەکەی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان
نیشانەکردن فەرەنسا
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئیمانوێل ماکرۆن 61.7%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسای بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا مارین لو پێن 38.3%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکەی بردەوە.

رۆژی یەکشەممە 7-5-2017  خوولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ئەنجامدرا.

رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا %74ی تێپەڕاند، بەوەش بەبەراورد بە خوولی یەکەمی هەڵبژاردن ئاستی بەشداری کەمتر بووە، تەنانەت لە 1969ەوە هیچ هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتی لە فەرەنسا رێژەی بەشداری هێندە کەم نەبووە.

سندووقەکانی دەنگدان بۆ نزیکەی 12 کاژێر بەڕووی دەنگدەراندا کراوە بوون، بەڵام دوای داخستنی سندووقەکانی دەنگدان، هەرزوو ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن ئاشکراکران.

لەگەڵ راگەیاندی ئەنجامە بەراییەکان، مارین لو پێن گوتەیەکی پێشکەش کرد و دانی بە شکستی لە هەڵبژاردنەکە نا، هاوکات پیرۆزبایی لە ماکرۆنی رکابەری کرد.

لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرۆک و گەورە بەرپرسانی چەندین وڵات، لەنێویاندا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و، راوێژکاری ئەڵمانیا پیرۆزباییان لە ماکرۆن کرد.

ماکرۆن بۆ پێنج ساڵی دیکە سەرۆکایەتی فەرەنسا دەکات. لە میژووی سەرۆکایەتیی فەرەنساشدا، کە 24 سەرۆکی دیکەی بەخۆیەوە بینیوە، ماکرۆن دەبێتە گەنجترین سەرۆکی ئەو وڵاتە، کە تەمەنی 39 ساڵە.

 

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە