وەرە ژوورەوە / خۆت تۆمار بکە

وەک میوان بابەت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

وەکو میوان کۆمێنت دابنێ

ئیمەیلەکەت بە کەس پیشان نادرێت
کۆمێنتەکەت بەناوی خۆت بڵاوبکەوە

چوونە ژوورەوە

یان وەکو بەکارهێنەر پەیوەندیمان پێوە بکە
 

ئیمەیل

 

كوردى | Kurdî | English | Türkçe | عربي
Rudaw

جیهان

راپۆرتی مەیدانیی تیمی رووداو لە بەنگلادیش لەبارەی موسڵمانانی بۆرما

لەلایەن رۆژ عەلی زاڵە 19/9/2017
رۆژ عەلی زاڵە، نێردراوی رووداو لەنێو ئاوارەکانی بۆرما
رۆژ عەلی زاڵە، نێردراوی رووداو لەنێو ئاوارەکانی بۆرما

رووداو - بەنگلادیش

تیمی میدیایی رووداو لە سەردانێکدا بۆ نێو ئاوارە موسڵمانەکانی بۆرما لە راستی و دروستی دۆخی موسڵمانانی بۆرما لە بەنگلادیش دەکۆڵێتەوە. سەردانکردنی رووداو بۆ بەنگلادیش و سنووری بۆرما، دوای ئەوە هات کە دەوڵەتی بۆرما دەرگای بەڕووی رۆژنامەڤاناندا داخست و، تائێستا تەنها یەک گرووپی رۆژنامەنووسان سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە، ئەوانیش لەژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی سوپای بۆرمادا بوون. بۆیە ئەو زانیارییانەی دەستی رووداو کەوتوون، زۆربەیان لەسەر زاری ئاوارەکانەوە وەرگیراون و، رووداو ناتوانێت سەربەخۆ پشتڕاستیان بکاتەوە. 



موسڵمانانی بۆرما کێن؟ 

موسڵمانانی بۆرما، بە رۆهینگا ناسراون، گرووپێکی ئیتنی هیندۆ-ئاری بێ دەوڵەتن، لە باکووری هەرێمی راخاین دەژین. نەتەوە یەکگرتووەکان بە چەوساوەترین گرووپی سەر رووی زەوی ناویان دەبات. رۆهینگاییەکان 86%ـیان موسڵمانی سوننی سەر بە مەزهەبی حەنەفین و، ژمارەیەکی کەمیان هیندۆسن. خۆیان دەڵێن چەندین نەوەیان لەو هەرێمەدا ژیاون، لە رابردوودا پێش دروستبوونی دەوڵەت و سەربەخۆبوونی میانمار (بۆرما)، ئەوان خاوەنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی خۆیان بوون. پێش تووندوتیژییەکانی ئەم دواییانە، ژمارەی رۆهینگاییەکان لە یەک ملیۆن زیاتر بوون لە میانمار. لە چەند وڵاتێکی دیکەدا ژمارەیەکی بەرچاوی رۆهینگایی دەژین، لەوانە 900 هەزاریان، بە ئاوارەکانی دوای 25-9-2017ـەوە لە بەنگلادیش، نزیکەی 200 هەزار رۆهینگایی لە پاکیستان، نزیکەی 100 هەزار لە تایلەند، نزیکەی  40 هەزار لە مالیزیا، هەروەها 40 هەزاریان لە هیندستاندا دەژین، هەفتەی رابردوو حکومەتی هیندستان بڕیاری دا ئەو ئاوارانە دیپۆرت بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە و لە دادگای باڵای هیندستان تانەی لێدراوە. 

حکومەتی بۆرما، رۆهینگاییەکان وەکو کۆچبەری نایاسایی لەقەڵم دەدات. ئەوان پێیان وایە رۆهینگاییەکان بە رەگەز خەڵکی بەنگلادیشن. لە دەستووری بۆرمادا رۆهینگاییەکان وەکو گرووپێکی ئیتنی بۆرما نەناسێنراون و، لە هەمواری ساڵی 1982دا هاووڵاتیبوون لە رۆهینگاییەن سەندرایەوە. میانمار و بوودیەکانی ئەو وڵاتە لە زۆربوونی دانیشتووانی موسڵمانەکان دەترسن و وەکو هەڕەشە بۆ سەر میانمار دەیبینن. چوار ساڵ لەمەوبەر هەرێمی راخاین یاسایەکی دەرکرد کە بەپێی ئەو یاسایە؛ دانیشتووانی شارە موسڵمانەکان بۆیان نەبوو زیاتر لە دوو منداڵیان هەبێت، بەڵام یاساکە هەڵوەشێنرایەوە و جارێکی دیکە هەموارکرایەوە، ئێستاش روون نییە یاساکە بەتووندی جێبەجێدەکرێت یان نا. خێزانە رۆهینگاییەکان زۆریان ژمارەی منداڵیان زۆرە و، بەجۆرێک زۆربەی خێزانەکان نزیکەی 8-10 سەرخێزان دەبن. وین مایانگ، گوتەبێژی هەرێمی راخاین لەکاتی دەرکردنی بڕیاری سنووردارکردنی رێژەی منداڵدا گوتی "زۆربوونی رێژەی موسڵمانەکان 10 هێندەی زۆربوونی بوودیەکانە. بۆ ئەوەی تووندوتیژی نێوان بودی و موسڵمانەکان کەمبێتەوە، پێویستە سنوورێک بۆ زۆربوونی منداڵ و فرەژنی لەنێو موسڵمانەکان دابنرێت". هەروەها یاسای هاوسەرگیری رۆهینگاییەکان ناچار دەکات مۆڵەت لە حکومەت وەرگرن پێش ئەنجامدانی هاوسەرگیری. هەندێکجار ئەو رەزامەندیە نزیکەی دوو ساڵی پێدەچێت و لەکاتی وەرگرتنی رەزامەندیشدا ژن و مێردی نوێ پێویستە بەڵێن بدەن دوو منداڵ زیاتریان نەبێت. ئەم یاسایە وای کردووە ئافرەتان بە رێگەی ناتەندروست و مەترسیدار، منداڵی سێیەمیان لەبارببەن.

رۆهینگاییەکان بە هەمان زمان و زاراوەی ناوچەی کۆکس بازاڕی بەنگلادیش قسە دەکەن و لە بۆرما حکومەت بە بەنگالییەکان ناویان دەبات. لە لیستی گرووپە ئیتنیەکاندا، کە 135 گرووپن، ناوی رۆهینگاییەکان نەهاتووە و نکۆڵی لە بوونیان وەکو گرووپێکی ئیتنی دەکرێت. 
  

یەکەمجارە رۆهینگاییەکان کۆڕەو دەکەن؟

لەدێر زەمانەوە هەرێمی ئاراکان و ناوچەی موسڵمانە بۆرماییەکان جێگەی ململانێی ئایینی و ئیتنی بووە. تاوەکو ئێستا چەندجارێک رۆهینگاییەکان بە گرووپی گەورە کۆچیان کردووە و، لە دەستی کوشتاری وڵاتەکەیان هەڵهاتوون. رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ مێژووی هەڵهاتنی رۆهینگاییەکان بۆ کۆتاییەکانی ساڵانی 1700ـەکان و، سەرەتای 1800ـەکان دەگەڕێنێتەوە. هەروەها لە 1940 و 1978یشدا جارێکی دیکە ژمارەیەکی زۆر رۆهینگاییەکان ئاوارە بوون.  لە ساڵی 1991 -1992 رۆهینگاییەکان کۆڕەوێکی دیکەیان ئەنجامدا، بەڵام هیچیەک لەو کۆڕەوانە، هێندەی کۆڕەوەکەی 25-8-2017 گەورە نەبووە. 

لەماوەی دوو هەفتەدا دوای رووداوەکانی 25ـی 8، نزیکەی 270 هەزار رۆهینگایی ئاوارەی بەنگلادیش بوون. ئەم ژمارەیە بەردەوام و رۆژانە زیاددەکات. دوا راپۆرتی سەنتەری رێکخستنی هاوکارییە مرۆییەکان لە شاری کۆکس بازاڕی بەنگلادیش، ژمارەی ئاوارەکان بە 415 هەزار کەس دەخەمڵێنێت. ئەو راپۆرتە لە 17ـی 9ـی 2017 بڵاوبووەتەوە. هاتنی ئاوارەی نوێ هێواشتر بووەتەوە، بەڵام بەردەوامە. 

دوا کۆڕەوی رۆهینگاییەکان بۆ دروست بوو؟

لە 25-8-2017 گرووپی چەکداری حەرەکەی یەقین، کە ئێستا بە ئارسا ناسراوە، هێرشی کردە سەر 24 بارەگای پۆلیس و سەربازی بۆرما. لە بەرامبەردا سوپای بۆرما و هەندێ گرووپی رادیکاڵی بۆرمایی، هێرشیان کردە سەر گوند و هاووڵاتیانی مەدەنی رۆهینگایی. لە پێکدادانەکەدا، بۆرما دەڵێت 400 کەس کوژراون و زۆربەی کوژراوەکان هاووڵاتیانی موسڵمانن، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "ئەگەر بڵێین هەزار کەس کوژراون، کەممان گوتووە". دوای ئەو تووندوتیژییانە، زۆر هاووڵاتی دیکە بەهۆی ماندوویی لەسەر رێگە، نەبوونی خواردن و سەختی برینەکانییانەوە کوژراون. ژمارەی دروستی کوژراوەکان و ژمارەی دروستی ئاوارەکان نازانرێت. 

ناوچەی سەر سنووری بۆرما بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر ئاوارەی بۆرمای لێکەوتووە، ژمارەیەکی زۆر لەو ئاوارانە ناوی خۆیان لای حکومەتی بەنگلادیش تۆمار نەکردووە. دوا راپۆرتی حکومەتی بەنگلادیش لە 9-9-2017 بڵاوبووەوە ژمارەی ئاوارەکان بە 294 هەزار کەس دەخەمڵێنێت. حکومەتی بەنگلادیش داوای 77 ملیۆن و 100 هەزار دۆلار دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکات. 


گرووپی ئارسا (حەرەکەی یەقین) کێن و چیان دەوێت؟

گرووپی ئارسا، لە لایەن کەسێکی رۆهینگایی بە ناوی عەتائوڵاوە سەرکردایەتی دەکرێت. عەتائوڵا لە کاراچی، پاکستان لەدایک بووە و لە شاری مەککە لە سعودیە گەورە بووە. بەشێکی زۆری ئەندامانی سەرکردایەتیی گرووپەکە، ئەو رۆهینگاییانەن کە لە سعودیە ژیاون. حکومەتی بۆرما دەڵێ ئاراسا شەڕ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی بۆ رۆهینگاییەکان دەکات و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە پەیوەندییان بە گرووپی جیهادیی بیانییەوە هەیە. حکومەتی بۆرما ئەو گرووپە وەکو گرووپێکی تیرۆریست دەناسێنێت. ئاراسا ئەو ناولێنانە رەتدەکاتەوە، خۆی بە بەرگریکاری مافی مرۆڤی رۆهینگایی دەناسێنێت. ئاراسا پێشتر بە حەرەکەی یەقین دەناسرا، بەپێی راپۆرتی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، ئاراسا لە ساڵی 2012 و، دوای هەندێک خۆپیشاندان و پێکدانانی نێوان موسڵمانان و بوودییەکان دروست بوو، دواتر لە مانگی سێی ئەمساڵدا لەژێر ناوێکی نوێ بە ناوی سوپای پاراستنی رۆهینگاییەکانی ئاراکان (ئاراسا) پەخشنامەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند ئەوان شەڕ بۆ ئازادی و مافی مرۆڤی رۆهینگاییەکان دەکەن و دوورن لە کاری تیرۆریستی. 

دوایین پەخشنامەی ئەو گرووپە لە 14-9-2017 بڵاوبووەوە، تێیدا دەڵێن ئەوان بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییان بە ئەلقاعیدە و داعش و سوپای ئیسلامییەوە نییە و ناشیانەوێت چەکدارانی ئەو گرووپانە هاوکارییان بکەن. هەروەها دەڵێن ئەوان ئامادەی هاوکاریکردنی وڵاتانی ناوچەکەن بۆ رێگەگەرتن لە چوونی گرووپی و چەکداریی تیرۆریستی بۆ ناوچەی ئاراکان. 

دوای هێرشەکەی ئارسا، سوپا و گرووپە تووندەڕەوە بوودییەکان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی نزیکەی هەزار کەسیان کوشت و گوندی موسڵمانەکانیان سووتاندن. 

دوای ئاوارەبوونی موسڵمانەکان، گرووپی ئارسا لە 10-9-2017 ئاگربەستێکی تاکلایەنانەی راگەیاند و، داوای لە میانمار کرد رێز لەو ئاگربەستە بگرێت تاوەکو رێکخراوەکان بتوانن بەهانای ئاوارەکانەوە بچن، بەڵام حکومەتی میانمار داواکەی رەتکردەوە. 

 

 

 

ئاوارە موسڵمانەکان چی دەڵێن؟ 

 

لەگەڵ هەر خێزانێکی ئاوارە قسەمان کرد باسیان لەوە دەکرد منداڵێکیان یان زیاتریان کوژراوە، باوک، برا، ژن و تەنانەت ئاژەڵەکانیان بە دەستی ئەنقسەت بەدەستی سوپا و گرووپی تووندڕەوی بوودییەوە کوژراون تاوەکو وەدەربنرێن. هەرچەندە رووداو ناتوانێت تاکلایەنانە و سەربەخۆیانە ئەم چیرۆکانە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام دووبارەبوونەوەی هەمان سەرگوزشتە لەلایەن چەندین کەسەوە، گەواهی دروستی هەندێک لەو چیرۆکانە دەدەن. 

 

 

ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان بە رووداویان دەگوت "خانووەکەمان سووتێنرا"، یان "کە بینیمان خانووەکانی گوند گڕیان تێبەربوو، ئێمەش هەڵاتین". تیمی میدیایی رووداو توانی لەنزیکەوە گوندێکی سەر سنوور ببینێت، کە ئاسەواری سووتاندنی پێوە دیاربوو. هەروەها هیومان رایتس وۆچ لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە وێنەی 60 گوندی سووتاوی بینیوە، کە زۆربەی گوندەکان پاش کاردانەوەی سووپا گڕیان تێبەردراوە. هەروەها ئەو تیمە رۆژنامەوانییەی سوپای میانمار لەژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا بردیاننە هەندێک ناوچە، دەڵێن گرووپی بوودیی تووندڕەویان بینیوە، کە لە گوندە سووتێنراوەکان هاتوونەتە دەرەوە. 

 

 

حکومەت و سوپای میانمار دەڵێن گرووپی ئاراسا و موسڵمانەکان بۆ خۆیان  گوندەکانیان دەسووتێنن بۆ ئەوەی بۆرما بەو تاوانانە تۆمەتبار بکەن. 

دۆخی ئاوارەکان چۆنە؟ هاوکاری دەکرێن؟

زیاتر لە 161 هەزار ئاوارە لەسەر شەقامەکان و بێ شوێن و خێوەت ماونەتەوە، بەپێی راپۆرتی سەنتەری ریکخستنی هاوکارییەکان کە 17-9-2017 بڵاوبووەتەوە؛ خواردن و خواردنەوە بە ئەستەم دەست دەکەوێت. دەبێت چەند کاژێرێک لەریزدا بووەستن، یان لەنێو پاڵەپەستۆیەکی زۆردا خواردن لەو ئۆتۆمبیلانەوە بگرنەوە، کە خواردنیان بۆ فڕێ دەدەن. لەکاتی وەرگرتنی هاوکارییەکاندا، هەفتەی رابردوو دوو ئافرەت و منداڵێک کەوتنە ژێر پێ و گیانیان لەدەستدا. ئەو هاوکارییانەی هەن، بێسەروبەرن، هەماهەنگی لەنێوان رێکخراوەکاندا نییە. 18-9-2017 پارتی ئۆپۆزیسیۆنی بەنگلادیش، پارتی نەتەوەیی بەنگلادیش (BNP) داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کرد، سوپا چاودێریی هاوکارییە مرۆییەکان بکات. 

تیمی میدیایی رووداو زیاتر رێکخراوە ناوخۆییەکان و خۆبەخشە بەنگلادیشیەکانی بینی، کە خواردن و پێداویستییان بۆ ئاوارەکان دەهێنا. هەروەها رێکخراوێکی ئیتاڵی بڕێک خواردنی کەمی هێنابوو، بەڵێنی گەیشتنی هاوکاری دا لەکۆتایی مانگ. رێکخراوی تیکای تورکی و ئای ئۆم لە کامپەکاندا هەن و وردە ورردە رێکخراوی دیکە دێنە ناوچەکە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئاوارەکان. 

تائێستا مالیزیا و تورکیا بە شێوەیەکی سەرەکی هاوکاری بەنگلادیش بوون، هیندستانیش بڕێک هاوکاری ناردووە و بەڵێنی هاوکاری زیاتر دەدات. 

بیرە ئاوەکانی نێو کامپەکان، زۆرجار نۆرەی دوورودرێژیان لەسەر دروست دەبێت، ئاوارەکان دەبێت ماوەیەکی زۆر رێ بکەن تاوەکو دەگەنە سەر بیرە ئاوەکان. ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان، بەتایبەتی ئەوانەی خێوەتیان نییە لە رووبارەکانی نزیک کامپەکان خۆیان دەشۆن؛ پیاو بە رۆژ و ئافرەتیش بە شەو. ئاوی رووبارەکە قوڕ و لیتەیەکی زۆری تێدایە و زۆر پیس دیارە. ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی پێست و نەخۆشی دیکە لەنێو ئاوارەکان و شار و گوندەکانی دەوری کامپەکان بڵاوبووەتەوە. هەروەها ترسی تاوان و دەستدرێژیکردنە سەر ئاوارە نوێیەکان لای بەشێکی زۆری ئاوارەکان دروست بووە، لەنێو کامپەکاندا دەنگۆی دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر ئاوارە نوێیەکان بڵاوە. 



هەڵوێستی بەنگلادیش سەبارەت بە دۆخەکە 

لە سەرەتای دەستپێکردنی کۆڕەوەکە و لە رابردوودا، پۆلیسی سنووری بەنگلادیش رێگەیان لە ئاوارەکان دەگرت بێنە نێو خاکی بەنگلادیشەوە. هەروەها رێگەیان لە بەلەمە بەنگلادیشییەکان دەگرت بۆ ئەوەی نەچنە نێو سنووری بۆرما و ئاوارە نەهێنن، بەڵام دواتر پۆلیسی بەنگلادیشی سنوورەکانیان کردەوە. پۆلیسێکی سنوور، بەومەرجەی ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە رووداوی گوت "ئەوکاتە و ئێستاش، هەندێکمان کە ئاوارەکانمان دەبینین، چاوی خۆمان وەردەگێڕا، رێگەمان دەدان بێن. ئەوان لە مەرگ هەڵدێن، ناکرێت بگەڕێنرێنەوە". 

ئێستا حکومەتی بەنگلادیش هەموو ئاوارەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی قەتیس کردووە، ئاوارەکان بۆیان نییە بچنە نێو شارەکانی بەنگلادیشەوە. بڕیارە حکومەتی بەنگلادیش دەوری کامپەکان بە تەلە دڕکینە (تەلدڕوو) بگڕێت بۆ ئەوەی ئاوارەکان لەنێو کامپەکاندا بمێننەوە. 

شێخە حەسینە، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش دەڵێ حکومەتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان. داوای لە حکومەتی میانمار کرد دان بە مافی هاووڵاتیبوونی رۆهینگاییەکاندا بنێت و بیانگەڕێنێتەوە سەر زێدی خۆیان. 

هەروەها هەڵوێستی بەنگلادیشی لەسەر گرووپی ئارسا راگەیاند و گوتی "هێرشی گرووپێک چ کارەساتێکی مرۆیی دروستکردووە". سەرۆکوەزیران گوتی ئەوان بەردەوامدەبن لە گەشەپێدانی پەیوەندیی دراوسێیانە لەگەڵ بۆرما و دژی بەکارهێنانی خاکی بەنگلادیشن لەلایەن هەر گرووپێکی چەکداریەوە. 

بەنگلادیش هەشتەم وڵاتی سەر ئاستی جیهانە لەڕووی زۆری ژمارەی دانیشتووانەوە، لەبەرئەوە زیادبوونی نزیکەی نیو ملیۆن ئاوارە لەماوەی دوو هەفتەدا، ترسی لای حکومەت و خەڵکی بەنگلادیش دروستکردووە. نرخی هەندێک خواردن لەماوەی دوو هەفتەدا لە ناوچەی کۆکس بازاڕ دووهێندە بەرزبوونەتەوە و شارۆچکەکانی دەوربەری کامپەکان، ترافیکیان زۆربووە.

وەڵامی حکومەت و سەرۆکی بۆرما

دوای شەڕ و ئاڵۆزییەکانی 24-8-2017 ئۆفیسی ئان سان سوکی، راوێژکاری دەوڵەتی بۆرما رایگەیاند بارودۆخەکە ئاڵۆزە و پێویستی بە چارەسەری درێژخایەنە. ئان کە خاوەنی خەڵاتی نۆبێڵی ئاشتیە، بەشێوەیەکی گشتی تاوەکو ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە لە بەرامبەر کوشت و بڕی رۆهینگاییەکان، بەڵام لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا ئۆپەراسیۆنی سەربازی وڵاتەکەی، بە ئۆپەراسیۆێکی یاسایی و دروست ناوبرد و، رایگەیاند هەواڵی نادروستی زۆر لەسەر کێشەکە بڵاودەبێتەوە، ئەمەش دۆخەکەی خراپتر کردووە. دوای ئەوەی جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، مەهمەت شیشمەک لە توویتێکدا داوای راگرتنی کوشت و بڕی موسڵمانەکانی کردبوو، بە هەڵە وێنەی شەڕێکی دیکەی  بڵاوکردبووەوە، حکومەت و سوپای میانمار رایانگەیاند، هەواڵی نادروست خزمەتی گرووپی تیرۆریستی دەکات و، شەڕ و ئاڵۆزییەکان قوڵتردەکاتەوە. دەوڵەت و سوپای میانمار رەتیدەکەنەوە ئەوان هاووڵاتیانی سڤیلیان کردبێتە ئامانج و، باس لەوە دەکەن ئەوان تەنها تیرۆریستان دەکوژن، بەڵام تیمی رووداو چەند ژن و منداڵێکی برینداری بینیوە و ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان باس لە کوژرانی کەسانی منداڵ و سڤیل دەکەن. 

ئان سان سوکی، بڕیار بوو 18-9-2017 بەشداری کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، بەڵام سەردانەکەی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەشاندەوە و، رایگەیان دۆخی هەرێمی راخاین دەخوازێت لە وڵاتدا بمێنێتەوە و تەرکیز لەسەر ئەو کێشەیە بکات. بڕیارە ئەمڕۆ (19-9-2017) ئان گوتارێک بۆ خەڵک و میدیای میانمار بخوێنێتەوە و، باسی کێشەی موسڵمانە ئاوارەکان بکات. ئەمەش دەبێتە یەکەمجار کە ئان لەسەر ئەو دۆخە قسە بکات. بەشێکی زۆری شرۆڤەکاران و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، بەهیوان ئان هەڵوێستێکی باشتر لەسەر کێشەکە نیشان بدات. 

فشارێکی زۆر لەسەر ئان سان سوکیە لەلایەن خاوەن خەڵاتەکانی نۆبڵەوە و، تەنانەت هەندێک داوا دەکەن خەڵاتی نۆبڵی لێبسەنرێتەوە. ئان لەساڵی 1991 خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ وەستانەوە دژی رژێمی سەربازی میانمار وەرگرت. لە بەرامبەر کارەکانی و ئۆپۆزیسیۆنبوونی، رژێمی سەربازی بۆرما ئان-ی بۆ ماوەی 15 ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرد.

تائێستاش سوپای بۆرما گوێ بۆ دەسەڵاتی مەدەنی ناگرێت و، فەرمان لە حکومەت وەرناگرێت، بۆیە هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە ئان سان سوکی، بە مەبەست بێدەنگی هەڵبژاردووە و دەزانێت قسەی ئەو، کاری لەسەر سوپا نابێت. هەندێکی دیکە پێیان وایە بێ دەنگی ئان لەبەرئەوەیە ئەو و پارتەکەی، کە ناوی کۆمەڵەی دیموکراسیی نەتەوەییە، خەمی هەڵبژاردنی داهاتوویانە و دەیانەوێت لەڕێگەی بردنەوەی دەسەڵات و گۆڕانکاری بچووکەوە، دۆخەکە بۆ رۆهینگاییەکان باشتر بکەن، بەڵام ئەمجۆرە لێکدانەوەیە کەمتر رێی تێدەچێت، چونکە ئان لە رابردوودا بە قسەکانی لەسەرئەوەی کارەکانی سوپا یاسایی و دەستووریە لایەنگیری سوپای نەشاردووەتەوە. هەروەها لەڕێگەی ئەو گوتەیەی "هەواڵی کوشت و بڕی موسڵمانان پڕە لە ساختە"، ئان نیشانیداوە کە لایەنگیری ئەو بە چ ئاراستەیەکدایە. 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

3758 ژمارەی بینین

ببە بەشێک لە (رووداوی تۆ)

بابەت و وێنە و ڤیدیۆکانت لەگەڵ رووداو بەش بکە

قسەی تۆ

hogir adil | 14/12/2017 05:38:43 ص
proud of you dear hero
Karkuk | 14/12/2017 05:40:46 ص
Deliri Bawery To Peshmargay
عوسمان بایدەمیر بەهۆی بەکارهێنانی ناوی کوردستان سزادرا
| دوێنێ کاژێر 07:50 | (3)
rizgar | 12/12/2017 10:38:45 م
به ڕێزم هه‌ ڤال من له گه ڵتم ، قسه کانت زۆر جوانن ، به ڵا م ئه گه ر شه ڕ ڕویدا ئه وا به شێکی زۆری کورد پاڵپشتی عیڕاق ئه که ن . ئه شبێت به...
Haidari | 13/12/2017 07:59:58 ص
Dast xosh qsekant zor rasten
قوباد قەوماندی!
| 12/12/2017 | (6)
Rebwar | 13/12/2017 06:31:46 ص
dastxosh
حەشدی دوای داعش
| دوێنێ کاژێر 08:14 | (1)

لە بەشەکانی دیکەی رووداوەوە

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا قودسی رۆژهەڵاتی وەک پایتەختی فەلەستین ناساند 3 کاژێر لەمەو بەر |

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا قودسی رۆژهەڵاتی وەک پایتەختی فەلەستین ناساند

ناوی لە ریزی پایتەختەکان زیادکرد زۆرتر
 جڤاتی گشتیی گۆڕان پێشنیازی کشانەوە لە حکومەت ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی دەکات 4 کاژێر لەمەو بەر |

جڤاتی گشتیی گۆڕان پێشنیازی کشانەوە لە حکومەت ئاراستەی جڤاتی نیشتمانی دەکات

هەفتەی داهاتوو جڤاتی نیشتمانی بڕیاری کۆتایی دەدات زۆرتر
حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردانی ئێزدی دەکات 4 کاژێر لەمەو بەر |

حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردانی ئێزدی دەکات

پیرۆزبایی جەژنی رۆژوویان لێدەکات زۆرتر
0.187 seconds