رووداو - هەولێر
لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا سەتان جۆر لە گوڵی ئۆرکیدە نمایشدەکرێن. جگە لە ئۆرکیدە، هەزاران جۆری رووەکی دیکە کە نیشتمانی بنەڕەتییان ئەمریکای باشوورە، لەو فێستیڤاڵەدا نمایشدەکرێن.
بیرۆکەی فێستیڤاڵی ئۆرکیدە لە کۆڵۆمبیاوە وەرگیراوە و لە لەندەن جێبەجێدەکرێت. ئەوەش لەبەرئەوەی هیچ وڵاتێکی جیهان هێندەی کۆڵۆمبیا گوڵی جۆری ئۆرکیدەی تێدا ناڕوێت؛ لەوێ زیاد لە چوار هەزار جۆر لە گوڵی ئۆرکیدە بە شێوەی سرووشتی سەوز دەبن.
فێستیڤاڵی ئۆرکیدەی لەندەن تاوەکو رۆژی 10ـی مانگی 3ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و ئارەزوومەندانی گوڵ و گیا دەتوانن سەردانی بکەن.