رووداو - نیویۆرک
لە نەتەوەیەکگرتووەکان کار لەسەر راپۆرتەکانی تایبەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سووریا دەکرێت. باڵیۆزی ئەڵمانیا دەڵێت، گەشبینن بەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ راپۆرتەکە تەواوببێت.
ئەمریکا و بەشێکی لە وڵاتانی هاوپەیمانی لە هەوڵدان راپۆرتەکە بەزوویی تەواوببێت، بەڵام هێشتا دیارنییە لەو راپۆرتەدا دەتوانرێت بەڵگەی پێویست بخرێتەڕوو لەبارەی ئەوەی کێ لەپشت بەکارهێنانی ئەو چەکەوە بووە، کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە شەڕی نێوخۆی سووریا دژی خەڵکی سڤیل بەکارهاتووە.
کریستۆف هیوزن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت "ئێمە خۆشحاڵین کە تیمی دیاریکردنی ئەوانەی بەرپرسیارن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەستیان بە کارەکانیان کردووە. ئێمە هیوادارین لە کۆتایی ئەمساڵ لە راپۆرتێکدا پێمان بڵێن کە کێ بەرپرسیارە لەو هێرشە کیمیاییانە".
نوێنەری ئەڵمانیا، کە وڵاتەکەی ئەندامێکی نوێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، راشیگەیاند، هەوڵێکی دیکە هەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی. هیوزن گوتی "پیتەرسن-ی نوێنەری نوێ بۆ سووریا کەسێکی زۆر لێهاتووە و ئێمە ئاگادارین کە کار و ئامادەکاری باشی کوردووە".
ئەو پرۆسە سیاسییە لە سووریا زەحمەتە سەرکەوتوو بێت ئەگەر نەتەوەیەکگرتووەکان بە فەرمی بەشار ئەسەد و حکومەتەکەی بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تۆمەتبار بکات.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە هەوڵی دیپلۆماسی بەردەوامن بۆ ئەوەی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆتایی ئەمساڵ بە فەرمی رایبگەینێت کە کێ و چ لایەنێک چەکی کیمیایی لە شەڕی سووریا بەکارهێناوە. رووسیا ناتوانێت لێکۆڵینەوەکان بوەستێنێت بەڵام دەکرێت دان بە ئەنجامەکانیدا نەنێت و داوای لێکۆڵینەوە دەربارەی چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سووریا بکات، بەتایبەتی لەم رۆژانە کە نەتەوەیەکگرتووەکان رەوشی شاری هاجینی بە کارەساتێکی مرۆیی وەسفدەکات و داوا لە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات کە خەڵکی سڤیل نەکەنە ئامانج.
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتی "دەربارەی سووریا بەشی مرۆییمان زۆر نیگەرانن دەربارەی هەزاران هاووڵاتی کە لە دوا پێگەی داعش لە شاری هاجینەوە ئاوارە دەبن و هەروەها ترسمان دەربارەی سەلامەتی ئەو خەڵکە هەیە کە لەناوچەکە ماونەتەوە. ئەوانەی رایانکردووە باسی کوژرانی ژمارەیەک زۆری هاووڵاتی سڤیل دەکەن لەوانە ژن و منداڵان".
بەڵام ئەمریکا نەک هەر ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە بەڵکو مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کشانەوەی و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا مانای کۆتایی هەوڵەکانی ئەمریکا ناگەیەنێت لە دژی داعش و ئێران لە سووریا.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئەوروپی، تاوەکو ئێستا ئەمریکا هیچ پلانێکی کۆنکرێتی بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە لە سووریا بە وڵاتانی هاوپەیمانی رانەگەیاندووە.