بەوێنە و ڤیدیۆ: 20 هەزار کورد بە پەیامی سەربەخۆیی ئەڵمانیایان خرۆشاند

26-08-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن گشتپرسی ئەڵمانیا
A+ A-

ئاڵا شاڵی و زنار شینۆ

رووداو - کۆڵن

رۆژی شەممە 26-8-2017، بە بەشداری کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان و بە سپۆنسەری میدیایی تۆڕی میدیایی رووداو، گەورەترین فێستیڤاڵ بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی و سەربەخۆیی باشووری کوردستان لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا سازکرا. 

ژمارەی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە بە 20 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت. سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە دەڵێت ئامانجی خۆی پێکاوە، بەرپرسی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەش لە پۆلیسی ئەڵمانیا دەڵێت تووشی سوپرایز بوون بە ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد.

کوردستانیانی تاراوگە لە وڵاتانی هۆڵەندا، بەلجیکا، سویسرا، فەرەنسا، وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و شارە جیاجیاکانی ئەڵمانیاوە روویان لە کۆڵن کرد و بەشداریی فێستیڤاڵەکەیان کرد. هەروەها چەندین بەرپرس و نووسەری دۆستی کورد و چەند پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیاش بەشدار بوون و گوتاریان پێشکەشکرد.

جگە لەمان دەیان هونەرمەندی نێودار لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدار بوون و چەندین گۆرانی شاد و سروود و هوتافی نیشتمانییان پێشکەشکرد. هونەرمەندانی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە تەنها کورد نەبوون، بەڵکو لە چەند وڵاتێکی ئەوروپیشەوە هاوشانی کورد بەشدار بوون.

پەیامی بارزانی بۆ بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی بەشداربووان کرد و رایگەیاند: گەلی كوردستان بۆئەوەی بتوانێ خۆی بپارێزێ و لە ئاشتیدا بژیت و بەرەوپێشەوە بچێت پێویستی بە سەربەخۆییە. گشتپرسی ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی گەورەتر کە سەربەخۆییە، ئەمەش تەنها بۆ خەڵکی کورد نییە، بۆ هەموو ئەو نەتەوە و ئایینانەیە کە لە کوردستاندا دەژین".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە: "بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بتوانێ خۆی لە شەڕ و كێشەكان لەگەڵ عێراقدا بپارێزێت، دەبێ خاوەنی سەروەریی خۆی بێت، بۆیە باشتروایە کوردستان و عێراق ببنە دوو دراوسێی باش تا كێشەی گەورەتر لەنێوانیاندا روونەدات و چیدی هەردوولامان لە گێژاو و لە دڵەڕاوکێدا نەژین".

هەر لە پەیامەکەیدا بارزانی داوایەکی ئاراستەی سەرجەم کوردستانیان کرد: "بۆ گشتپرسییەکەی رۆژی 25ی سێپتەمبەر داواتان لێدەکەم ئەركە نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموكراتییەكەتان ئەنجامبدەن و بە هەموو توانایەك پاڵپشتی سەربەخۆیی بن، ئەوەیش لەپێناو کۆتاییهاتنی ژێردەستەیی و هەڵهاتنی خۆری ئازادی، لەپێناو وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدانمان، لەپێناو ئاشتی و بووژانەوەدا، لەپێناو بەختەوەری بۆ نەوەكانی داهاتوو".

فێستیڤاڵەکە ئامانجی خۆی پێکا

عاکیف حەسەن، رێکخەری فێستیڤاڵی سەربەخۆیی کوردستان، لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵە بەرهەمی 5 مانگ کارکردن و ئامادەکاری بوو. فێستیڤاڵەکەش سەرکەوتوو بوو و ئامانجی خۆی پێکا." سوپاسی تۆڕی میایدیی رووداویشی کرد  کە چالاکانە فێستیڤاڵەکەی رووماڵ کردووە.

پۆلیسی ئەڵمانیا: ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد سوپرایز بوو

بەرپرسی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەی کۆڵن لە پۆلیسی ئەڵمانیا، دوای کۆتاییهاتنی فێستیڤاڵەکە  بە رووداوی راگەیاند: "هەڵسەنگاندنمان بۆ فێستیڤاڵەکە زۆر باش بوو، هاوئاهەنگییەکی باشمان لەگەڵ رێکخەرانی فێستیڤاڵەکەدا هەبوو".

ئەو بەرپرسەی پۆلیسی ئەڵمانیا زیاتر گوتی: "ئێمە تووشی سوپرایز بووین بە ئامادەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی کورد، چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد نزیکەی 5 بۆ 6 هەزار کەس ئامادەبن، بەڵام زۆر لەوە زیاتربوو کە پێشبینیمان بۆی دەکرد، کارەکان زۆر بە باشی بەڕێوەچوون".

سەبارەت بە هەبوونی هیچ رووداوێک لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا، ئەفسەرەکەی پۆلیسی ئەڵمانیا گوتی: "هەندێک یاری ئاگرین هەبوون، بەڵام رێگریمان لێکرد، چونکە لە شوێنیکی وا جەنجاڵ نابێت یاریی ئاگرین بەکاربهێندرێت. هاوکات چەند وێنەیەکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هێنرابوون، بەڵام دەستمان بەسەر وێنەکاندا گرت، چونکە مۆڵەتپێدراو نەبوون".

دلاوەر ئاژگەیی: زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا پشتگیریی رای خەڵکی کوردستان دەکەن

دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لەکاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکەدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جێگەی شانازاییە ئەمڕۆ لەنێو کوردستانیانی دەرەوەی وڵاتم لە ئەوروپا و شاری کۆڵن، کە پەیامی سەربەخۆیی ئاراستەی ئەوروپا و جیهان و ئەو کەسانە دەکەن کە دەڵێن کاتی سەربەخۆیی نەهاتووە، یان گونجاو نییە".

دلاوەر ئاژگەیی هیوادار بوو ئەو جۆش و خرۆشەی کوردستانیانی دەرەوەی وڵات و بەتایبەت ئەوروپا بگاتە خەڵکی ناوەوەی کوردستان و ببێتە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی نێوانیان بۆئەوەی لە 25ی ئەیلوولدا هەموو لایەک بەیەکەوە دەنگ بە سەربەخۆیی کوردستان بدەن.

گەورەترین ئاڵا لە گەورەترین فێستیڤاڵی سەربەخۆیی کوردستان- کۆڵن #gishtprsi

Posted by Rudaw on Saturday, August 26, 2017


نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا زیاتر گوتی: "ئەگەر دەنگ بە سەربەخۆیی بدرێت لەو بڕوایەدام زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و جیهان پشتگیری لە رای خەڵکی کوردستان دەکەن، ئەمە راستییەکە دەبێت خەڵکی کوردستان بیزانێت، هاوکات دەرگاکان بەڕووی خەڵکی کوردستاندا دەکرێنەوە و لەو نەهامەتی و ناخۆشیانەی ئێستا تێیدان لە هەموو رووێکەوە رزگاریان دەبێت".

هەروەها گوتیشی: "ئەوەی ئەمڕۆ لە کۆڵن دەیبینین نموونەیەکی بچووکە لە هەڵوێستی زۆربەی کوردستانیانی دەرەوەی وڵات و شارەکانی دیکەی ئەوروپاش، ئەگەر بێت و لە وڵاتانی دیکەش فێستیڤاڵی لەوشێوەیە سازبکرێت، هەر هەموویان بەوشێوەیە و بە جۆش و خرۆشەوە پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن".

پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیا: کورد دەتوانن ببنە هاوپەیمانێکی زۆر باشی رۆژئاوا

فولکە بێکی، یەکێک لە پەرلەمانتارە ناسراوەکانی ئەڵمانیا، لە فێستیڤاڵی سەربەخۆیی لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا پەیڤێکی پێشکەشکرد، دواتر لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کوردەکان مافی ئەوەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن، کوردەکان یەکێکن لەو نەتەوانەی لەدوای سەردەمی کۆڵۆنیالیزم (ئیستیعمار) لە مافەکانیان بێبەشکران، کەواتە دەبێت هەوڵەکان رێکبخرێنەوە و دەبێت هەموو لایەک هەوڵبدەن دان بە مافە یاساییەکانی کورددا بنێن، ئەمەش کاتێکی درەنگ نییە و دەبێت کوردەکان هەوڵی بۆ بدەن".

فولکە بێکی گوتیشی: "دەبێت ئێستا قۆناخێکی جیاواز بێت، دەبێت کوردەکان لە سەرانسەری جیهاندا لەوانەش کوردەکانی ئەوروپا تەواوی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ و پاڵپشتی لەو ئەجێندایە بکەن، چونکە زۆر دوورنییە کوردەکان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکارەکاندا رزگاریان ببێت، ئەمەش کارێکی زۆر گرنگە".


لەبارەی پاڵپشتی حکومەتی ئەڵمانیا لەو هەنگاوەی کورد هەوڵی بۆ دەدات، فولکە بێکی گوتی: "بێگومان ئەمە قسەیەکی زۆر هەڵدەگرێت، بەتایبەتی ئەوەی لە داهاتوودا دەبێت، ئێمە دەزانین کوردەکان لێرەن، هەروەها دەزانین کورد هێزێکی گەورەی تایبەت بە دابینکردنی ئارامی و ئاسایشن، بەشێکی زۆر لە کوردەکانیش لە وڵاتانی ئەوروپا دەژین و بوونەتە سەرچاوەی هێزێکی گەورەی ئارامی و ئاسایش، دەتوانن ببنە هێزێکی گەورە و هاوپەیمانێکی زۆر باش، بۆیە دەبێت کاریان بۆ بکرێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش رێزیان لێبگرێت".


هاونیشتمانییان لە هەموو ئەوروپاوە روویان لە کۆڵن کرد


کوردانی تاراوگە: ئاواتمان سەربەخۆیی کوردستانە


داڕشتنی راپۆرت: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە