رووداو- هەولێر
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن بەدواداچوون بۆ کەیسی بێسەروشوێنبوونی جەمال خاشقچی دەکات، بەڵام رەتیکردەوە کاردانەوەی ئێستای ئەمریکا بگاتە ئاستی نەفرۆشتنی چەک بە سعودیە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئابووری ئەمریکا بە باشی بوژاوەتەوە و یەکێک لە هۆکارەکانیشی بەهۆی سیستەمی بەرگری و چەکەوەیە.
سەرۆکی ئەمریکا گوتی، چەکی وڵاتەکەی زۆر پێشکەوتووە و هەربۆیەش هەموو وڵاتێک دەیەوێت جۆرە جیاوازەکانی چەکی ئەمریکی بکڕێت.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بڕیاری راگرتنی چەک بە سعودیە کاریگەری لەسەر ئابووری ئەمریکا دەبێت و هەربۆیەش ئێستا ئامادە نییە ئەو هەنگاوە بنێت.
جەمال خاشقچی لە سەرەتای ئەم مانگەوە بێسەروشوێنە، ئەوەش دوای ئەوەی سەردانی کۆنسوڵخانەی سعودیەی لە ئیستەنبووڵ کرد بۆ مەبەستی تەواوکردنی کارەکانی تایبەت بە دەستگیرانە تورکەکەی.
بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، ئەو رۆژنامەنووسە لە ناو کۆنسوڵخانەی سعودیە کوژراوە، بەڵام سعودیە ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە.