رووداو - AFP
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ئاگرەکەی کالیفۆرنیا گیانیانلەدەستداوە گەیشتە 44 کەس. هەروەها سێ هەزار و 200 کەسیش برینداربوون.
ئەمڕۆ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە تەرمی 13 کەسی دیکەیان لە کالیفۆرنیا دۆزییەوە، کە بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیانلەدەستدابوو. بە دۆزینەوەی ئەو تەرمانەش ژمارەی ئەوانەی لە رووداوەکەدا مردوون تاوەکو ئێستا بۆ 44 کەس بەرزبووەوە.
هەزاران کارمەندی ئاگرکوژێنەوە بە پێشکەوتووترین رێگەکان بەشدارن لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە، کە بە "بکوژترین" ئاگر لە مێژووی ویلایەتەکە دادەنرێت.
بەهۆی ئاگرەکەوە حەوت هەزار خانوو گڕیانگرتووە، 250 هەزار کەسیش دەربەدەربوون. تاوەکو ئێستا 40 هەزار هێکتار زەوی لە رووبەری دارستانەکان سووتاون، تەنیا لە 20%ی ئاگرەکەش کۆنترۆڵکراوە.